ڕاپۆرتی کوردستانی

02:51 - 31/08/2019

بۆچی دایکانی کورد ١٤ ساڵە لەهەمان جێگە کۆدەبنەوە؟‌

پەیسەر

زۆر جار لە جیهاندا دژی دەسەڵات و حکومەتە دیکتاتۆرەکان دەست بە شۆرشی مەدەنی یاخود ناڕەزایی بێ توندوتیژی کراوە. هەرچەندە هێز بەرامبەر بزووتنەوە و ڕێکخراو و گروپە مەدەنیەکان بەکارهێنراوە، بەڵام زۆربەیان بە ئامانج گەیشتوون و بەشێکیان توانیویانە ببە ئیلهام بۆ شۆرشە جەماوەریەکانی تری وڵاتانی جیهان.

یەکێک لەو چالاکیە مەدەنیانە چالاکی گروپی دایکانی شەممەیە کە هەموو هەفتەیەک لە گۆڕەپانی "گالاتاسارای" لە شاری ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت

دایکانی شەممە کێن و بۆچی و کەی چالاکی دەکەن؟
سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە ئامانجی شکاندنی شۆرشی کورد لە باکووری کوردستان، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی "تانسوو چیللەر" دەستی بە تیرۆرکرن و بیسەروشوێنکردنی سیاسەتمەداران و هونەرمەندان، لایەنگرانی پارتە کوردیەکان و چەپەکانى تورکیا و کەسایەتیە ڕیفۆرمخوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کرد.

بە پێی ئامارە فەرمیەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا و وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا لەو هەڵمەتە ڕەشەدا نزیکەی ١٧ هەزار کەس تیرۆر و بێسەروشوێنکران کە زۆربەیان هاوڵاتیی کورد بوون، تا ئێستاش تەرمی زۆربەیان نەدۆزراوەتەوە و حکومەتە یەک لەدواییەکانی تورکیاش لێکۆلینەوەیان لەو ڕووداوانە نەکردووە

لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا خێزانی قوربانیەکان دەستیانکرد بە لێپرسینەوە و گەڕان بەدوای کەسوکارەکانیاندا و چەندین کۆمەڵە و گروپ بۆ ئاشکراکردنی ڕووداوەکان دامەزرێنران، یەکێک لە گروپەکان "دایکانی شەممە"یە.

لە ١٢ی ئازاری ١٩٩٥دا ژمارەیەک چەکدار کە دواتر ئاشکرا بوو سەر بە هەواڵگریی جەندرمەی تورکیان، هەڵیانکوتایە سەر چایخانەیەکی کوردە عەلەویەکانی گەڕەکی "گازی" شاری ئیستانبوڵ و ژمارەیەک هاوڵاتی کوردیان کوشت، دواتر شەڕ و ئاڵۆزی لە ناو چەند گەڕەکێکی ئەو شارەدا بڵاوبووەوە و بەهۆیانەوە ٢٢ کەس کوژران و سەدان کەس برینداربوون، حکومەتیش دەستی کرد بە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانى کوردى شارەکە.

دوای ڕووداوەکان، هێزەکانی پۆلیسی تورکیا گەنجێکی کوردیان بە ناوی "حەسەن ئۆجاک" بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرد و دوای ٥٨ ڕۆژ تەرمەکەی لە ناو گۆڕستانی بێکەسەکان دۆزرایەوە

خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" دوای هەوڵێکی زۆر بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی کوڕەکەیان، بەڵام دادگا و کاربەدەستانی حکومەت هیچ زانیاریەکیان ئاشکرا نەکرد و دۆسیەکە داخرا.

دایکی "حەسەن ئۆجاک" و ژمارەیەک لە کەسوکارەکەی لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای لە ئیستانبوڵ دەستیان بە چالاکی دانیشتنکرد و ڕایانگەیاند، تا بکوژانی کوڕەکەیان نەدۆزرێتەوە دەست لە چالاکیەکانیان هەڵناگرن.

چالاکی دانیشتنی خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" لەلایەن ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتگیری لێکرا و ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان بوو، کەسوکاری ئەو کەسانەى لەلایەن حکومەتەوە بێسەروشوێنکرابوون چوونە پاڵ خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" و داوای ئاشکراکردنى بکوژانی کەسوکارەکانیان کرد.

دایکانی شەممە ئیلهامیان لە دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتین وەرگرت
دوای فراوانبوونی چالاکیەکان، بە ئیلهاموەرگرتن لە گروپی "دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتینی" گروپی "دایکانی شەممە" دامەزرێنرا و هەموو ڕۆژانی شەممە لە مەیدانگی گاڵاتاسارای ئیستانبوڵ دەستیان بە چالاکی کرد.

دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتین کێن؟
دوای کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٧٦ لە ئەرجەنتین و بێسەروشوێنبوونی نزیکی ٣٠ هەزار منداڵ. کۆمەڵێک ژن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی منداڵەکانیان لە مەیدانی "پلازا دی مایۆی" شاری بۆیننس ئایرسی پایتەخت کۆبوونەوە.

لەماوەیەکی کەمدا سەدان هەزار ژن بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و چالاکیەکان لە هەموو جیهاندا و وەک یەکێک لە چالاکی و شۆرشە مەدەنیەکانی ژنان دەنگیدایەوە

چالاکیەکانی دایکانی شەممە تا ئێستاش بەردەوامە
چالاکیەکان هەموو ڕۆژانی شەممە لە گۆڕەپانی "گاڵاتاسارای" بەردەوامە و تا ئێستاش زۆربەی کەسایەتی و هونەرمەندان و پارلەمانتارانی پارتە چەپەکانی جیهان و کوردیەکان پشتگیری خۆیان بۆ دایکانی شەممە نیشانداوە.

لە ساڵی ٢٠١٥دا خۆسێ مۆخیکا سەرۆکی پێشووى ئۆرگوای سەردانی ئیستانبوڵی کرد و بەشداری لە چالاکی دایکانی شەممەدا کرد. هەروەها حکومەتی ئەرجەنتینیش پشیگیری خۆی بۆ چالاکیەکان نیشانداوە. ساڵی ٢٠١٣ خەڵاتی نیودەوڵەتی "هەرانت دینک" بە دایکانی شەممە بەخشرا.

ئەحمەد کایا هونەرمەندی بەناودەنگی کورد گۆرانیەکی بە ناوی (بەنی بوڵ ئاننە) "بمدۆزەرەوە دایکە" بۆ دایکانی شەممە گوتووە

لە ساڵی ٢٠١٨دا بە فەرمانی سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا هەموو چالاکیەکی دایکانی شەممە قەدەغەکران. بەڵام دایکان لە چالاکیەکانیان بەردەوام بوون، لە ئەنجامدا بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ هێرشکرایە سەر دایکانی شەممە و ژمارەیەک ژن دەستگیرکران و ژمارەیەکیش بریندارکران. لەگەڵ هەموو فشار و ئاستەنگیەکان چالاکی دایکانی شەممە ١٤ ساڵە بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی منداڵەکانیان بەردەوامە.