ڕاپۆرتی کوردستانی

09:51 - 22/08/2019

داوای یاسایی بەرۆكی ئاشتی هەورامی و حكومەتی هەرێم بەرنادات‌

پەیسەر

داوا یاساییەكان لەلایەن كۆمپانیایەكی بواری نەوت دژی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، لەنوێترین داوای یاسایشدا ئاشتی هەورامی، وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان و حكومەتی هەرێم پێكەوە دەكرێنە ئامانجی داوایەكی نوێی یاسایی.

پێگەی (oilprice) لەڕاپۆرتێكیدا ئاماژەی بە نوێترین داوای یاسایی دژی ئاشتی هەورامی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، كە لەلایەن كۆمپانیای (Dynasty Petroleum) بۆ بازرگانی نەوت و غاز، لەڕۆژی 14ی ئەم مانگە لە دادگای شاهانەی بەریتانیا تۆماركراوە.

پێگەكە دەڵێت، لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە، كە كۆمپانیای Dynasyty  چەند تۆمەتێكی لەدادگا ئاراستەی خودی ئاشتی هەورامی كردووە لەوانە "دەستوەردانی نایاسایی" "ترساندنی نایاسایی" "پێشێلكردنی بەندەكانی ڕێككەوتن" بۆیە ئێستا داوای قەرەبوویەكی خەیاڵیی لە هەرێمی كوردستان دەكات.

دوای ئەوەی پرۆسەی ڕێككەوتنی دوو كۆمپانیاكە داینستی (فرۆشیار) و ڕیپسۆڵ (كڕیار) ڕێچكەی یاسایی خۆی وەردەگرێت، لەهەرێمی كوردستانەوە دەستوەردان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێككەوتنە دەستپێدەكات

كێشەكان چۆن دروستبوون؟
كۆمپانیای داینستی لەگەڵ كۆمپانیای ڕیپسۆڵ-ی ئیسپانی دەكەوێتە گفتوگۆ و دانوستان، بۆ فرۆشتنی پشكەكانی لە كێڵگە نەوتیی و غازییەكانی هەرێمی كوردستان، بەدیاریكراویش كێڵگەكانی (Talisman (Block K39) B.V. و Talisman (Block K44) B.V ) ڕێككەوتن بۆ كڕین و فرۆشتنی تەواوی پشكەكان هەریەكە لە كێڵگەكانی تۆپخانە بۆ نەوت و غاز بلۆكی K39 ، كوردەمیر بۆ نەوت و غاز بلۆكی K44ی دەگرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبارەی ئەو كێڵگە نەوتییانەوە بڵاوكراونەتەوە، توانا سروشتییەكانیان بەمشێوەیەیە:
تۆپخانە و كوردەمیر نزیكەی 2.6 ملیار بەرمیل یەدەگی ڕۆنی خاو، كبریتی تیادایە.
7.2 ترلیۆن پێ مەتر چوارگۆشە غازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی شل، غازی H2S و چەندین سەرچاوەی سروشتی گرنگی دیكە.
لەهەمووی گرنگتر ئەوەی ئەو دوو كێڵگەیە لە توانایاندایە ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمبهێنن، هاوكات 600 ملیۆن پێ چوارگۆشە لە غازی ڕۆژانە.

كێشەكان لێرەوە سەرهەڵدەدەن، دوای ئەوەی پرۆسەی ڕێككەوتنی دوو كۆمپانیاكە داینستی (فرۆشیار) و ڕیپسۆڵ (كڕیار) ڕێچكەی یاسایی خۆی وەردەگرێت، لەهەرێمی كوردستانەوە دەستوەردان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێككەوتنە دەستپێدەكات.

 ئاشتی هەورامی لای خۆیەوە دەست بە هەوڵەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی ئەو دوو كۆمپانیایە دەكات

كۆمپانیاكە دەڵێت، بەگوێرەی یاسا حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت دەستوەردان یاخود ڕێگریبكات لە جۆرە ڕێككەوتنێكی لەوشێوەیە ئەویش بەگوێرەی ماددەی ژمارە 39ی تایبەت بە نەوت و غازی حكومەتی هەرێم، بەڵام سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانەسروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایەكی پێچەوانەی هەیەو دەڵێت، بەگوێرەی یاسا دەبێت حكومەتی هەرێم لەڕێككەوتنێكی لەوشێوەیە ئاگاداربێت، یاخود لەحاڵەتی گۆڕینی كۆنتڕۆڵی كۆمپانیاكە لە كێڵگەكە، بەشێك لە شایستەی دارایی بدەنە حكومەتی هەرێم كە ئاشتی هەورامی لەنێوان لەسەدا 20 بۆ لەسەدا 30ی دیاریكردووە.

لەوكاتەوەی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمە، بڕی لەسەدا 20 بۆ لەسەدا 30 داناوە وەك پشكی هەرێم لە كڕین و فرۆشتنی پشكەكان، كە هەورامی وتویەتی ئەو بڕە لەپشك بە "سودی گەلی كورد" كۆتایدێت، بەڵام سەرەنجام بابەتەكە بەوشێوەیە نەبووە.

كۆمپانیای دانیستی دوای ئەو ڕێگرییانەی بۆی دروستدەكرێت كەیسەكەی دەباتە دادگایەكی بەریتانیا، لەوكاتەشدا فشار و هەڕەشەی بەرپرسانی هەرێم لە كۆمپانیاكە دەستپێدەكات، ئەوەش بەگوێرەی Oilprice.

ئاشتی هەورامی داوا لە لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات بە زەبری هێز كۆمپانیاكە ناچار بە هەڵوەشاندنەوەی كڕین و فرۆشتنەكە بكات

قوباد تاڵەبانی داوای هەڵوەشاندنەوەی كڕین و فرۆشتنەكە دەكات
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو پێگەیە، سەرەتا هەڕەشەكان بەشێوەیەك بووە كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوای لە (هیوا ئاوات عەلی) بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە كردووە، رێككەوتنی كڕین و فرۆشتنەكە هەڵبوەشێتەوە.

كاتێكیش هەڕەشەكان سودیان نابێت، وەك پێگەكە دەڵێت، قوباد تاڵەبانی هەڕەشەی ئەوەی كردووە، كە "ئەوان ڕێگە نادەن هیوا ئاوات عەلی جارێكی دیكە پێبخاتەوە هەرێمی كوردستان".

دوای ئەوەی داینستی ڕەتیدەكاتەوە ئەو بڕە پارەیەی وەك پشك دانراوە بدات، كێشەكان بەرەو فراوانبون دەچن، ئاشتی هەورامی لای خۆیەوە دەست بە هەوڵەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی ئەو دوو كۆمپانیایە دەكات، بەڵام ئەمجارە هەوڵدەدات فشاربخاتە سەر كۆمپانیای ڕیپسۆڵ و بۆ ئەو مەبەستە چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو كۆمپانیایە لەڕۆژی 7ی ئایاری ئەمساڵ لە لەندەن دەبینێت، هەمان ئەو داوایەی كە لە كۆمپانیای داینستی كردویەتی، دووبارە لە كۆمپانیای ڕیپسۆڵی دەكات، بەڵام جارێكی دیكە داواكارییەكەی ڕەتدەكرێتەوە.
لاهور شێخ جەنگی بەكارهێنانی هێز ڕەتدەكاتەوە
هەورامی لە هەوڵەكانی بەردەوامدەبێت و ئەمجارە دەیەوێت لە سلێمانییەوە كێشەكە بەسوودی خۆی بەرێتەوە، بۆیە لەیەكێك لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەی لەبارەی ئەو كێشەیەوە بە شێوەی "تەلەفۆنی بەكۆمەڵ" ئەنجامدەدرێت، ئاشتی هەورامی داوا لە لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات بە زەبری هێز كۆمپانیاكە ناچار بە هەڵوەشاندنەوەی كڕین و فرۆشتنەكە بكات، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ئەو داوایە ڕەتدەكاتەوە.

كۆمپانیاكە داوای چی دەكات؟
بەگوێرەی ئەو ڕێچكە یاساییەی كەیسەكەی كۆمپانیای داینستی وەریگرتووە، دەبێت هەرێم لەماوەی 21 ڕۆژدا وەڵامی خۆی پێشكەشی دادگا بكات، هاوكات كۆمپانیای داینستی چاوی لەوەیە 1.5 ملیار دۆلار وەك قەرەبوو وەربگرێت، كە پێیوایە پشكەكانی بەهۆی ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەر كردووە نەچووەتە پێشەوە و زیانی كردووە.

قوباد تاڵەبانی هەڕەشەی ئەوەی كردووە، كە "ئەوان ڕێگە نادەن هیوا ئاوات عەلی جارێكی دیكە پێبخاتەوە هەرێمی كوردستان

لەئێستادا سەرجەم بەڵگەنامە یاساییەكانی كۆمپانیاكە گەیشتووەتە دەست دادگا، كە بەگوێرەی سەرچاوەكان، بەڵگەكان باوەڕپێكراون و نزیكن لەوەی بەسوودی كۆمپانیاكە بشكێتەوە، هەروەها هەرێمی كوردستان پێشتریش لە هەمان دادگا كەیسە مێژووییەكەی بە كۆمپانیای دانەغاز دۆڕاند، كە نزیكەی دوو ملیار دۆلار قەرەبوو بوو بۆ كۆمپانیا ئیماراتییەكە.

هەروەها لەئێستادا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو كێشەیەیە، بەڵام پێگەكە ئاماژەی بە هەڵوێستی ناوبراو نەكردووە لەو بابەتەدا، بەڵام نەبوونەوەی ئاشتی هەورامی بە وەزیری سامانە سروشتییەكانی كابینەی نۆ، دەكرێت ڕونترین ئاماژە بێت بۆ هەڵوێستی مەسرور بارزانی بەرامبەر هەورامی.