ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:50 - 29/08/2019

دەستلەکارکێشانەوە لە پارتەکەی ئەردۆغان بەردەوامە‌

پەیسەر

دوای ئەوەی عەلی باباجان وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی پارتی داد و گەشەپیدان "ئاکەپە" بە فەرمی لە ئاکەپە دەستیلەکارکێشاوە، ئەمجارە سەعدوڵا ئەرگین وەزیری دادی پێشووی تورکیا دەستیلەکارکێشاوە و جارێکیتر پرسی دامەزراندنی ژمارەیەک پارتی نوێ لە تورکیا سەریهەڵدایەوە.

هەوڵەکانی ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆک وەزیری پێشووی تورکیا و عەلی باباجان وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیا بۆ دامەزراندنی حزبی نوێ بەردەوامە. وه‌ك ده‌گوترێت سەعدوڵا ئەرگین وەزیری دادی پێشووی تورکیاش پەیوەندی بە عەلی باباجانەوە دەکات.

 

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوەدەکەن، ئەرگین ماوەیەکی زۆرە هەوڵی جیابوونەوە لە ئاکپارتی دەدات و هەرچەندە پەیوەندیەکی باشیشی لەگەڵ باباجان و داودئۆغلودا نەبووە، بەڵام لە رێگەی عەبدولا گویل یازدەهەمین سەرۆک کۆماری تورکیاوە، لە باباجان نزیکبووەتەوە

بە هۆی جیابوونەوەی گویل و باباجانەوە، چاوەڕێدەکرێت، ژمارەیەکی تر لە ئەندام و دامەزرێنەرەکان لە ئاکپارتی جیاببنەوە. باس لەوەشدەکرێت، بەشیر ئاتاڵای و نیهاد ئەرگوونیش کە لە سەرەتای دامەزراندنی ئاکپارتیەوە بەشدارن، ئەردۆغان بەجێبهێڵن. ئاتالای و ئەرگوونیش، وەک سەعدوڵا ئەرگون، پەیوەندیەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ عەبدوڵا گویل هەیە. هاشم کلچ سەرۆکی پێشووی دادگای دەستووری تورکیاش لە هەندێک کۆبوونەوەدا لەگەڵ باباجان بینراوە.

کاتێک کەشتی ئاودەدزیت، لەسەرەتادا مشکەکان کەشتیەکە بەجێدەهێڵن
لە هەندێک میدیاکانی تورکیادا بە مانشێتی " کەشتیەکەی ئاکەپە ئاو دەدزێت" ژمارەیەک هەواڵ بڵاوکردوەتەوە و باس لە لاوازی ئاکپارتی لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەکرێت. لەبارەی ئەو پرسەوە یاشار یاکش یەکەمین وەزیری دەرەوەی حکومەتی ئاکپارتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی دوێچەوێلای ئەڵمانی گوتی" هەوڵەکانی داودئۆغلۆ و باباجان بۆ دامەزراندنی حزبی نوێ و دەستلەکارکیشانەوەکان لەناو ئاکپارتیدا ئاساییە".

یاکش دەڵێت، هەموو کەسێک دەزانێت، کاتێک کەشتی ئاودەدزیت، لەسەرەتادا مشکەکان کەشتیەکە بەجێدەهێڵن. لەبەرئەوە بە تەنها کەسە کەمخۆرەکان لە دەوری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گشتی ئاکەپە دەمێننەوە

یاشار یاکش ڕاشیگەیاند، کەسانی وەک باباجان و سەعدوڵا ئەرگین تێگەیشتن ناتوانن لە ناو ئاکەپەدا سیاسەت بکەن و حزبەکەیان بەجێهێشت. بەڵام ئەوەش دەزانرێت شانسی سەرکەوتنی باباجان لە داودئۆغلۆ زیاترە. ئەو کەسانەی کە تێگەیشتوون داودئۆغلۆ نەیتوانیوە لەناو قوڕ و لیتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەت بکات، دەنگیشی پێنادەن. بە پێچەوانەوە شانسی باباجان لە ناو و دەرەوەی تورکیادا زیاترە.

پلانی ئەردۆغان بەرامبەر هەوڵەکانی باباجان و داودغلۆ چییە؟
یاکش ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکانی لێکترازاندنی ئاکەپە بۆ ئەردۆغان، پرسی مان و نەمانە. لە قۆناغەکانی داهاتوودا، تورکیا دەبێتە شاهیدی ڕکابەریەکی زۆر گەورە.

ئەردۆغان بە ئاشکرایی باسی لەوە کردبوو، لەبەرامبەر هەوڵەکانی باباجان و داودئۆغلۆ تێدەکۆشێت و بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە" ئەوانەی خیانەتیان کردووە باجەکەی دەدەن".

تەمەنی ئاکەپە تەواو بووە
هەرچەندە وادەی ئەندامدانی کۆنگرەی ئاکەپە لە ساڵی ٢٠٢١دایە، بەڵام ئەردۆغان زۆرجار باسی لەوە کردووە، ئەگەری هەیە کۆنگرەی پارتەکەی لە ٢٠٢٠دا ببەسترێت و لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی دەکرێت. لەناو ئاکەپەدا ژمارەیەکی زۆر کەسی ناڕازی دەبینرێت، بەڵام ئەردۆغان پێشنیاری پلە و پۆستی باڵای لەدوای کۆنگرەوە بۆ ئەو کەسانە کردووە.

باسکن ئۆران مامۆستای زانکۆی ئەنقەرە و نووسەری بەناوبانگی تورکیاش لە لێدوانێکدا بۆ دوێچەوێلا ده‌ڵێت، تەمەنی ئاکەپە تەواو بووە. ئەردۆغان بە یاریەکانی هەوڵی درێژکردنی تەمەنی پارتەکەی دەدات، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەکان و دامەزراندنی حزبە نوێکان، نیشانەی کۆتاییهاتنی ئاکەپەیە.

بە بوچوونی باسکن ئۆران، دەستلەکارکێشانەوەکان لە ناو ئاکەپەدا بەردەوام دەبێت. ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەردۆغان سیاسەتێکی توندتر بەرێوەدەبات. لەبەرئەوەی ئەگەر دەست بە ڕێفۆرم بکات. دەفتەرە کۆنەکان دەکرێنەوە

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئەردۆغانیش تا هێزەکەی زیاتر بەکاربهێنێ، ناکۆکیەکانی ناو حزبەکەی زیادتر دەبن. لەو قۆناغەشدا هەموو تورکیا لەوە تێدەگات کە لەناو چ قوڕ و لیتەیەکدان و جەهەنەمێکیش لە تورکیا دروست دەبێت کە تورکیا لەدژی سیاسەتی تورک – ئیسلام دەست بە تێکۆشان دەکات و لە هیچ قۆناغێکیشدا سیستمی تورک – ئیسلام نابێتە دەسەڵات.