ڕاپۆرتی کوردستانی

02:24 - 26/08/2019

ڕووداوەکانی ٢٠١٥ ئاکەپە و ئەردۆغانیان لە پشتە؟‌

پەیسەر

ئەحمەد داودئۆغڵۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا کە لەئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی پارتێکە لە توێتێکدا بێ ئەوەی ناوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکپارتی بهێنێت، گوتی،" وەرە با لاپەڕە کۆنەکانی ٢٠١٥ هەڵبەینەوە".

داودئۆغڵۆ ڕایگەیاند، ئەگەر لاپەڕەکانی ٢٠١٥ لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵبەینەوە، زۆر کەس خۆیان دەشارنەوە و دەبێت هەر کەسێک چی دەزانێت نەیشارێتەوە. لە نێوان مانگی حوزەیران و تشرینی دووەمی ٢٠١٥ دا چی ڕوویدا؟ بۆچی ئەوەندە مرۆڤ

کوژران و گیانیانلەدەستدا؟

دوای تویتەکەی ئەحمەد داودئۆغڵۆ  پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" و پارتی گەلی کۆماری "جەهەپە" داوایان کرد پەرلەمان لێکۆلینەوە لە تویتەکە بکەن

فاتیمە کورتولان سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا دۆسێیەکی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و تیایدا داوای کرد لێکۆلینەوە لە هۆکاری کۆتاییهێنان بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سەرنەکەوتنی ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بکرێت.

لەلایەکی ترەوە وەلی ئاغبابا یاریدەدەری سەرۆکی گشتی جەهەپەش دۆسێیەکی پێشکەش بە پەرلەمان کرد و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری سەرنەکەوتنی ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا بکرێت و دەبێت حکومەت ئەوەش ئاشکرا بکات، بۆچی لە ساڵی ٢٠١٥دا نزیکەی ٧٠٠ کەس لە شارەکانی باکووری کوردستان و تەقەینەوەکاندا کوژران.

ئاغبابا گوتی، لەو ساڵەدا شەڕ و ئاڵۆزیەکانی تورکیا کاریگەریی زۆری لە سەر سیاسەتی تورکیا دروستکرد و قسەکانی داودئۆغڵۆش پەیوەندی ڕووداوەکانی ٢٠١٥ و بەرپرسانی ئاکپارتی دەردەخات

لە ٢٠١٥دا چی ڕوویدا؟
ساڵی ٢٠١٥ لە مێژووی تورکیا و باکووری کوردستاندا بە ساڵێکی پڕ لە ڕوودا و ئاڵۆزی دادەنرێت. ڕووداوەکانی کوشتن و تەقینەوەکان لەدوای مانگی حوزەیرانەوە دەستیانپێکرد و ئارامی و ئاگربەستی نێوان پەکەکە و حکومەت و پرۆسەی ئاشتی کە لە نەورۆزی ٢٠١٣دا دەستیپێکردبوو کۆتاییانهات.

٥ی حوزیرانی ٢٠١٥
لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا دوو ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٧ی حوزەیران، لە کاتی بەڕێوەچوونی میتینگی پارتی دیموکراتی گەلاندا کە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی ئەو کاتەی هەدەپە گوتاری پێشکەش دەکرد، دوو تەقینەوە روویاندا و لە ئاکامدا ٥ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٤٠٠ کەس برینداربوون. دواتر حکومەتی تورکیا کە ئەحمەد داودئۆغڵۆ ئەو کاتە سەرۆکایەتی دەکرد، ئەنجامدەری تەقەینەوەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەندامێکی داعش دوو تەقینەوەکەی ئەنجامداوە.

٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥
لەو ڕۆژەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو و دوای نزیکەی ١٤ ساڵ ئاکەپە نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت بە تەنها بەدەستبهێنێت و پارتی دیموکراتی گەلانیش بۆ یەکەمجار توانی بەربەستی ١٠%ی هەڵبژاردنەکان تێپەڕێنێ و ٨٠ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

٢٠ی تەمموزی ٢٠١٥
لە ناوچەی سوروجی سەر بە پارێزگای ڕوحا ئەندامێکی داعش خۆی لەناو کۆمەڵێک گەنجی کوردا تەقاندەوە کە یارمەتیان بۆ خەڵکی کۆبانی کۆکردبووە و لە ئاکامی تەقینەوەکەدا ٣٤ گەنج گیانیان لەدەستدا.

٢٢ی تەمموزی ٢٠١٥
لە ناوچەی سەرێکانی ڕوحا دوو ئەفسەری پۆلیس لە ماڵەکەیاندا کوژران و دواتر پەکەکە بەرپرسیاری ڕووداوەکەی گرتە ئەستۆ و پرۆسەی ئاشتی کۆتاییهات.

٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥
دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئاشتی، لەیەک کاتدا دەستکرا بە ئۆپەراسیۆن لە دژی ئەندامانی پەکەکە و داعش. هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکان بە ناوی پەکەکە و داعش ئەنجامدران، بەڵام سەدان ئەندام و لایەنگری هەدەپە دەستگیرکران.

٢٦ی ئابی ٢٠١٥
سەردانی بەرپرسانی ئاکەپە بۆ لای جەهەپە و مەهەپە بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی بێئەنجام بوون و ئەردۆغان بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەبژاردنەکانیدا.

٧ و ٨ی ئەیلولی ٢٠١٥
لە ٧ و ٨ی ئەیلولدا گەریلاکانی پەکەکە دەستیان بە چالاکیەکانیان کردەوە و لە دوو چالاکی کاریگەردا لە جۆلەمێرگ و ئاگری ١٦ سەرباز و ١٣ پۆلیسی تیمی تایبەت کوژران.

١٠ی تشرینی ٢٠١٥
لە میتینگی ئاشتی کە لەلایەن هەدەپە و پارتە چەپەکانی تورکیاوە لە ئەنقەرە ڕێکخرابوو، تەقینەوەیەکی بەهێز ڕوویدا و ١٠٢ کەس گیانیان لەدەستدا.

١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥
هەڵبژاردنی پەرلەمان دووبارەکرایەوە و ئاکپارتی توانی دەنگی پێویست بوو پێکهێنانی حکومەت بەدەستبهێنێت و هەدەپەش هەرچەندە توانی جارێکی تر بەربەستی ١٠% تێپەرێنێتەوە بەڵام ژمارەی کورسیەکانی لە ٨٠ کورسیەوە بۆ ٥١ کورسی کەمی کرد.

قسەکانی ئەحمەد داودئۆغڵۆ ئەوە دەردەخەن بەهۆی سەرنەکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئاکەپە دەستی بە دروستکردنی ئاڵۆزی و پشێوی کردووە و نا ڕاستەوخۆ دەڵێت کە ئەردۆغان و پارتەکەی لەپشت ئەو ڕووداوانەوە بوون.