ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:29 - 23/08/2019

دیوی شاراوەی تەقاندنەوەی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی‌

پەیسەر

تەقاندنەوەی چەند كۆگایەكی حەشدی شەعبی لە عێراق لەماوەی چەند رۆژێكدا، دەرگا بەڕووی قۆناغێكی نوێ لە ململانێی سیاسی و سەربازیی لە عێراق دەكاتەوە، عێراقێك كە هێشتا تارمایی شەڕی داعش و ناكۆكی لایەنە سیاسیەكان بەوڵاتدا دەسوڕێتەوە، ئێستا بە تەقاندنەوەی ئەو كۆگای چەك و تەقەمەنیانەی حەشدی شەعبی دووبارە عێراق دەخرێتەوە بەردەم ململانێكی دیكە، كە بەرپرسە باڵاكان پێشوەخت هەستیان بەمەترسییەكانی ئەو ململانێیە كردووە و پێكەوە سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق بەدەنگی بەرز دەڵێن "عێراق بەرگەی جەنگێكی دیكە ناگرێت" بەڵام ئاخۆ چ وڵاتێك بوو گورزێكی وەها كەمەرشكێنی لەكۆگاكانی حەشدی شەعبیدا؟ ئەو فڕۆكە جەنگییەی بۆ لێدان لەو كۆگایانە بەكارهێندرا ڕاستە یەكەمجارە كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەكاردێت؟ ئیسرائیل یان ئەمریكا، كامیان ئەندازیار و كامەیان جێبەجێكار بوو؟


سێ سیناریۆ بۆ تەقاندنەوەی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی
كات لەدەوروبەری 6ی ئێوارەیە، شوێنیش ناوچەی سەڵاحەدینە لە باكوری شاری بەغدای پایتەخت و ڕۆژی 20/8/2018یە، دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز ناوچەكە دەهەژێنێت و بەدوایدا زنجیرەیەك تەقینەوەی دیكە ژمارەیەك كۆگای چەك و تەقەمەنی دەكاتە ئامانج.

سەرەتا وا نیشاندەدرێت ئەوانە كۆگای چەك و تەقەمەنی سوپای عێراقن، بەڵام لەبنەڕەتدا ئەوانە كۆگای حەشدی شەعبین و ڕونتریش ئەو چەك و تەقەمەنیانەی لەوێدا هەن، ئێران بۆ حەشدی شەعبی ناردووە، كە ژمارەیەك موشەكیش لەنێویدا هەیە.

دوای تەقاندنەوەی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی، ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژكرا، بۆیە دەكرێت سێ گریمانە بۆ چۆنێتی ئەنجامدانی ئەو هێرشە دابنرێت كە یەكەمیان لەڕێگەی فڕۆكەی جەنگی ئێف-35ەوە بووە، لەو حاڵەتەشدا یەكەمجارە فڕۆكەیەكی لەوشێوە پێشكەوتووە كە دروستكراوی ئەمریكایە، ناوجەرگەی عێراق دەپێكێت، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تا ئێستا كەمترین جار ئەو فڕۆكەیە بەكارهێندراوە.

گریمانەی دووەم كە دیارترین گریمانەیە و سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەسەروو هەموویانەوە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی باسیدەكات، بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرئیلیە لەو هێرشەدا.

گریمانەی سێیەم و كۆتایی بەكارهێنانی موشەكی مەودا مامناوندە بۆ تەقاندنەوەی ئەو كۆگایانە، كە هەڵبەت لە حاڵەتی سێیەمدا پێدەچێت لایەنێك لە عێراقەوە بۆ پێدانی زانیاریی هاوكار بوبێت.

لێدوانە ئاگرینەكەی دوو ڕۆژ پێش ڕووداوەكە
بەدیاریكراوی دوو ڕۆژ بەر لەتەقاندنەوەی كۆگای چەك و تەقەمەنییەكانی ناوچەی سەڵاحەدین، ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ئێران لێدوانێكی هەڕەشەئامێزیدا بۆ ئیسرائیل وتی "باشكردنی هێزی بەرگریی عێراق یەكێكە لە ئامانجە ستراتیژییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران" هەروەها حاتەمی باسی لەوەشكرد، ڕێگە نادەن عێراق ببێتە سوریایەكی دیكە و كاردەكەن بۆ بەهێزكردنی عێراق لەڕووی وەڵامدانەوەی هێرشی ئاسمانییەوە، بەدیاریكراوی 48 كاتژمێر لەدوای ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگریی ئێران هەم عێراقییەكان، هەم ئێرانییەكان بەدەنگی تەقینەوە بەهێزەكەی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی ڕاچڵەكین، بەوەش ڕونبوەوە كە دەكرێت بەئاسانی عێراق بكرێتە سوریایەكی دیكە.

هەرچەندە ئیسرائیل بەفەرمی تەقاندنەوەی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی نەخستوەتە ئەستۆی خۆی، بەڵام لە لێدوانەكەی ناتانیاهۆ كە بۆ كەناڵی  نۆی ئیسڕائیلی دابوو رەتینەكردەوە كە ئیسڕائیل ئەو هێرشانەی ئەنجام نەدا بێت و گوتی: وڵاته‌كه‌ی هیچ ده‌سته‌به‌رێك به‌ ئێران نادات، جا له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بێت.گوتیشی: ئێران كار ده‌كات بۆ له‌ناوبردنی ئیسرائیل و هه‌وڵده‌دات بۆ دژایه‌تی ئیسرائیل بنكه‌ له‌ لوبنان، سووریا، عێراق و یه‌مه‌ن بكاته‌وه‌. ئەم لێدوانەش بۆنی ئەوەی لێدێت كە ئیسرائیل بكەری ئەو هێرشانەی سەر حەشدی شەعبی بێت.

سوریا تەواو، نۆرەی عێراقە
ڕۆژی 1ی ئاب، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەزاری بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیلەوە ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە تەلئەبیب دەست بە جموجوڵەكانی بۆ لێدان لە ئێران لەنێو خاكی عێراق دەكات، ئەوەش دوای سەركەوتنی ئیسرائیل لە لێدان لە ئێران لەنێو خاكی سوریا.

بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل دەڵێن، توانیویانە ئەو ڕێڕەوەی ئێران بەهۆیەوە دەگەیشتە بەیروت و چەكەكانی دەگەیاندە ئیسرائیل، بەتەواوی خاپوور بكەن، بۆیە ئیسرائیل ترسی هەیە لەوەی ئێران هەوڵبدات عێراق بكاتە جێگرەوەی سوریا بۆ دژایەتیكردنی ئیسرائیل، تەنانەت بەرپرسانی تەلئەبیب دەڵێن ئێران كاری بۆ ئەو ئامانجە كردووە.

بۆ ئێران گواستنەوەی قورسایی كاركردنی بۆ عێراق ئاسانتر و تەنانەت گونجاوتریشە، چونكە لەسوریا بەدەست هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەكانی ئیسرائیلەوە دەناڵێنێت.

ئێران دەیەوێت خاكی عێراق بۆ جێگیركردنی سەكۆی موشەكی بەكاربهێنێت، ئیسرائیلیش بەباشی لەو نیازەی ئێرانیەكان تێگەیشتووە، بۆیە دەستیكردوە بە خاپوركردنی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی بە موشەكەكانی ناویشیەوە، چونكە ئێران بتوانێت سەكۆی موشەكی لە عێراق دابنێت، ئەوا دەتوانێت بە موشەكی مەودا كورت یاخود موشەكی مەودا مامناوەند، ئیسرائیل بكاتە ئامانج.

ئێران تا كەی بەرامبەر ئیسرائیل بەرگە دەگرێت؟
لەپاش ئەو ڕوداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەسەر حەشدی شەعبی هات، ئێستا پرسیاری گرنگ و جەوهەری ئەوەیە: ئێران تا كەی بەرامبەر ئیسرائیل لێبووردە دەبێت؟ كەی ئێران داوا لەیەكێك لە لایەنە نزیكەكان لەخۆی دەكات شەڕی بەوەكالەتی بۆ بكەن؟
ئێستا ئیسرائیل بە پاڵپشتی و هاوكاریی ئەمریكا هەڵمەتە نهێنییەكانی دەستپێكردووە، تەنانەت یسرائیل كاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بەئاشكرا وتی، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكا بەشداردەبێت لەو هاوپەیمانێتییەی بۆ پاراستنی ئازادی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكهێندراوە، هاوپەیمانێتییەك كە ئێرانییەكانی ترساندوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی هائارتس-ی ئیسرائیلی بڵاویكردوەتەوە، سەرمایەدارێكی ئیسرائیلی بەبەهای چەندین ملیار دۆلار لەپشت گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆكەی سیخوڕیكردنە بە ئیمارات، ئەوەش بەئامانجی سنورداركردنی جوڵەی ئێران لە كەنداو لەلایەن ئیماراتەوە، ئامانجی فڕۆكە سیخوڕییەكان بەشێوەیەكە، لە بنكەی سەربازیی ئەبوزەبییەوە ڕۆژانە سیخوڕیی بەسەر كەنداوی عەرەبیەوە دەكات و دواتر زانیارییەكان بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل دەگوازێتەوە.

"ئیسرائیل تاكە وڵاتە ئێرانیەكان دەكوژێت" ئەوە لێدوانی وەزیرێكی ئیسرائیلیە كە دوو ڕۆژ لەدوای تەقاندنەوەی یەكەم كۆگای چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند.

ئێستا پرسە گرنگەكە ئەوە نیە كە ئێران لەبەر بێتوانایی وەڵامی ئیسرائیل ناداتەوە، چونكە ئێران لەتوانایدایە ئەو كارە بكات، بەڵام دەزانێت بەوە دەرگای دۆزەخێك لەناوچەكە بەڕوی خۆی و ئەو لایەنانەش دەكاتەوە، كە شەڕی بەوەكالەتی بۆدەكەن.

دوای ئەوەی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە خستنە خوارەوەی فڕۆكە بێفرۆكەوانەكەی ئەمریكا ڕاگەیاند، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری هێرشكردنە سەر چەند ئامانجێكی ئێرانی دابوو، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە دیبلۆماتییەكانی پێگەی ئەلمۆنیتۆر، لەسعودییە و ئیماراتەوە چەندین پەیام ئاراستەی كۆشكی سپی كرابوو كە تیایدا ئەوە ڕونكرابوەوە، ئەو دوو وڵاتە ترسیان هەیە لەوەی وەڵامەكەی ئەمریكا بۆ ئێران، ببێتە هۆی ئەوەی تاران وەڵامێكی توندتر بداتەوە، بەڵام ئەمجارە بۆ ئەمریكا نا، بەڵكو بۆ ئیمارات و سعودییە.

بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتە بە ترەمپان وتبوو، نایانەوێت باجێكی گەورە بدەن لەبەرامبەر هێرشێكی بچوك و سنورداری ئەمریكا بۆسەر ئێران، بۆیە ترەمپ لەدواساتدا بڕیاری هێرشكردنە سەر ئێرانی ڕاگرتبوو.