ڕاپۆرتی کوردستانی

05:19 - 20/08/2019

"HöH" و مەترسیەکانی لەسەر باکووری کوردستان‌

پەیسەر

لە مێژووی تورکیادا، پارتە سیاسیەکان کە هاتوونەتە سەر دەسەڵات، ژمارەیەک ڕێکخراو و حزب و هێزی چەکداریان دروستکردووە و بۆ مەرامەکانیان بەکاریانهێناون. ئەو هێزانە دوای ئەوەی بەکارهێنروان، هەڵوەشێنراونەتەوە یاخود لەلایەن پارتێکی ترەوە کە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، لەناوبراون و ئەندامەکانیشیان دەستگیرکراون.

نمونەیەکی ئەوەش دروستکردنی "حزبواللە" بوو لە سەردەمی نەوەدەکاندا. کاتێک شۆڕشی کوردی لە باکووری کوردستان پەرەیسەند و رێکخستنی پەکەکە لە ناو شارەکانی باکووری کوردستان بەهێز بوو. حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا بە سەرۆکایەتی "تانسوو چیللەر" هێزێکی بە ناوی "حزبواللە" دروستکرد کە ئەرکیان تیرۆرکردن و هەڕەشەکردن بوو لە کوردە نیشتمانپەروەرەکان. لە ئەنجامدا بە هاوکاری "حزبواللە" و هێزی "ژیتەم" ١٧ هەزار سەرکردە، نووسەر، هونەرمەند، کادری حزبە کوردیەکان و هاوڵاتیە نیشتمانپەروەرەکان تیرۆر و بێسەروشوێن کران.

"حزبواللە" لە دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی "چیللەر" داخرا و سەرکردە و ئەندامەکانیان دەستبەسەرکران و سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوای ئەوەی ئاکپارتی دەسەڵاتی گرتەدەست، ئەندامانی حزبەکە ئازادکرن و ئەندامە کوردەکانیان لە ناو پارتێکی تردا بە ناوی "خوداپار"  کۆکرانەوە و دیسانەوە دەستیان بە دژایەتی پارتە کوردییەکان کرد.

له‌ ساڵی ٢٠١٥دا ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی هه‌ده‌په‌ له‌لایه‌ن خوداپاره‌وه‌ كوژران و دواتریش ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی خوداپار له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ كوژرا

"HöH" کەی و لە لایەن کێوە دامەزراوە؟
هێزی تایبەتی گەل "HöH" دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٦دا بە سەرۆکایەتی "فاتیح کایا" دامەزرا. هەرچەندە لەسەرەتادا ئاکپارتی رایگەیاند، "HöH" هیچ پەیوەندیەکی بەوەوە نییە، بەڵام دوای ئاشکرابوونی بەڵگە و وێنەی فاتیح کایا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئاکپارتی خۆی بێدەنگ کرد و بە هیچ شێوەیەک باسی نەکرد.

فاتیح کایا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی حوریەتی تورکی دەڵێت، ئەوان بەر لە کودەتاکەی ١٥ی تەمموز هەبوون، بەڵام لەگەڵ کودەتاکەدا ڕژانە سەر شەقامەکان و بەرامبەر کودەتاچیەکان شەڕێکی گەورەیان کرد.

هەروەها ڕایگەیاند، نووسینگەیان لە ٢٢ پارێزگای تورکیا هەیە و نزیکەی حەوت هەزار کەس فۆرمی ئەندامێتیان پڕکردووەتەوە. لەسەرەتادا مانگانە ١٠ لیرەیان وەک ئابوونە لە ئەندامەکانیان وەردەگرت، بەڵام لە ئێستادا مانگانە یەک لیرە لە ئەندامەکانیان وەردەگرن.

فاتیح کایا سەرۆکی HöH ئاماژە بەوە دەدات، ئەوان هێزێکی تایبەتن و لەگەڵ فەرمانی سەرۆک کۆمار و حکومەت و لەکاتی مەترسیدا دەڕژێنە ناو شەقامەکان و پارێزگاری لە وڵات و گەلی تورکیا دەکەن

ئۆدا تیڤی کە کەناڵێکی دژی ئاکپارتیە، لە هەواڵێکیدا دەڵێت، "HöH" هێزێکی تەواو سەر بە ئاکپارتیە و "بیلال ئەردۆغانی" کوڕی رەجەب تەیب ئەردۆغان پشتگیری لێدەکات و ساڵانە ملیۆنێک دۆلار بودجەی بۆ تەرخانکردووە.

هەروەها وێنەی سەرۆک و ئەندامانی هێزەکە لەگەڵ بەرپرسانی ئاکەپە و گەشتی ئۆتۆمۆبیلەکانیان بە لۆگۆ و بە چەکەوە وەک بەڵگە نیشاندراوە کە هێزەکە سەر بە ئاکەپەیە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگریان لێناکرێت.

"HöH" تا ئێستا چی کردووە؟
هێزی تایبەتی گەل لە سەرەتادا لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا دەستی بە دەستگیرکردن و ئاشکراکردنی ئەو کەسانە کرد کە دەستیان لە کودەتای سەربازی ١٦ی تەمموزدا هەبوو.

لە ئێستاشدا وەک لە پەیامەکانیاندا دیارە، ئامادەن بە فەرمانی ئەردۆغان و ئاکەپە هێزەکانیان جووڵەپێبکەن.

هەدەپە و جەهەپە نیگەرانن
فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" و پارتی گەلی کۆماری "جەهەپە" پرسی هێزی تایبەتی گەلیان بردە پەرلەمانی تورکیا و نیگەرانی خۆیان نیشاندا. هەدەپە ڕایگەیاند، پێویستە حکومەت ئاشکرای بکات ئەم هێزە چۆن و کەی دامەزراوە و چ پەیوەندیەکی لەگەڵ هێزەکەدا هەیە؟ ئایا حکومەت ئاگاداری چۆنیەتی کارکردن و جموجووڵەکانی هێزەیەکە؟ دەبێت ئاشکرا بکرێت چوار کەسەکەی هێزەکە بەڕێوەدەبەن کێن؟ چەند ئەندامیان هەیە و لەکوێ کاردەکەن؟ فاتیح کایا سەرۆکی هێزەکە کێیە؟ ئایا هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ داعشدا هەبووە؟ هیچ ئەندامێکی ئاکپارتی لەهەمانکاتدا ئەندامی هێزەکەیە یان نە؟ ئایا دروستکردنی هێزی چەکدار لە دەرەوەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا و سوپای تورکیا بە پێی دەستوور کارێکی نادروست و تاوان نییە؟

هەروەها فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماریش لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، ئەندامانی هێزەکە بە ئاشکرا و بە چەکەوە لە ناو خەڵکدا دەگەڕێن و بووەنەتە جێی ترس و دڵەڕاوکێ و داوایکرد پەیوەندی نێوان ئاکپارتی و هێزەکە ئاشکرا بکرێت.

هەرچەندە بابەتەکە چەند ڕۆژێک بووە ڕۆژەڤی میدیاکانی تورکیا، بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان هیچ بەیاننامە و ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەبارەی هێزەکەوە بڵاونەکردەوە. دوای ئەوەش ئەندامانی ‌هێزەکە خۆیان شاردەوە و وەک جاران ئۆتۆمبیل و ئەندامانیان لەناو ڕێگا و شەقامەکاندا نابینرێن

مەترسیەکانی "HöH" چین؟
"HöH" هێزێکی نیشتمانی یان گرێدراوی دەزگاکانی دەوڵەتی تورکیا نییە و بە تەواوی وەک میلیشیایەکی پارتی داد و گەشەپێدان دەبینرێت. وەک لە ڕاگەیەندراوەکان و لیدوانەکانی سەرۆکەکەیدا دەردەکەوێت، بە تەواوی لەژێر فەرمانی ئاکەپەدایە و لەوکاتەدا جۆڵەی پێدەکرێت کە ئاکەپە لەژێر هەڕەشە و مەترسیدا بیت.

 

هەرچەندە تا ئێستا هیچ کردەوەیەکی دیار و ئاشکرای دژی ئەندام و لایەنگرانی پارتەکانی دیکەی تورکیا نەکردووە، بەڵام لە ئەگەری شەڕی نێوان ئاکەپە و لایەنەکانی دیکەدا دەردەکەون

ئەمەش نیشانەیەکی دیکەیە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاکپارتی بە دروستکردنی هێزی چەکداری تەواو گریدراوی خۆیان نیازی ئەوەیان نییە بە ئاسانی لە دەسەڵات دووربکەونەوە، لەلایەکی ترەوە دەتوانرێت هێزەکە دژی نەیاراکانی بە تایبەت کوردەکانی باکووری کوردستان بەکاربهێنێت.