ڕاپۆرتی کوردستانی

07:45 - 05/09/2019

كام باڵ تاجى كۆنگره‌ ده‌باته‌وه‌؟‌

پەیسەر پرێس

تا مشتومڕى كۆنگره‌ له‌نێو یه‌كێتى گه‌رمترده‌بێت، ململانێى باڵه‌كان توندترو ئاڵۆزتر ده‌بێت، ئه‌م چه‌ندرۆژه‌ ناوخۆى یه‌كێتى له‌هیچ كام له‌ قۆناغه‌كانى پێشوو ناچێت، به‌رپرسه‌كانى له‌ له‌ مانۆڕه‌كانیان ناوه‌ستن، بۆ ئه‌وان ئیدیى كۆنگره‌ى مان و نه‌مان له‌ پێشه‌، مام جه‌لال قسه‌یه‌كى باوى هه‌یه‌،گوتویه‌تى( ئاو ئاگرو كۆنگره‌ ئامانیان نییه‌)، پێده‌چێت به‌رپرسه‌كانى یەکێتی هه‌وڵه‌ تاقه‌تپڕوكێنه‌كانیان له‌ خۆڕانه‌بێت، كۆنگره‌ ره‌حم ناكات ئه‌گه‌ر باڵێك نه‌بێته‌ په‌نا بۆ به‌رپرسه‌كان.

بافڵ تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، دوو جه‌مسه‌رى سه‌ره‌كى یارى كۆنگره‌ن، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵحیش بێ باڵ نییه‌، ئه‌و له‌و نێوه‌نده‌ خۆى نه‌خستووه‌ به‌لادا پێده‌چێت به‌سه‌وڵى هه‌ردوولاوه‌ به‌ كۆنگره‌دا ره‌تبیێت.

بافڵ تاڵه‌بانی: كۆنگره‌یه‌ك بێ پشك پشكێنه‌ و تاقم و ده‌ستگه‌ری ده‌به‌ستین

رۆژی ٢٠ی ئاب بافڵ تاڵه‌بانی كوڕه‌گه‌وره‌كه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی، له‌ده‌باشان له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاندێکی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی حزبه‌كه‌ی رایگه‌یاند، كۆنگره‌ی راسته‌قینه‌ و نوێبوونه‌وه‌ و بێ پشكپشكێنه‌ و تاقم و ده‌ستگه‌ری ده‌به‌ستن و بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ كات به‌فیرۆ ناده‌ن، په‌یامه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی پشتیوانی نامه‌ كراوه‌كه‌ی ١٥ی ئابی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی تێدابوو کە بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ-ی ناردبوو به‌جۆرێك بافڵ تاڵه‌بانی ده‌ڵێت، بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ كات به‌فیرۆناده‌ن و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت چیتر چاوه‌ڕوانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ناكه‌ن بۆ دیاریكردنی كۆنگره‌.

بافڵ تاڵه‌بانی له‌و په‌یامه‌یدا وه‌ڵامی دوو داواكاری كۆسره‌ت ره‌سوڵی دایه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌داواكاری كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ سڕكردنی شانازئیبراهیم ئه‌حمه‌د، بافڵ تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، سه‌باره‌ت به‌ ره‌خنه‌ی دڵسۆزانی یه‌كێتی، یه‌كێتی هێزی گه‌ل و كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌ره‌كانیه‌تی، له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌ل و ئه‌ندام و دڵسۆزه‌كانی بڕیار له‌چاره‌نووسی ده‌ده‌ن، نه‌ك ده‌سته‌گه‌ری و رێككه‌وتنی تاقم و گروپی به‌رژوه‌ندیخواز.

هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی وه‌ڵامی داواكاریه‌كی تری كۆسره‌ت ره‌سوڵی دایه‌وه‌ كه‌ داوای كۆنگره‌ی ته‌وافوقی كردبوو كاتێك بافڵ تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، كۆنگره‌ی راسته‌قینه‌ی نوێ بوونه‌وه‌ و بێ پشك پشكێنه‌ و تاقم و ده‌ستگه‌ری ده‌به‌ستن، رێگه‌ش ناده‌ن به‌ناوی یه‌كێتیه‌وه‌ شه‌رعیه‌ت به‌ ده‌سته‌گه‌ری و پشك پشكێنه‌ بدرێت و موزایه‌ده‌ به‌ناوی خوێنی شه‌هیدانه‌وه‌ بكرێت.

په‌یامه‌كه‌ی ٢٠ی ئابی بافڵ تاڵه‌بانی، ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ بوو كه‌ نامه‌كه‌ی ١٥ی ئابی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، به‌پشتیوانی ماڵی تاڵه‌بانی بووه‌.

بافڵ تاڵه‌بانی ده‌توانێت بەڕەکەی ژێرپێی كۆسره‌ت ره‌سوڵ رابکێشێت؟

بافڵ تاڵه‌بانی كه‌ به‌نیازی پۆستی سكرتێری یه‌كێتی-یه‌، په‌یامی خۆی ئاڕاسته‌ی هه‌موو باڵه‌كانی یه‌كێتی كرد، كه‌ رێگه‌یان پێنادرێت به‌ باڵ باڵێن شه‌رعییه‌ت له‌كۆنگره‌ وه‌ربگرن، به‌ڵام ئایا بافڵ تاڵه‌بانی ده‌توانێت كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌یاریه‌كه‌ بكاته‌ده‌ره‌وه‌؟ به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی پێگه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، ئاسان نییه‌ بافڵ تاڵه‌بانی بتوانێت له‌یاریه‌كه‌ بیكاته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ی ئێستا وه‌ك كارتی فشاره‌ بۆئه‌وه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ناچار بكات به‌ بوونی بافڵ تاڵه‌بانی به‌سكرتێر رازیبێت.

پێشبینی ده‌كرێت گه‌ڕێكی دانوستان له‌نێوان باڵه‌كانی یه‌كێتی پێش كۆنگره‌ ده‌ستپێبكات، كه‌ بافڵ تاڵه‌بانی سوره‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئه‌و دانوستانانه‌ به‌دڵی ئه‌وبن و خۆشی یاریه‌كه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌، بۆئه‌مه‌ مه‌لابه‌ختیاری خه‌زووری گه‌ڕاندووەته‌وه‌ ناو حزب، پێده‌چێت له‌دژی باڵی به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ناو كۆنگره‌ به‌كاری بهێنێت، هەروەها كۆتایی به‌ باڵی بێلایه‌نه‌كانی ناو یه‌كێتی هێنا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ عیماد ئه‌حمه‌د و عومه‌ر فه‌تاح و حاكم قادر بوون.

به‌پێی ئاماژه‌كان بافڵ تاڵه‌بانی نه‌ك هه‌ر ناتوانێت كۆتایی به‌ باڵ باڵێنی ناو حزبه‌كه‌ی بهێنێت، به‌ڵكو پێش كۆنگره‌ پێویستی به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ باڵه‌كان ده‌بێت، به‌ڵام ده‌یه‌وێت زۆر به‌لاوازی دانوستانیان له‌گه‌ڵ بكات و هێز و كاریگه‌رییان بخاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی و له‌و كاته‌دا ده‌ستی گفتوگۆیان بۆ درێژ بكات.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ پرۆژه‌ی هه‌یه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كات پشتیوانی بكرێت

كۆسره‌ت ره‌سوڵ خاوه‌نی پرۆژه‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی ته‌وافوقی یه‌كێتی-یە، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پرۆژه‌كه‌ی خستووەته‌ سه‌ر مێز و چاوه‌ڕێ ده‌كات ئه‌ندامانی تری مه‌كته‌بی سیاسی و ته‌نانه‌ت به‌رهه‌م ساڵح له‌ده‌رگای بدات، بۆئه‌وه‌ی پشتیوانی پرۆژه‌كه‌ی بكه‌ن، كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێیوایه‌ به‌بێ بوونی ته‌وافوق پێش كۆنگره‌ ئه‌نجامدان و ده‌رئه‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ قورس ده‌بن، ئه‌و نمونه‌ به‌ كۆنگره‌ی سێی یه‌كێتی ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ تاڵه‌بانی باوك پێش كۆنگره‌ رێككه‌وتن و ته‌وافوقی له‌گه‌ڵ باڵه‌كانی یه‌كێتی كرد.

هه‌ردوو باڵه‌كه‌ به‌رهه‌م ساڵح-یان دەوێت

ئێستا كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌ستپێشخه‌ریی خستووەته‌ به‌رده‌م به‌رهه‌م ساڵح و چاوه‌ڕێی وه‌ڵام ده‌كات، كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێشنیاری ئه‌وه‌ی خستووەته‌به‌رده‌م به‌رهه‌م ساڵح كه‌ ببێته‌ سكرتێر و پۆسته‌كانی دیکەش زۆرینەیان بۆ باڵەکەی خۆی بێت، به‌ڵام هێشتا بەرهەم ساڵح ئه‌زموونی كاركردنی ناوه‌ندی بڕیاری بیرنه‌چووەته‌وه‌ بۆیه‌ له‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ دوودڵه‌.

جگه‌ له‌وه‌ش به‌رهه‌م ساڵح پێی وایه‌ ماڵی تاڵه‌بانی ئه‌وه‌نده‌ لاواز نین، كه‌ به‌رێككه‌وتنی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ئه‌و بكرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی یارییەکە، بۆیه‌ به‌رهه‌م ساڵح چاوه‌ڕێی فه‌رمووی بافڵ تاڵه‌بانییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی خۆی به‌ته‌واوه‌تی یه‌كلایی بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ماڵی تاڵه‌بانی بتوانن به‌رهه‌م ساڵح رازی بكه‌ن ئه‌وه‌ خستنی باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌كۆنگره‌ كارێكی قورس نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وایكردووه‌ به‌رهه‌م ساڵح و ماڵی تاڵه‌بانی كه‌مێك په‌یوه‌ندییه‌كانیان ساردبێته‌وه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مه‌لابه‌ختیاره‌ بۆناو یه‌كێتی، له‌لایه‌ن ماڵی تاڵه‌بانی به‌بێ ئاگاداری دووجێگره‌كه‌ی سكرتێری گشتی.

كۆنگره‌ به‌بێ ته‌وافوق

یه‌كێك له‌ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م یه‌كێتی ئێستا به‌ستنی كۆنگره‌یه‌ به‌بێ ته‌وافوق، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌سه‌ره‌تادا كێشه‌ دروستبكات، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر هه‌موو  باڵه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ بچنه‌ هۆڵی كۆنگره‌، به‌ڵام پێناچێت به‌یه‌كه‌وه‌ له‌هۆڵی كۆنگره‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئێستا بافڵ تاڵه‌بانی توانیویه‌تی باڵه‌كانی حزبه‌كه‌ی له‌پێنجه‌وه‌ بۆ سێ كه‌م بكاته‌وه‌، چیتر مه‌لابه‌ختیار له‌ناو یه‌كێتی باڵ نیه‌، به‌ڵكو به‌شێكه‌ له‌باڵی ماڵی تاڵه‌بانی، هه‌روه‌ها باڵی بێلایه‌نه‌كانیش كۆتایی هات ئێستا باڵی ماڵی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح هه‌ن.

ئه‌گه‌ره‌ به‌هێزه‌كه‌

ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌كرێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌شداری كۆنگره‌ ناكات، ئه‌گه‌رچی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌نامه‌كه‌یدا بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ رێگاچاره‌ی ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو كاتێك له‌كۆتایی نامه‌كه‌یدا نوسیویه‌تی، ( هه‌موو ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی كه‌ رێگری له‌به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كه‌ن و له‌و پرۆسه‌ دیموكراسییه‌ ده‌ترسن، ده‌توانن هه‌م وه‌ك میوان یان چاودێر و هه‌م وه‌ك ناوه‌ندی بڕیار یاخود هاودیدێك به‌شداری له‌كۆنگره‌ بكه‌ن). ده‌شڵێت یه‌كێتی نه‌كه‌سی لێ زیاده‌ و نه‌كه‌سی لێ كه‌مه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌.

به‌ڵام پێناچێت ماڵی تاڵه‌بانی مل بده‌ن بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌ك به‌بێ به‌شداری كۆسره‌ت ره‌سوڵ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ره‌به‌هێزه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی ته‌وافوقی بێت یان دوابخرێت تا ئه‌و كاته‌ی ته‌وافوق ده‌كرێت.