ڕاپۆرتی کوردستانی

01:16 - 13/08/2019

ورده‌كارى قه‌باره‌و شوێن و ژمارەى سوپاى توركیا له‌ هه‌رێم‌

پەیسەر پرێس

توركیا ماوه‌یه‌كى زۆره‌ مشتومڕى چوونیه‌تى بۆ نێوخاكى رۆژئاواى كوردستان، ئه‌وه‌ى ساڵانێكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان پێداگیرى ده‌كات، بڕینى ٣٠ كیلۆمه‌تر له‌خاكى رۆژئاوایه‌، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نقه‌ره‌ به‌ بێده‌نگى ٣٠كیلۆمه‌ترەکەی ده‌ستكه‌وتووه‌و هه‌زاران سه‌ربازى دابه‌شكردووه‌، ده‌یان باره‌گاى سه‌ربازیشى دروستكردووه‌. په‌یسه‌ر له‌م راپۆرته‌دا دابه‌شبوونى جوگرافى سوپاى توركیا له‌ هه‌رێم و زانیارى له‌سه‌ر هاوكارى چه‌ند بنكه‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌ش بۆ سوپاى توركیا بڵاوده‌كاته‌وه‌.

توركیا له‌ هه‌شت ساڵى رابردوودا سوپاكه‌ى له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان پێنج هێنده‌ زیادكردووه‌، ئێستا ١٥ هه‌زار سه‌ربازى له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستانه‌. له‌ چه‌ند شوێنێكه‌وه‌ ئه‌و سوپایه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ هه‌ماهه‌نگى ده‌كه‌ن.

شه‌ش بنكه‌ى نوێ له‌ناو خاكى هه‌رێم

له‌كه‌متر له‌ نۆ مانگی رابردوودا، سوپای توركیا له‌ناوچه‌ی برادۆست ٣٠ كیلۆمه‌تر هاتوووەته‌ ناو خاكی باشوری كوردستانه‌وه‌، له‌چه‌ند شوێنێكی ستراتیژی بنكه‌ و باره‌گای داناوه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ گرنگترین ئه‌و بنكه‌سه‌ربازییانه‌ن:

توركیا له‌ هه‌شت ساڵى رابردوودا سوپاكه‌ى له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان پێنج هێنده‌ زیادكردووه‌

١- بنكه‌ی سه‌ربازی به‌رزاییه‌كانی به‌رمیزه‌، كه‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی گه‌وره‌یه‌ و چه‌كی قورس و سه‌ربازی لێجێگیركراوه‌ و ناوچه‌ی برادۆست له‌باشور و شه‌مزینان له‌باكور له‌یه‌ك داده‌بڕێت، له‌ئێستادا ده‌رفه‌تی جموجوڵ له‌نێوان باكور و باشوری كوردستان له‌و ناوچه‌یه‌ نه‌ماوه‌، له‌وێوه‌ توركیا چاودێری ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی تر ده‌كات.

٢- بنكه‌ی سه‌ربازی چیای كتكن، ئه‌م بنكه‌ سه‌ربازییه‌ له‌به‌رزایی چیاكه‌ دروستكراوه‌ و رێگه‌ی نێوان خواكورك و به‌رمیزه‌ی به‌ته‌واوه‌تی كۆنتڕۆڵكردووه‌، هه‌موو هاتوچۆیه‌ك له‌م رێگه‌یه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌.

٣- بنكه‌ی سه‌ربازی ئاوده‌ل كێوی ئه‌م بنكه‌سه‌ربازییه‌ له‌لوتكه‌ی چیاكه‌ دروستكراوه‌ و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ سه‌ربازگه‌ی شه‌مزینانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌باكوری كوردستان.

٤- بنكه‌ی سه‌ربازی چیاكه‌وێت، ئه‌م بنكه‌ سه‌ربازییه‌ به‌رامبه‌ر چیای كه‌تكین و گه‌لی مه‌خاره‌ و به‌نێوهه‌ردوو چیاكه‌دا ده‌روات، ئه‌م بنكەیه‌ هه‌موو هاتوچۆ و جموجوڵێكی له‌م گه‌لیه‌ وه‌ستاندووه‌.
٥- بنكه‌ی سه‌ربازی چیا دیڵ، ئه‌م بنكه‌سه‌ربازییه‌ گرنگترین بنكه‌ی سه‌ربازی توركیایه‌ له‌نزیك ده‌شتی هێره‌ و رێگه‌ی سه‌ره‌كی خواكورك- برادۆستی به‌ته‌واوه‌تی كۆنتڕۆڵكردووه‌، و هیچ جموجوڵێكی هاوڵاتیان و گه‌ریلای نه‌هێشتووه‌.
٦- بنكه‌ی سه‌ربازی چیای شه‌كیو، ئه‌م بنكه‌سه‌ربازییه‌ ناوچه‌ی خواكورك و ناوچه‌ی لۆلان له‌یه‌ك جیاده‌كاته‌وه‌ و به‌مه‌ش  جگه‌ له‌ناو خاكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هیچ رێگایه‌ك بۆ هاتوچۆی خواكورك نه‌ماوه‌.

جگه‌ له‌مانه‌ سوپای توركیا بنكه‌ی سه‌ربازی كاتی بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژ و چه‌ند هه‌فته‌ كردووەته‌وه‌ و بۆ ئۆپه‌راسیۆنێكی دیاریكراو به‌كاری هێناون و دواتر جێیهێشتوون.

هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌

 سوپای توركیا سودی له‌چه‌ند باره‌گایه‌كی پێشمه‌رگه‌ وه‌رگرتووه‌

بوونى سوپاى توركیا به‌و رێژه‌ زۆره‌و له‌ ناوچه‌ى جیاجیاو به‌رفراوان له‌ قوڵایى خاكى هه‌رێمدا، پێناچێت بێ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى بێت. به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس سوپای توركیا سود له‌بنكه‌ی مه‌شقی باپشتیان له‌ سۆران وه‌رده‌گرێت، له‌كاتی پێویستدا به‌كاری ده‌هێنێت كه‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌، باره‌گای لیوای حه‌وتی پیاده‌یه‌ی سۆرانه‌ و لیواكه‌ش لیوایه‌كی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی-یه‌.

جگه‌ له‌وه‌ش سوپای توركیا سودی له‌چه‌ند باره‌گایه‌كی پێشمه‌رگه‌ وه‌رگرتووه‌، له‌وانه‌ش بنكه‌ى كۆلیتار له‌ناحیه‌ی قه‌سرێ له‌قه‌زای چۆمان-ى ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی، كه‌ باره‌گای هێزێكی سه‌ر به‌پارتی دیموكراتی كوردستانی لێیه‌، كۆلیتار چیایه‌كی ستراتیژیه‌ و ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر قه‌ندیل و دۆڵی باڵه‌ییان، دۆڵه‌كه‌ به‌شێكه‌ له‌چیای قه‌ندیل و زیاتر له‌ ١٠گوند له‌خۆده‌گرێت، به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس توركیا له‌وشوێنه‌وه‌ چاودێری جموجوڵی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌قه‌ندیل ده‌كات و هێرشی فرۆكه‌ی سه‌ربازیش له‌سه‌ر داوا و راسپارده‌ی ئه‌و بنكه‌سه‌ربازییه‌یه‌.

جگه‌ له‌وه‌ش بڕیارە له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری وه‌ك ( لوتكه‌ی هه‌ڵه‌موند، شاخی بێرمكه‌، كوێستانه‌كانی گۆره‌بۆت، سه‌ری بارێ و دیزیله‌) هێزی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی جێگیربكرێت بۆ رێگری له‌جموجوڵی په‌كه‌كه‌.

بنكه‌ سه‌ربازییه‌ كۆن و جێگره‌كانی تری توركیا له‌هه‌رێم بریتین له‌:
١- بنكه‌ی سه‌ربازی باتوفه‌
٢- بنكه‌ی سه‌ربازی كانی ماسی
٣- بنكه‌ی سه‌ربازی بامه‌رنی
٤- فرۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی بامه‌رنی كه‌ فرۆكه‌ی سه‌ربازی لێ جێگیركراوه‌
٥- بنكه‌ی سه‌ربازی سنكێ 
٦- بنكه‌ی سه‌ربازی بیگۆڤا
٧- بنكه‌ی سه‌ربازی گه‌لی زاخۆ
٨- بنكه‌ی سه‌ربازی شیلادزه‌
٩- بنكه‌ی سه‌ربازی شیرتی
١٠- بنكه‌ی سه‌ربازی كوپكێ
١١- بنكه‌ی سه‌ربازی قومری له‌ به‌رواری 
١٢- بنكه‌ی سه‌ربازی كوخی سپی
١٣- بنكه‌ی سه‌ربازی ده‌رێی دواتیا
١٤- بنكه‌ی سه‌ربازی سه‌رزێر
١٥- بنكه‌ی سه‌ربازی زێلكان
١٦- بنكه‌ی سه‌ربازی ئامێدی
١٧- بنكه‌ی سه‌ربازی باتوفه‌

تیمێكی هاوبه‌ش له‌ هه‌ولێره‌وه‌ فه‌رمان به‌ هێزەکانی تورکیا ده‌كات

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، پێشتر ئه‌و سه‌ربازانه‌ی توركیا له‌چه‌ند ناوه‌ندێكی سه‌ربازی فه‌رمانیان وه‌رگرتووه‌ ئه‌وانیش. 
١- بنكه‌ی سه‌ربازی توركیا له‌ناوه‌ندی ناحیه‌ی باتوفه‌.
٢- بنكه‌ی سه‌ربازی توركیا له‌قه‌زای زاخۆ گه‌ڕه‌كی بێداری.
٣- بنكه‌ی سه‌ربازی توركیا له‌ناوه‌ندی پارێزگای دهۆك له‌گه‌ره‌كی گرێ باسی.

به‌ڵام له‌ئێستادا تیمێكی هاوبه‌ش له‌ هه‌ولێره‌وه‌ فه‌رمان به‌و هێزانه‌ده‌كات، تیمه‌كه‌ش له‌ نوێنه‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازی ( ژیته‌م) و ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا ( میت ) و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای توركیا و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا و سه‌رۆكایه‌تی كۆمار پێكهاتووه‌.

پرس به‌حكومه‌تی هه‌رێم ناكه‌ن

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌حكومه‌تی هه‌رێم به‌په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، ئه‌و هێزانه‌ی توركیا له‌كاتی ئاڵوگۆڕكردن یان كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی نوێی سه‌ربازی یان ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی و ئاسمانی، هیچ پرس و راوێژێك به‌ ئیداره‌ی خۆجێی و پارێزگار و هیچ به‌رپرسێكی حكومه‌تی هه‌رێم ناكه‌ن.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر پرێس ژماره‌ی سه‌ربازانی توركیا له‌هه‌رێمی كوردستان تا پێش ساڵی ٢٠١١نزیكه‌ی ٣هه‌زار بووه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا ژماره‌كه‌ نزیكه‌ی ١٥هه‌زار سه‌ربازه‌ و به‌شێك له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیاش له‌فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی ئامێدی له‌ناو خاكی باشوری كوردستانه‌وه‌، ده‌كرێنه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی گومانی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی لێده‌كرێت.

پێناچێت توركیا به‌ ئاسانى ئه‌و ناوچانه‌ چۆڵ بكات كه‌ مێخى تێدا داكوتیوه‌

هێزی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی ٢٠ كیلۆمه‌تر له‌ قه‌ندیل و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ دووره‌، بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیاش له‌ برادۆست ته‌نها ٥٠ كیلۆمه‌تر له‌ باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ دوورن.

توركیا له‌باشیك

جگه‌ له‌م بنكانه‌، توركیا بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ باشیك هه‌یه‌ كه‌ له‌ساڵی ٢٠١٥ هاتوون و ژماره‌یان دووهه‌زار سه‌ربازه‌.

توركیا هاوكات له‌گه‌ڵ زیادكردنى هێزو بنكه‌كانى، ئۆپه‌راسیۆنێكى فراوانى له‌ناوخاكى باشورى كوردستان ده‌ستپێكردووه‌و كۆنتڕۆڵى رووبه‌رێكى فراوانى هه‌رێمى كردووه‌، دیار نییه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ى كه‌ له‌ناو ماڵى هه‌رێم ده‌كرێت سه‌رى له‌كوێوه‌ ده‌رده‌چێت، به‌ڵام پێناچێت توركیا به‌ ئاسانى ئه‌و ناوچانه‌ چۆڵ بكات كه‌ مێخى تێدا داكوتیوه‌.