ڕاپۆرتی کوردستانی

11:16 - 29/08/2019

ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئامادەكردنی بودجەی 2020ی هەرێم‌

پەیسەر

ماوەی شه‌ش ساڵ و لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە، هەرێمی كوردستان بێ‌ بوونی پڕۆژە یاسای بودجە كارەكانی بەڕێوەبردووە، هەمووان چاویان لەسەر ئەوەبوو كابینەی نوێ بۆ خەرجییەكانی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجەی هەبێت، بەڵام هێشتا روون نیە حكومەت چی كردووە بۆ ئەوەی بودجەی 2020 بە پڕۆژەیاسایەك رێكبخاتەوە و سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەدەدات كە حكومەتی هەرێم بەرچاو روونی نیە لەسەر داهاتەكانی.

 
یەكێك لە كێشەكانی كابینەی رابردوو بۆ ئامادەكردنی بودجەی 2019، بریتی بوو لەوەی كە حكومەتی عێراق تا چەند پاپەندی ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە حكومەتی هەرێم دەیویست لەژێر رۆشنایی ئەو بودجەیەدا یاسای بودجە و چۆنێتی خەرجییەكانی خۆی بنوسێتەوە، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنە رێكەوتنێكی كۆتایی لەنێوان هەرێم و بەغدا، نەتوانرا ئەو كارە ئەنجام بدرێت.

ئاڵۆگۆڕی كابینەكان لەنێوان كابینەی هەشت بۆ نۆ، بووە بیانوی لیژنەی ئامادەكردنی بودجە له‌ وەزارەتی دارایی

ئاڵۆگۆڕی كابینەكان لەنێوان كابینەی هەشت بۆ نۆ، بووە بیانوی لیژنەی ئامادەكردنی بودجە له‌ وەزارەتی دارایی و ئەوان پێشتر ئەوەیان راگەیاندبوو كە تا كابینەی نوێ پێنەیەت، ناتوانن و بەرچاویان روون نیە بۆ نوسینی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019، هەرچەندە پێشتر ئاوات شێخ جەناب رونیكردبوەوە كە بۆ ئەمساڵ ناتوانن بوودجە بنوسن و كار بۆ ئەوەكەن لە 2020 بوودجە ئامادە بكەن.

ئێستا هەرێم و بەغدا لەبەردەم پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیاندان، بۆ ئەوەی دوای چارەسەركردنی كێشەی هەناردەكردنی نەوت و گەڕانەوەی داهات و خاك، گفتوگۆكان بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات كە هەرێم و بەغدا هەردولایان بە دڵی یەكتر كار لەسەر بودجە بكەن و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێی پەڕێنرێت، ئەگەر ئەمە بە شێوەیەكی باش هەنگاوی بە ئاڕاستەی چارەسەری كێشەكان نا، ئەوكات هەرێم یەكێك لە كۆسپەكانی بەردەم ئامادەكرنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020 هەنگاو دەنێت.

كێشەیەكی دیكەی بەردەم ئامادەكردنی رەشنوسی پڕۆژە یاسایی بودجەی هەرێم

داهاتی نادیار بووەتە كێشە
جگە لە نادیاری ئایندەی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و ئامادەنەبوونی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ 2020، كێشەیەكی دیكەی بەردەم ئامادەكردنی رەشنوسی پڕۆژە یاسایی بودجەی هەرێم، نادیاری داهاتەكانە، هەر بۆیە وەزارەتی دارایی كەوتوەتە خۆی بۆ ئەوەی بەرچاوروونی لە داهاتی ناوخۆدا هەبێت. لەوبارەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: تائێستا بەشێكی زۆر لەداهاتەكانی كوردستان ناگەرێندرێنەوە بۆ ناو وەزارەت، بەڵام بەبڕیاری مەسرور بارزانی و وەزیری دارایی دەبێت بۆ لەمەودوا هەموو داهاتەكان بێنەوە وەزارەتی دارایی. گوتیشی، لەناو وەزارەت بۆ دیاریكردنی سەرچاوەكانی داهات و زانینی بڕەكانی چەند لیژنەیەك بەفەرمانی ئاوات شێخ جەناب دروستكراوە و بڕیارە دوای تەواوبوونی كارەكانیان لیژنەكان بەراپۆرت وەزیری دارایی لەداهاتەكان ئاگادار بكەنەوە.

لەبارەی ئامادەكارییەكانی هەرێم بۆ بودجەی 2020 ئەو سەرچاوەیە گوتی: پێناچێت ساڵی داهاتووش هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی هەبێت، چونكە ئەو پرسە پەیوەندی بە داهات و خەرجیەكانی هەرێمەوە هەیە كە تائێستا دیار نیە و وەزارەتی دارایی بەرچاو ڕوونی نیە دەربارەی داهاتەكان لەساڵی داهاتوو، بەجۆرێك نازاندرێت ساڵی داهاتوو بەغداد موچەی فەرمانبەران دەنێرێت یان نا؟

لەژێر فشاری قەیرانی دارایی و بە بڕیاری كابینەی پێشوو دامەزراندن  راگیرا و لە بری دامەزراندن، حكومەت فەرمانبەری بە گرێبەست دانا، ئەمەش بە یەكێك لە كێشەكانی بەردەم لیژنەی نوسینەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی نوێی هەرێم ئەژماردەكرێت، چونكە ئەوە بۆ ئەو لیژنەیە روون نیە كە ئایا ساڵی داهاتوو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو فەرمانبەران دەكرێت، كە ئەگەر بكرێنە فەرمانبەری رەسمی بڕی موچەكانیان و دەرماڵە و خەرجیان چەند دەبێت، دەبێت پێشوەختە دیراسە بكرێت و رونبكرێـتەوە چەندە لەسەر حكومەتی هەرێم پێویستە مامەڵەیان لەگەڵ بكات. نەك هەر فەرمانبەرانی گرێبەست، بەڵكو موچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران و راگرتنی پلە بەرزكردنەوەیان یەكێكی دیكە لە گرفتەكانی بەردەم لیژنەكە. 

پرسی بندیواره‌كان و دامه‌زراندنی یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆكان و خانه‌نشینی پێشوه‌خته‌ گرفتی به‌رده‌م ئاماده‌كرنی ئاماده‌كردنی بودجه‌ن

لەوبارەوە سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی بۆ پەیسەر دەڵێت: 31 هەزار گرێبەست لەهەرێم هەیە و دامەزراندنی ئەوانە پێویستی بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە، چونكە فەرمانبەرێك كە بەگرێبەست دامەزراوە ئێستا ئەگەر موچەكەی 400 هەزار دیناربێت ئەوە ئەگەر بەفەرمی دابمەزرێت، رەنگە موچەكەی ببێتە نزیكەی 700 هەزار دینار، چونكە دەرماڵەی هاوسەرگیری و منداڵ و چەند دەرماڵەیەكی تری بۆ ببەسترێت، دەبێت وەزارەتی دارایی بەرچاو روونی هەبێت لەسەر ئەو پارەیە تا لەو رێگەیەوە مامەڵە لەگەڵ بوجەی ساڵی داهاتوو بكات.

ئەو سەرچاوەی وەزارەتی دارایی باسی گرفتی زیاتر لەبارەی ئامادەكردنی بودجەی ساڵی داهاتوو دەكات و ئاشكرایدەكات: لەدوای زانینی داهاتی هەرێم گرفتێكی دیكەشمان هەیە ئەویش پرسی بن دیوارەكان و دامەزراندنی یەكەم و دووەمی زانكۆكان و خانەنشینی پێشوەختە و زۆری ژمارەی موچەخۆران و پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانە كە دەبێت یەكلایی بكرێتەوە. هەروەها جیاوازی موچەی فەرمانبەرانی ئیدارەی سلێمانی كە بەشێكیان وەریان گرتووە چارەنوسی چی دەبێت ؟ هەروەها دەبێت پرسی  قەرزەكانی پاشەكەوتی موچە یەكلایی بكرێتەوە. ئەكات دەست بۆ پڕۆژە یاساكە ببرێت.

زانیارییەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی پێناچێت ساڵی داهاتوو حكومەتی هەرێم لە ژێر رۆشنایی یاسای بودجە كارەكانی راپەڕێنێت، هەرچەندە وەزارەتی دارایی ئەوەی بۆ پەیسەر ئاشكراكردووە، كە لەساڵی 2018 دا بودجەی  لەساڵی 2019 یان ئامادەكردووە بەجۆرێك خەرجیەكانیان لە 26 تریلیۆنەوە هێنایە سەر 14 تریلیۆن دینار و لەو برەش تەنها 2 تریلیۆن دینار كورتهێنانیان هەبووە . بەڵام ئەم ساڵ تائێستا سەرچاوەكانی داهات نازانن بۆیە بۆ ساڵی داهاتوو چاوەڕێی ئەوە دەكەن هەموو داهاتەكان بگەڕێندرێنەوە وەزارەتی دارایی و لە وەزارەتی دارایش بەرێوەبەرایەتی جوڵەی دراو كۆی داهاتەكان رادەستی بەرێوەبەرایەتی گشتی بودجە بكات.ئەو كات بیر لە پڕۆژەیاساكە بكرێتەوە.

نەبوونی یاسای بودجە كارەساتە، چونكە دیوانی چاودێری دارایی ناتوانێت بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی خەرجیەكانی حكومەت بكات

هه‌ڵوێستی ئۆپۆزسیۆن
لەبارەی ئەگەرەكانی نەبوونی یاسای بودجە و هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن، پەیسەر  شێركۆ جەودەتی پەرلەمانتاری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دواند، شێركۆ دەڵێ: نەبوونی یاسای بودجە كارەساتە، چونكە دیوانی چاودێری دارایی ناتوانێت بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی خەرجیەكانی حكومەت بكات و بەراوردی بكات لەگەڵ یاسای بودجە.

گوتیشی، هەموو داهاتەكان ناگەڕێنەوە وەزارەتی دارایی و هەرچەند بڕیاری حكومەتی هەرێم دەرچووە كە دەبێت هەموو داهاتەكان بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام ئەو بریارە لەكابینەی پێشووش هەبوو بەڵام جێبەجێ نەكرا.

لەبارەی هەڵوێستیان لەسەر نەبوونی پڕۆژە یاسای بودجە، شێركۆ جەودەت دەڵێت ئەگەر هەرێم یاسای بودجە نەبێت ئەوە هەڵوێستیان دەبێت  و  هەرێم پێنج ساڵە یاسای بودجەی نیە بۆیە هەموو خەرجیەكان لەدەرەوەی یاسای بودجە نایاساین.
 گوتیشی: ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی پێی راگەیاندووە كە دەستیان بە ئامادەكاریەكانی رەشنوسی بودجە كردووە بۆیە چاوەڕێی بەڵێنی وەزیری دارایی دەكەن، بەڵام ئەگەر زانیان حكومەت جێبەجێی ناكات رێكاری پێویست دەگرنە بەر چونكە نەبوونی یاسای بودجە كارەساتێكی گەورەیە.