لێکۆڵینەوە

09:38 - 13/12/2018

چاوتێبڕینی توركیا بۆ باشوری كوردستان لە 1918 بۆ 2018‌

حسێن ئه‌حمه‌د پور

مستەفا کەمال ئەتاتورک بەر لە مردنی وەسیەتی بۆ عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی تورکیا کردبوو کە ویلایەتی موسڵ بگەڕێنێتەوە بۆ سەر تورکیا، ئینۆنۆش بەر لە مردنی وەسیەتی بۆ بولەند ئەجەویت کردبوو کە ویلایەتی موسڵ داگیر بکات، ئەجەویتیش لە دواین سەردانیدا بۆ کوشکی چانکایا هەمان وەسیەتی بۆ ئەحمەد نەجدەت سزەر کردبوو کە ویلایەتی موسڵ داگیربکەن، دیار نییە ئەحمەد نەجدەت سزەریش هەمان ئەم وەسیەتی بۆ عەبدوڵا گول و ئەردۆغان کردووە یان نا، بەڵام لە روانینی نیۆ عوسمانیانەی ئاکەپە و سیاسەتە هەژمونخوازانەکەی چەند ساڵی رابردووی ئەردۆگانەوە بە ئاشکرا دەبینرێت کە ئەردۆگان و ئاکەپەش هەمان خەونی گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵیان هەیە بۆ سەر تورکیا. 

تورکیا و ویلایەتی موسڵ
_ رۆژی ٣ی مانگی ١١ی ١٩١٨ هێزەکانی بریتانیا چوونە ناو موسڵەوە و سوپای شەشەمی عوسمانی بە فەرماندەیی عەلی ئێحسان پاشا بەرەو نسێبین لە باکوری کوردستان پاشەکشێی کرد، بەمەش کۆتایی بە ٤٠١ ساڵ دەسەڵاتداریی تورکە عوسمانییەکان بەسەر ویلایەتی موسڵدا هات.
_ ویلایەتی موسڵ هەموو پارێزگاکانی موسڵ و دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و بەشێک لە سنوورەکانی ئێستای پارێزگای دیالەی لەخۆدەگرت کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد بوون.
_ لە دوای داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ لەلایەن بەریتانیاوە، مەجلیسی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ و دواتریش پەرلەمانی کۆماری تورکیا لە ئەنکەرە داوای گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵیان دەکرد.
_ ساڵی ١٩٢٣ لە کۆنفڕانسی لۆزاندا تورکیا داوای خاوەندراێتیی ویلایەتی موسڵی کرد بەو پاساوەی پێشتر بەشێک بووە لە وڵاتی عوسمانی و دانیشتوانەکەشی هاوسۆز و هاوخوێنی تورکن، ئەگەر تورکیش نەبن لەسەداسەد عەرەبیش نین تا بخرێنە سەر وڵاتێکی عەرەبی.

_ کۆنفڕانسی لۆزان بڕیاریدا ئەگەر کێشەکە لە ماوەی نۆ مانگدا لەنێوان بریتانیا و تورکیادا چارەسەر نەکرا ، ئەوا دەبێت لە کۆمەڵەی گەلانەوە چارەسەرێکی بۆ دابنرێت.
_ کێشەکە برایە کۆمەڵەی گەلان، کۆمەڵەی گەلان لێژنەیەکی دروستکرد بە سەرۆکایەتی هژالمار برانتینگ سەرۆکوەزیرانی سوید کە سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەو وڵاتەش بوو، برانتینگ لە مانگی ١٠ ی ١٩٢٤دا لە کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵەی گەلان لە برۆکسێڵ هێڵێکی سنووری دیاری کرد کە دواتر بە هێڵی برۆکسێل ناوبانگی دەرکرد.
_هەر لەو ساڵەدا کۆمەڵەی گەلان لەسەر پێشنیازی ودرۆ ویڵسن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی موسڵ لیژنەیەکی تایبەتی پێک‌هێنا، لیژنەکە سەردانی ویلایەتی موسڵی کرد و چاویان بە خەڵکی جۆراوجۆر کەوت، دوای سێ مانگ توێژینەوە لیژنەکە بەو دەرەنجامە گەیشت زۆرینەی دانیشتوانی موسڵ لەگەڵ ئەوەدان بخرێنە سەر ئەو عێراقەی کە لەژێر حوکمی ئینتدابی بەریتانیادا بێت.
_ لیژنەکە هەندێک مەرجی تایبەت بە کوردی دانابوو، کە دەبێت مافەکانیان لەبەرچاو بگیردرێت، بە جۆرێک ئەگەر بێتو لە دوای کۆتایی هاتنی  ئینتدابی بەریتانیا، حکومەتی عێراق مافەکانی کوردی پێشێل کرد ئەوا دانیشتوانەکەی دەتوانن داوابکەن بخرێنەوە سەر تورکیا.
 _ ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٥ کۆمەڵەی گەلان راپۆرتی لیژنەکەی پەسند کرد و بڕیاریدا هێڵی برۆکسێل بکرێتە سنوری هەمیشەیی و ویلایەتی موسڵ خرایەسەر ئەو عێراقەی لەژێر ئینتدابی بریتانیادا بێت.
_ ٥ی حوزەیرانی ١٩٢٦دا لە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی نێوان تورکیا و عێراق و بریتانیا هێڵی برۆکسێل بە کەمێک دەستکارییەوە  وەک سنووری هەمیشەیی نێوان عێراق و تورکیا پەسندکرا کە هەمان ئەو سنورانەی ئێستای عێراق و تورکیایە، لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەدا تورکیا بەو مەرجە ئامادەبوو دەستبەرداری ویلایەتی موسڵ بێت کە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ ساڵانە لەسەدا ١٠ی داهاتی نەوتی عێراق بۆ تورکیابێت.

تورکیا و باشوری کوردستان لە ١٩٢٦ _ ١٩٩٠


_ لە دوای ١٩٢٦وە تورکیا بێهیوا بوو لە گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورک هەرگیز خەونی داگیرکردنی موسڵیان لە مێشکی خۆیان نەسڕییەوە، بولەند ئەجەویت دەڵێت لە سێ قۆناغی جیاوازدا بووەتە سەرۆکوەزیرانی تورکیا، هەر سێ جارەکەش بابەتی داگیرکردنی ویلایەتی موسڵی خستووەتە بەرنامەی کاری حکومەتەکەیەوە بەڵام لە هیچ قۆناغێکدا دەرفەتی ئەوەی بۆنەڕەخسا داگیری بکات.
_ لەم قۆناغەدا تورکیای نوێ کە لەسەر بناغەی دەوڵەتی نەتەوەیی تورک دامەزرابوو، لە پێناسەکەیدا جێگەی کورد نەدەبووەوە و حاشا لە بوونی کورد دەکرا، جگە لە سیاسەتی تواندنەوە و سڕینەوەی کورد لە باکور، کۆماری تورکیا ئامادەبوو یارمەتی دەوڵەتانی دراوسێی بدات لە سەرکوتکردنی کورددا و هەموو هەوڵێکیشی ئەوەبوو لەڕووی کۆمەڵایەتیی و سیاسییەوە کوردانی باکور لە پارچەکانی دیکە داببڕێت.
_ بە گێڕانەوەی مەسعود بارزانی لە سەروبەندی دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول، مستەفا بارزانی نامەی بۆ کۆمەڵێک لە سەرۆکی وڵاتان نووسی و داوایکردبوو یارمەتی کورد بدەن، بەڵام سەرۆک کۆماری ئەو کاتی تورکیا تەنانەت ئامادەنەبووە نامەکەش بکاتەوە و ناردبوویەوە بۆ ئەو ئادرێسەی نامەکەی ڕەوانەکردوە.
_ دروشمێکی باویان هەبوو کە دەڵێت تورکیا دژی دروستکردنی دەوڵەتی کوردییە تەنانەت ئەگەر لە ئەرجەنتینیش بێت.
_ بە وردی چاودێری جموجووڵەکانی شۆڕشی ئەیلولیان دەکرد، نیگەران بوون ئەو ئاگرەی لە ماڵە دراوسێکەیان بەربووە بکەوێتە ماڵی خۆشیانەوە، بۆ ئەوەی شۆرشی ئەیلول هەست و سۆزی کوردانی باکور بۆ لای خۆی رانەکێشێت دەستیانکرد بە دروستکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی ئابوری لە باکوری کوردستان 
_ بەبێ ئەوەی هیچ جووڵەیەکی چەکداری لە باکوری کوردستان هەبێت، ساڵی ١٩٧٨ تورکیا رێککەوتنامەی راوەدوونانی خێرای لەگەڵ عێراق ئیمزا کرد، بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە تورکیا دەیتوانی بۆ سەرکوتکردنی هێزە چەکدارە کوردییەکانی نەیاری خۆی بە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە.

_ ساڵی ١٩٨١ ئۆجەلان و بارزانی لە دیمەشق کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە خواکورک و خنێرە بمێننەوە، دوای ئەم رێککەوتنە لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٤ چەند گروپ لە گەریلاکانی پەکەکە بە فەرماندەیی دۆران کاڵکان لە خنێرە و لۆلان و خواکورک جێگیر بوون.
_ دوای جێگیربوونی پەکەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، تورکیا بەپەلە کەوتەخۆی و ساڵی ١٩٨٣ یەکەمین ئۆپراسیۆنی خێرای لە باشوری کوردستان ئەنجامدا، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە هێشتا پەکەکە شەڕی چەکداری دەست پێنەکردبوو، لەم ئۆپەراسیۆنەدا تورکیا بنکەکانی حیزبی شیوعی و پارتی بۆردومان کرد و ژمارەیەک پێشمەرگە شەهیدبوون و باس لەوەش دەکرێت نزیکەی ١٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنیشیان دەستگیرکردبوو.
_ لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٦ چەندین جاری دیکە سوپای تورکیا بارەگاکانی پارتی و پەکەکەی پێکەوە بۆردومان کرد، ١٥ی ئابی ١٩٨٦ لە بۆردومانەکانی تورکیا نزیکەی ١٠٠ پێشمەرگەی پارتی و هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون، دوای ئەو ڕووداوە پارتی لە ترسی بۆردومانەکانی تورکیا لە رێکەوتنەکەی لەگەڵ پەکەکە کشایەوە و مەسعود بارزانی رایگەیاندبوو رێز لە خەباتی پەکەکە دەگرن بەڵام دوای ئەم رووداوانە ئەستەمە پەکەکە چیتر بتوانێت لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بمێنێتەوە.
_ لە ساڵی ١٩٨٣وە تا ئێستا سوپای تورکیا زیاتر لە ٢٠ ئۆپەراسیۆنی لەناو خاکی باشوری کوردستاندا لە دژی پەکەکە ئەنجامداوە.

_ ساڵی ١٩٨٤ لە کاتێکدا خەریکبوو دانووستانەکانی نێوان یەکێتی و رژێمی بەعس بە ئەنجام دەگەیشت، سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا بەپەلە خۆی گەیاندبووە بەغدا و هەڕەشەی کردبوو ئەگەر رێککەوتنەکە سەربگرێت ئەوا تورکیا هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک _ یومورتاڵک دادەخات، سەدام دوای ئەم هەڕەشەیەی تورکیا کۆتایی بە دانووستان لەگەڵ یەکێتی هێنا.
_ بە درێژایی جەنگی عێراق _ ئێران، نیگەرانی سەرەکی تورکیا ئەوەبوو کە بەهۆی جەنگەوە رژێمی بەعس کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر باشوری کوردستان لەدەست بدات و پارتی و یەکێتی کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکەن و ئەمەش پێگەی پەکەکە بەهێزتر دەکات.
_ ساڵی ١٩٨٨ دەرفەتێک بۆ جەلال تاڵەبانی و یەکێتی دروست بوو کە لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندیی دروست بکەن، لە یەکەم سەردانیدا بۆ ئەمریکا تاڵەبانی لەگەڵ لێپرسراویی بەشی عێراق و ئێرانی وەزارەتی دەرەوە کۆبووەوە، لە دوای ئەو کۆبوونەوەیە تورکیا زووتر و توندتر لە عێراق کاردانەوەی نیشاندا، کەنعان ئێڤرن سەردانی واشنتۆنی کرد و ئەمریکای پەشیمان کردەوە پەیوەندیی لەگەڵ کورد دروست بکات، ئێڤرن پێیوابوو پەیوەندیی ئەمریکا و کورد، ورە بە کوردەکانی عێراق و دواتریش کوردەکانی تورکیا دەدات.
_  ئەمریکا هەمیشە لە ترسی کاردانەوەی تورکیا خۆی پاراستووە لەوەی پەیوەندیی بە کوردەوە بکات، تەنانەت لەم ساڵانەی دواییشدا ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان هەمان کێشەی هەبوو، تورکەکان بە ئەمریکا دەڵێن یان کورد یان تورکیا.
_ هەر لە ساڵی ١٩٨٨دا سی ئای ئێی راپۆرتێکی ئامادە کردبوو و باسی لەوەکردبوو کە تورکیا بە بیانووی شەڕی پەکەکە و رێگرتن لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی نیازی داگیرکردنی کەرکوک و ناوچە نەوتییەکانی باکوری عێراق هەیە.

تورکیای سەردەمی تورگۆت ئۆزال و کورد

_ دوای ئەوەی عێراق کوەیتی داگیرکرد، ستراتیژێک لە مێشکی تورگۆت ئۆزال سەرۆک کۆماری تورکیا گەڵاڵە بوو، ستراتیژەکەش ئەوەبوو لەدوای سەدام هەژمونی تورکیا تا سەر سنوری سعودیە و ئۆردون درێژ بکاتەوە، بۆ ئەمەش پێویستیی بە بەکارهێنانی کارتی کورد هەبوو لە عێراقدا، هەربۆیە ئۆزال لایەنگری شەڕی عێراق بوو و لە پەیوەندییەکی بەردەوامدابوو لەگەڵ جۆرج بوش و هانی دەدا هێرش بکاتە سەر عێراق.
_ ئۆزال پێیوابوو لە دوای سەدام مەحالە بەغدا وەک حکومەتێکی ناوەندی بە‌هێز بمێنێتەوە، ئێران هەژمونی بەسەر شیعەدا هەیە و تورکیاش ناچارە لەڕێی کوردەوە هەژمونی خۆی بسەپێنێت، لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژەدا ئۆزال تابۆی ٧٠ ساڵەی کوردی لە سیاسەتی تورکیادا شکاند. 
_  رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ١٩٩١ دوایی ٧٠ ساڵ بۆ یەکەمجار سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆشکی چانکایا پێشوازیکرد لە سەرکردەیەکی کورد، ئەویش جەلال تاڵەبانی بوو کە بەرهەم ساڵح و سەرچڵ قەزازیش هاوڕێیەتیان دەکرد، تاڵەبانی لە دوای دیدارەکە وتبووی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی پەیوەندیی کورد و تورک هەڵدرایەوە، ئۆزالیش چەند رۆژ دوای دیدارەکە لە دیاربەکرەوە رایگەیاند کوردەکانی عێراق هاونژادی هاوڵاتییەکانی ئێمەن بە دڵنیاییەوە گرنگیان پێ دەدەین، لە دوای سەردانەی تاڵەبانی، دەرگای کۆشکی چانکایا بەڕووی بارزانیشدا کرایەوە.
_ ئۆزال جگە لە پلانی سەپاندنی هەژمونی تورکیا لە عێراق، پلانێکی دیکەشی لە خەیاڵدابوو، ئەویش ئەوەبوو لە ئەگەری دابەشبوونی عێراق لە دوای سەدام بۆ گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ پەنا بباتە بەر بەڵگەنامەکەی ١٩٢٥ی کۆمەڵەی گەلان، کە بەپێی بەڵگەنامەکە لەدوای کۆتاییهاتنی ئینتدابی بریتانیا لە عێراق، ئەگەر عێراق مافی کوردی پێشێل کرد، کوردەکانی ویلایەتی موسڵ دەتوانن داوابکەن بخرێنەوە سەر تورکیا، لە ساڵی ١٩٣٢وە حوکمی ئینتدابی بریتانیا کۆتایی هاتبوو و عێراقیش بە درێژایی مێژووەکەی مافی کوردی پێشێل کردبوو. 
_ ئۆزال بۆ ئەم پلانەشی پێویستی بە کورد بوو، بەپێی گێڕانەوەی چەنگیز چاندار رۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورک کە لەو کاتەدا راوێژکاری ئۆزال بوو، تاڵەبانی ئەو کاتەی بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنتەرناسیۆنالی سۆسیالیست سەردانی تورکیای کردبوو، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی تورکیا، لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی  تورکیا باسی بەڵگەنامەکەی ١٩٢٥ی کۆمەڵەی گەلانی بۆکردبوون و وتبووی ئەگەر تورکیا یارمەتی کورد بدات ئەوا کوردیش دەتوانێت خۆی لەگەڵ تورکیادا هەماهەنگ بکات.

_ لە بەرامبەردا ئۆزالیش ئاگاداری ئەوە بوو کە بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکور ناتوانێت کارتی کورد لە باشور بەکاربهێنێت، هەربۆیە داوای لە تاڵەبانی کرد بۆ نابژیوانی لەنێوان تورکیا و پەکەکە سەردانی ئۆجەلان بکات.
_ لە کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ کە نزیکەی نیو ملیۆن کورد ئاوارەی تورکیا بوون، ئۆزال بەنیازبوو بە بیانووی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان سوپای تورکیا لە باشوری کوردستان جێگیربکات، بەڵام دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین، چیتر تورکیا بیانووی نەما سوپا بنێرێتە باشوری کوردستان.
_ دوای ئەوەی پارتی و یەکێتی دەستیانکرد بە دانووستان لەگەڵ رژێمی بەعس، ئۆزال لەم هەنگاوەی کورد زۆر توڕەبوو، کاتێک تاڵەبانی سەردانی ئەنکەرە دەکات، لە وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی تورکیادا، پێیان دەڵێت کورد هیچ دەروازەیەکی بەڕووی جیهاندا نییە بۆیە ناچارن لەگەڵ بەعس رێکبکەون، بەڵام ئەگەر تورکیا ببێتە دەروازەک کورد بەڕووی جیهاندا، ئەوا ئامادەن زیاتر پرس و راوێژ بە تورکیا بکەن، ئەم وتانەی تاڵەبانی کاریگەری هەبوو کە بۆ هەماهەنگی زیاتر لەنێوان کورد و تورکیا، ڕێگەدرا پارتی و یەکێتی نووسینگەی نوێنەرایەتی لە ئەنکەرە بکەنەوە.

تورکیا و هەرێمی کوردستان لە دوای راپەڕین

_ لە دوای راپەڕین لە ژێر فشاری تورکیادا یەکەمین بڕیاری پەرلەمانی کوردستان دەرکردنی پەکەکە بوو لە خاکی هەرێم.
_ ساڵی ١٩٩٢ سوپای تورکیا بۆ شەڕی پەکەکە هاتە ناو هەرێمەوە و پارتی و یەکێتیش یارمەتیاندا.
_ ئۆزال لە ساڵی ١٩٩٣دا کۆچی دوایی کرد، لە دوای ئۆزال سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد کەوتەوە دەست سوپای تورکیا، سوپاش لەسەر هەمان سیاسەتی کۆنی تورکیا بەرامبەر بە کورد بەردەوام بوو و ئامادەنەبوو دان بە هەرێمی کوردستاندا بنێت، تەنانەت بەرپرسانی تورکیا کاتێک باسی تاڵەبانی و بارازنیان دەکرد وەک سەرۆک خێڵەکانی باکوری عێراق ناویان دەهێنان.
_ لەم قۆناغەدا و تەنانەت تا ساڵی ٢٠٠٥ سیاسەتی تورکیا لە باشوری کوردستان تەنیا پشتبەستن بوو بە کارتی تورکمان و لەناو تورکمانیشدا بەرەی تورکمانی.
_ ساڵی ١٩٩٣ تورکیا لەگەڵ ئێران و سوریا بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە باکوری عێراق رێککەوتنی سێ قۆڵیان ئیمزاکرد
_ لە شەڕی ناوخۆدا تورکیا پشتگیری پارتی دەکرد، تەنانەت لەدوای ٣١ی ئاب رۆڵی هەبوو لەوەی رێگە نەدرا یەکێتی بگەڕێتەوە بۆ هەولێر، سنوری دێگەڵە بە واتایەکی دیکە سنوری هەژمونی ئێران و تورکیا بوو.
_ لە نەوەدەکان زیاتر لە دە بنکەی سەربازی لەناوچەی بادیناندا کردەوە و تا ئێستاش چۆڵی نەکردون.
_ لە شەری ناوخۆدا تورکیا سێ خولی دانوستانی ئاشتی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بەڕێوەبرد، بەڵام سەری نەگرت، مەبەستی سەرەکی تورکیا ئەوەبوو ئەوە بوو پارتی و یەکێتی لە ئێران دووربخاتەوە.
_  ساڵی ١٩٩٧ هێزێکی تورکیا بە ناوی پی ئێم ئێف لەژێر ناوی هێزی ئاشتی پارێزدا و بۆ ناوبژیوانی کردنی پارتی و یەکێتی و ژمارەیان چەند سەد کەسێک دەبوون، بەڵام بە وتەی مەسعود بارزانی کە لە بەڵگەنامەکانی ویکیلیکسدا بڵاوکراوەتەوە، پی ئێم ئێف تا ساڵی ٢٠٠٣ هەر خەریکی تیرۆر و ڕاهێنان و چەکدارکردنی بەرەی تورکمانی و قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر و دزینی شوێنەواری مێژوویی بوو. 
_ تورکیا لەو ماوەیەدا هەمیشە بە گومانەوە سەیری سیاسەتەکانی ئەمریکای کردوە لە باشوری کوردستان، ساڵی ١٩٩٨ ئەجەویت سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەڵێت تێناگەم ئەمریکا  خەریکە دەوڵەتێک بۆ کورد دابمەزرێنێت ئەی چۆنە بۆ دەستگیرکردنی ئۆجەلان یارمەتیی تورکیای دا؟

تورکیا و هەرێمی کوردستان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٥

_ ١ی ٣ی ٢٠٠٣ پەرلەمانی تورکیا ریگای نەدا سوپای ئەمریکا خاکی ولاتەکەی بۆ جەنگی عێراق بەکاربهێنێت، هۆکاری سەرەکی بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ هەمان ترسی مێژوویی تورکیا دەگەڕایەوە لەوەی رووخانی بەعس دەبێتەهۆی بەهێزبوونی پێگەی کورد لە عێراق.
_ رۆژی ٢٠ی ٣ی ٢٠٠٣ پەرلەمانی تورکیا مۆڵەتی دایە سوپای تورکیا بۆ ماوەی ساڵێک ئۆپەراسیۆن لەناو خاکی باکوری عێراقدا ئەنجام بدات، لە مۆڵەتنامەکەدا داواکرابوو سوپای تورکیا بە قوڵایی ٢٠ کیلۆمەتر بچێتە ناو خاکی هەرێمەوە و ناوچەیەکی قەدەغەکراو دروست بکات.
_ تورکیا بە نیازبوو هێز بنێرێتە هەرێم و کەرکوک بە سێ مەبەستی سەرەکی، یەکەم: دژایەتیکردنی کورد و پێشگرتن لە گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێم، دووەم: پشتگیری بەرەی تورکمانی، سێیەم: دروستکردنی پێگەی سەربازی پتەو بۆ لێدانی پەکەکە
_ ٤ی تەموزی ٢٠٠٣ لە ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمریکا هێزەکانی ئەمریکا لە سلێمانی کۆمەڵێک ئەفسەری میتیان لە بینای ئێزگەی رادیۆی بەرەی تورکمانی دەستگیرکرد و تورەکەیان کردەسەریان، هۆکاری دەستگیرکردنەکەشیان ئەوە بوو ئەفسەرە تورکەکان بە نیازبوون بە یارمەتی بەرەی تورکمانی عێراق عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگارە کوردەکەی کەرکوک تیرۆر بکەن، جگە لەوەش خەریکی چەک گواستنەوەبوون بۆ بەرەی تورکمانی لە کەرکوک
_ لە کۆتایی ٢٠٠٣ ئەمریکا ویستی ئەوەی هەبوو کە تورکیاش هێزێک بنێرێتە عێراق و لە باکوری عێراق جێگیر بکرێن بەڵام پارتی و یەکێتی دژی هاتنی ئەم هێزەبوون، بەپێی بەڵگەنامەیەکی ویکیلیکس بارزانی بە بەرپرسانی ئەمریکی وتووە هێزی تورکیا وەک هێزی داگیرکەر سەیر دەکەن، بەپێی گێڕانەوەیەکی چەنگیز چانداریش، بەرهەم ساڵح چەنگیز چاندار و ئیلنو چەڤیک کە لە ئەردۆغانەوە نزیک بوون بە ئانقەست ناردوونی بۆ بەغدا بۆ لای نەوشیروان مستەفا، بۆ ئەوەی نەوشیروان مستەفا کۆمەڵێک سەرکردەی عەرەبی شیعە و سونەیان پێ بناسێنێت کە ئەوانیش وەک کورد دژی هاتنی سوپای تورکیان.
_ تورکیا لە کاتی نووسینەوەی دەستوری عێراقدا زۆر بە توندی دژایەتی چەسپاندنی سیستمی فیدرالی لە عێراق و جێگیربوونی مادەی ١٤٠ی لە دەستورکرد و ئەمەشی بە سەرەتایەک بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە قەڵەمدا.
_ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥دا بەرەی تورکمانی کە تورکیا هەموو حسابی خۆی لەسەر هەڵچنیبوو لەسەر ئاستی عێراقدا کەمتر لەسەدا یەکی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەمەش بە واتای شکستی سیاسەتی تورکیا بوو لە عێراق.

تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٥ەوە تا ئێستا

_ لە دوای ٢٠٠٥ و شکستی بەرەی تورکمانی، سوپای تورکیاش بەو دەرەنجامە گەیشت کە دەبێت سیاسەتی تورکیا بەڕووی پارتی و یەکێتیدا بکرێتەوە.
_ سوپا دۆسیەی بەرەی تورکمانی و باکوری عێراقی رادەستی وەزارەتی دەرەوە کرد کە لەو کاتەدا عەبدوڵا گویل وەزیری دەرەوەبوو.
_ بە سەدان کۆمپانیای تورکی ڕوویان لە بازاڕەکانی هەرێم کرد، تورکیا کە پێشتر مەرجی یەکەمی بۆ پەیوەندی لەگەڵ پارتی و یەکێتی ئەوەبوو کە دەبێت شەڕی پەکەکە بکەن، بەهۆی بەرژەوەندیی ئابورییەوە ئەو مەرجەیان بە ئانقەست پشتگوێ خست.
_ لە راپۆرتێکی ساڵی ٢٠٠٧یی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا باسی ئەوە کراوە دەبێت تورکیا ئابوری هەرێم وابەستەی خۆی بکات و بەمجۆرە ئاستەنگ لەبەردەم دروستکردنی دەوڵەتی کوردیدا دروست بکات چونکە دەوڵەتی کوردی بەبێ ئابوری سەربەخۆ دروست نابێت
_ یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کرانەوەی تورکیا بەڕووی هەرێمدا ترسی ئەو وڵاتە بوو لە بەهێزبوونی هەژمونی ئێران لە عێراق و هەرێمدا، هەربۆیە بەو دەرەنجامە گەیشتن بە سیاسەتی دژایەتیکردنی کورد ناتوانن رکابەری لەگەڵ هەژمونی ئێراندا بکەن.
_ هەرچەندە تورکیا بەڕووی هەرێمدا کرایەوە بەڵام سوپا هەر بە ڕەشبینییەوە سەیری پارتی و یەکێتی دەکرد، لە راپۆرتێکی ساڵی ٢٠٠٧ی سوپادا باسی ئەوە کراوە یەکێتی ٥٠٠ گەریلا و پارتیش ١٥٠٠ گەریلای پەکەکەیان لەناو هێزەکانی خۆیاندا جێ کردوەتەوە، بەپێی راپۆرتەکەی سوپا، ئەگەر پارتی و یەکێتی نیازپاک بوایەن بەرامبەر تورکیا، ئەو ٢٠٠٠ گەریلایەیان رادەستی تورکیا دەکردەوە.
 _ لە دوای ٢٠٠٩ تورکیا زیاتر لە هەرێم و بە تایبەتیش لە پارتی نزیک بووەوە،  ئەحمەد داودئۆغڵو رۆڵی سەرەکی هەبوو لە دروستکردنی پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان هەولێر و ئەنکەرە و کۆنسوڵخانەی تورکیاشی لە هەولێر کردەوە.
_ ساڵی ٢٠١٠ تورکیا و داودئۆغڵو ویستیان رێگری بکەن لەوەی تاڵەبانی ببێتەوە بە سەرۆککۆمار و هەوڵیاندا تاریق هاشمی وەک عەرەبێکی سونە بکرێتە سەرۆککۆمار، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە پێیانوابوو تاڵەبانی لە ئێرانەوە نزیکە، ئەمریکاش پشتگیری تورکیای دەکرد بۆ دوورخستنەوەی تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆک کۆمار، هیواشیان لەسەر ناکۆکییە مێژووییەکانی پارتی و یەکێتی هەڵچنیبوو، بەڵام بارزانی لەوکاتەدا پێچەوانەی ویستی تورکیا پشتی تاڵەبانی گرت.
_ ساڵی ٢٠١١ پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنکەرە و بە تایبەتیش پەیوەندییەکانی پارتی و تورکیا گەیشتە لوتکە. ئەردۆگان یەکەمین سەرۆکوەزیری تورکیا و وڵاتێکی بیانی بوو کە سەردانی هەرێمی کرد.
_ هەرێم و تورکیا گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوت و گازیان ئیمزاکرد.
_ ساڵی ٢٠١٢ داودئۆغڵو بەبێ پرسی عێراق سەردانی هەرێم و کەرکوکی کرد، بەرپرسانی هەرێمیش ئەوەندەی سەردانی ئەنکەرەیان دەکرد، نیو ئەوەندەش سەردانی بەغدایان ناکرد، هەرچی پەیوەندی هەرێم و تورکیا بەهێزتر دەبوو پەیوەندیی تورکیا و بەغدا خراپتر دەبوو.
_ هەر لە ساڵی ٢٠١٢ تورکیا و هەرێم رێککەوتن لەسەر دروستکردنی هێڵی بۆری نەوتی هەرێم و تورکیا، هەر لە ساڵی ٢٠١٢دا ئاستی پەیوەندیی بازرگانی هەرێم و تورکیا سنووری ١٢ ملیار دۆلاری تێپەڕاند، هەرێم لە دوای ئەڵمانیا و بەریتانیا سێیەمین هاوبەشی بازرگانی تورکیا بوو.
_ ساڵی ٢٠١٤ سەرباری ناڕەزایی عێراق و ئەمریکا، تورکیا رێگەیدا هەرێم لەڕێی تورکیاوە نەوت هەناردە بکات.
_ ساڵی ٢٠١٢ تورکیا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مەسعود بارزانی کرد، لەو قۆناغەدا یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی لێکنزیکبوونەوەی ئەردۆگان و بارزانی، بۆ ململانێی توندی نێوان پارتی و پەکەکە دەگەڕایەوە، ئەردۆگان کە بەنیازی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی بوو، بۆ کەمکردنەوەی قورسایی ئۆجەلان و پەکەکە، وەک ناوبژیوان بارزانی خستە ناو یارییەکەوە.
_ ساڵی ٢٠١٣ بارزانی و ئەردۆگان پێکەوە لە ئاهەنگێکی جەماوەری لە ئامەد بەشدارییان کرد و بارزانی داوایکرد لە کوردانی باکور پشتگیری ئەردۆگان بکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی
_ جگە لەوانەش پارتی و تورکیا لە رۆژئاوای کوردستانیش سیاسەتێکی هاوبەش و لێکنزیکیان هەبوو، هەر دوو لایەن دژی پەیەدەبوون و بە نیازبوون پێگەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان بەهێز بکەن.
_ لە دوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی و دەستپێکردنەوەی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا، بارزانی زیاتر لە جارێک پەکەکەی تۆمەتبارکردەوە بە تێکدانی پرۆسەی ئاشتی.

تورکیا و ریفراندۆم

_ ساڵی ٢٠١٤ حسێن چەلیک وتەبێژی ئاکەپە رایگەیاند چیتر تورکیا دوژمنایەتی دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە باکوری عێراق ناکات، بەرپرسانی دیکەی تورکیاش لەو ماوەیەدا لێدوانی هاوشێوەیان دەدا، پارتی و بارزانی ئەو لێدوانانەیان والێکدایەوە کە تورکیا پشتگیری دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەکات، هەربۆیە بابەتی ریفراندۆم بووە بابەتێکی گەرم.
_ هەرچەندە بارزانی بە ئاشکرا باسی ریفراندۆمی دەکرد بەڵام تورکیا نەک هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو، بەڵکو ٢٣ی ئابی ٢٠١٦ لە کاتی سەردانی بارزانی بۆ تورکیا، ئەردۆغان بۆ یەکەمجار بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لێکرد، ئەم سەردانە دوو رۆژ دوای هاتنی هێزی تورکیا بوو بۆ باشیک و ماوەیەکی کورتیش پێش هێرشی تورکیا بوو بۆسەر جەرابلوس.
_ بەڵام کاتێک ئاڵای کوردستان لە کەرکوک هەڵکرا ئەردۆغان و تورکیا کاردانەوەی توندیان نیشاندا و هەڕەشەیان کرد کە ئەم هەنگاوەی کورد بێ وەڵام نابێت
_ بە گشتی تورکیا بەرامبەر ریفراندۆم بێدەنگ بوو تا ئەو کاتەی لە کۆبوونەوەکەی حەوتی حوزەیرانی لایەنە سیاسییەکاندا رۆژی ریفراندۆم دیاریکرا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە هەڵەیەکی مێژوویی ناوبرد و ئەردۆگانیش هەڕەشەی گەمارۆی ئابوری لە هەرێم کرد.
_ لە دوای ریفراندۆم کاردانەوەکانی ئەردۆگان ئەوەندە توندبوو کە گەڕایەوە بۆ ئەدەبیاتی بەرپرسانی تورکیا لە نەوەدەکاندا و بە بارزانی وت سەرۆک خێڵێک چوزانێت سیاسەت بکات.
_ بەڵام تورکیا زۆربەی هەڕەشەکانی جێبەجێ نەکرد تەنیا گەشتە ئاسمانییەکانی هەولێر و سلێمانی داخست، هەرچەندە گەشتە ئاسمانییەکانی هەولێر دوای ماوەیەک دەستی پێکردوە، بەڵام تا ئێستاش گەشتەکانی سلێمانی دەستیان پێنەکردوەتەوە.
 ئێستا و دوای سەدەیەک لە هەورازونشێو لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر باشوری کوردستان، ئەوەی ڕوون بووەتەوە سیاسەتی تورکیا لە ئێستادا ئەوەیە کە کورد وەک کارتێکی فشار بەرامبەر بەغدا بەکاربهێنێت، ئەگەریش توانی ئەوا هێزە کوردییەکانی باشور لە دژی هێزە کوردییەکانی نەیاری خۆی بەکار بهێنێت، کەموکوڕییەکە لێرەدا ئەوەیە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی یەکگرتووی بەرامبەر تورکیا نییە.