ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:38 - 28/08/2019

سنورەکانی ڕۆژئاوا لەژێر چاودێری ئەنجومەنە سەربازیەکاندا دەبێت‌

پەیسەر

هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەمریکا و حکومەتی تورکیا لەسەر دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سنووری باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکكەوتن و دەستیان بە دیاریکردنی سنووری ناوچەی ئارام کرد.

بە پێی زانیاریەکانی پەیسەر کە لە سەرچاوەیەکی ناو یەپەگەوە دەستیکەوتوون، لە چوارچێوەی ڕێکكەوتنی سێ قۆڵیدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" و یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە "گرێ سپی" و سەرێ کانی" بە درێژایی ٨٨ کیلۆمەتر و بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر لە سنوورەکانی باکووری کوردستان کشاونەتەوە و ساترەکانیان تێکداوە و چەکە قورسەکانیان بۆ ناوچەکانی دیکە گواستووەتەوە.


بە پێی زانیاریەکان شەرڤانانی یەپەگە لە ٢٢ی ئەم مانگەدا لە سەرێکانی و لە ٢٤ی مانگیشدا لە گوندی ئیدوانێی ڕۆژئاوای سەرێکانی بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر کشاونەتەوە.

هەروەها شەرڤانانی یەپەگە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە گرێ سپی بە قۆڵایی ١٤ کیلۆمەتر لە سنور دوورکەوتوونەتەوە. لە ناوچەی حەشیشەش ١٠ کیۆمەتر و لە ناوچەی بیرچیوانیش ٥ کیلۆمەتر کشاونەتەوە.

سەرچاوەکەی ناو یەپەگە ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێی پلانەکە ناوچەی ئارام هەموو سنورەکە دەگرێتەوە و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێدەکرێت. هەروەها قوڵایی ناوچەی ئارام لە نێوان ٥ بۆ ١٤ کیلۆمەتر دەبێت. دەوریە هاوبەشەکانی تورکیا و ئەمریکاش بە بەردەوامی لەو ناوچەیەدا دەگەڕێن، بەڵام نزیکی ساتر و بارەگاکانی یەپەگە ناکەونەوە.

لە گرێ سپی و سەرێکانی پاراستنی ئاسایشی ناوچەی ئارام ڕادەستی "ئەنجومەنە سەربازیە خۆجێییەکان" دەکرێت. ئەنجومەنە سەربازیەکانیش لە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە پێکدەهێنرێت کە لەناو ڕیزەکانی یەپەگەدابوون.

لەنێوان گرێ سپی و سەرێکانی کە نزیکەی ٨٨ کیلۆمەتر دەبێت، ٦ خاڵی چاودێری دادەنرێن، ٣ خاڵیان لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی سەربازی گرێ سپی و ٣ خاڵەکەی دیکەش لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی سەربازی سەرێکانی دا دەبن.


لەبارەی پرسی ناوچەی ئارامەوە مستەفا بالی وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ڕاستە هێزەکانیان لە سنور کشاندووەتەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت سوپای تورکیا لە ناوچەی ئارام بارەگا بکاتەوە و سەربازەکانی جێگیر بکات.

بالی گوتی، "بە هیچ شێوەیەک نابێ چەکدارانی سوپای سوریای ئازاد کە لە سوریا بە فەرمانی تورکیا دەجووڵێنەوە، لە ناوچەی ئارام ببینرێن. بە پێی ڕێککەوتنەکەش تورکیا بە تەنها دەتوانێت لە کاتی دەوریەی هاوبەشدا بوونی هەبێت و دوای دەوریەکە پێویستە بگەڕێنەوە خاکی خۆیان".

وتەبێژی هەسەدە ئاماژەی بەوەشدا، بە هیچ شێوەیەک شوێنی نیشتەجێبوون و شارۆچکەکان ناکەونە ناوچەی ئارامەوە و دەبێت ناوچەی سەربازی لە خەڵکی مەدەنیەوە دوور بێت.

ئەمجەد عوسمان وتەبێژی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوارنیوز باسی لە بەردەوامی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی، "لەگەڵ ئەوەی بە نێوەندگیری ئەمریکا، تورکیا و هەسەدە لەسەر دەستپێکردنی دروستکردنی ناوچەی ئارام ڕێککەوتوون، بەڵام هەڕەشەکانی تورکیا بەردەوامن".

هەروەها ڕایگەیاند، تورکیا لە هەر دەرفەتێکدا پەلاماری ڕۆژئاوا دەدات، لەبەرئەوە پێویستە بە بەردەوامی چاودێری جموجووڵەکانی تورکیا بکرێت و هەوڵبدرێت دانوستان لە نێوان لایەنەکان بەردەوام بێت.


لەلایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، یەکەم هێلیکۆپتەری هاوبەشی تورکیا و ئەمریکا بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و چۆنیەتی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە و هەسەدە لە ناوچەی ئارام بە سەر ئاسمانی ناوچەکەدا فڕیوە و ئەو هەنگاوەی وەک دەستپێکی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە لەقەڵەمدا.

چەندین جار بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایانگەیاندووە، نابێت خەڵکی دەرەوە لەو هەرێمانەی کە دەکەونە ناوچەی ئارام نیشتەجێبکرێن، بەڵام محەمەد عەلی شاهین ئەندامی ناوەندی باڵای ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا گوتی، "پەنابەرە سوریەکان کە پەنایان بۆ تورکیا هێناوە، لەو ناوچانە نیشتەجێدەکرێن و قەبری سولەیمان شاهیش کە کاتی خۆی لەناوخاکی سوریاوە بۆ خاکی تورکیا گواسترایەوە، جارێکی تر بۆ ئەو ناوچەیە دەگوازینەوە".


هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا سوریا و ڕووسیا نیگەرانی خۆیان لەسەر ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی ئەمریکا و تورکیا و هەسەدە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام نیشاندابوو، بەڵام لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی ڕووسیا رایگەیاند، دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سنوورەکانی باشووری تورکیا هەنگاوێکی ئەرێنیە و ئاڵۆزیەکان کەمدەکاتەوە.

حکومەتی تورکیا هەموو هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان (باکووری سوریا) خستەگەڕ. دوای دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەلایەک و ئەمریکا و بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەکی ترەوە، دەرکەوت ئامانجی تورکیا لە دروستکردنی ناوچەی ئارام، لەناوبردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان بوو.

تورکیا دەیویست ناوچەی ئارام لە قوڵایی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستاندا دروستبکرێت و خۆی ناوچەکە بەڕێوەبەرێت، بەڵام ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی واشنتۆنیش دژی هەوڵەکانی تورکیا وەستانەوە.