ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:28 - 18/08/2019

مەترسیەکانی کەرتبوونی ئاکپارتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن‌

پەیسەر

١٤ی ئەم مانگە ئاهەنگی ١٨مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکەپە" بوو. ئەو پارتە لە ١٤ی ئابی ساڵی ٢٠٠١ دا دامەزراوە و لە هەڵبژاردنە گشتیەکانی ٢٠٠٢دا توانی دەسەڵات بگرێتە دەست و ١٨ ساڵە بە تەنها حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی تورکیا پێکدەهێنێت.

ئەمساڵ وەک ساڵانی ڕابردوو، پەیامی گەرم و گوڕ لە ئەکاونت و پەیجە تایبەتەکانی بەرپرسان و دامەزرێنەرەکانی ئاکەپەدا نەبینران. بە تایبەتی عەلی باباجان و عەبدوڵا گویل و ئەحمەد داودئۆغلۆ کە هەرسێکیان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە دامەزراندنی ئاکەپەدا هەبوو، هیچ پەیامێکیان بڵاونەکردەوە و زۆربەی بەرپرسانی پێشووی ئەو حزبە بۆ ئاهەنگەکە بانگهێشت نەکرابوون.

ئەردۆغان باباجان و داودئۆغڵۆی بە تەواوی سڕیوەتەوە
رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکپارتی لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئەوەی بووە هۆی سەرنج و بابەتی میدیاکانی تورکیا چەند دێرێکی ناو پەیامەکە بوو کە گوتبووی: "ئەمڕۆ ئێمە شیوەن بۆ تاریکی ڕۆژانی ڕابردوو ناکەین. هەروەها سەرکەوتنەکانی ڕابردووشمان ناکەین بە داستان". 

 

قسەکانی ئەردۆغان وەک دژایەتیی بەرامبەر ئەو سەرکردانەی ئاکپارتی لەقەڵەمدرا کە لێی جیابوونەتەوە و بەو شێوەیە شرۆڤە کرا "ئاکپارتی شیوەن بۆ ئەو کەسانە ناکات کە لێی جیابوونەتەوە و سەرکەوتنەکانیشیان وەک داستان تۆمار ناکرێن

 

بەرپرسانی ئاکپارتی بە ئاشکرا باس لە مەترسیەکانی سەر پارتەکەیان دەکەن
لەلایەکی ترەوە بوڵەند ئارنچ سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی ئاکپارتی لە شاری کرککالە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان رایگەیاند، عەلی باباجان بە هاوکاری عەبدوڵا گویل لەلایەک و ئەحمەد داوودئۆغڵۆش لەلایەکی ترەوە حزبیان دروستکردووە. گوتیشی "پێم باش نەبوو ئەو کەسانە لە ئاکپارتی جیابوونەوە، کارێکی هەڵە دەکەن".

ئارنچ ئاماژەی بەوەشدا، خۆی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و لەو پارتەدا دەمێنێتەوە و ئەوەندەی لەدەست دێت کە پێیان بڵێت، لەو کارە هەڵەیە پاشگەزببنەوە، ئەگەر بەردەوامیش دەبن، پێویستە دژایەتی ئاکپارتی نەکەن و بە هاوبەشی لەگەڵ ئاکپارتی کار بکەن.

محەمەد مەتینەر پارلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی و کادرێکی کوردی ناو ئەو حزبەش لە نووسینێکیدا دەڵێت، ئاکپارتی کە لە بارودۆخی ساڵی ٢٠٠١دا دامەزرا، کاتی بەسەرچووە. ئەگەر ئاکپارتی لە سەر سیاسەتە کۆنەکانی بەردەوام بێت، وەک ئەوە وایە "بە پێچەوانەی ئاوی ڕووبارەوە سەوڵ لێبدات".

 

ئەحمەد داودئۆغڵۆ، کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوەتی پارتە نوێکەی لە سەرانسەری تورکیا ڕابگەیەنێت، بە دزیەوە لە هۆتێلێکی دەریاچەی شاری بۆلۆی نزیک ئەنقەرە لەگەڵ سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا کۆبووەتەوە

ئۆدا تی ڤی بڵاویکردەوە، چاوپێکەوتنی داودئۆغڵۆ و سۆیلۆ ئەردۆغان و بەرپرسانی تری ئاکپارتی نیگەران کردووە و وەک کاردانەوەش وێنەی سولەیمان سۆیلۆ کە بەشداری لە ژمارەیەک ئاهەنگی ئاکپارتیدا کردووە، لە هیچ پەیج و ئەکاونتێکی سۆشیال میدیای ئاکپارتیدا دانەنراوە.

مەهەپەش لە مەترسیەکانی سەر ئاکپارتی نیگەرانە
ڕۆژنامەی بیرگوینی تورکیا هەواڵێکی لەبارەی مەترسییەکانی سەر ئاکپارتی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی پارتی نەتەوەپەرستی گەل "مەهەپە" داوایان لە سەرۆک و بەرپرسانی "ئی پارتی" کردووە، کە لە مەهەپە جیابووەتەوە، ئەگەر نەشگەڕێنەوە بۆ ناو پارتەکەیان، ببنە بەشێک لە "هاوپەیمانی کۆمار" کە لە نێوان ئاکپارتی و مەهەپەدا پێکهێنراوە.

 بەرپرسانی مەهەپە مەترسی خۆیان بەرامبەر دامەزراندنی پارتەکەی باباجان و داودئۆغڵۆ نیشانداوە و دەڵێن، "ئی پارتی" دەتوانێت، جێی ئەو لایەنانە بگرێتەوە کە لە ئاکپارتی جیادەبنەوە.

ئەردۆغان هەوڵی کۆکردنەوەی ئەندامانی پارتەکەی دەدات
لەلایەکی ترەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گشتی ئاکپارتی، لەم هەفتەیەدا کارەکانی سەرۆکایەتی کۆماری وەلاوەناوە و دەستی کردووە بە کۆبوونەوە و سەردانی ناوەندە حزبییەکانی پارتەکەی.

لە یەکەم هەنگاودا ئەردۆغان کۆبوونەیەوەکی داخراوی لەگەڵ پارلەمانتارانی ئاکەپەدا ئەنجامداوە. بڕیارە لە ٢٢ی ئەم مانگەشدا لەگەڵ سەرۆک شارەوانیەکانی ئاکەپەدا کۆبێتەوە. هەروەها ٢٣ی مانگیش لەگەڵ ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکەپەدا کۆدەبێتەوە کە لە ٥٠ کەس پێک دێت.