ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:35 - 03/09/2019

تورکیا بە کڕینی فڕۆکەی "سو٥٧" ٢٨ وڵات لەخۆی دەتۆرێنێت‌

پەیسەر

دوای کڕینی سیستمی بەرگری "ئێس٤٠٠"ی ڕووسی، تورکیا لە پرۆگرامی فڕۆکەی "ئێف٣٥"ی ئەمریکا کرایە دەرەوە، له‌ ئێستادا ئەنقەرە ناچارە بەدوای جێگرەوەی "ئێف٣٥" بگەڕێت.

 لە سەردانەکەیدا بۆ ڕووسیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەردانی ناوەندی سیستمی ئاسمانی ڕووسیایان کرد و بەرپرسە سەربازیەکانی ئەو وڵاتەش تایبەتمەندیەکانی فڕۆکەی سۆخۆی "سو٥٧"یان بۆ ئه‌ردۆغان باسكرد.

 

دوای گەڕانەوەی بۆ تورکیا ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا سوور بێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستكه‌ی لەبارەی پرسی فڕۆکەی "ئێف٣٥"وە، تورکیا به‌دیلی هەیە و دەتوانێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە. بەم شێوەیە جارێکی تر پرسی کڕینی فڕۆکەی "سو٥٧"ی ڕووسی لە لایەن تورکیاوە بووە ڕۆژەڤی میدیا جیهانییەکان.

ماڵپەری دۆیچەڤێله‌ی ئەڵمانی لەبارەی پرسی کڕینی فڕۆکەی "ئێف٣٥"ی ئەمریکی یان فڕۆکەی "سو٥٧"ی ڕووسی لە لایەن تورکیاوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ پسپۆڕە سەربازیەکانی تورکیادا کردووە و بە پێی بۆچوونی پسپۆڕەکان، جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوانیاندا نییە.

ئەردۆغان کاراکوش، جەنەڕالی خانەنشین لە سوپای تورکیا بە ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی ڕاگەیاند، فڕۆکەی 'ئێف٣٥"ی ئەمریکی بەوە دەناسرێت، لە ڕاداردا دەرناکەوێت و نابێتە ئامانجی سیستمی بەرگریی مووشەکی. فڕۆکەی "سو٥٧"ی ڕووسیش خاوەنی هەمان تایبەتمەندییە، دەتوانێت ئاسمانی وڵاتیش بپارێزێت. واتە جیاوازیەکی کەم لە نێوان هەردوو فڕۆکەکەدا هەیە.

ئەنقەرە لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکادا گیری خواردووە
کاراکوش دەڵێت، لە پرسی سوریادا ئەنقەرە لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکادا گیری خواردووە. تورکیا لە ئیدلب لەژێر فشاری ڕووسیادایە و لە ڕۆژئاوای فوراتیش لەژێر فشاری ئەمریکادایە. ئەنقەرە بەرامبەر پرسی فڕۆکەی "ئێف٣٥" کارتی فڕۆکەی "سو٥٧" دژی ئەمریکا بەکاردەهێنێت، پێویستە ئەنقەرە وردتر له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌نگاوبنێت. هەرچەندە تورکیا بە شێوەیەکی هەستیار لە ئەمریکا نزیکدەبێتەوە، بەڵام ئەمریکا کارتی سزاکانی پیشانی تورکیا دەدات. ئەگەر هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەم شێوەیە بەردەوام بن، تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر له‌ ڕووسیا و کڕینی فڕۆکەی "سو٥٧" نزیک دەبێتەوە.

تورکیا دەتوانێت ٢٨ وڵاتی ناتۆ لە خۆی بتۆرێنێت؟
ئارماغان کولئۆغلۆ پسپۆڕی ستراتیژی سەربازی و جەنەڕاڵی خانەنشینی تورکیا لەبارەی ئەم پرسەوە ده‌ڵێت، جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوان ئه‌و دوو فڕۆکەیەدا نییە، بەڵام لەدوای کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی 'ئێس٤٠٠"، ئەگەر تورکیا فڕۆکەی "سو٥٧" بکڕێت، بە تەواوی لە وڵاتانی ئەوروپا دووردەکەوێتەوە.


دەشڵێت، ناتۆ لە ٢٨ وڵات پێکدێت. دەبێت لە تورکیا بپرسین کارێکی ڕاست و دروستە بەجارێک پەیوەندیەکانی لەگەڵ ٢٨ وڵات تێکبدات؟ کاتێک تورکیا لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندیەکانی تێکدەدات، لەهەمان کاتدا لەگەڵ ناتۆش پەیوەندیەکانی تێکدەچێت. پێویستە تورکیا پێداچوونەوە بە سیاسەته‌كانی لە سوریادا بکات. دەبێت بە شێوەیەکی سیاسی لە کڕینی فڕۆکەی"سو٥٧" نزیک بێتەوە. پرۆگرامی بێ پلان نابێتە هۆی پاراستنی وڵاتێک و تورکیاش سەرکەوتوو نابێت.

ئەگەر تورکیا "سو٥٧" بکڕێت، زۆری لەسەر دەکەوێت
ئاردا مەولودئۆغلۆ پسپۆڕی بواری بەرگریی بە پێچەوانەی پسپۆڕانی دیکەوه‌ دەڵێت، جیاوازیەکی زۆر لەنێوان هەردوو فڕۆکەکەدا هەیە. لە ڕووی شێوە و کوالیتی بزوێنه‌ر و ئەو پارچانەی کە تێیدا بەکارهێنراون "ئێف٣٥" زۆر لە "سو٥٧" سەرکەوتووترە. فڕۆکە ئەمریکیەکە لە ڕووی پاراستن و هه‌واڵگری و ئەلکترۆنیەوە زۆر زۆر پێشکەوتووترە. زۆر وڵاتی پێشکەوتووی وەک ژاپۆن و ئوستراڵیا خۆیان بۆ کڕێنی فڕۆکەکە ئامادە کردووە.

 

مەولودئۆغلۆ ئاماژە بەوە دەکات، "سو٥٧" لەدوای جه‌نگی ساردەوە یەکەمین فڕۆکەی پێشکەوتووی ڕووسیایە. کێشەیەک لە بزوێنه‌ره‌كه‌یدا هەیە و تا ئێستا چارەسەرنەکراوە. هیندستان و ڕووسیا لەبارەی فڕۆکەکەوه‌ كێشه‌یان هه‌یه‌. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، تورکیا لە کڕینی فڕۆکەکە ریسکێکی گەورە دەکات.

فڕۆکەی "ئێف٣٥" لەلایەن کۆمپانیای "لۆکھید مارتن"وە دروستکراوە. لە ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٦دا یەکەم فڕۆکەی "ئێف٣٥" تاقیكرایه‌وه‌ و ئێستا لە خزمەتی سەربازیدایە و نزیکه‌ی ٢٣١ دانەی لێدروستکراوە. نرخی ھەر یەکێک لەو فرۆکانە دەگاتە نزیکەی ٩٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. جگه‌ له‌وه‌ی لە ڕاداردا نابینرێت، دەتوانێت بە ئاسانی ئامانجەکەی بپێکێت.

"سو٥٧" لەلایەن هێزی ئاسمانی ڕووسیاوە دروست دەکرێت. لە ساڵی ١٩٩٨وە دەست بە دوروستکردنی کراوە. هەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٧دا تاقیکراوەتەوە، بەڵام سیستمی بەرگری و هێرشبردنی تا ئێستا تەواونەکراوە و بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ تەواو بکرێت.

بڕیارە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٨، ٧٦ دانەی لێدروستبکرێت. هەرچەندە فڕۆکەکە هاوشێوەی "ئێف٣٥" لە راداردا دەرناکەوێت، بەڵام لە بزوێنه‌ر و سیستمی بەرگریدا کێشەی هەیە و تا ئێستا چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە.