ڕاپۆرتی کوردستانی

03:37 - 31/08/2019

تیشکێک بۆسەر کۆمەڵەی ژێکاف و عەبدولڕەحمانی زەبیحی‌

پەیسەر

عەبدولڕەحمانی زەبیحی کودێکی تەرابووی نیشتیمان و هەڵوەدای سەربەخۆییەکانی گەلی کورد، پێدەچێت هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە نەسنووری دەستکردی دەناسی و نە پارچەکانی کوردستانی لەیەک جیادەکردەوە، لە هەر قوژبنێکی ئەو کوردستانە کە بۆی هەڵکەوت خەبات و کوردایەتی دەکرد، وەک عەلی کەریمی دەڵێت: فەرقی بەوە نەدەکرد کە ئەندامی کام حیزب و کام بەشی کوردستانە، سەردەمێک لە ڕیزی پێشەوەی کۆمەڵەی (ژ.ک) و سەردەمێک لەناو پارتی دیموکراتی لە باشووری کوردستان سەردەمێکیش لەناو پارتی کوردی سوریا لە رۆژئاوا... ئەو هەتا مردیش یەک رۆژی ژیانی خۆی سەرفی ژن و مناڵ، کەس و کار، پارەو ماڵی دونیا نەکرد و هەمووی بۆ کوردایەتی تەرخان کرد، ئەو بە هەمووانی سەلماند کە کوردستان بە هەر چوار قوژبنیەوە موڵکی ئەو کەسەیە کە خەباتی بۆ دەکات و بەس.

 
سەرەتاکانی ژیانی زەبیحی:
لە ساڵی 1920لە شاری سابڵاخ- مەهاباد-ی ناوچەی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، منداڵی یەکەمی پیاوێکی بانگبێژو قورئانخوێنی هەژار بوو بەناوی سۆفی مینە، پیشەی ڕاستەقینەی سۆفی مینە (کڵاودورین بوو) بۆیە لەناوخەڵکدا بە سۆفی مینەی کڵاودروو بەناوبانگ بوو، بە هۆی مردنی باوکی لەسەرەتای منداڵییەوە، سەرەڕای هەژاری بنەماڵەکەیان، زەبیحی کەوتە ناو ژیانێکی پڕ لە ناڕەحەتی و کوێرەوەریی، لەبەر ئەوەی دەبوو بەرپرسی یەکەم بێت لە سەرپەرشتی دایک و براو خوشکەکانی.

بایەخی خوێندن:
هەرچەندە لەپاش مەرگی ناوادەی سۆفی مینەی باوکی باری گرانی ژیان و گوزەرانیان زۆر سەخت بوو بەڵام خوێندنی فەرامۆش نەکرد، وەک هەندێک سەرچاوە باسی دەکەن پۆل هەبووە بە دووساڵ بڕیویەتی و هێشتا هەر کۆڵی نەداوە، هەرچۆنێک  بووە ساڵی 1938 لە ورمێ بڕوانامەی سێیەمی ناوەندی بەدسەت هێناوە لەبەر ئەوەی لەو ساڵانەدا لە سابڵاخ خوێندنی ئەو پۆلانەی لێنەبوو، دوای ئەوەش لە خوێندن کۆڵی نەداوەو لای چەندین مەلا بابەتەکانی زمانی عەرەبی و جەبری خوێندووە، دەگوترێت مەلا قادری مودەڕەسی کە وانەکانی جەبری پێگوتوەتەوە (هەستی نەتەوایەتی تێدا چاندووە)، زمانەکانی تورکی، عەرەبی، ئینگلیزیی و فەرەنسی و ئەرمەنی بەباشی زانیوە، بەگەنجی تێکەڵاوی جوڵانەوەی کوردایەتی بووە، یەکێ بوو لە دامەزرێنەرانی (ژ.ک- ژیانەوەی کورد) و تا هەڵوەشانەوەی ئەو رێکخراوە زەبیحی سکرتێری بووە.

هەژار موکریانی لە لاپەڕە ١٨ و ١٩ی کتێبی (چێشتی مجیور)دا لەبارەی ئەو قۆناغەی زەبیحی دەنوسێت: ڕۆژێک وەک بەڵای ناگەهانی منداڵێکیان هێنا حوجرە کە بە تەمەن لە من باوخۆشتر و بەباڵا لە من کورتەباڵاتر بوو. ێیکی سوری چاوزیت لێم بوو بە عیزرائیل. دەبوایە ئەویش گولستان بخوێنێ، هەتیو ئەوەندە زیرەک بوو کە نەبێتەوە. من بە هەزار گێڕە و نێڕە دو خەتم ڕەوان دەکرد، ئەو پەڕ و دو پەڕی تێ دەپەڕاند. وەک ئاگری قودرەتێ وابوو. جا وەرە زلـلە و چەپۆک بخۆ، کە بۆ ئەو هێندە و هێندەی ڕەوان کردووە و تۆ هەر منجە منجت دێ؟! هەر لەبەر خۆمەوە لە خوا دەپاڕامەوە ئەو بەدفەڕە بمرێ و لە کۆڵ دنیا بێتەوە. ناوی ئەویش “عەبدوڕەحمان” کوڕی “سۆفی مینە” بوو، کە لە دوا ڕۆژدا بەناوی “زەبیحی” ناسرا. زەبیحی وەک من فەقێی دایمی و ڕەسمی نەبوو، دەرسی دەخوێند و دەگەڕاوە ماڵە خۆی. وردە وردە پێکەوە بووینە ئاشنا و لە دەرسی گولستان یاریدەی دەدام و ئەو ئاشنایەتییە پتر لە پەنجا ساڵ دەوامی کرد .

زەبیحی و کۆمەڵەی ژێ- کاف
بەهاتنی هێزەکانی سۆڤییەت و بریتانیا بۆ ئێران دەوڵەتی ناوەندیی لاواز بوو و دوای هاتنەسەرکاری محەممەد رەزای کوڕی رەزا شا، هەلومەرجێکی لەبارپێکهات بۆ بووژانەوەی حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان.

لەم هەلومەرجەدا ئەفسەرێکی باشووری کوردستان بەناوی میرحاج ئەحمەد بە نوێنەرایەتی لە لایەن حیزبی هیوا دەچێتە مەهاباد و پێوەندی دەگرێت بە عەبدولرەحمان زەبیحی و بەمشێوازە بە بەشداری نوێنەری حیزبی هیوا و بەدەستی کۆمەڵێک بژاردەی شاری مەهاباد بەنهێنی کۆمەڵەی ژێ کاف وەک یەکەمین حیزبی سیاسی کوردی بە هەڵگرتنی دروشمی کوردستانی گەورە و بە ئامانجی رزگاری نەتەوەیی لە رۆژی 25ی گەلاوێژی 1942 لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە  بە پێی بۆچوونەکانی دکتۆر عوبەیدوڵای ئەیوبیان کە یەکێکە لە شایەتحاڵەکانی دامەزراندنی (ژ.ک) ئەوانه پازده_بیست کەس دەبوون،ڕێک کەوتبوون و کۆمەڵەی(ژێکاف)یان دروست کرد.دیاره له سەرەتاوه حەوت(7) کەس بوون.

 ئەندامی ژماره یەک ئەو میرزا حوسێن فرۆهێر بوو،ئەندامی ژماره دوو، عه بدولڕەحمان زەبیحی ،ئەندامی ژماره سێ  (میر حاج) بوو که ئەوکات ئەندامی کۆمەڵەی هیوا(له کوردستانی عێراق)بووه و هاتۆته سابڵاغ، ئەندامی ژماره چوارعەبدوڵڵا نەهری بوو ، ئەندامی ژماره پێنج (محەمەد یاهوو ) بوو کە ئەفسەری هێزی نیزامی رەزاشای پەهلەوی بوو و دەستی لە کاری نیزامی کێشاوەو تێکەلاوی کۆمەلەی ژ.ک بووه، ئەندامی ژماره شەش(هەمزه عەبدوڵڵای)، ئەندامی ژماره حەوت(مستەفا خۆشناو ).
یەکەم کۆبوونەوەی (ژێکاف)ئەو حەوت کەسه بوون و له ماڵی میرزا حوسێن بووه.میر حاج، پێوەندی نێوان کۆمەڵەی هیوا و کۆمەڵەی (ژێکاف) بووه و وا پێدەچێ میرحاج،له دروستکردنی(کۆمەڵەی هیوا)شدا ڕۆڵی هەبووبێ.

بەڵام  بەپێی بۆچوونەکانی پێگەی (کورد پیدیا)بێت دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ژ.ک، لە شاری مەهابادی خۆرهەڵاتی کوردستان، دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە لە ئەنجامی کۆبوونەوەیەکدا هاتە دی کە لە باخی حاجی داود نزیک چەمی سابڵاخدا بەسترا و دەستەی دامەزرێنەر ئەمانە بوون: حەسەنی زەرکری، عەبدولڕەحمانی زەبیحی، عەبدولڕەحمانی ئیمامی، عەبدولقادری مودەریسی، نەجمەدینی تەوحیدی، محەمەدی نانەوازادە، عەلی مەحمودی، محەمەدی ئەسحابی، عەبدولڕەحمانی کەیانی، سدیقی حەیدەری، قاسم قادری و هەروەها میر حاجی ئەحمەدی خەڵکی باشووریشیان لەگەڵدا بوو.

ڕێکخستنەکانی (ژ.ک):
زەبیحی و چەند هاوەڵێکی هەمیشە پێکەوە بوون، خەڵک وایدەزانی ئەمانە تەنها هاوڕێی ئاساین و خەریکی سەیران و گەڕانن و هیچی دیکە. بەڵام ئەوان سەرەڕای هاوڕێیەتی سەرقاڵی دروستکردنی کۆمەڵەیەک بوون کە دواتر لە ژیانی کورد – ژ. ک-  خۆی بینیوە، کاری ئەندامانی کۆمەڵە بە شێویەکی نهێنی و تاکە کەسی بەڕێوە دەبرا، هەموو ئەندامێکی کۆمەڵە تەنها 3کەسی دەناسی، خۆی و کەسی سەرووی خۆی و کەسی دوای خۆی، ئیتر کەسی تری نەدەناسی، ئەوەش ببوە هۆی ئەوەی کۆمەڵەکە لەئاستێکی نهێنی گەورەدا بمێنێتەوەو ئەوانەش کە دەبوونە ئەندام دەبوو باوەڕی تەواوی بە بیری نەتەوایەتی هەبێت و سوێندبخوات کە خیانەت بە خاک و نیشتیمان نەکات و سوێند بە (کوردستان ،شمشێر، قورئان، قەڵەم، زمان و شەرەف)دەخورا، نە بە ئیشارەت، نەبە نوسین نەبە زار خیانەت لە کۆمەڵەو لە نەتەوەی کورد نەکات. هەرچەندە ئەم نهێنی کارکردنە دواتر بوو جێگەی ڕەخنەو پێیان بگوترێت تەریک و دوورە پەرێز.

بنەماسەرەکیەکانی (ژ.ک):
بۆ ئەوەی خوێنەر بزانێت زەبیحی چۆن بیری کردوەتەوەو دەبێت لە ڕوانگەی کۆمەڵەکەیەوە تێی بڕوانین، بە پێی وتەکانی مەلاقادری مودەرەسی، کە خۆی یەکێک بوو لە دمەزرێنەرانی کۆمەڵە، مەبەستە سەرەکیەکانی کۆمەڵە لەم خاڵانەی خوارەوەدا خۆی دەبینێتەوە:
1-    لە ڕووی ئەزموونی ڕوداوە مێژوییەکانەوە بۆ ئەندامانی کۆمەڵە دەرکەوتووە کە دەست بردن یۆ چەک جگە لە چارەڕشی و ماڵوێرانی و بەدبەختی بۆ گەلی کورد هیچ بەرهەمێکی دیکەی نابێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک لە چەکداریی دووردەکەوینەوە.
2-    بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی تا ئەو ڕادەیەی لە ئاستی بەدەست هێنانی مافەکانی خوێدا بێت. چوون پێیان وابوو نەتەوەی کورد لە ئاستی وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتیە گەورەیەدا نیە کە ببێتە خاوەنی دەوڵەت.
3-    ئاینی ئیسلام وەک بەشێک لە کەلتووری کورد دادەنرێت و کێشەی ئاینیان لەگەڵی نیە. ئەوانەی کە دەبوونە ئەندام دەبوو سوێند بە قورئان بخۆن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی کە لە ئاینێکی دیکە بوون سوێند خواردنیات بە کتێبی پیرۆزی خۆیان دەبێت.
4-    ئەو کەسانەی کە دەیانتوانی ببنە ئەندامی ژێکاف، بەڵام هەرگیز نەیاندەتوانی ببنە سەرۆک بریتی بوون لە (ئاغا، شێخ ، مەلا و سەید)، ئەوەش لەبەر ئەوەی وەک ئەزموون دەرکەوتبوو کە ئەو جۆرە کەسانە دەسەڵاتیان هەبێت دەبنە دیکتاتۆر! و ئەوانیش نایانەوێت دەسەڵات بەدەست دیکتاتۆرەکانەوە بێت.

گۆڕینی ناو و ناوەرۆک:
ڕوناکبیران و چالاکانی سیاسیی کورد لە ناوچەی موکریان لە نەبوونی ئەڕتەش و دامودەزگاکانی حکوومەتی ناوەندی کەڵکیان وەرگرت بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسی و نەتەوایەتی بە ناوی کۆمەڵەی ژێکاف.

کۆمەڵەی ژێکاف لە سەر بنەمای شوناسخوازی و بەدەستهێنانی مافی ڕەوای دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد دامەزرا. ئەندامانی ژێکاف بۆ خۆ گونجاندن لە گەڵ دۆخی پاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جێهانی و خەباتی ئاشکرا، بڕیاریان دا کە حیزبیکی مۆدێرن دامەزرێنن. هەر بۆیە «حیزبی دێموکراتی کوردستان»یان لە سەر بناغەی تەشکیلاتی کۆمەڵەی ژیکاف لە شاری مەهاباد دامەزراند و لە هەمان ساڵدا بە بەشداریی ئەندامانی کۆمەڵەی ژیکاف و دەیان کەسایەتیی ناسراوی کوردستان، یەکەمین کونگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هات و مەرامنامەی حیزبی دێموکرات لە 8 مادەدا بڵاو کرایەوە.

هەروەها پاش هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، قازی محەممەد وەک پێشەوا و سەرۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵبژیردرا. دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر بناغەی تەشکیلاتی «کۆمەڵەی ژێکاف» و بە دوای ئەویشدا دامەزرانی کۆماری کورستان بەرهەمی تێکۆشانی چەندین ساڵەی ئەندامانی دامەزرێنەری «ژێکاف» و پاشان حیزبی دێموکرات و بەشداریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە. هەر بۆیە کۆماری کوردستان بەرهەمی خوڵقاندنی دەرفەتێک بوو کە پێشتر لە هزر و ئەندێشەی ئەندامانی کۆمەڵەی ژێکافدا ئامادەکاریی بۆ دەکرا و دواتر لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەستێن سازیی بۆ کرا. زەبیحی لەو ڕێکخستنەوە نوێیەدا بوو بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان.

ئەمیری حەسەن پوور لە پێشەکی کتێبی (ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمانی زەبیحی- مامۆستا عولەما –عەلی کەریمی) دا دەنوسێت: دمەزراندنی (حدک)تەنیا گۆڕینی ناوو قەوارەی کۆمەڵەی (ژ.ک)نەبوو، لەوە پتر، حدک ولانانی پرۆژەی گەورەی کوردستانی گەورە و سەربەخۆی دەوڵەتی کوردی گەڵاڵە کردبوو، حدک، کوردستانی گەورەی کۆمەڵەی (ژ.ک) ی بەقەدەر موکریان تەسک کردەوە و سەربەخۆیی لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی ترجاند، گیران و دەست بەسەر بوونی زەبیحی (بۆ ماوەیەک لە زەمانی کۆمار)دا  هەتا گیران و کوژرانی بەڵگەیەکی زۆر سەبارەت بە کێشەی کۆمەڵەی (ژ.ک) و (حدک) دەهێنێتە گۆڕێ.

کاریگەریی دەرەکی:
بە پێی وتەی مەلاقادر مودەرەسی لە لایەن ڕووسەکانەوە بەتایبەت(جەعفەر باقرۆف) و (جەعفەری پیشەوەریی) کاریگەرییان لەسەر کەسە دیارەکانی (ژ.ک)دانابوو کە ناوو ناوەڕۆکی کۆمەڵەکە بگۆڕن، لە شێوەی نهێنی بێتە دەرەوەو خۆی ئاشکرا بکات، نازناوی دیموکراتی بخەنە شوێن ناوی حیزب.

بۆچی زەبیحی قسەی نەکرد؟
ڕەخنەکانی زەبیحی لە خودی پێشەواو لە شێوازی کارکردن و بنەماکانی کۆمار زۆر بوون، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو بەڵگانە نەچنە بەردەستی دوژمنان و نەیقۆزنەوە بۆ لاوازکردنی کۆمار نەیدەدرکاندن، یان ڕاستتر لەناو زۆرینەدا باسی نەدەکردن، یەکێک لەوانە بابەتی تێکەڵکردنی ڕێوڕەسمە ئاینیەکانی ناو کۆمار بوو، لەوانەش بەیعەت وەرگرتن و بەیعەت پێدانی گشتی کە ئەم کارە لەڕێوڕەسمی حکومەت و  دەوڵەتداری نوێدا جێگەی نابێتەوەو شێوەیەکی تەواو ئایندارییە، ئەمیری حەسەن پوور لە هەمان سەرچاوەی پێشوودا دەچێتەوە سەر ئەو بابەتەو دەڵێت: ئاشکرایە کەمەبەستی زەبیحی دژایەتی کردنی دینی ئیسلام نەبووەو خۆشی دەیزانی کە زۆربەی بەڕێوەبەرانی کۆمار، لە ژیانی رۆژانەیاندا عەلمانی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا دەستەوداوێنی ئایین بوون لە بڵاوکروەکانی کۆمەڵەی (ژ.ک)دا بەدی دەکرێت، وادیارە کە دەوڵەتی کورد لە دونیای فیکری زەبیحی دا: ڕژێمێکی سیاسی، ئیداریی، قەزایی، قانوونی نائایینی و سیکۆلار بووە. هەر لەدرێژەی ئەو بابەتەدا ڕەخنە لە خودی زەبیحیش دەگرێت و دەڵێت:  لەلایەک زگی بەجوتیار و کرێکار دەسوتێ و جاڕی شۆڕشی سوور لە دژی دەرەبەگایەتی دەداو لە لایەکی ترەوە بۆ درێژەدان بە خەباتی نەتەوەیی پەنا دەباتە بەر ئاغاوەت و پارێزگەی گوندەکان، زەبیحی نەتوانی کوردایەت و دەرەبەگایەتی پێکبێنی و نە خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی لێکبدات، ڕزگاری گەلی کورد لە کراوەیی گوندەکان و لەبەرزایی چیاکاندا ، فیدای بەرژەوەندی عەشیرەییی دەرەبەگی کرا.

نوسین و فەرهەنگسازیی:
هەرچەندە ئەوڕێگەیەی زەبیحی دەستی دابوویەوە پێویستی بە خەباتی چەکداریی هەبوو، بەڵام ئەو هەمیشە لە چەمەندانەکەیدا کتێب، یان فەرهەنگە تەواو نەکراوەکەی هەبوو، زەبیحی بەپێی تواناو جوڵانەوە کەسیەکانی خۆی توانی ببێتە دامەزرێنەری گۆڤاری نیشتمان، کە بڵاوکراوەیەکی نهێنی (ژ.ک) بوو. هەروەها گەلێ وتار و نووسینی لەرۆژنامەی کوردستاندا بڵاوکردۆتەوە کە ئۆرگانی حزبی دیموکراتی کوردستان بوو.  لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا توانایەکی لە ڕادەبەدەری هەبوو، بۆ ئەو مەبەستە خۆی چووەتە تەوریز و لەڕێگەی چاپخانەیەکی –ئەرمەنی- یەوە بەناوی –ئەرامنە- شەوانە خەریکی پیتچنین و رۆژانەش لەناو ئوتێلەکاندا خۆی دەشارییەوە تا لە ساڵی 1943 یەکەم بەرهەمی نوسراوی کۆمەڵەی (ژ.ک) کەوتە بەردەستی خوێنەواران بەناوی (دیاری کۆمەڵەی ژ.ک بۆ لاوەکانی کورد) ئەو بابەتە لەناو خەڵکدا وەک بۆمب تەقیییەوە. ئەوەندە بایەخی هەبوو نرخی یەک دانەی گەشتە 200 تمەنی ئەو سەردەمە!

زەبیحی سەرنووسەری گۆڤاری نیشتیمان بوو، ئەو زۆر ماندوو دەبوو پێوەی لەناو ئەو گۆڤارەشدا تەنها خۆی نوسەرەکانی دەناسی و کەسی دیکە نەیاندەزانی بابەتەکان لە لایەن کێوە دەنوسرێن. بەڵام ئەو بابەتانەی کە زەبیحی خۆی بینوسیاییە لە کۆتاییەکەیدا دەینووسی (بیژەن) ، کەواتە ناوی نهێنی و شاراوەی زەبیحی بیژەن بووە.

دوو پرۆژەی تەواو نەکراو:
دوو پرۆژەی گەورەی ژیانی زەبیحی کە بریتی بوون لە (کۆمەڵەی ژێکاف و قامووسی زمانی کوردی) گەرچی هەردوکیان وەک ڕچەشکێن بەرچاو دەکەوتن، بەڵام هەردوکیان نیوە ناچڵ مانەوە، گرنگی (ژ.ک)لەوەدا بوو کە کاری بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردان بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان دەکردو سنورەکان بە فەرمی نەدەناسی و دووەمیش بۆ ئەوە بوو کەزمان کورد لەئاستی زمانەکانی دونیا شانی کز نەبێت و لە پێشکەوتن و ڕەوتی ئەواندا لارەمل نەبێت، ئەمە جگە لەوەی کە زمان بەیەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی نەتەوە دێتە ئەژمار.

زەبیحی و مانگە کوردیەکان:
ناوی مانگەکانی ساڵ بە کوردی لە لایەن عەبدولڕەحمانی زەبیحییەوە دانراوەو بە پێی بۆچوونەکانی خۆی توانیویەتی وشەی نزیک لە ناوەڕۆکی مانگەکانەوە دابنێت لە نموونەکانی (خاکەلێوە، بانەمەڕ، جۆزەردان، پووشپەڕ، گەلاوێژ، خەرمانان، ڕەبەر، خەزەڵوەر، سەرماوەز، بەفرانبار، ڕێبەندان و ڕەشەمە)، بۆ ئەوەی ئەو ناوانە جێگەی ناوە عەرەبی و فارسیەکانی ئەو سەردەمە بگرنەوە لەسەر بڵاوکراوەکانی کۆمەڵە بەو مانگانە دەنوسران.

هەڵەیەک کە بۆی ڕاست نەکرایەوە:
لە هەمان کاتدا زەبیحی خۆی خۆی باس لەوە دەکات کە هەڵەیەکی گەورەی کردووە لە بابەتی دانانی وشەی (بەروار) لە بریی (ڕێکەوت) یان (مێژوو)، وەک خۆی باسی دەکات کاتێک ئەو وشەیەی داناوە نەیزانیوە لە باشووری کوردستان ناوچەیەک بەناوی –بەروار- هەیە، و دواتر بە هەڵە بەکاردەهێنرێت، ئەو جگە لەوەش دان بەوەدا دەنێت کە هەڵەی کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر بە خێرایی بڵاو بوویەوە نەیتوانیوە ڕاستی بکاتەوە.

زەبیحی لە باشووری کوردستان:
پاش رووخانی حکومەتەکەی مەهاباد و لە سێدارەدانی قازی و هاوڕێکانی، بەنهێنی خۆی ئەگەیەنێتە عێراق و دوای ئەوەی کە لە عێراقیش ئاشکرا دەبێت روودەکاتە سوریا و لەوێش بەشدارییەکی کاریگەری کرد بۆ هاندانی دامەزراندنی (پارتی دیموکراتی کورد).

پاشان گەڕایەوە عێراق و لەناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کەوتە کارکردن. ماوەیەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی بوو.  لە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلولیشدا لێپرسراوی لقی کەرکوکی پارتی و دواتر لێپرسراوی لقی بەغدادی ئەو  حیزبە بوو.

ئەمەش لە ڕوانگەی ئە باوەڕەی خۆیەوە سەرچاوەی دەگرت کە کورد کەوتە هەر پارچەیەکی کوردستان بوو پێویستە خزمەتی ئەو پارچەیە بکات.

دوای ئەوەی زەبیحی ئاوارەی باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەبێت، لەپاش کۆتایی هاتنی ڕژێمی شاهەنشاهی و هاتنی خومەینی 1979 دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام جارێکی دیکە ئاوارە دەبێتەوەو دەچێتەوە باشووری کوردستان، بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا پڕۆژە رۆشنبیرییەکەی تەواوبکات و تەنیا دوو بەرگی لە فەرهەنگە کوردی بەکوردییەکەی بڵاوکراونەتەوە و ئەو تێکۆشەرە خۆنەویستە لەکاتی گەڕانەوەی بەرەو کوردستانی رۆژهەڵات لە ساڵی 1980 هەلومەرجێکی ئاڵۆزداو لە ناوچەیەکی سنووری نێوان عێراق - ئێران دا بێسەرو شوێن بوو، هەرچەندە قسەی زۆر لەو بارەیەوە دەکرێت بەڵام هیچیان پشتڕاست نەکراوەن، ئەوەی هەیە کوردێک لەسەر ئەو سنوورە دەستکردەی خۆی کاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەکرد کوژراو گۆڕ غەریب بوو.