ڕاپۆرتی کوردستانی

03:42 - 04/09/2019

فۆبیای وشەی کورد و کوردستان لە چاپ و بڵاوکراوەی تورکیادا‌

پەیسەر

لەم دواییانەدا جارێکی تر پرسی تێکدان و سانسۆرکردنی وشەی کورد و کوردستان لەو بەرهەمە بیانیانەی کە لە تورکیا وەردەگێردرێن و چاپدەکرێن بووه‌ته‌وه‌ ڕۆژه‌ڤ.

 وەرگێڕە تورکەکان لە بەرهەمی "یازدە چرکە"ی پاولۆ کۆیلۆ و "گەشتنامە"ی ئەولیا چەلەبی و "خاشخاشەکان"ی بێرنارد لویس و ژمارەیەکی تر لە بەرهەمە به‌ناوبانگەکاندا وشەی کوردستانیان وەک "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" یان جێگە و شوێنی کوردەکان بەکارهێناوە. خوێنەرانیش ڕەخنەیەکی زۆریان لە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەک جان و یاپی کرێدی و ئەڤرەنسەل باسن گرتووە کە بەرهەمەکانیان لەچاپداوە.

بۆچی لەجێی وشەی کورد و کوردستان، وشەی دیکە بەکاردەهێنرێت؟ ئایا وەرگێر و ناوەندەکانی چاپ مافیان هەیە وشەکان بگۆڕن؟ سزایەکی یاسایی ئەو کەسانە دەگرێتەوە؟

لەم بارەیەوە ماڵپەری "ئەحواڵنیوز" بۆچوونی ژمارەیەک میدیاکار و وەرگێڕی وەرگرتووە و تێیدا وەرگێڕ و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەکانیان بە توندی ڕەخنەکردووە.

ڕژێمی تورکیا جگە لە "دڕەندەیی" میراتێكی بۆ کورد جێنەهێشتووە
حسێن سیابەند خاوەنی ناوەندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی هیڤدا کە کتێبێکی بەناوەی "تێکدان" بڵاوکردووەتەوە و بەهۆیەوە لە تورکیا سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە دەڵێت، تایبەتمەندیەکانی کورد وەک موڵکی گەلانی دیکە نیشاندەدرێت و وشەی نەشیاوی وەک "دڕندە" بۆ کوردەکان بەکاردەهێنرێت.

حسێن سیابەند بەم شێوەیە باس لە تێکدانی مێژووی کورد لەلایەن وەرگێرە توركه‌کانەوە دەکات: "وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە بوونی خۆیان بدەن لە کوردستان، دەست بە کڕین و تێکدانی مێژوو دەکەن. بەو شێوەیە ئەو گەلانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن، هەوڵی دروستکردنی مێژووی خۆیان دەدەن. دەوڵەتەکانیان پشتگیریان دەکەن و بودجەی تایبەتیان بۆ دابیندەکەن، زانکۆی تایبەتیان بۆدەکەنەوە و لە ڕووی هونەرەوە پەرە بە مێژووکەیان دەدەن.

گەلی کوردیش خاوەنی دەوڵەت و پشتیوانێک نییە. لە بوونی دەوڵەت بێبەشە و خاوەندارێتی لە بەڵگەی مێژوویی و هونەری خۆی ناکات.

حسێن سیابەند ئاماژە بەوە دەدات، لە زۆر کتێب و بەرهەمدا باس لەوە دەکرێت، کاری زەڕەنگەری لەلایەن جووه‌كان و دروستکردنی فەرشی گرانبەها لەلایەن فارسەکان و پەیکەرتاشی لەلایەن ئاشووریەکان و ئەندازیاریش لەلایەن ئەرمەنەکان و بەرهەمە کوردیەکانیش لەلایەن تورکەکانەوە دروستکراون. ڕژێمی تورکیا جگە لە "دڕەندەیی" میراتێكی بۆ کورد جێنەهێشتووە. گەلی کوردی لە مێژوو و میراتەکەی دوورخستووەتەوە. کوردی لە مرۆڤایەتی، دین و خودی خۆی دوورخستووەتەوە و تا ئێستاش سیاسەتەکەی بەرامبەر کورد درێژە پێدەدات. لێرەوە دەتوانین بە ئاشکرا بڵێین، تێکدانی مێژوو کارێکی دوژمنکارانەی ڕژێمی تورکیایە و بە ئەنقەست ئەو کارە دەکات.

سیابەند دەڵێت، تێکدانی مێژووی کورد بە تەنها تاوانی وەرگێڕەکان نییە، بەڵکو سیاسەتی دەوڵەتە و دەتوانین وەک مێژووی ساختەی دەوڵەت پێناسەی بکه‌ین. هەوڵدەدەن لەڕووی وێژە و زمان و کۆمەڵناسی و جوگرافیاوه‌ بەڵگەی ساختە دروست بکەن و لەسەر بناغەی ڕەتکردنه‌وه‌ی کورد دەوڵەتەکەیان بپارێزن.

حسێن سیابەند لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، هەوڵی شاردنەوەی بەها نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەدرێت. هەزاران بەڵگە هەن باس لە گەلی کورد و زمانی کوردی و کوردستان دەکەن، بەڵام بە وردی کار لەسەر شاردنەوەی بەڵگەکان دەکرێت. بۆ نموونە، رێ بە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی نادرێت و ڕەخنەکانیشی لەبارەی تێکدانی کتێبی "کەشتی کوردەکان" وەک پروپاگەندەی تیرۆر پێناسەکراوە و پڕۆسەی دادگاییکردنەکەشی تا ئێستا بەردەوامە و دەڵێت، " ئەوانەی خۆیان وەک پرۆفیسۆر و پسپۆڕ نیشاندەدەن و مێژوو تێکدەدەن، وەک ئەوەی هیچ شتێک نەبووبێ هەڵسوکەوت دەکەن. جێی بایەخە ئەوەش بگوترێت، تێکدانی مێژوو لەڕێی موزیک و سینەما و وێژەوە بەردەوامە. پێویستە گەلی کورد هەوڵی دروستکردنی پێگەی خۆی بدات. دەبێت مێژوونووس و زمانزانانی كورد ئەرکی سەرشانیان بەجێبهێنن و تاکی کورد بە وردی  کتێبە وەرگێردراوە تورکییەکان بخوێنێتەوە.

بە هیچ شێوەیەک دەرفەتی پێشکەوتنیان بە کورد نەداوە
لەلایەکی ترەوە پەریخان ماغدەن کە بەهۆی كاركردنی لەسەر زمان و مێژووی کورد لە دادگای ئاسایشی دەوڵەتی تورکیا سكاڵای لەسەر تۆمارکراوە، لەبارەی تێکدانی مێژووی کورد لەلایەن تورکیاوە ئاماژە بەوەدەدات، کۆنفۆشیوس قسەیەکی جوانی هەیە. دەڵێت، "ناوەکان ڕاست بکەنەوە".بەم شێوەیە پێویستە ئێمە ڕاستیەکان بڵێین، بەڵام پرسەکە بە تەنها کێشەی وەرگێڕان نییە. تورکەکان پشت بە درۆکانیان دەبەستن و لەسەریان دەژین. دوژمنایەتی مێژووە ڕاستەقینەکە دەکەن و ڕۆژ بە ڕۆژیش جێگەی خۆیان دەکەنەوە. ئەو ٢٥٠ و ٣٠٠ وشەیەی دروستیان کردووە و لەناو خەڵکیدا بڵاویدەکەنەوە جێی خۆیان دەگرن. ئەمەش دۆخێکی زۆر مەترسیدارە و سیاسەتی ڕەتکردنه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌ی مێژووە.

پەریخان ماغدەن دەڵێت، لە ڕاستیدا کۆمەڵکوژیەک هەیە. تورک هەموو کاتێک پەلاماری کوردیان داوە. کوردیش خۆی پاراستووە، بەو هۆیەوە بە هیچ شێوەیەک دەرفەتی پێشکەوتنیان بە کورد نەدا.

پەریخان ماغدەن لە کۆتاییدا ئەوەی خستەڕوو، لە دۆخێکی خراپداین. تا ئێستاش سانسۆر لە سەر کوردستان هەیە، بەڵام چەنده‌ سیاسەتی ڕەتکردنه‌وه‌ بەڕێوەببەن. ئێمە بە منداڵەکانمان دەڵێین، کوردستان هەیە، هەزاران ساڵە هەیە و هەر دەمێنێتەوە.

لە کتێب و بەرهەمە کۆنەکاندا زۆرجار له‌جێی وشەی کورد، تورک بەکارهێنراوە
عەبدوڵا کەسکین وەرگێڕ لە ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاڤێستا ئاماژە بەوە دەکات، تێکدانی مێژووی کورد بە چەند هۆکار و شێوەیەک دەکرێت. هەندێک وەرگێڕ لە ترسی دەوڵەت ئەو کارە دەکەن و هەندێکیشیان بە ئەنقەست لە سەر داوای حکومەت ئەو کارە دەکەن. هەندێک کەس کتێبیان لەسەر نەبوونی کوردستان نووسیوە. هەندێکیان وشەی کوردستانیان لە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکان دەرهێناوە و هیچ یاسایەکیش نایانگرێتەوە، بەڵام دەبێت ڕه‌خنه‌ له‌ ناوەندەکان و وەرگێڕەکان بگیرێت. ئێمە ڕه‌خنه‌مان له‌ هەندێکیان گرت و شەرمەزارییان نیشاندا. هەندێکیان بۆ ئەوەی دەست لە کارەکانیان هەڵبگرن بە ناڕاستەوخۆ داوای پارەیان دەکرد. هەندێکیان هەوڵیاندا لە کارەکانیان بەردەوام بن. بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک هەنگاومان بەرەو دواوە نەنا. هەرچەندە فشاریشیان بۆ هێناین، بەڵام ئێمە لەسەر ڕاستی و دروستی کاری وەرگێرانی بەرهەمەکان بەردەوام بووین. لەوانەیە ژمارەیەک لە خوێنەرەکانمان ڕەخنەشیان هەبووبێت، بەڵام شاردنەوەی ڕاستیەکان فێڵکردنە لە خوێنەر. زۆر دەستەواژە هەن دەتوانن کێشە دروستبکەن. ئێمە گوێی پێنادەین و بڵاویاندەکەینەوە. لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر کتێبمان هەیە بەهۆی ناوەکانیانەوە قەدەغەکراون.

کەسکین دەڵێت، لە کتێب و بەرهەمە کۆنەکاندا زۆرجار له‌جێی وشەی کورد، تورک بەکارهێنراوە. ئەمەش بێڕێزیکردنه‌ بە مێژوو. بۆ نموونە لە کتێبەکەی "ئیبن ئەسیر"دا وشەی "ئەکرادیان" دەرهێناوە و لەجێگەی وشەی "ئەتراک" بەکارهێنراوە. بەم کارانە ناتوانن مێژوو تێکبدەن، له‌بەرئەوەی زوو یان درەنگ ئاشکرا دەبن. ئێمە لە دادگاکاندا ئاماژەمان بەوە کردووە کێشەکە تەنها ئازادی ڕادەربڕین نییە، بەڵکو ڕاستیەکی مێژووییە. کورد گەلێکی کۆنی سەر ئەم خاکەن. لێکۆلەرە بیانیەکان و نووسەرە بەناوبانگەکانی وەک ئۆرهان کەمال و یاشار کەمالیش دانیان بەوەداناوە کە ئەم خاکە ناوی کوردستانە. ٨٠٠ ساڵ بەرامبەر سوڵتان سەنجار سوڵتانی سەرجوقییەکان وشەی کوردستانی بەکارهێناوە. بە سانسۆرکردن ناتوانن ڕاستیەکان بشێوێنن. ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٢٠ و شەستەکان و تا نەوەتەکان ئەوەمان بۆدەردەخەن، ئەگەر دەوڵەت بیتوانیایه‌ کورد لەناوببات لەو کاتە باشتری  نه‌بوو، به‌ڵام نەیانتوانی و ناتوانن. کاتێک ڕاستیەکان دەردەکەون، ئەو کەسانەی کاری تێکدانی مێژوو دەکەن، ڕسوا و شەرمەزار دەبن.

نووسەرە تورکەکان تووشی فۆبیای وشەی کورد بوون
عەلی دوران تۆپوز بەرپرسی ڕۆژنامەی دووار دەڵێت، تێکدانی مێژوو بەشێکە لە سیاسی ڕەتکردنه‌وه‌ و لەناوبردنی دەوڵەتی تورکیا. ئەو کەسانە ڕووبەڕووی هیچ سزایەک نابنەوە و تووشی فۆبیای وشەی کورد بوون، هۆکارەکەشی ئەوەیە، بڕیارێکی سیاسی لەبارەی کوردەوە دراوە. سیستمەکە لە ڕاستیدا سیستمی لەناوبردنی کوردە. ئەوان دەڵێن وەرگێڕەکانیان لە چوارچێوەی گۆڕینی بەرهەمە تورکیەکان لە زمانی عوسمانیەوە بۆ لاتینی کاردەکەن، بەڵام ناوێکیان لێدەنێن جیاوازی نییە، به‌ڵام لە ڕاستیدا هەوڵی ڕەتکردنه‌وه‌ی کەلتوری کورد دەدەن.

هیچ کەسێک بەهۆی وەرگێڕانی کتێبی ئەولیا چەلەبی و پاولۆ کۆیلۆ، کە وشەی کورد و کوردستانیان بەکارهێناوە، سزانادرێت. واتە ڕەتکردنه‌وه‌ی ناوی کورد و کوردستان تەنها به‌هۆی ترسی وەرگێڕەکان لە حکومەت نییە، بەڵکو کردەوەیەکی ئایدۆلۆژییە. سیاسەتی رەتکردنه‌وه‌ و لەناوبردنی کورد لەلای تورک بووەتە "کوردۆ فۆبیا". کاتێک وشەکە دەبیستن، نیگەران دەبن. هەوڵی شاردنەوەی دەدەن و دەیگۆڕن. بەو شێوەیە پشتگیری لە سیاسەتی لەناوبردنی کور دەکەن.

تۆپوز ئاماژە به‌ چۆنیەتی ڕێگرتن لەو سیاسەتە ده‌كات و ده‌ڵێت، بۆ ئەوەی ڕێ لەو سیاسەتە بگیرێت یان کاریگەرییەکەی کەمبکرێتەوە، تەنها کار و ئەرکی ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ کوردیەکان گرنگ نییە، پێویستە ئەو کەسانەی بڕوایان بە دیموکراسی و ژیانی هاوبەشی گەلان هەیە، پشتگیری لە هەڵمەتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسەتی تواندنەوە بکەن. دەبێت ناوەندەكانی چاپ و بڵاوکردنه‌وە تورکیەکانیش بەشداریان پێبکرێت و کارەکە بەو شێوەیە سەرکەوتوو دەبێت. ئەم پرسە تەنها پەیوەندی بە کوردەوە نییە، پرسی هەموو مرۆڤێکی بە ئەخلاقە. دەبێت هەموو کەسێک ئەوە بزانێت، لە تورکیا ناتوانرێت بەرهەمەکانی "ئەولیا چەلەبی" بە ڕاست و دروستی بخوێنرێت. باشە کێ دەتوانێت بەو کەلتورە ڕازی بێت؟ پێویستە لە چاوپێکەوتنەکان و پلاتفۆرم و راگەیاندنەکاندا باسی ئەم پرسە بکرێت و هەموو ڕێگەیەک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بگیرێتەبەر.

بە پێی بۆچوونی عەلی دوران تۆپوز، وشەی کورد و کوردستان تەنها لە ڕاگەیاندندا قەدەغە نییە، بەڵکو لە دادگاکانیشدا تاوانە. نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت، هاوڵاتیەکی کورد لە شاری باتمانی باکووری کوردستان دەستگیرکرابوو و لە دادگا وشەی کوردستانی بەکارهێنابوو. بەهۆی بەکارهێنانی وشەی کوردستان، دادوەر بە قورسترین مادە کە "تیرۆرە" سزایدا. هەرچەندە "شیرین شەن" پارێزەری هاوڵاتیە کوردەکە لەبەردەم دادوەرەکەدا باسی لەوەکردبوو، وشەی کوردستان پەیوەندی بە هیچ لایەنێکەوە نییە. کوردستان جوگرافیایەکە و پێویستە بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە، بەڵام گوێی لێنەگیرا. بە پێچەوانەوە سکاڵا لەسەر "شیرین شەن" تۆمارکرا.