ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:01 - 27/08/2019

چۆن پەیوەندییە ژێر بە ژێرەكانیان ئاشكرا بوون؟‌

پەیسەر

ئێران و ئیسراییل دوو رکابەری لە مێژینەی ناوچەکەن، دوو ڕکابەر کە دەیان جار هەڕەشەیان لە یەکدی کردووە و هۆشدارییان داوەتە یەک کە سەبری یەکدی تاقی نەکەنەوە.

لە نێوان وڵاتانی جیهاندا هیچ پەیوەندییەک ئەوەندەی پێوەندی نێوان ئیسراییل و ئێران، تێکچڕژاو و ئاڵۆز نییە. هەرچەنده لە ئێستادا دوژمنایەتییەکی قووڵ و نەبڕاوە لە پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتەدا زاڵە، بەڵام ژێربەژێر، بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ئێران تا کۆتایی هەشتاکان و تەنانەت دواتریش هەندێک هاوکاریی بەرچاو لە نێوانیاندا دەبینرێ.

ئێران بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان، ساڵی ١٩٥٠ واتا سێ ساڵ دوای دامەزراندنی ئیسراییل، بە فەرمی دانی بەم وڵاتەدا نا. ئەم ڕەوتە تا کۆتایی حکوومەتی شای ئێران درێژەی هەبوو. هەرچەندە لەو ساڵانەدا پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە هەندێک گۆڕانی بەسەردا هات.

پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسراییل لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، بە تەواوەتی گۆڕانی بەسەردا هات و کۆماری ئیسلامی لە یەکەم هەڵوێستە نێونەتەوەییەکانی خۆیدا، نکۆڵی لە هەبوونی وڵاتێک بەناوی ئیسراییل کرد و لە ماوەی چل ساڵ تەمەنی خۆیدا هەرگیز بە فەرمی دانی بە هەبوونی ئیسراییل وەک وڵاتێک سەربەخۆ، نەنا و نەیپەژراند. تەنانەت سیاسەتە ناوچەیی و جیهانییەکانی خۆی لە سەر بنەمای ستراتیژی تووناکردنی ئیسراییل و ڕزگارکردنی فەلەستین داڕشت. بەڵام وڵاتە عەرەبەکانی ناوچەکە، لەسەرجەم پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی خۆیاندا، ئیسراییل و هاوپەیمانەکانی ئەم وڵاتەکان لە کۆماری ئیسلامی بە باشتر زانی و ڕوویان تێکرد. هەر ئەم ڕەوتە بووە هۆی سەرهەڵدانی هەندێک دژایەتی و قەیران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بواری دوژمنایەتیی وڵاتانی دیکەی لەگەڵ ئێران خۆش کرد. لەگەڵ هەموو

هەرچەندە بە ڕواڵەت ئەم دوو وڵاتە و بە تایبەت ئێران بەردەوام هەڕەشەی سڕینەوەی یەکدی دەکەن، بەڵام ژێربەژێریش هەندێک پێوەندییان هەیە کە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێراقەوە دروست بووە و بە شێوەی جیاواز تا ئێستاش درێژەی هەبووە. وەک باس دەکرێت لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، ئیسڕاییل تاکە هاوپەیمانی ئێران بووە کە بە پێی هەندێک سەرچاوە زیاتر لە ٢.٥ میلیار دۆلار لەو سەردەمەدا چەکی ئیسرائیلی و ئەمریکایی بە ئێران فرۆشتووە. بابەتی پەیوەندی نێوان ئێران و ئیسڕاییل و ئەمریكا لەو سەردەمەدا دواتر لە کتێبێک لە ژێر ناوی "هاوپەیمانیی خائینانە؛ پەیوەندییە شاراوەکانی ئیسڕاییل و ئەمریكا لەگەڵ ئێران" لە نووسینی تریتا پارسی باسی لەوە دەکات کە کاربەدەستانی ئیسڕاییل چەندین جار داوایان لە ئەمریكا کردووە کە چەکی ئەمریکی هەناردەی ئێران بکەن.

بەپێی وتەی جۆن بلاوچ نووسەری ڕۆژنامەی دەیلی تێلگراف؛ ئیسرائیل تەنیا لە ساڵی ١٩٨٣دا زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن دۆلاری چەکی بە ئێران فرۆشتووە. بلاوچ دەڵێ بارتەقای هەناردەی چەک لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئێران هێندە زۆر بووە کە ئۆفیسێکی تایبەت بۆ ئەم کارە لە وڵاتی قوبرس کراوەتەوە.

لە بواری پێوەندی ئابووریشدا هەرچەندە وەک پەیوەندییە سەربازییەکانیان توند و تۆڵ نەبوو، بەڵام لە دوای هاتنە سەر حوکمی کۆماری ئیسلامیش هەر درێژەی هەبوو. لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩، ئێران لە فرۆشتنی نەوتدا تووشی کێشە بوو. کۆمپانییە ئەورووپییەکانی ئۆفیسەکانی خۆیان لە تاران داخست. لەو کاتەدا بازرگانێکی ئیسرائیلی- سویسڕایی بە ناوی (مارک ڕیچ) لە ژێر ناوی کۆمپانیای گێلنکۆردا چووە تاران. مارک ڕیچ لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٩٥ تاکە کەسێک بوو کە نەوتی ئێرانی هەناردە دەکرد و هەروەها چەک و تەقەمەنی پێویست بۆ شەڕی ئێرانی دابین دەکرد. ڕیچ لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆی بە ناوی "پادشای نەوت"دا ئاماژەی بەوە داوە کە نەوتی ئێرانی لە ڕێگەی بۆرییەکی شاراوەوە هەناردەی ئیسرائیل دەکرد و هەر دوو حکوومەتی ئێران و ئیسڕاییلیش ئاگایان لەمە هەبوو.

گەلێک ڕاپۆرتی جیاواز لە پەیوەندیی بازرگانی شاراوەی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ڕۆژنامەکانی ئیسرائیلدا چاپ و بڵاو بووەتەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە گەلێک کۆمپانیای ئیسرائیلی پێوەندی بەرفراوانی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە. ئەم پەیوەندییانە تەنانەت ئەو کاتەی ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، نکۆڵی لە هۆلۆکاستیش کرد و دروشمی تووناکردنی ئیسڕاییلیشی دەگوتەوە، درێژەی هەبوو. پیوەندییە بازرگانییەکانی ئەم دوو وڵاتە لە ڕێگەی کۆمپانیا تورکی و ئەردەنی و دوبەییەکانەوە بوو.

گۆڤاری جیۆپۆلیتیکال فیۆچێرزی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا باس لە تێکچڕژاویی پەیوەندییەکانی نیوان ئێران و ئیسرائیل دەکات و دەڵێ پێدەچێ ئەم دوو وڵاتە گەلێک بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەبێ هەرچەندە بەڕواڵەت وا دەرناکەوێت. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە هەرچەندە ئیسڕاییل ئێران وەک گەورەترین مەترسیی بۆ وڵاتەکەی دێنێتە ئەژمار، بەڵام هەرچەندە ئیڕان دەستێوەردانە ناوچەییەکانی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل گرنگتر دەبێت.

ئیسرائیل تا ئەو کاتەی ئێران و سعوودیە  سەرقاڵی پشتیوانی لە دەستوپێوەندە ناوچەییەکانیانن و شەڕی بە وەکالەتی یەکتر دەکەن، کێشەیەکی جیددی ئاسایشی نابێ، بەڵام ئەگەر بێت و شەڕی شیعە و سوننە کۆتایی پێ بێت ئەوا، ڕووی دەمی هەمووان دەکرێتە ئیسرائیل. بەڵام بەو حاڵەشە ئیسرائیل ئاگادارە و بە وردی چاودێریی جموجووڵەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەکات.

ساڵی ٢٠١٨ ڕۆژنامەی ئیلافی سەر بە سعوودیە لە لەندەن، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دیداری شاراوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل بە نێوبژیوانیی ئەردەن لە عەممانی پایتەختی ئەردەن کرد. بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە دوو لایەنی دیدارە لە دوو ژووری هۆتێلێکدا لە ڕێگەی ناوبژیوانێکی ئەردەنییەوە پەیامیان گۆڕیوەتەوە. و ڕووسیاش چاودێریی ئەم دانوستانەی کردووە.

مەڵپەڕی ئینتەرنێتیی ناوەندی دیراساتی ئەلمەزمای سەر بە ئیماراتیش پێیوایە کە پەیوەندییە شاراوە و ژێربەژێرەکانی ئێران و ئیسرائیل سەرەڕای توندوتیژییە بە ڕواڵەتەکەی لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە لە ولاتانی عەرەبی ناوچەکەدایە و ئاماژە بەوە دەدات کە لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار جوولەکەی ئێرانی نیشتەجێی ئیسرائیل و بەشێکی گرنگی ئابووری و بازرگانی و بازاڕی ئەم وڵاتەیان بەدەستەوەیە و هەروەها ڕێبەری ڕۆحیی جوولەکەکانی ئێران، واتا "یەدیدیا شۆفەت" پەیوەندییەکی دۆستانەی توندوتۆڵی لەگەڵ قاسم سولێمانیی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی هەیە و هەموو ئەمانەش لە پێناو باڵادەستبوونی دوو وڵاتە بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا، ئەگینا ئێران دوژمنی سەرەکیی ئیسرائیل نییە.

لە لایەکی ترەوە زۆربەی پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە بەشێکی گرنگی قەیرانە سیاسی و هێمنایەتییەکانی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست لە فەزای دوژمنایەتیی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە سەرچاوە گرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا "بن کاسپیت" شرۆڤەکاری ئیسرائیلیی ماڵپەری ئەلمانیتۆر پییوایە سەرەڕای دوژمنایەتیی نێوان تاران و تەل ئەبیب، ئێران بۆ ئیسرائیل وەک "سامانێکی ستراتژیک" دێتە ئەژمار. کاسپیت باس لەوە دەکات کە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چەندین وڵاتانی سوننەی عەرەب، هێدی هێدی پەرە دەستێنێت و پێیوایە پەرە سەندنی و پتەو بوونی ئەم پێوەندییانە لە سایەی ئێران و هەڕەشەکانیدایە و هەڕەشەکانی هیلالی شیعی و دەستێوەردانەکانی ئێران، بووەتە هۆی نیگەرانیی زۆربەیان وڵاتانی ناوچەکە. ئیسرائیل لە ئێستادا بووەتە ناوەندێک بۆ وەڵامدانەوەی ئەم ترس و نیگەرانیانە و ئەمەش وا دەکات وڵاتانی ناوچەکە زیاتر ڕوو لە ئیسڕاییل بکەن. بۆ نموونەش باس لە سەفەری ئیدریس دەیبی؛ سەرۆک کۆماری چاد، بۆ ئیسڕاییل دەکات کە دوای ٤٦ ساڵ سەرلەنوێ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ژیاندەوە. هەروەها دیدرەکانی نەتانیاهوو لە عەممان و بەحرەین و پێوەندیی نزیکی لەگەڵ بن سەلمان هەموو لەم پێناوەدا هەڵدەسەنگێنرێت و پێی وایە هەموو ئەمانە، بەشێک لەو ڕووداوانەن کە ئیسرائیل وەک ئەکتەرێکی سەرەکی و ژیانیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەخاتە پێش.

لەگەڵ هەموو ئەمانە، بەشێکی زۆری چاودێرانی سیاسی پێیان وانیە ئێران و ئیسرائیل سەرباری باری بە ڕواڵەت گرژ و هەرەشە بەردەوامەکانیان، بەتەمای شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتر بن، و دەڵێن، بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە سووریا و لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا لە عێراق، ئەو ڕاستییە ئاشکراتر دەکات کە ئەم دوو وڵاتە نایانەوێ ڕاستەوخۆ لە بەرانبەر یەکتردا بوەستن.