ڕاپۆرتی کوردستانی

02:34 - 27/08/2019

چۆن عەفرین لەژێر داگیرکاری تورکیادا بەرێوەدەچێت؟‌

پەیسەر

سوپای تورکیا و گروپە توندڕەوەکانی لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨دا هێرشێکی فراوانیان بە پشتگری تانك و تۆپ و فڕۆکە جەنگیەکان بۆسەر کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد. دوای ٥٩ ڕۆژ لە بەرخودانی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە ١٨ی ئازاری ئەو ساڵەدا سوپای تورکیا گروپە توندرەوەکان عەفرینیان داگیرکرد.

لە ئەنجامی هێرشەکاندا بە سەدان خەڵکی سڤیل شەهید بوون و بە هەزاران کەس برینداربوون. هەروەها بە سەدان هەزار هاوڵاتی ڕەسەنی ئەو شارەش ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و ئاوارەبوون. بیناسازی عەفرین و شوێنەوارە ئایینی و مێژووییەکان لەناوبران.
چەند ڕۆژێک دوای داگیرکردنی عەفرین سوپای تورکیا هەندێک بڵاوکراوەی بە سەر ئاسمانی عەفریندا بڵاوکردەوە کە تێیایدا باس لە "کوشتنی هاوڵاتیە کوردەکان و تاڵانکردنی ماڵ و ڕفاندنی ژن و کچەکانیان" دەکرا.

حکومەتی تورکیا و گروپەکانی بەو شێوەیە دەستیان بە چەوساندنی کوردەکان و لەناوبردنی ناسنامە و تایبەتمەندی عەفرین کرد. خەڵکە ڕەسەنەکەی کە لە سەرەتادا ئامادەنەبوون زێدی خۆیان بەجێبهێلن ناچارکران لە عەفرین بچنە دەرەوە و بە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە، بنەماڵە و خێزانی چەکدارە توندڕەوەکان بۆ ئەو شارە گواسترانەوە. لە هەمان کاتدا شوێنەوار و مەزارگە پیرۆزەکان تاڵان و وێرانکران و تا ئێستاش تاڵانکردن سروشت و دەوڵەمەندییەکان و ڕفاندن و کوشتنی هاوڵاتیە کوردەکان بەردەوامە.
عەفرین لە لایەن پارێزگاری هاتایەوە بەڕێوەدەبرێت

عەفرین لە ڕووی جۆگرافیاوە لەگەڵ پارێزگای هاتای تورکیا هاوسنوورە و حکومەتی تورکیا هەوڵدەدات عەفرین وەک بەشێک لە خاکی ئەو پارێزگایە نیشانبدات. لە ئێستادا پارێزگاری هاتای دەسەڵاتی بەسەر عەفرینەوە هەیە و لە ڕووی ئیداریەوە لە لایەن پارێزگاری هاتایەوە بەڕێوەدەبرێت.

بە پێی زانیاریەکانی بەرپرسە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە عەفرین سێ ناوەندی هەواڵگیری تورکیا هەیە. ناوەندێک راستەوخۆ پەیوەندی بە پارتی داد و گەشەپێدان ئاکەپەوە هەیە. ناوەندێکی دیکە سەربە پارتی گەلی کۆماری "جەهەپە" یە و ناوەندە سەرەکی و کاریگەرەکەش سەر بە "میت"ی تورکیایە.

ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی عەفرین لە زیندانەکانی عەنتابدان
گروپە توندرەوەکان عەفرینیان لەناوخۆیاندا دابەشکردووە. مافی هەر گرۆپێک هەیە لەو گەڕەکەی کە کۆنترۆڵی کردووە، بە پێی یاسا تایبەتەکانی خۆی بجوڵێتەوە. ئەنجومەنە هەرێمیەکان کە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە پێکهێنراون فەرمان بە گروپە توندرەوەکان دەکەن. 

گروپی جەبهەی شام و گروپی سوڵتان موراد و گروپی هەمزە و گروپی لیوا موعتەسەم عەفرینیان دابەشکردووە و هەر گەڕەکێک لە لایەن ١٠ چەکدارەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەرکی سەرەکیان دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیە کە لەدژی داگیرکاری عەفرین قسە دەکەن و تەنانەت سەردانی خێزانێک بۆ لای خزم و کەسوکاریشیان دەبێت بە ئاگاداری ئەو چەکدارانە بێت.

لە هەر گەڕەکێک زیندانێک هەیە. لە زیندانەکاندا ئەشکەنجەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان دەکرێت و یاساکانی زیندانەکانیش  لە گروپێکەوە بۆ گروپێکی تر دەگۆڕێت.زۆربەی زیندانیەکان کوردن و لەبەرامبەر پێدانی پارەیەکی زۆر ئازاد دەکرێن.

 بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، ئەو زیندانییە کوردانەی کە پەیوەندیان بە پارتە کوردیەکانەوە هەیە بۆ زیندانەکانی عەنتاب و کلسی باکووری کوردستان گواستراونەتەوە.

شەڕ و ناکۆکی لەنێوان گروپەکاندا هەیە
گروپە توندرەوەکان هەر یەکەو هەوڵی زیاتر بەدەستهێنانی پارە و موڵکی عەفرین دەدات و بە هۆی ئەوەشەوە ناکۆکی و شەڕ لەنیوانیاندا ڕوودەدات و تا ئێستاش ژمارەیەک لە سەرکردەی گروپەکان و چەکدارەکانیان کوژراون.

نمونەیەکی ئەوەش گرۆپی (میشێل تەممو)یە کە لەسەرەتادا بەشداری لە داگیرکردنی عەفریندا کرد و دوای هەشت مانگ لە لایەن سوپای تورکیاوە "میشێل تەممو" کوژرا و چەکدارەکانی خۆیان ڕادەستی گروپەکانی تر کرد.

نمونەیەکی تر گروپی (ئەبو مریەم ئەلعەفرین)ی بوو کە خاوەنی ٣٠٠ چەکدار بوو. دوای هەشت مانگ ئەبو مریەمیش لە لایەن گروپەکانی ترەوە دەستگیرکرا و دواتر ڕادەستی سوپای تورکیا کرا و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.

کامپەکانیش پڕە لە عەرەب
دوای داگیرکردنی عەفرین، زۆربەی خێزانی چەکدارە توندرەوەکان لە حەلەب و ئیدلبەوە بۆ ئەو شارە گواسترانەوە. لە ئیستادا ٧٥٪ی دانیشتوانی ناوەندی عەفرین عەرەبن و ڕۆژ بە ڕۆژیش بە هۆی شەڕی ئیدلب و پێشڕەویەکانی رژێمی سوریاوە ژمارەی عەرەبەکان لە ناو عەفریندا زیاد دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە سێ کەمپی گەورە لە ناوچەی جندرێس و ناوچەی بلبل و ناوچەی شەرا بۆ عەرەبە هاوردەکان کراونەتەوە و بە هەزاران خێزانی چەکدارە توندرەوەکان تێیایدا نیشتەجێکراون.

گروپەکان زەیتوونی عەفرین تاڵان دەکەن
گروپە توندرەوەکان سێ ئەنجومەنیان بە ناوی ئەنجومەنی سەربازی و ئەنجومەنی هەرێمی و ئەنجومەنی پاراستیان دامەزراندووە و هەر هاوڵاتیەک پێویستە باج و ئابونە بداتە ئەو ئەنجومەنانە.

بۆ نمونە لە کاتی پێگەیشتی زەیتوون و زەیتی زەیتووندا، پێویستە هەر هاوڵاتیەک ٣٠٪ قازانجەکەی پێشکەشی ئەو ئەنجومەنانە بکات و جگە لەوەش باخە زەیتونەکانی ئەو هاولاتیانەی کە عەفرینیان بەجێهیشتووە لە لایەن گروپەکانەوە داگیرکراوە و بەرهەمەکانیان دەفرۆشن.

ئەمساڵیش لە رێگای تورکیاوە بەرهەمی زەیتوون و زەیتی زەیتوون بۆ وڵاتانی ئەوروپا نێردراوە و ژمارەیەک پارلەمانتارانی سویسرا ئەو بابەتەیان بردە پەرلەمانی وڵاتەکەیان و داوایان کرد ڵێکۆلینەوە لە بەتاڵانبردنی بەرهەمی زەیتوونی عەفرین بکرێت، بەڵام وڵاتانی ئەوروپاش لەبەرامبەر بەتاڵانبردنی بەرهەکانی عەفرین بێدەنگ بوون.