ڕاپۆرتی کوردستانی

07:02 - 22/08/2019

حزبەکانی هەرێم دەتوانن لە پرۆسەی ئاشتی پارچەکانی تردا ڕۆڵ بگێڕن؟‌

پەیسەر

گەلی کورد لە دێر زەمانەوە و تا ئێستا لە وڵاتەکەیدا بۆ ڕزگاری، ئازادی، یەکسانی و ژیانێکی خۆش و بەختەوەر تێدەکۆشێت، بەڵام تا ئەمرۆ بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە. ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە تایبەتی قۆناغی شەڕی داعش و دوای شەڕەکە و ناکۆکییە ناوچەییەکان دەرفەتێکیان بۆ کورد هێناوەتە پێشەوە کە بە یەکگرتن و یەکڕیزی دەتوانێت، لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی نزیک ببنەوە.

دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان، هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە گەلی کورد مافە نەتەوەییەکانی بەدەستنەهێنێت. پلان و پرۆژە و هێرشی دەوڵەتانی داگیرکەر ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن، لە بەرامبەردا بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلی کوردیش بەردەوامە.

لە باکووری کوردستان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕووی سەربازی، سیاسی، کۆمەڵایەتی بەردەوامە. شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورک لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوور هەموو ڕۆژێک لەئارادایە. هێزە ئەمنیەکانی تورکیا هەموو ڕۆژێک دەست بەسەر شارەوانیە کوردییەکاندا دەگرن وبەرپرسان و ئەندامان و چالاکانی پارتە کوردییەکان دەستگیردەکەن. ئێستا زیاتر لە ١٢ هەزار بەرپرس و لایەنگر و ئەندامی هەدەپە لەزیندانەکاندان.

لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەوەی شەڕی دژی داعش کۆتایی نەهاتووە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئەو پارچەیەی کوردستان بەردەوامە و هەوڵی داگیرکردنی دەدات. لەلایەکی ترەوە ڕژێمی سوریا بە پشتگیری ئێران و ڕووسیا لە ئیدلب و ناوچەکانی تر لە پێشڕەویدایە و نازانرێت، لە داهاتوودا لە نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و ڕژێمدا چی ڕوودەدات.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرچەندە بەراورد بە پارچەکانی دیکەی کوردستان، بێدەنگترە، بەڵام جموجووڵی پارتە کوردییەکان دەبینرێت و لە هەر دەرفەتێکدا کورد ئامادەی ڕاپەڕینە. لە کاتێکدا ئێران بەهۆی سزا قورسەکانی ئەمریکاوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوورکەوتووەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕووی ئابوریەوە بەرەو لاوازبوون دەچێت.

هەرچی هەرێمی کوردستانیشە، بارودۆخی لە پارچەکانی دیکە باشترە. هەرێمێکی فیدڕاڵە و پەیوەندییەکی تا ڕادەیەک باشی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا هەیە.

 

هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعشدا بەشدارییەکی بەرچاو و کاریگەری کرد، بەڵام لەدوای ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ کەلێنێکی گەورە لە نێوان پارتە کوردیەکاندا دروستبوو و پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا تا ئاستی پێکدادان و شەڕ تێکچوون. نیوەی خاکی هەرێمی کوردستان لەدەستچوو. هەرچەندە حکومەتە نوێکەی هەرێمی کوردستان باس لە بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا دەکات، بەڵام تا ئێستاش کیشەکانی نێوانیان چارەسەر نەکراون و هەوڵەکانیش لەو بوارەدا لاوازن.

پێویستی یەکێتی نەتەوەیی لەم قۆناغەدا
"کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان" یاخود هەر دەزگایەکی تر دەتونێت ببێتە ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە یەکێتی نەتەوەیی کە سەرجەم هێزەکانی کوردستان لەژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە.

هەرچەندە دەوڵەتانی تورکیا، ئێران و سوریا ناکۆکیشیان هەبێت، بەڵام لەسەر پاراستنی سیستەمەکانیان دەچنە لای یەک و پلانی هاوبەش دادەنێن و لەدژی کورد یەکگرتوون.

داگیرکەرانی کوردستان لەسەر بنەمای رێککەوتن و پەیماننامەی دژە-کورد کۆدەبنەوە، دەبێت هەموو هێزە سیاسیەکان ئەو مەترسیە ببینن و بگەنە رێککەوتنێک، هەر هیچ نەبێت لەسەر خاڵە هاوبەشەکان ڕێکبکەون کە ئێستا لە هەموو سەردەمێک زیاتر خاڵی هاوبەش لە نێوان بەشەکانی کوردستان و هێزە سیاسیەکانیدا هەن .

ڕێککەوتنەکە دەبێ تەنیا لە نێوان هێزە سیاسیە کوردییەکاندا نەبێ، بەڵکو گەلانی دیکەی هەرێمەکە و هێزە سیاسیەکانیان هاوبەشییان پێبکرێت. مەترسیەکی تر کە دەکرێت لەوەی یەکەم جدیتر و گەورەتر بێت، لاوازی پرەنسیپی دیموکراسی و ئازادییە لە ناو پارتە کوردیەکاندا، ئەمەشیان دەکرێت بە دیالۆگ و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی چارەسەربکرێت.

لە ئێستادا بە بیانووی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان حکومەتی تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆن و هەڕەشە کردووە. هەرچەندە پەکەکە بیانووە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی ئێران و لاوازی سوریا لەم قۆناغەدا، تورکیا بە ئامانجی تێکدانی قەوارە کوردیەکان و نەهێشتنی یەکێتی نەتەوەیی نێوانیان، ڕۆڵی پێشەنگ دەبینێت و نوێنەرایەتی سیستمی نەتەوە-دەوڵەت دەکات.

تورکیا بە ئاشکرا دەست دەخاتە ناو کاروباری هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانەوە و نا‌هێڵێت پەیوەندی لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا دروست ببێت.
تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات کەرکوک و ناوچە دابڕینراوەکان نەگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان. لەلایەکی ترەوە ئێران هەمان ڕۆڵ دەبینێت و دژی هەرێمی کوردستان پشتگیری تەواوی حکومەتی ناوەندی دەکات.

لە چوار پارچەی کوردستاندا، کورد لەژێر فشارێکی زۆری دەوڵەتە داگیرکارەکاندایە و ڕووبەڕووی گرتن و کوشتن دەبێتەوە و جیهانیش بەرامبەر دۆخەکەدا بێدەنگە.
لە بەرئەوە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر کورد پێویستی بە کۆنگرەی نەتەوەییە.

مێژووی هەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی
مێژووی هەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی هەشتاکان. لەو ساڵانەدا پەکەکە و پارتی دەستیان بە دانوستانکرد و ڕێککەوتنیان واژۆکرد کە تا کۆتایی هەشتاکان بەردەوام بوو. بەڵام بەهۆی جێگیربوونی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان و هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا و هەڕەشەکانی تورکیا لە پارتی، رێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە و نەتوانرا بکرێتە بناغەیەک بۆ فراوانکردنی یەکێتی نەتەوەیی لەناو حزبە کوردستانیەکاندا.

دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ حزبە کوردستانیەکانی هەرێمی کوردستان یەكێتیەکیان دروستکرد و پارلەمانی کوردستان دامەزرا، ئەمەش دەتوانرا ببێتە بناغەیەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی و کۆکردنەوەی هەموو پارتە کوردییەکانی چوار پارچەی کوردستان، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوان یەکێتی و پارتیەوە، دیسانەوە دەرفەتەکە لەدەستچوو.

ساڵی ١٩٩٥ لە ئەوروپا بە دەستپێشخەری ژمارەیەک نووسەر و ڕوناکبیری هەرێمی کوردستان و پشتگیری چەند کەسایەتیەکی پارچەکانی دیکەی کوردستان پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات دامەزرا و زۆرینەی لایەنەکانی کوردستان ئەندامیان تیایدا هەبوو. دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ ناوی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات گۆڕدرا بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە.

کەنەکە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان چەندین هەوڵی بۆ یەکێتی نەتەوەییدا و  چەندین کۆنفڕانس و کۆنگرەی گرێدا.

لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیان وابوو دەبێت هەر پارچەیە و بەگوێرەی پێویستی هەلومەرجی پارچەکانی خۆیان یەکێتی دروستبکەن و دواتر دەستەبژێرێک هەڵبژێرن بۆ ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی گشتی پێکبێت. لایەنەکانی باکووری کوردستان پێیان وابوو دەبێت هەموو لایەنەکانی چوارپارچەی کوردستان پێکەوە یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن. لایەنەکانی باشووری کوردستانیش پێیان وابوو هێشتا بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی لەبار نییە و بەو شێوەیە نەگەیشتن بە ڕێککەوتن.

لە ساڵی ٢٠١٣دا لەسەر پێشنیازی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، هەوڵێکی جدی بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی درا، بۆ یەکەم جار پارتی دیموکراتی کوردستان تێیدا بەشداربوو، کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی شەش مانگ لە هەولێر بەردەوام بوون.

لەو ساڵەدا لایەنەکان زۆر لە یەکتری نزیکبوونەوە کۆکبوون لەسەر ئەوەی مەسعود بارزانی و لەیلا زانا وەک هاوسەرۆکی کەنەکە دەستنیشانبکرێن و سەرۆکایەتی کەنەکە خولی  بێت و هەرجارەو ئەندامی حزبێک وەک هاوسەرۆکی کەنەکە دیاریبکرێت و ژمارەی ئەندامەکانیشیان هاوتا بێت، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی وڵاتانی داگیرکەر بە تایبەتی تورکیا و کشانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکان سەرکەتوو نەبوون و کۆتایی بە کۆبوونەوەکان و کۆنگرەی کەنەکە هات.

شەڕی دژی داعش و نمونەیەکی یەکێتی نەتەوەیی
دوای پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان. یەکێتی و یەکگرتنێک لەسەر ئاستی حزبە کوردییەکان و لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان بینرا، کە دەتوانرێت بگوترێت، لە مێژووی گەلی کوردا بێ وێنە بوو.

ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و هاتنی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بۆ شنگال و هاتنی گەریلاکانی پەکەکە بۆ شنگال و کەرکوک و مەخمور، کە هێزە کوردییەکان شانبەشانی یەکتر دژی دوژمنە مەترسیدارەکەی جیهان شەڕیانکرد، نمونەیەکی بەرچاوە کە کورد بە یەکێتی نەتەوەیی دەتوانێت دژی هەرجۆرە مەترسیەک بوەستێتەوە.

هەرچەندە گەلی کورد لە شەڕی داعشدا قوربانیەکی زۆریدا، بەڵام بە فیداکاری ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان توانرا مەترسی داعش لەناوببرێت. هاوکاری و پشتگیری هێزە کوردستانیەکان لە شەڕی دژی داعشدا دەتوانرێت وەک نمونەیەک بۆ گرنگی خەباتی نەتەوەیی پێناسەبکرێت.

ڕێگریەکانی بەردەم یەکێتی نەتەوەیی
زۆر هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە ڕێگرن لەبەردەم یەکێتی نەتەوەیی و چارەسەری پرسی کورد لە ناوچەکەدا:

ا- یەکترقبوڵنەکردنی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان
هەرچەندە هەموو پارتەکانی چوار پارچەی کوردستان باس لەوە دەکەن، ئامانجی سەرەکیان خەباتی نەتەوەیی و گەیشتنی کوردە بە مافە نەتەوەییەکانی، بەڵام لە پراکتیکدا بەرژەوەندی حزبی و تاکەکەسی بە ئاشکرا لەناو حزبەکاندا دیارە. هەر حزبێک هەوڵ بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی دەدات و بەدوای دەستکەوتی زیاترەوەیە. هەر حزبێک سەرکردەکەی وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی دەبینێت و فەلسەفە و رێبازەکەی وەک ڕزگارکەری نەتەوەی کورد لەژێر چنگی داگیرکەران پێناسە دەکات.

ئەگەر هەموو حزبەکان ئاوات بە ئازادی و ڕزگاربوون لەژێر چنگی داگیرکەران دەخوازن، چاوەڕوانی چین، بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی نابەسترێت؟ یان دروشمی نەتەوەیی بە تەنیا بۆ بانگەشە و بۆ هەڵخەڵەتاندنی تاکی کوردە! لە هەموو سەردەمێکدا، لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا حزبەکان بە ئامانجی ئازادی و بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی دروستکراون و ئامانجیان سەرخستنی شۆڕشەکان بووە. واتە لەو وڵاتانەدا حزب بە تەنیا ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی، بەڵام لە کوردستاندا حزبەکان بوونەتە بارێکی قورس بەسەر شانی گەلی کورد و لە ئێستادا ڕۆڵیان بە تەنها دژایەتیکردنی یەکترە. بەهۆی دژایەتی و سەنگەرگرتن لە یەکتری، بیریشیان نەماوە کە کورد لەم سەردەمە پێشکەوتووەدا هێشتا مافی نەتەوەیی خۆی بەدەستنەهێناوە و ئەو دژایەتیەش بووەتە هۆکارێکی سەرەکی لەبەردەم یەکێتی نەتەوەییدا.

ب- دەستوەردانی دەوڵەتە داگیرکارەکان
هەرکاتێک دوولایەنی کوردی لە یەکتر نزیکبووبێتنەوە، دەوڵەتە داگیرکەرەکان هەوڵی دوورخستنەوەیانیانداوە. پەیوەندی هەندێک حزبی کوردی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان وایکردووە بەرامبەر پرسە نەتەوەیی و چارەنووسسازەکاندا بوێر نەبن. پەیوەندی هەندێک حزبی کوردی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا، گۆڕاوە بۆ هاوکارییەکی ستراتیژی و مانەوەی خۆیان لەو پەیوەندیانەدا دەبینن. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان نمونەی ئەو حزبانەن. ڕەخنەی ئەوەیان لێدەگیرێت پارتی بە هەموو شێوەیەک مەرام و ئەجێنداکانی تورکیا و یەکێتیش مەرام و ئەجێنداکانی ئێران جێبەجێدەکەن.

لەم قۆناغەدا ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و بێدەنگی ئەو حزبە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بە بیانووی بوونی پەکەکە، ڕەخنە دەکرێت، بەڵام پەیوەندی و هاوکارییەکانی پارتی لەگەڵ تورکیا هێشتا بەردەوامە و ئەو دۆخەش نەک تەنها ڕێگری لەبەردەم یەکێتی نەتەوەیی دروست دەکات، لەهەمان کاتدا مەترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕی براکوژی زیاتر دەکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتەکانی تری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بێدەنگن، کە بەبێ بوونی هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی و بەبێ پرسکردن بە حکومەتی عێراق و تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە قوڵایی  نزیکەی ٤٠کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمەوە. لە کاتێکدا هەمان هێز و دەوڵەت لە ئەمریکا دەپاڕێتەوە کە ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کوردستان دروستبکات. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم وحزبەکانی باشووری کوردستان بە گشتی ئیرادەیان ڕادەستی تورکیا کردووە و تا ئێستاش بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بەرامبەر ئەو داگیرکارییە بڵاونەکردووەتەوە. خۆ ئەگەر لە ١٠٠٪ وا نەبێت، بێدەنگییان لە ئاست ئەو لەشکرکێشییەی تورکیا و شەهیدکردنی خەڵکی بێتاوان یان هاونەتەوە و هاوزمانەکانیان لە باکووری کوردستان هەر ئەو شرۆڤەیە هەڵدەگرێت.

بۆچی هەرێمی کوردستان ناتوانێت، ڕۆڵی لە یەکێتی نەتەوەیی و پرۆسەی ئاشتی بەشەکانی دیکەدا هەبێت؟
هەرچەندە لەئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان خاوەنی خۆبەڕێوەبەرایەتییە، بەڵام بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئەو گرووپە جیهادیانەی تورکیا دژی کورد پشتگیرییان دەکات لەگەڵ ڕژێمی سوریا بە هاوکاری ئێران، مەترسییەکی زۆری لەسەرە و ناتوانێت ڕۆڵی لە چارەسەری کێشەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا هەبێت.

بەڵام هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی مافی فیدڕاڵی بەدەستهێناوە و لە ئاستێکی باڵادا جیهان دانیپێداناوە، دەتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت و لە چارەسەری پرسی کورد لە پارچەکانی تردا هاوکاربێت و خۆی وەک نمونەیەکی دەسەڵاتی کوردی نیشانبدات و ڕوونی بکاتەوە کە بوونی کورد هیچ هەڕەشەیەک لەسەر نەتەوەکانی دیکە و دەوڵەتەکانیان دروست ناکات. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی قەوارەی هەرێمی کوردستان و حزبەکانی ناتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن؟

تۆپبارانەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا و بوونی دەیان بارەگای میت و سوپا لە هەرێمی کوردستان و بۆردومانی فڕۆکەکانی تیرکیا کە ڕۆژانە دەبنە هۆی شەهیدبوونی هاوڵاتیان، بێدەنگی و بێهەڵوێستی حزبەکانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکە، لە نەبوونی یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە سەرچاوەیگرتووە.

دژایەتیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە یەکێکی دیکەیە لە نمونەکانی نەبوونی یەک ڕیزی لە نێوان پارتە کوردییەکاندا. لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری دێتە پێشەوە، بۆچی کە لەلایەن داعشەوە هەڕەشە لەسەر کۆبانێ بوو حکومەتی هەرێم پێشمەرگەی ڕەوانەی شارەکە کرد، بەڵام لە ئاست داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە بێدەنگ بوو؟

ناکۆکی نێوان حزبەکانی هەرێمی کوردستان
ناکۆکی نێوان حزبەکانی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی دیکەیە کە لەم بەشەی کوردستاندا ناتوانرێت بناغەی یەکێتییەکی نەتەوەیی دابنرێت. بە تایبەتی ناکۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەم لە هەرێمی کوردستان، هەم لە بەغدا بەدوای بەرژەوەندی حزبییەوەن.

لەسەر پرسی دروستکردنی حکومەت و پرسی کەرکوک و پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، لە هەموو قۆناغێکدا ناکۆک بوون. لە ڕاگەیاندنەکاندا یەکتری بە خیانەتکار و داردەستی داگیرکەران لەقەڵەمدەدەن. لەسەر پۆستە باڵاکان و پۆستە حکومیەکان ڕێکناکەون. هەتا ئێستاش هێزی پێشمەرگەی پەرتاوازە و دوولەتمان هەیە و هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە نەنراوە. تا ئێستاش خاڵەکانی پشکنینی نێوان شارەکان لەژێر دەستی حزبدان و بە "سەیتەرەی" پارتی و یەکێتی ناودەبرێن.

لە جێی ئەوەی یەکێتییەکی ناوخۆیی دروست بکرێت و پێکەوە پرسە نەتەوەییەکان چارەسەر بکەن، بە جیا سەردانی وڵاتان دەکەن، لەناوخۆشدا هەتا لە سەر پرسێک ڕێکدەکەون سەدان کۆبوونەوە دەکەن.

ناکۆکی ناوخۆیی حزبەکان
زۆربەی حزبەکانی هەرێمی کوردستان کێشەی ناوخۆییان هەیە. پێکهاتەی حزبەکان بە سەر ژمارەیەک باڵدا دابەشبووە. نمونەی ئەوەش کێشەی نێوان باڵەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. کێشەکان وایانکردووە نەتوانرێت کۆنگرە ببەستن و کەسێک وەک سکرتێر دەستنیشان بکەن. کێشەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەندە زۆرن کە لە راگەیاندنەکانیشدا بە ئاشکرا دەبینرێن و لە ئاستێکدایە بەیاننامە لەدژی یەکتری بڵاودەکەنەوە.

نمونەیەکی دیکە کێشەی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانیە. ئەو دوو ئامۆزایە هەوڵدەدەن هەژموونیان لە ناو پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا زیاتر بکەن، هەرچەندە ناکۆکییەکانیان کەمتر لە ناکۆکیەکانی ناو یەکێتی دەبینرێت، بەڵام ناکۆکیەکانیان جدین.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە، لە ئێستادا بەدەست نەبوونی ناوەندێکی بڕیارەوە دەناڵێنێت و ڕەخنەی ئەوەشی لێدەگیرێت کە لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە هەڵوێستە نیشتمانیەکانی پاشەکشێی کردووە.

حزبە ئیسلامیەکانی هەرێمی کوردستانیش جگە لەوەی کە کێشەی ناوخۆییان هەیە و دووچاری چەندین لێکترازان بوون، پرسە ئایینیەکان لەپێش پرسە نەتەوەییەکانەوە دەبینن و پێیان وایە، موسوڵمان بوون بەر لە نەتەوەبوونە.

بەم شێوەیە حزبەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانەوە ناتوانن ببن بە هیوایەک بۆ پارچەکانی تری کوردستان. حزبێک و هەرێمیک کە هێشتا کێشەکانی خۆی چارەسەر نەکردووە چۆن دەتوانێت، ببێتە پێشڕەوی پارچەکانی دیکەو پلان بۆ گەیشتن بە یەکێتییەکی نەتەوەیی لە نێوان هەر چوار پارچەی کوردستان دابنێت.