ڕاپۆرتی کوردستانی

01:50 - 22/08/2019

پلانى ماڵى تاڵه‌بانى بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ته‌واوه‌تى سلێمانى‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

دواى نۆمانگ مشتومڕ، دابه‌شكارى پۆسته‌كانى یه‌كێتى به‌ئه‌نجامێكى گه‌وره‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح(ناوه‌ندى بڕیاری پێشوو)، به‌لاداكه‌وت، ماڵى تاڵه‌بانى كه‌پێشتر ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌ندامانى شاندى دانوستانكار تێبینییان هه‌بوو و شانده‌كان به‌ رێككه‌وتن داده‌نران، زۆرینه‌ى پۆسته‌كانیان راده‌ستى ركابه‌ره‌كانیان كردو پێداگرنه‌بوون. پێناچێت كشانه‌وه‌یان له‌یارییه‌كه‌ هه‌روا له‌خۆوه‌بووبێت، ئه‌وباڵه‌ى یه‌كێتى سه‌رگه‌رمى پلانێكى دیكه‌ن كه‌ته‌نها به‌كۆنتڕۆڵكردنى حزبه‌وه‌ ناوه‌ستێ، ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ژموونى جارانه‌وه‌ جوگرافیاى زۆنى سه‌وز بژێننه‌وه‌.

ده‌كرێت نه‌رمیى باڵى ده‌سترۆیشتوو به‌رئه‌نجامى په‌رته‌وازه‌یى و كۆكنه‌بوونى نێوان خۆیان و لاوازى دانوستانكاره‌كه‌یان بێت. به‌ڵام هێشتاش ماڵى تاڵه‌بانى ئه‌گه‌ر پێداگربوونایه‌ ده‌یانتوانى ئاسته‌نگ بۆ ئه‌و شه‌تره‌نجه‌ دروستبكه‌ن، كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌ندازیار و براوه‌ى بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌یان نه‌كرد.

ماڵی تاڵه‌بانی، به‌رنامه‌ی كۆنتڕۆڵكردنی ته‌واوی ئه‌و سنوره‌یان داڕشتووه‌ كه‌تائێستا زۆنی ده‌سه‌ڵاتدارێتی هێزه‌كانیانه‌

ده‌سترۆیشتووه‌كانى یه‌كێتى به‌نیازى چین؟
ماڵى تاڵه‌بانى ده‌مێكه‌ رێگه‌ى كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌یان شێلاوه‌و له‌ رێكخستنه‌كانه‌وه‌ زمینه‌یان ره‌خساندووه‌، وه‌ك باسده‌كرێت ته‌نها ئاڕاسته‌ن سڵ له‌كۆنگره‌ ناكه‌نه‌وه‌، كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان به‌تایبه‌ت بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور جه‌نگى، چاویان لە جومگه‌كانى حزب و رێكخستنه‌وه‌ى یه‌كێتی-یه‌ به‌وجۆره‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و كێشه‌یه‌ ته‌نها به‌ هاوكێشه‌ى (حكومه‌ت بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ و حزب بۆ ماڵى تاڵه‌بانى) ته‌واونابێت، ماڵى تاڵه‌بانى حكومه‌تێكیان له‌نێوحكومه‌ت ده‌وێت.

ژیاندنه‌وه‌ى زۆنى سه‌وز
به‌پێى به‌دواداچوونى په‌یسه‌ر یه‌كێتى و به‌تایبه‌ت ماڵى تاڵه‌بانى، به‌رنامه‌ى كۆنتڕۆڵكردنى ته‌واوى ئه‌و سنوره‌یان داڕشتووه‌ كه‌تائێستا زۆنى ده‌سه‌ڵاتدارێتى هێزه‌كانیانه‌، له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك هه‌وڵى گوشینى ته‌واوى ناوچه‌كه‌ ده‌ده‌ن، به‌جۆرێك حكومه‌تى نێو حكومه‌ت دروستبكه‌ن، كه‌ مه‌رجه‌عه‌كه‌ى ده‌باشان بێت.

پلانه‌كه‌ به‌وجۆره‌یه‌، ته‌واوی پۆسته‌كانی سلێمانی وه‌ربگرنه‌وه‌، فه‌رمانی گواستنه‌وه‌ی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌ربكرێت و  به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانیش، ده‌گۆڕدرێن 

كاروبارى ئه‌منیى
شاده‌مارى ده‌سه‌ڵاتدارێتى یه‌كێتى هێزه‌چه‌كداره‌كانه‌، وه‌ك هێزى حزب مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات و له‌ هه‌ندێكیشان راسته‌وخۆ ئابوونه‌ له‌مووچه‌كانیان ده‌بڕێت. هێزه‌كانى یه‌كێتى هى باڵێك نین و كه‌س و گروپى جیاواز خۆیان به‌خاوه‌نى ده‌زانن، ئاسایش، دژه‌تیرۆر، به‌شێكى زۆرى به‌رگری و فریاكه‌وتن، بۆ ماڵى تاڵه‌بانى یه‌كلابوونه‌ته‌وه‌، مه‌حمود سه‌نگاوى فه‌رمانده‌ى لیوایه‌كه‌و به‌شێكى به‌رگری و فریاكه‌وتن فه‌رمانى لێوه‌رده‌گرن، كۆسره‌ت ره‌سوڵ چه‌ندهێزێكى هه‌یه‌، شێخ جه‌عفه‌ر فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى ٧٠بوو، له‌سه‌ر باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ حساب بوو، ئێستا ركابه‌رى گه‌وره‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ى هه‌یه‌.

پلانى ماڵى تاڵه‌بانى به‌وجۆره‌یه‌، كه‌ فره‌مه‌رجه‌عى له‌هێزه‌كان نه‌هێڵن و هێزه‌كانى ٧٠ وه‌ربگرنه‌وه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كۆنگره‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانیه‌تى وه‌كخۆى، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى فشارى له‌سه‌ره‌ بۆ راده‌ستكردنى هێزه‌كه‌ى، یاخود تێكه‌ڵكردنیان به‌هێزه‌كانى ٧٠، ئاراس شێخ جه‌نگى له‌دوایین چاوپێكه‌وتنیدا بۆ میدیاى حزبه‌كه‌ی گوتى، به‌رپرسانى یه‌كێتى هێزى خۆیان هه‌یه‌ له‌ژێر ناوى كۆمپانیاى ئه‌منى و ئه‌مه‌ قبوڵ ناكه‌ن. قسه‌كانى كوڕه‌ گه‌وره‌ى شێخ جه‌نگى، ئاماژه‌ن بۆ پلانه‌كه‌یان بۆ رێكخستنه‌وه‌ى هێزه‌كان.

هێزه‌كانی٧٠ ژماره‌یان ٥٦هه‌زاره‌، له‌هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ١٤ لیوای هاوبه‌ش (٤٢هه‌زار پێشمه‌رگه‌ن)، ٢٠هه‌زار پێشمه‌رگه‌ پشكى یه‌كێتین، ١٠هه‌زار پۆلیسی به‌رگری و فریاكه‌وتن له‌ سلێمانی هه‌یه‌، یه‌كێتی سێ هێزی دیكه‌ی هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانی ( هێزه‌ره‌شه‌كه‌، دژه‌تیرۆر، ئاسایش) لای ماڵی تاڵەبانین، جگە لە دەزگای زانیاری کە ماڵی تاڵەبانی تێیدا بڕیاردەرن، یه‌كێتی دژی هه‌وڵه‌كانه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، پێیوایه‌ پرۆژه‌كه‌ پرۆژه‌ى كۆتایى ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونى ئه‌وه‌. له‌نێو هێزه‌كانى یه‌كێتى ئه‌و به‌رپرسانه‌ی گومانیان لێده‌كرێت سه‌ر به‌باڵه‌كانی دیكه‌بن دوورخراونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ماڵی تاڵه‌بانی پۆستى فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ٧٠یان ده‌وێت.

پۆسته‌ ئیدارییه‌كان
پلانیان به‌وجۆره‌یه‌، ته‌واوى پۆسته‌كانى سلێمانى وه‌ربگرنه‌وه‌، پارێزگارى سلێمانى كه‌ ئێستا لاى گۆڕانه‌، پلانه‌كه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆى جێبه‌جێبكرێت، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، فه‌رمانى گواستنه‌وه‌ى هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌رده‌كات، ماڵى تاڵه‌بانى كه‌سێكى نزیكى خۆیان به‌پارێزگار داده‌نێن به‌وه‌كاله‌ت، باسله‌وه‌ده‌كرێت كاندیدى به‌هێز عیزه‌ت سابیره‌ كه‌ سه‌رۆكى كه‌مپینى قوباد تاڵه‌بانى بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، حاكم قادر و له‌تیف شێخ عومه‌ریش وه‌ك كاندید باسده‌كرێن، دواجار ناوى په‌سه‌ندكراو له‌ ده‌به‌شانه‌وه‌ ره‌وانه‌ده‌كرێت.

ئه‌وپلانه‌ ته‌نها به‌گۆڕینى پارێزگار ته‌واونابێت، به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانیش، ده‌گۆڕدرێن به‌ یه‌كێتى و كاندیدانى ماڵى تاڵه‌بانى له‌و شوێنانه‌ داده‌نرێن، قوباد تاڵه‌بانى به‌بڕیارى لادانى دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى ئه‌و پلانه‌ى ده‌ستپێكرد. بۆجێبه‌جێكردنى فشاریان له‌سه‌ر گۆڕان ده‌ستیپێكردووه‌.

كۆنتڕۆڵكردنى سیاسیى
كۆتایى شه‌ڕى ناوخۆ یه‌كێتی ئیداره‌ی حكومه‌تی گواسته‌وه‌ بۆسلێمانی، زۆنى سه‌وزو زه‌رد دروستبوو، پارته‌ بچوكه‌كان بێده‌سه‌ڵات بوون و ده‌سه‌ڵاتى تاكحزبى دروستبوون، ئه‌مدۆخه‌ تا ٢٠٠٩ به‌رده‌وامبوو، گۆڕان توانی وه‌ك هێزی یه‌كه‌می زۆنی سه‌وز ده‌ربكه‌وێت و زۆنی سه‌وزى كاڵكرده‌وه‌، ئه‌م قۆناغه‌ تا کۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا و جه‌لال تاڵه‌بانی به‌رده‌وامبوو، دوای ئه‌وقۆناغه‌ سیاسه‌تی یه‌كێتی كه‌وته‌ ده‌ست چینی دووه‌می تاڵه‌بانییه‌كان، ئه‌مان كه‌خه‌ونى گێڕانه‌وه‌ى هه‌ژموونى پێشوویان هه‌یه‌، له‌رێگه‌ى به‌رنامه‌یه‌ك به‌ناوى رێكخستنه‌وه‌ى سلێمانی-یه‌وه‌ ده‌ستیانپێكرد. گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح ده‌ستپێكرد كه‌ له‌ئه‌یلولی ٢٠١٧ وه‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى له‌یه‌كێتی پێشكه‌شكردبوو،  له‌ ١٩-٩-٢٠١٨ گه‌رایه‌وه‌ ناو یه‌كێتی.

له‌سه‌رده‌می نه‌وه‌ی دووه‌می تاڵه‌بانییه‌كان ئازادی سیاسی له‌سلێمانی به‌رته‌سككرایه‌وه‌، فشاری گه‌وره‌ خرایه‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و حزبه‌ سیاسیه‌كانی تر، به‌پێی به‌دواداچوونێكی په‌یسه‌ر ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌زموونی یه‌كحزبیی بۆسلێمانى بگێڕنه‌وه‌، له‌ژێرناوی دروستكردنی هاوسه‌نگی له‌به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان، بۆئه‌مه‌ش هه‌وڵه‌كانیان چركردووه‌ته‌وه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ماڵی تاڵه‌بانی سه‌رسامن به‌ ده‌سه‌ڵاتى یه‌ك حزبیی زۆنی زه‌رد، ده‌یانه‌وێت ئه‌و ئه‌زموونه‌ دووباره‌بكه‌نه‌وه‌.

ماڵى تاڵه‌بانى نیازى مانۆڕێكى سیاسییان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌نیازن ده‌ست به‌ گفتوگۆبكه‌ن، سه‌ردانى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش بكه‌ن، سۆسیالستیش كه‌ خاوه‌نى هێزى چه‌كداره‌ فشارى خراوه‌ته‌سه‌ر و په‌یام به‌سه‌رۆكى حزبه‌كه‌ش گه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ لایه‌ندارى زیاتر بۆپارتى نه‌كات. یه‌كێتى پلانى هه‌یه‌ محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود هه‌ڵبكه‌نێت له‌ سلێمانى یاخود سنور بۆ لایه‌ندارییه‌كه‌ى بۆپارتى دابنێت، ئه‌و فشارانه‌ى یه‌كێتى له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، پارتى گرنگى به‌ سۆسیالست ده‌دات و وه‌ك هاوبه‌شى سیاسى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كات، جگه‌له‌وه‌ش سۆسیالست خاوه‌نى هێزى چه‌كداره‌و له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ پشتیوانى هه‌یه‌. به‌پێى ئه‌م پلانه‌ى یه‌كێتى هه‌رحزبێك ئه‌گه‌ر له‌وبه‌ره‌ سیاسییه‌ نه‌بێت كه‌ به‌نیازى دروستكردنیه‌تى، له‌سنورى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ ئازادى جموجوڵى سنوردارتر ده‌بێت.

دارایى
یه‌كێتى خواستى زۆرى هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتى نه‌وتیى بگاته‌ ئاستى پارتى، بڕگه‌یه‌كى سه‌ره‌كى دانوستان له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌م بابه‌ته‌بوو، یه‌كێتى داوایكردبوو هاوشێوه‌ى كۆمپانیاى كار، ئه‌میش كۆمپانیاى تایبه‌تى هه‌بێت بۆ ده‌رهێنان، پاڵاوتن و هه‌نارده‌ى نه‌وت. ئه‌گه‌رچى یه‌كێتى به‌تانكه‌ر نه‌وت هه‌نارده‌ده‌كات، خاوه‌ندارى پاڵاوگه‌كانیش ده‌كه‌ن، به‌ڵام پێده‌چێت بییه‌وێت به‌فه‌رمی له‌سه‌ر ئاستێكى باڵاتر كۆمپانیاى هه‌بێت بۆمامه‌ڵه‌ى نه‌وتیى، به‌وجۆره‌ لاى توركیاش پێگه‌ى لاوازنه‌بێت.

٥٠ كۆمپانیاى گروپى ئه‌و كۆمپانیایه‌ن كه‌ خاوه‌ندارێتى راسته‌وخۆى بۆ یه‌كێتى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ كۆنتڕۆڵى بازاڕى سلێمانی-یان كردووه‌، له‌ بازرگانى نه‌وته‌وه‌ تا جگه‌ره‌، كارى به‌ڵێنده‌رایه‌تى و هاورده‌كردنى هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌، جگه‌ له‌ خاوه‌ندارێتى به‌شێكى پاڵاوگه‌كانى نه‌وت.ماڵى تاڵه‌بانى بڕیارده‌رى كۆمپانیاكانن و دارایى گشتى حزبیش لاى ئه‌وانه‌.

ئه‌و كۆمپانیایانه‌ تائێستا ته‌نده‌رى ٢٤هه‌زار پرۆژه‌یان وه‌رگرتووه‌. داهاتى سلێمانى تا ئێستا ناروونه‌ رۆژی ١٠-١٠-٢٠١٦ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌نوسراوی ژماره‌ ٤٤٦ لیژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌داهاتی سلێمانی پێكهێنا، لیژنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.له‌زۆر فه‌رمانگه‌ ئاسته‌نگ بۆ كاری لیژنه‌كه‌ دروستكرا.

ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌زموونی یه‌كحزبیی بۆسلێمانی بگێڕنه‌وه‌، له‌ژێرناوی دروستكردنی هاوسه‌نگی له‌به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان

داهاتی خاڵه‌ سنورییه‌كان له‌ساڵی ١٩٩١وه‌ تا ٢٠٠٣ بۆ ئیداره‌ی سلێمانی بووه‌، دواتر ده‌بوو ره‌وانه‌ی به‌غداد بكرێتەوە وه‌ك داهاتێكى فیدراڵى، به‌ڵام هاوشێوه‌ى داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل داهاتى سنوره‌كانى زۆنى سه‌وز ناڕوونه‌. یه‌كێتى خاوه‌نداریى كۆمپانیاى كوالێتى كۆنتڕۆڵى له‌ سنوره‌كان ده‌كات، كه‌ داهاتى مانگانه‌یان چه‌ندین ملیۆن دۆلاره‌. یه‌كێتی له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی گه‌رمیان و كۆیه‌، كێڵگه‌ غازییه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ، كۆمپانیاكانی خۆی سه‌رپشك كردووه‌ چۆن رێككه‌وتن ده‌كه‌ن. چه‌ندین كۆمپانیای سكیوریتی دامه‌زراندووه‌ وه‌ك پاسه‌وانى پرۆژه‌ نه‌وتییه‌كان.

به‌پێى پلانه‌كه‌، ئه‌و ده‌لاقه‌ بچوكه‌ى بۆكارى سیاسى هه‌یه‌ له‌ناوچه‌كانى ژێر هه‌ژموونى هێزى یه‌كێتى بچوكترده‌بێته‌وه‌، ئازادى و بنه‌ماكانى دیموكراسى زیاتر پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن، سنوره‌كه‌ هاوشێوه‌ى شه‌ڕى ناوخۆ حزبێك تێیدا باڵاده‌ست ده‌بێت و له‌رێگه‌ى چه‌كه‌وه‌ هه‌ژموونى خۆى ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام ئه‌م پلانه‌ ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووى ناڕه‌زایى شه‌قام و حزبه‌كانیش نه‌بێته‌وه‌، دوورنییه‌ سلێمانى رابكێشێته‌ نێو ململانێ، یاخود پێكدادانى زلهێزه‌كان، به‌وپێیه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌ژموونى حزب له‌ سلێمانى دژى به‌رنامه‌ى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانه‌، دروستبوونى ده‌سه‌ڵاتێكى حزبى له‌مسنوره‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتى هاوشێوه‌ى حزبوڵاو گروپه‌كانى دیكه‌ى نزیك له‌ ئێران سه‌یرده‌كه‌ن. ئێران زیادبوونى هه‌ژموونى سه‌ربازى و سیاسى یه‌كێتى له‌ سلێمانى پێخۆشه‌. به‌ڵام ئایا وڵاتان رێگه‌ده‌ده‌ن ده‌سه‌ڵاتێكى سێبه‌رى ئێران له‌رێگه‌ى هێزى حزبییه‌وه‌، حكومه‌تێك له‌نێو دوو حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمدا دروستبكات؟