ڕاپۆرتی کوردستانی

11:55 - 02/09/2019

مەریوان لە کۆچە مێژووییەکەوە بۆ پایتەختی شانۆی سەرشەقام‌

پەیسەر

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لەو شارانەی لە سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە وەک شارێکی پێشەنگ دەرکەوتووە و ڕۆڵێکی گرنگی لە خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد لەم پارچەیەی کوردستاندا بینیوە، مەریوانە. مەریوان جگە لەوەی بەهۆی سروشتە جوانەکەیەوە وەک شارێکی گەشتیاری هەژمار دەکرێت، لە بواری سیاسیشدا بەهۆی کۆچە مێژووییەکەی ساڵی ١٩٧٩، کە تێیدا خەڵکی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر کردەوە توندوتیژەکانی کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵ شارەکەیان جێهێشت، دەکرێت وەک شاری پێشەنگ بۆ خەباتی مەدەنی هەژمار بکرێت.

ئەم شارە ئێستا بەهۆی ئەوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی تێدا بەڕێوەدەچێت، بە پایتەختی شانۆی سەرشەقامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە. جگە لەوەی کە چەند ساڵێکە وەک ناوەندێکی گرنگی خەباتی سەوز و ژینگەپارێزی ناوی دەرکردووە.

هەموو ساڵێک فێستیڤاڵەکە لە وەرزی هاویندا بەڕێوەدەچێت و لەلایەن خەڵکی مەریوانەوە پێشوازییەکی باشی لێدەکرێت

حەفتەی ڕابردوو خولی ١٤هەمى فێستیڤاڵی نێودەوڵەتى شانۆی سەرشەقامی مەریوان بە بەشداری زیاتر لە ٢٨ گرووپ لە ١٧ پارێزگای ئێران و ١٠ وڵاتی بیانی بەڕێوەچوو. هەموو ساڵێک فێستیڤاڵەکە لە وەرزی هاویندا بەڕێوەدەچێت و لەلایەن خەڵکی مەریوانەوە پێشوازییەکی باشی لێدەکرێت. بە چەشنێک وەک بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە باسی دەکەن، کۆی گشتیی بینەرانی هەر خولێک لە ١٠٠٠٠ کەس زیاترە.

شانۆی سەرشەقام وەک لە ناو و پێناسەکەیەوە دیارە؛ شانۆیەکە لە دەرەوەی شانۆ فەرمییەکان بەڕێوەدەچێت و پەوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕەوتی ژیانی خەڵکدا هەیە، هەر بۆیە سەرنجڕاکێشتر و دۆستانەترە، بەهۆی ئەوەی کە سنوورەکانی فەرمی بوون دەشکێنێت، بەردەنگەکەشی بەردەنگێکی چالاکە. زۆربەی پسپۆڕانی هونەر، بە تایبەت شانۆ پێیانوایە کە شانۆ و بە تایبەتیش شانۆی سەرشەقام، هەڵگری چەمکی ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەلسەفییە و ئەوەی کە شانۆ لە سەرشەقام و شوێنە گشتییەکان دەیکات کاریگەرترین شێوازە بۆ بڕەودان بە فەرهەنگ و دروستکردنی ڕەوتی گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

محەمەد رەزا موحسینی، پسپۆڕ و لێکۆڵەری شانۆیی پێیوایە ئەم چەشنەی شانۆ بەهۆی نزیکیی و بوارە دۆستانەکەى و لەبەرئەوەی باس لە کێشە و ئازارەکانی کۆمەڵگا دەکات، دەتوانێت کاریگەرتر بێت.

شانۆی سەرشەقام ڕۆڵێکى سەرەکى لە دەوڵەمەندترکردنی کەلتووردا هەیە، لەبەرئەوە دەبێت دەربڕی ئازارەکانی خەڵک بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بگاتە مەبەستە سەرەکییەکەی

بابەک لوتفی، دەرهێنەر و پسپۆڕی شانۆ پێیوایە، شانۆ دەبێ وەڵامدەرەوەی گرنگترین کێشە و ئارێشەکانی خەڵک بێت و دەڵێت، شانۆی سەرشەقام ڕۆڵێکى سەرەکى لە دەوڵەمەندترکردنی کەلتووردا هەیە، لەبەرئەوە دەبێت دەربڕی ئازارەکانی خەڵک بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بگاتە مەبەستە سەرەکییەکەی، واتا بەجێکردنی فەرهەنگی دروست.

شانۆی سەرشەقامی مەریوان کە لە ئێستادا ئەم شارە کەلتووری کوردەواری بە چەشنێکی نوێ بە جیهان دەناسێنێ، ئیتر وردە وردە خەریکە دەبێتە براند و لۆگۆیەک بۆ پێناسەی مەریوان. فاتیح بادپەروا بەڕێوەبەر و یەک لە دامەزرێنەرانی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە لێدوانێکدا بەمجۆرە باسی دامەزراندنی فێستیڤاڵی شانۆیی مەریوان دەکات: "کاتێک دیتمان خەڵکی مەریوان پێشوازییەکی باش لە نواندنی سەرشەقام دەکەن، بیرمان لەوە کردەوە کە ئەم توانستە کەلتوورییە دەتوانێت مەریوان بکاتە خاوەن پێگەیەکی جیهانی. ئەمە ئێمەی گەیاندە ئەو ئەنجامەی کە بۆ ناساندنی کەلتووری مەدەنیی، نیشتمانی و نەتەوەیی، دەبێت دانوستانێکی فراوان و جیهانیمان هەبێت. هەروەک چۆن زۆربەی فێستیڤاڵە جیهانییەکان لە شارێکی بچووکەوە کە توانستی مەدەنی و کەلتووریی تایبەت بە خۆی هەبووە، سەری هەڵداوە. بۆ نموونە فێستیڤاڵی ئاڤنیۆن کە لە پلەی یەکەمی فێستیڤاڵە شانۆییەکانی جیهاندایە."

بادپەروا باس لە پێویستیی دیالۆگ و دانوستانی کەلتووری دەکات و دەڵێت: "ئەو ساڵانە گفتوگۆی مەدەنی، نەتەوەیی و جیهانی تاکە شت بوو کە لە ڕوخساری خەڵکی مەریواندا، لە ئەشق و هیوا و ئاواتەکانیاندا، دەدرەوشایەوە، ئێمە هەوڵماندا شانۆ بکەینە پردی ئەم دانوستانە کەلتوورییە."

شانۆ لێرەدا سەرلەنوێ خۆی پێناسە دەکاتەوە و ڕۆڵێکى نوێ لە گۆڕانکارییە هزری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابوورییەکانیشدا بۆ خۆی دەدۆزێتەوە

فاتیح بادپەروا دەشڵێت، ئەم فێستیڤاڵە توانیویەتی ڕێگەی گەشتیاریی فەرهەنگیی بۆ مەریوان بکاتەوە، کە ئەمە خۆی دەرفەتێکی باشە بۆ ناساندنی توانا کەلتوورییەکانی کوردستان بە گەلانی دیکە. لە راستیدا شانۆ لێرەدا سەرلەنوێ خۆی پێناسە دەکاتەوە و ڕۆڵێکى نوێ لە گۆڕانکارییە هزری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابوورییەکانیشدا بۆ خۆی دەدۆزێتەوە.

فێستیڤاڵى شانۆی سەرشەقامی مەریوان هەرچەندە توانیویەتی لە زۆر ئاستدا سەرکەوتن دەستەبەر بکات و بە هەندێک لە ئامانجەکانی خۆی بگات، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا هەندێک کەموکووڕی و لاوازی هەیە کە ڕەخنەگرانی پێیانوایە نەیتوانیوە لە ئاستی پێویستدا، سەرکەوتوو بێت.

سەبارەت بەم بابەتە شارام میرزایی، دەرهێنەر و شانۆکار لە لێدوانێکدا بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند: "لە ڕاستیدا یەک لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەموو هونەرێک، کاریگەریی کۆمەڵایەتییە، ئەوەی کە چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگا داناوە یان دادەنێت. ئێستا شانۆی سەرشەقام بەهۆی ئەوەی زۆر لە نزیکەوە ئاوێتەی خەڵک بووە، چاوەڕوانیی ئەوەی لێدەکرێت کاریگەریی خێراتر و سەرکەوتووتری لەسەر کۆمەڵگا هەبێت، بەڵام بەداخەوە فێستیڤاڵى شانۆی سەرشەقامی مەریوان سەرەڕای ئەوەی کە ١٤ خولی بەڕێوەچووە، لەوانەیە تەنیا یەک لە مەبەستە سەرەکییەکانی خۆی پێکابێت ئەویش ئەوەیە کە خەڵکی مەریوانی بە باشی بە شانۆی سەرشەقام ئاشنا کردووە. واتا خەڵکی مەریوان باش دەزانن چۆن لەگەڵ شانۆی سەرشەقام و ئەکتەرەکانی پەیوەندى بکەن، بەڵام لە چەندین بوارى دیکەدا کەمترین کاریگەریی هەبووە."

هێشتا ئەم فێستیڤاڵە لە ئاستێکی وەهادا نییە توانیبێتی جگە لەوەی گرووپە بیانییەکان بانگهێشت بکات، لەپاڵ ئەوەشدا گەشتیار و بینەری شانۆ و لایەنگرانی هونەر بۆ کوردستان و مەریوان ڕابکێشێت

بینەرێکی شانۆی سەرشەقام لە مەریوان بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، یەک لە خاڵە ئەرێنییەکانی ئەم فێستیڤاڵە ئەوەیە خەڵکی مەریوانى بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کەلتوورە جیاوازەکان ناساندووە. ئەم بینەرەى شانۆى سەرشەقام دەشڵێت، پێدەچێت بەهۆی باردۆخی ئابووریی ئێستای ئێرانەوە پێشوازی لە شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە ئاستێکی بەرچاودا دابەزینی بەخۆوە بینیبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشوازی خەڵکەکە و ئاوێتەبوونیان بە فێستیڤاڵەکە، پێشوازییەکی باشە و هەموو ساڵێک لە کاتی بەڕێوەچوونیدا، تەنانەت دواتریش چەشنێک دیالۆگ و دانوستان سەبارەت بە شانۆکان و خەڵکانی بەشداربووی فێستیڤاڵ و ئاستی کارەکانیان لە مەریواندا دروست دەبێت، بەڵام هێشتا ئەم فێستیڤاڵە لە ئاستێکی وەهادا نییە توانیبێتی جگە لەوەی گرووپە بیانییەکان بانگهێشت بکات، لەپاڵ ئەوەشدا گەشتیار و بینەری شانۆ و لایەنگرانی هونەر بۆ کوردستان و مەریوان ڕابکێشێت.

فەرید نیکخا، شانۆکار و دەرهێنەر لە لێدوانێکدا بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، هەرچەندە فێستیڤاڵى شانۆی سەرشەقامی مەریوان کاریگەریی هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە شانۆیە کە لە ناخی خۆیدا شانۆیەکی ڕەخنەگرە و بڕیارە ڕەخنە لە لایەنە دواکەوتوو و خراپەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگا بگرێت، بەهۆی ئەوەی دەستوەردانی زۆری تێدا دەکرێت، ئیدی لەو فۆڕمە سەرەکییەی خۆی لایداوە و زیاتر وەک کەرەستە لێى دەڕوانرێت و هیچ تازەگەرییەکی تێدا بەدی ناکرێت.

شانۆی سەرشەقام هەرچەندە شانۆیەکی ڕەخنەکارانەیە، بەڵام لە ئێراندا دەست براوەتە نێو پێناسەی سەرەکی ئەم چەشنە شانۆیە و تا ئاستێکی زۆر لە ناواخنە رەخنەکارییەکەی بەتاڵ کراوەتەوە

شانۆی سەرشەقام هەرچەندە شانۆیەکی ڕەخنەکارانەیە، بەڵام لە ئێراندا دەست براوەتە نێو پێناسەی سەرەکی ئەم چەشنە شانۆیە و تا ئاستێکی زۆر لە ناواخنە رەخنەکارییەکەی بەتاڵ کراوەتەوە. ئەم شانۆیە ‌هەرچەندە لایەنی ڕەخنەکارانەی لە سەر کەلتووری کۆمەڵگا هێشتا هەر ماوە، بەڵام بەرەنگاری دەسەڵات نابێتەوە و هێڵە سوورەکانی دەسەڵات نابەزێنێت.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا، لە ڕۆژی سێهەمدا بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر بە تایبەت ژینگەپارێزان، بۆ بەبیرهێنانەوە و بەرزڕاگرتنی شەهیدانی ژینگەپارێز، واتا شەریف باجوەر و هاوڕێیانی کە ساڵی پار لە سێی خەرماناندا بوونە قوربانیی پاراستنی ژینگەى نیشتمان، بەرنامەیەکی چڕوپڕ بەڕێوە چوو. ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ بەڕێوەچوو، وەک هەندێک لە بەشداربووان باسی دەکەن، دەربڕی هەستی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ ژینگە و نیشتمانیان.

کەسێک لە بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، سەبارەت بەم بەرنامەیە و بەشداریی خەڵک لە یادی ئەم شەهیدانەدا بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، زۆرى ڕێژەى بەشداریکردنى خەڵک دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە خەڵکێکی زیندوون و بەردەوام لەسەر داوا ڕەواکانیان سوورترن. بە پێی وتەکانی ئەم بەڕێزە هەر لەو ڕۆژەدا لە دەیان شار و شارۆچکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یادی شەهیدانی ژینگە بەرز ڕاگیراوە و پشتیوانیی لە خەباتی سەوز و پاراستنی ژینگە لەم ماوەیەدا دوو هێندەی ڕابردوو زیادی کردووە.