ڕاپۆرتی کوردستانی

05:57 - 18/08/2019

هەڵسەنگاندنێک بۆ دوو ساڵ کاری خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان‌

پەیسەر

رۆژی ٢٥ی تەموزی ٢٠٠٩ بزووتنەوەی گۆڕان وەکو جوڵانەوەیەکی گەورەی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان وەکو بورکانێک تەقییەوە. ئەو تەقینەوەیە گڕوتینێکی مەزنی بە چینی پەراوێزخراوی کۆمەڵگە بەخشی و چاوی هیوایان بڕیبووە ئەو بزووتنەوەیە بۆ ئەوەی دۆخی ژیانیان بگۆڕێ. کەچی دوای ١٠ خانەی راپەڕاندنی ئەم بزووتنەوەیە نەیتوانی تەنانەت خۆیشی بگۆڕێ!

رۆژی 25ی 7 و یه‌ك رۆژ پێش به‌سه‌رچوونی ته‌مه‌نی خانه‌ی راپه‌ڕاندن، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاریدا هه‌ڵبژاردنی خانه‌ی راپه‌ڕاندن له‌ 14ی ئه‌یلولی ئه‌نجامبدرێت. ئه‌ندامانی خانه‌ش تا ئه‌و كاته‌ كاره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

یەکەم هەنگاوی هەڵە پێشێلکردنی دەقی وەسێتەکەی نەوشیروان مستەفا بوو لە هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا

لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفای دامەزرێنەری گۆڕان، سەرکردایەتی گۆڕان کارێکی گەورەیان کرد کە نەیانهێشت چلەی رێکخەرەکەیان بچێ، رێکخەری نوێ و سەرکردایەتییەکی نوێیان بۆ بزووتنەوەکە هەڵبژارد. ئەمەش لەناو کولتووری حزبایەتی کوردستاندا هەنگاوێکی باش بوو.

یەکێتی دوای دوو ساڵ هێشتا نەیتوانیوە سکرتێری گشتی هەڵبژێرێت. لەوانەیە لە کۆنگرەی داهاتووشدا نەتوانن کەسێک بۆ سکرتێر هەڵبژێرن. بەڵام قسەی زۆرێک لە رەخنەگرانی ناوخۆ و دەرەوەی بزووتنەوەکە ئەوەیە، ئەم سەرکردایەتییە نوێیە هەر لە سەرەتاوە بە خراپی دەست بەکاربوون.

رەخنەکان لە خانەی راپەڕاندن
یەکەم هەنگاوی هەڵەی ئەم خانەیە، پێشێلکردنی دەقی وەسێتەکەی نەوشیروان مستەفا بوو لە هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا، کە داوای کردبوو پێکهاتەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن تێکەڵەیەکبێ لە شۆڕشگێڕە دێرینەکان و گەنجە خوێندەوارەکان و ژنان. کەچی پێچەوانەی ئەمە هیچ گەنجێک یان ژنێک لە خانەی راپەڕاندان جێیان نەبوویەوە و ئەمەش رەخنەیەکی زۆری لەناو جەماوەری گۆڕان لێکەوتەوە.

هیچکام لە ئەندامانی خانە توانایەکی باشیان نییە لە وتارداندا تاقەت و مەیلی چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانییان نییە، ڕێکخەری گشتی لە ماوەی دوو ساڵدا تەنیا دوو جار چاوپێکەوتنی میدیایی ئەنجامداوە

کێشەیەکی دیکەی ئەم خانەی راپەڕاندنە ئەوەیە کە نەیانتوانیوە وەک پێویست سیاسەت و بەرنامەی گۆڕان روون بکەنەوە. هیچکام لە ئەندامانی خانە توانای وتاردانی باشیان نییە، تاقەت و مەیلی چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانییان نییە. بۆ نموونە ڕێکخەری گشتی لە ماوەی دوو ساڵدا تەنیا دوو جار چاوپێکەوتنی میدیایی ئەنجامداوە کە ئەو دوو جارەش ئەوەندە بەهێز دەرنەکەوتووە کە رایگشتی و جەماوەری بزووتنەوەکەی ئاڕاستە بکات.

هەر بەهۆی لاوازییان لە وتارداندا هیچ کام لە ئەندامانی خانە نەیانتوانیوە لەکاتی دوو بانگەشەی هەڵبژاردندا بەهێز دەربکەون و گەرموگوڕییەک بە جەماوەری گۆڕان ببەخشن. هەربۆیە زۆربەی جەماوەری گۆڕان لەکاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا زیاتر چاویان لەسەر جموجوڵی هەڵسووڕاوە گەنجه‌كانی  ناو بزووتنەکە بووە تا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن.

لە پرسی بەشداریکردنی کابینەی نۆدا خانەی راپەڕاندن بە باشی جوڵانەوەو قورساییەکی زۆریان لەسەر رەوتی دانوستانەکان هەبوو

قەیرانی هەرە سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، قەیرانی سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەکەیە. ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانە کە سەرکردایەتی بزووتنەوەکە دەکەن، کەس نازانێ روئیا و دنیابینی سیاسییان چیە؟ کەس نازانێ پلانی ئەم سەرکردایەتییە بۆ دوو ساڵ یان چوار ساڵی داهاتووی بزووتنەوەکە چیە؟ خانەی راپەڕاندن لە ماوەی دوو ساڵدا نەیتوانی ئیدارەی کێشە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەکە بە شێوەیەکی باش بدات. بۆ نموونە پەرلەمانتاری گۆڕان رێک پێچەوانەی سیاسەتی حزبەکەی لێدوان دەدات، پارێزگاری سلێمانی کە سەر بە گۆڕانە دەڵێت، ئەگەر بەغدا لیترێک نەوتی سلێمانی ببڕێ خەتای یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی گۆڕانە، لە پرسی بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی نۆیەم لایەکی بزووتنەوەکە لە دژی بڕیارەکە وەستابوونەوە و میدیاکانی هەرێم ببوونە شوێنی مشتومڕی هەڵسوڕاوانی گۆڕان.

هەموو ئەم بێ سەروبەرییە بۆ نەبوونی هونەری سەرکردایەتی دەگەڕێتەوە بۆ ئه‌وه‌ی خانەی راپەڕاندن نەیتوانیوە سیاسەتێکی ڕوونی هەبێت و بەپێی ئەم سیاسەتە پەرلەمانتارەکان و هەڵسوڕاوەکانی بزووتنەوەکە ئاڕاستە بکات.

خانەی راپەڕاندن بەردەوام چارەسەری کێشەکان دوادەخات و لە کۆبوونەوەیەکەوە دەیسپێرێت بە کۆبوونەوەیەکی تر یان کێشەکان بە نیوەچڵی چارەسەر دەکات

 یەکێکی تر لە رەخنەکان لە سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان لاوازبوونی خانەی راپەڕاندنە لە بڕیارداندا، بۆ نموونە لە پرسی ریفراندۆمدا دەرکەوت کە توانای بڕیاردانی جدی نییە. نەیتوانی هەڵوێستێکی ئەوەندە ڕوونی هەبێ کە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکە بتوانن داکۆکی لێ بکەن، هەندێکیان بەوپێیەی رێکخەری گشتی بەشداری لە ریفراندۆمدا کرد داکۆکیان لەم هەڵوێستەی کرد و هەندێکی دیکەش دژایەتیی ریفراندۆمیان کرد. لە پرسەکانی هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانیشدا، بە هەمان شێوە جۆرێک لە سەرلێشێواوی بە بزووتنەوەکەوە دیار بوو، تەنیا لە پرسی بەشداریکردن لە حکومەتدا تا رادەیەک هەڵوێستی ڕوونیان هەبوو.

هەر لەم چوارچێوەیەدا رەخنەیەک کە ڕووبەڕووی خانەی راپەڕاندن بووەتەوە ئەوەیە کە چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوام دوا دەخات و لە کۆبوونەوەیەکەوە دەیسپێرێت بە کۆبوونەوەیەکی تر. یان کێشەکان بە نیوەچڵی چارەسەر دەکەن، کە ئەمەش نەخۆشییەکە زۆر حزبی کوردی بە دەستییەوە دەناڵێنن، بەڵام حزبێکی وەک گۆڕان کە ماوەی نزیک بە دە ساڵ ئۆپۆزسیۆن بووە و بەرزترین ڕێژەی جەماوەرەکەی لەناو چینی گەنجاندایە، ئەم نەخۆشییە زیاتر زیانی پێ دەگەیەنێ، چونکە گەنجان زیاتر حەزیان لە چارەسەر و بڕیاری لێبڕاوە تا بڕیاری محافزکارانە.

بزووتنەوەی گۆڕان تا ئەو کاتەی نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، بەردەوام رۆڵی سەرکردایەتیکردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دەبینی، یان تەنانەت لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕەپانی سیاسی هەرێم بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببوو، بەرەیەکیان کە بە تەنیا پارتی بوو و بەرەکەی دیکەش زۆربەی حزبەکانی دیکە بوون کە گۆڕان رۆڵی سەرکردایەتی ئەو بەرەی دەبینی، کەچی دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەی گۆڕان و خانەی راپەڕاندان ئەم پێگەیەی لە دەستدا.

کێشەیەکی دیکەی خانەی راپەڕاندن پێچەوانەی ناوی دامەزراوەکە، کە دەبێ ئەندامەکانی رۆژانە کارەکانی بزووتنەوەکە راپەڕێنن، کەچی ئەندامانی خانە ڕەخنەی ئەوەیان لەسەرە کە کەمتر خۆیان بە راپەڕاندنی ئیشوکاری بزووتنەوەکەوە سەرقاڵ دەکەن، یەکێک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کە عوسمانی حاجی مەحمودە بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە زیاتر لە ساڵێکە چووەتە ماڵەوە و نە شوێنی پڕ کراوەتەوە و نە ئاشت کراوەتەوە. هەندێکی دیکە لە ئەندامانی خانە زۆر سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن و کەمتر خۆیان بە چارەسەکردنی کێشەکانی بزووتنەوەکەوە سەرقاڵ دەکەن.

عوسمانی حاجی مەحمود بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە زیاتر لە ساڵێکە چووەتە ماڵەوە و نە شوێنی پڕ کراوەتەوە و نە ئاشت کراوەتەوە. هەندێکی دیکە لە ئەندامانی خانە زۆر سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن

دەستکەوتەکانی دوو ساڵ
لە ماوەی دوو ساڵ کارکردنی بزووتنەوەکەدا خانەی راپەڕاندن نەیتوانیوە تەنانەت کێشەی دارایی حزب و کێشەی میدیاکەی چارەسەر بکات. لە هەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کوردستاندا بەهۆکاری جۆاروجۆر ژمارەی کورسی و دەنگەکانی گۆڕان کەمی کرد، هەربۆیە هەندێک لە رەخنەگرانی ناوخۆیی بزووتنەوەکە لەوانەیە ئامادەنەبن هیچ دەستکەوتێک بۆ دوو ساڵ دەسەڵاتی خانەی راپەڕاندن بنووسن. بەڵام خانەی راپەڕاندن بە قورساییەکی زۆرەوە لە پرسی بەشداریکردن لە حکومەتدا جوڵانەوە کە ئەمەش دوو هۆکاری هەیە، یەکەمیان ئامادەیی پارتی کە مەسرور بارزانی کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتی حکومەت، پارتی هەستیکرد بە پێویستی ئەنجامدانی چاکسازیی و بۆ ئەمەش پێویستی بە گۆڕان هەبوو. بێجگە لەوەش پارتی پێویستی بەوەیە کە لەنێوان گۆڕان و یەکێتیدا جۆرێک لە هاوسەنگی دروست بکات.

 هۆکاری دووەمیش بۆ توانای دانوستانی شاندی بزووتنەوەکە دەگەڕێتەوە کە هەندێک لە ئەندامانی خانە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندن لە دانوستان و بە ئاسانی فێڵیان لێ ناکرێت.