ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:17 - 24/08/2019

بەنزیکبوونەوەی لە ئەمریکا، تورکیا ئیدلب لەدەست دەدات‌

پەیسەر

ڕۆژ بە ڕۆژ حکومەتی تورکیا لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی سوریادا لە پاشەکشێدایە. لە لایەک پشتگیری ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتی بەدەستنەهێنا و بە ناچاری پرۆژەی ئەمریکای بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارامی لە ڕۆژئاوای کوردستان قبوڵکرد. لە لایەکی ترەوە لە پارێزگای ئیدلب بە هۆی هێرشەکانی ڕژێمی سوریاوە بە پشگیری ڕووسیا، تووشی پاشەکشێ و لەدەستدانی هەندێک ناوچە بووەتەوە.

دوای کۆتاییهاتنی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، حکومەتی ئەنقەرە نەیتوانیوە هاوسەنگی لەنێوان پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیادا ڕابگرێت و بە دوورکەوتنەوە لە ئەمریکا و نزیکبوونەوە لە ڕووسیا هیچ دەستکەوتێکی نەبووە. وادیارە بە نزیکبوونەوە لە ئەمریکا و دوورکەوتنەوە لە ڕووسیاش هیچ سوودێکی دەستناکەوێت.

 

دوای ڕێککەوتنی تورکیا و ئەمریکا لەسەر ناوچەی ئارام، ڕژێمی سوریا نیگەرانیەکی زۆری نیشاندا. ئێران و رووسیاش لەبەرامبەر ڕێکەوتنەکە نیگەرانن

لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر پرسی دروستکردنی ناوچەی ئارامی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، لە ئیدلب شەڕ هەڵگیرسایەوە. دوای ئەوەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا هێرشەکانیان بۆ سەر شارۆچکەی خانشێخوون دەستیپێکرد، حکومەتی تورکیا کاروانێکی چەک و تەقەمەنی بۆ هاوپەیمانە توندرەوەکانی نارد، بەڵام بەرلەوەی چەک و تەقەمەنیەکان بگاتە دەستی گروپە چەکدارەکان، فڕۆکە جەنگیەکانی سوریا و ڕووسیا کاروانەکەیان بۆردۆمانکرد.

تورکیا لە رابردوودا بە هۆی رێکەوتنی سووچیەوە کە لەگەڵ ڕووسیا و ئێران لەبارەی ئاگربەستی ئیدلب بەستی و کڕینی سیستمی بەرگری دژە مووشەکی ئێف ٤٠٠ی ڕووسیەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بووەوە و پەیوەندیەکانیان تێکچوون و لە ئێستاشدا کە لەبارەی ناوچەی ئارام لەگەڵ ئەمریکا ڕێکەوتووە، ڕووسیا و ڕژێمی سوریا لە ئیدلب جێگای لێتەنگ دەکەن و بەو شێوەیە خەریکە ڕیکەوتنەکانی ئێران و ڕووسیا و تورکیا هەڵدەوەشێتەوە.

ڕژێمی سوریا لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، توانیویەتی ژمارەیەک ناوچە و شارۆچکە کۆنترۆلبکاتەوە کە لە سالێ ٢٠١٢ەوە لەدەستیدابوون.

یەکێک لەو شاروچکانەش " کافر زیتا"یە. بە کۆنترۆڵکردنی شاروچکەکە، خالی نۆیەمی چاودیری سوپای تورکیا لەناو خاکی سوریا کەوتە مەترسیەوە و پێویستە تورکیا ئەو خاڵە بەجێبهێڵێت.

 

تورکیا باش دەزانێت، پێشڕەویەکانی هێزی رژێمی سوریا بە پشتگیری ڕووسیا بە تەنیا خۆی لە ئیدلبدا نابینتەوە و لەدوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئیدلب. هەبوونی گرۆپە توندرەوەکان و سوپای تورکیا لە عەفرین و جەرابلوس و باب دەبێتە ڕۆژەڤی سوریا

تورکیا چی لەو هەموو چەکدارە دەکات؟

بە کۆنترۆڵکردنی ئیدلب لە لایەن ڕژێمی سوریاوە، چەکدارە توندرەوەکانی نزیک لە ئەنقەرە و خانەوادەکانیان پێویستە لەو شارە بچنە دەرەوە. تورکیاش بە تەنیا کانتۆنی عەفرین و هەرێمی شەهبای بەدەستەوە دەمێنێت کە لایەنگرەکانی تێیایدا نیشتەجێبکات.

حکومەتی تورکیا بە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵی ئەوەیدەدا، ژمارەیەک لەو چەکدار و ئاوارە سوریانەی کە لە وڵاتەکەیان دەژین بگەڕێنێتەوە و شارەکانی سەر سنووری باکور و ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێیان بکات و لەکاتی

دانوستانەکانی دروستکردنی ناوچەی ئارامیش بەرپرسانی تورکیا بە ئاشکرایی ئەوەیان ڕاگەیاند. بەڵام بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان پلانێکی بەوجورەیان بەهەموو شێوەیەک ڕەتکردەوە و پێناچێت جێگەی گرۆپە چەکدارەکان و خانەوادەکانیان لە ناوچەی ئارام بێتەوە.

 

لە ناوخۆی تورکیاشدا حکومەت ڕووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە و خەڵکەکەی لەبەرامبەر بە ملیۆنان ئاوارەی سووری لەناوشارەکانیان ناڕازین

تورکیا لە سوریا خاوەن ماڵ نییە و درەنگ و زوو دەبێت لە سوریا بچێتە دەرەوە و پرسەکە ئەوەیە، بەچوونەدەرەوەی تورکیا، چارەنووسی گرۆپە چەکدارەکان چییان بەسەردێت. بەو هەموو ناڕەزاییە ناوخۆییەکانی تورکیا لە سەر ئاستی پارتە سیاسیەکان و هاوڵاتییەکانی، ئایا حکومەتی تورکیا دەتوانێت، جێگەیەک لەناو خاکەکەیدا بۆیان دابینبکات و لەناو خاکی خۆیدا بەخێویان بکات یان دەستیان لێهەڵدەگرێت؟

لەو ڕۆژانەی دواییشدا نزیکەی ٦٠ هەزار کەس بە هۆی هێرشەکانی ڕژێمەوە ئاوارەی سەر سنوری تورکیابوون و لە ڕاگەیاندنەکانی تورکیادا بە ئاشکرایی باس لە نیگەرانییەکانی حکومەت و خەڵکی ئەو وڵاتە دەکرێت کە جارێکیتر تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانی پەنابەران دەبێتەوە.

ئەردۆغان مەترسیەکە دەزانێت و ٢٧ی مانگ سەردانی پوتین دەکات

لەبارەی پرسی ئیدلبەوە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندیەکی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا ئەنجامدا.

 

بە پێی بەیاننامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەردۆغان نیگەران خۆی لەبەرامبەر ئاوارەبوونی خەڵکی ئیدلب بۆ سەر سنوورەکانی تورکیا نیشانداوە و ڕژێمی سوریای بە تێکدانی رێکەوتنی سوچی تۆمەتبار کرد

لەلایەکی ترەوە ماریا زاکارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، لە ئیدلب گرۆپە "تیرۆریستەکان" هێرشەکانیان لەبەرامبەر هێزەکانی سوریا بەردەوامە و پێشڕەویەکانی ڕژێمی وەک مافێکی ڕەوا لەقەڵەمدابوو.

لەبارەی ئەو پرسەوە، ئەردۆغان بڕیارە سەردانی موسکۆ بکات و لە گەڵ پوتین کۆبیتەوە، بەڵام ئایا ئەردۆغان دەتوانێت، لەبارەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئەمریکادا و ڕێکەوتنی لەبارەی ناوچەی ئارام پوتین ڕازی بکات یان نە؟