ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:29 - 06/09/2019

كێ لەپشت تیرۆری پسپۆڕو شارەزایانی ئێرانەوەیە؟‌

پەیسەر

ئەوكاتانەی پسپۆڕو شارەزایانی ئەتۆمی ئێرانی لە سەر شەقام و لەنێو ماڵەكانی خۆیاندا تیرۆر دەكرێن، سیناریۆی داتاشراوی هەمیشەیی ئەوەیە كە نەیارانی ئێران ئەو كارە دەكەن و ئەوانەشی كە كارەكان ئەنجام دەدەن خەڵكی ئێرانن و كار بۆدەزگا هەواڵگریەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا دەكەن، پاشان بۆ سەلماندنی ئەوكارەش هەر جارەی كەسێك یان گروپێك دێننە سەر شاشەو دانپێدانانەكانیان بڵاو دەكەنەوە.


بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵەكانی دەزگاكانی ڕاگەیاندن، لە چەند رۆژی پێشوودا بەشی سیخوڕیی لە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران كۆبوونەوەی نائاسایی خۆی كردووە، دوای تەواو بوونی كۆبوونەوەكە وەزارەتی ئیتڵاعات كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەستووەو و تیایدا ئاماژە بە چەند دۆسیەیەكی سیخوڕیی دراوە بە بێ ئەوەی ناوی كەسەكان بدركێندرێت، بە پێی سەرچاوە هەواڵیەكانی نزیك لەو وەزارەتە، لە پێگەی فەرمی بی بی سی بڵاوكراوەتەوە، یەكێك لەتەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بریتی بووە لەدزەكردنی هەندێك زانیاریی گرنگ و بۆ ئەو مەبەستەش گومانی تەواوەتییان لە سەر خودی زاناو شارەزاكانی بواری چەكە ئەتۆمیەكانی خۆیانە، لەناو ئەوانەشدا (مەسعود عەلی موحەمەدی –تیرۆركراو) ، گوایە لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو ئەو زانانیاریانە دراوە بە دەزگای هەواڵگریی موسادی ئیسرائیل.


مەسعودی عەلی محمدی، شارەزای بواری فیزیا، لە دایك بووی 1959 ی تارانە، لە رۆژی 12/1/2010 لەبەردەم ماڵی خۆیاندا تیرۆر كرا، دەسەڵاتدارانی ئێران سیخوڕەكانی ئەمەریكاو ئیسرائیلیان تۆمەتباركرد، دوای ئەو كارە تیرۆرستییە زنجیرەیەك هەڵمەتی دەستگیركردن دەستیپێكرد.

بەڵام بە پێی بەدواداچوونە رۆژنامەوانیەكان زۆرینەی گومانەكانی ئەو وەزارەتە دەچێتەوە سەر لێكۆڵەرەو توێژەری بواری ئەتۆمی بە ڕەگەز ئێرانی (ئەحمەد رەزا جەلالی) كەمافی پەنابەریی لە وڵاتی سوید هەبووە، رۆژی یەك شەممە 24/4/2016 كاتێك گەڕایەوە ئێران لەلایەن دەزگای ئیتڵاعاتەوە لەتارانی پایتەخت دەستگیركراو دوای دادگایی كردنی، لەرۆژی شەممە 21/10/2017 فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو ، پاشان بەمەبەستی ڕاساندنی بڕیارەكە  رۆژی یەك شەممە 10/12/2017 لە لایەن (دیوانی عالی كشور- ئەنجومەنی باڵای وڵات) فەرمانی لە سێدارەدانەكەی پشتڕاست كرایەوە.

بەشی دژەسیخوڕیی سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعات لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران زنجیرە فیلمێكی دانپێدانانی دیكۆمێنتاری بەناونیشانی  -تیشە بر ریشە- پەخشكرد و لەو بەرنامەیەدا ، مەسعود عەلی محەمەدی و مەجید شەهیاری وەك سیخوڕیی فەرمی ئیسرائیل نیشانی خەڵك دا، هەرچەندە لەكاتی گفت و گۆكاندا ناوو هەندێك زانیاریی سانسۆركراو هەبوون. كە بەمانای ئەوە دیت هێشتا هەندێك شت ماون كە كاریان لەسەر بكرێت و هێشتا دۆسیەكان نەگەشتوەتە ئەنجام. بەڵام ئەوەی مەبەستیان بوو پەخشیان كرد.


هاوكات هەرئەو رۆژەی كە فەرمانی لە سێدارەدان بۆ ئاغای جەلالی دەرچوو، ئەویش نامەیەكی نوسی وتیایدا هەموو ئەو شتانەی ڕەتكردەوە كە پەیوەندی كردبێت بە دەزگا ئیسرائیلیەكانەوە، لەو نامەیەدا باسی لەوەش كردووە كە تیمی لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی ئیتڵاعات لەژێر باری دەرونی خراپ و ئەشكەنجەو ئازاردا ناچاریان كردووە ئەو قسانە بۆ كامێرا بكات .

جێگەی تێڕامان و بیركردنەوەیە كە وەزیری ئیتڵاعات مەحمود عەلەوی لە بارەی دۆسیەی –مازیار ئیبراهیم- كۆبوونەوەی كردووە بە ئەنجومەنەكەی و وەڵامی هەندێك لە ئەندامانی مەجلیسی داوەتەوە، لەبەر ئەوەی دۆسیەیەكی پڕ لە كێشەی هەبووە، ئەگەر مازیار تاوانبار بوو بۆچی ئازاد كرا؟ ئەگەر بێتاوانیش بوو بۆچی ڕوونكردنەوە نادەن؟ 

مازیار لە نێوان ساڵانی 2012 و 2013 تۆمەتباركرا بە كوشتنی زانا و شارەزایانی بواری ئەتۆمی لە ئێران، پاش مانەوەی لە زیندانی ئەوین، ناچاریان كرد بە دروستكردنی سیناریۆیەك بۆ خۆی  و لە تەلەفزیۆن بڵاوكرایەوە، مازیار ئیبراهیمی لەبواری تەكنۆلۆژیادا كاری كردووەو  لكۆمپانیاكەی لە شاری سلێمانی باشووری كوردستان دامەزراندووە بەناوی –ئاهورا-، كاری ئەو دروستكردن و سەرپێخستنی تەلەفزیۆن و سەتەلایتەكان بووە، وەك باس دەكرێت هاوكاری زۆری تەلەفزیۆنەكانی ئێرانیش كردووەو پارەی زۆریشی كەوتوەتە لایان و ڕۆڵی هەبووە لە سەرپێخستنیان ، دواتر لە ڕێگەی كەسێكی نەناسراوەوە شكاتی ئەوەی لێدەكرێت كە سخوڕی ئیسرائییلیەكانەو لە پەیڕەوی ئاینیشدا –بەهائی-یە. وەك خۆی دەڵێت: شتی زۆری بە نرخی گونجاو بۆ دابینكردوون بەڵام كەسێك لەبەر ئەوەی سودی لە دابینكردنی پێداویستیەكانی تەلەفزیۆن دەبینی، ڕاپۆرتی لێداوەو ویستویەتی گیرۆدەی بكات.


مازیار كاری زۆری بۆ تەلەفزیۆنەكانی ئێران كردووە 

 لە ڕێگەی ئیدارەی تەلەفزیۆنەوە ئەو سكاڵایە بۆ وەزارەتی ئیتڵاعات بەرزدەكرێتەوە . مازیارو برایەكی و زاوایەكی دەستگیر دەكرێن، پاشان لە دۆسیەی مازیار دا نزیكەی 100 كەس دەستگیردەكرێن و رەوانەی زیندانی ئەوین دەكرێن و تۆمەتەكەشیان كوشتنی زانایان و شارەزایانی بواری ئەتۆمی ئێرانە. بەڵام كاتێك مازیار لە زیندان ئازاد دەكرێت، وڵاتی ئێران بە جێدەهێڵێت و ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا دەكات، ژیار گوڵ- پەیامنێری بی بی سی- چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەنجام دەدات و تیایدا ئاماژە بەوە دەكات كە هەرچی گوتووە لە ژێر فشاری دەرونی ئەشكەنجەی جەستەیی تاقەت پڕوكێندا بووە. ئەو بە ئاشكرا بە ژیاری گوتووە 16 مانگ لە ژورێكی یەك نەفەریدا بووە، چاوی بەیەك كەس نەكەوتووە، هەرچی ناڕەحەتی هەبووە چەشتویەتی، نەك ئەوەی كە بڵاوكرایەوە هەرچی تریان بویستایە دەمگوت بەس ئەوەندە دەربازم ببێت- خۆی وادەڵێت! یەكێك لەوشتانەی كە مازیار باسی دەكات ئەوەیە لە هەولێر بڕی 10 ملیۆن تومانیان لە كەس و كارەكەی وەرگرتووە تەنها بۆ ئەوەی هەواڵی سەلامەتی و مانی ئەویان بەبەڵگەوە بۆ بهێننەوە. 

بە پێی زانیاریەكانی –ویكیپیدیا- دوای ئەوەی لە ئێران ئازاد دەكرێت دەچێتەوە سەر كارەكەی لە سلێمانی، بەڵام دەزگا ئەمنیەكانی هەولێر ئەویان دەستگیر كردووەو بۆ ماوەی 11 مانگیش لەزیندانەكانی ئەواندا لەگەڵ گیراوەكانی داعش دا دەمێنێتەوە، بۆ ماوەی 64 رۆژ لە زیندانی تاكە كەسیدا دەیهێڵنەوە، پاش ئازادكردنی لە ساڵی 2018 دا بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا رۆشتووە. دۆسیەی مازیار لە كوشتنی شارەزاو پسپۆڕانی ئەتۆمی ئێراندا تا ئێستەش جێگەی مشت و مڕەو بەڵگەی ئەوانەیە كە دەڵێن ئەو دانپێدانانەی تەلەفزیۆنەكان جگە لە سیناریۆی دەسەڵات شتێكی دیكە نیە. 

مازیار ئیبراهیمی 7 ساڵ لەمەوبەر لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران دەركەوت و دانی بەوەدانا كە هاوڕێ لەگەڵ 12 كەسی تر چوونەتە ئیسرائیل و ڕاهێنانیان پێكراوە بۆ كوشتن و تیرۆركردنی زانایانی بواری ئەتۆمی و ناوكی ئێران، بەرپرسانی ئێرانی باسیان لەوە كردووە كە لە ماوەی تەنها 2009 و 2010 دا چوار زاناو پسپۆڕی بواری ئەتۆمی تیرۆر كراون.

لیژنەی ئەمنیەتی لەمەجلیسی شورای ئێران چەند كاتژمێرێك دوای تەواو بوونی ئەو كۆبوونەوەیە ڕایانگەیاند 53 تۆمەتبار كە هەموویان شارەزاو پسپۆڕی بواری ئەتۆم بوون داخراوە، لەبەر ئەوەی ئەو تۆمەتانەی درابووە پاڵیان وانەبوو، هەمووشیان قەرەبووی یاسایی دەكرێنەوە، بەپێی وتەی ، پاشان لە ڕێگەی میدیاكانەوە زانرا كە قەرەبووەكەیان بە پارە كراوەو لە ڕوانگەی مەعنەویشەوە تەنانەت داوای لێبودونیان لێنەكراوە، ئاغای ئیبراهیمی یەك مانگ پێش لەو بڕیارە بۆ  -ژیار گوڵ- ی پەیامنێری بی بی سی –فارسی- ڕوون كردبوویەوە كە 11 كەس لە ئازادكراوەكان لە ژێر ئەشكەنجەی توند و تاقەت پڕوكێن دا ناچار كراون دان بە تاوانەكانیاندا بنێن، هەر ئەو دانپێدانانەش دواجار كرانە بەرنامەی تەلەفزیۆنی و پەخش كران، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێرانی گوتیان ژیار دۆسیەكانی بەلاڕێدا بردووە.

یەكێك لەو دۆسیەیاندا پەیوەندی بە ئەحمەد رەزای جەلالی یەوە هەبوو، چوون ئەو یەكێك بوو لە تۆمەتبارەكان گوایە زانیاریەكانی داوەتە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل -موساد، دان پێدانانەكانی بۆ هەمان ئەو تیمە لێكۆڵینەوەیەی وەزارەتی ئیتڵاعات بووە كە ئاماژەی پێكراوە ، ئەویش لەژێر باری ئەشكەنجەی دەروونی و جەستەییدا ناچاركراوە بە داتاشینی درۆ و دروستكرنی سیناریۆیەك كە ئەوان بە دڵیان بێت، پێش لەوەی مازیار ئیبراهیمیش دەستگیر بكرێت تۆمەتبارێكی دیكە بەناوی –مەجید جەمالی فەشی- یان دەستگیر كردوو پاش دادگایی بردیانە ژێر پەتی سێدارە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو وەزارەتی ئیتڵاعات لە دۆسیەی –فەشی- دا هیچ دڵەڕاوكێ و دوودڵیەكی نیە.

فەشی كە خاوەنی مەدالیای برۆنزبوو لە یاری كینگ بۆكسێندا تۆمەتی كوشتنی  مەسعود عەلی محمدی یان دایە پاڵ، گوایە بە فەرمانی ئیسرائیلیەكان ئەو كارەی كردووە، پاشان لەڕێگەی ئەشكەنجەیەكی تونددا ناچاربە بە هەندێك دانپێدانان كراو پاشان لە سێدارە درا.

هەفتەی پێشوو هاوسەری ئاغای جەلالی ڕایگەیاند كارمەندانی وەزارەت ئیتڵاعات هاوسەرەكەیان ناچار كردووە بە دانپێدانانی نوێ، ئەویان خستۆتەژێرفشارێكی زۆر، بەڵام ئەمجارەیان ڕازی نەبووە هیچ قسەیەكیان بۆ بكات، ویدا مهران لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ –شاهد عەلەوی- رۆژنامەنوس دا گوتویەتی هاوسەرەكەیان بردوەتە شوێنێكی تایبەتی وەزارەتی ئیتڵاعات، پەیمانی ئەوەیان پیداوە ئەگەر لەبەرامبەر كامێراكاندا ئەوەی ئەوان دەیانەوێت بیڵێت، فەرمانی لە سێدارە دانەكەی هەڵدەوەشێننەوە، ئەو خانمەی هاوسەری ئەحمەدی جەلالی گوتوویەتی جاری پێشووش پێیان گوتووە ئەگەر ئەو قسانە بكات ئەوا ئازادی دەكەن، كەچی كاتێك دانپێدانانە ساختەكەی تەواو بوو لە تەلەفزیۆن بڵاوكرایەوە لەبری ئازادكردنی فەرمانی لەسێدارە دانەكەی دەرچوو.

لەدوای هەموو ئەو ڕوداوانە بەشی دژە سیخوڕیی وەزارەتی ئیتڵاعات تیرۆركردنی سەرجەم ئەو كەسانەی كە كاریان لە بواری وزەی ئەتۆمیدا بوو ئۆباڵەكەیان خستۆتە سەر دەزگای هەواڵگریی موسادی ئیسرائیل، ئەمەش مانایەكی ڕوون و حاشا هەڵنەگر دێنێتە پیشەوە كە دۆسیەی تیرۆركردنی زانایانی ناوكی هیچ مانایەكی بۆ نەماوەتەوەو سەری لە هیچەوە دەرچوو، كەچی جەخت لەسەر ئەوەی دەكاتەوە كە دۆسیەی – ئەحمەد رەزای جەلالی- جێگەی خۆیەتی و هیچ گومانێكمان لە ڕاستیەكەی نیە.


بەمانایەكی تر، دانیشتنەكانی ئەم ماوەیەی وەزارەتی ئیتڵاعات و لە ڕێگەی كۆكردنەوەی زانیاری و چاودێریكردنی هەندێك لە فەرمانبەر و كەسانی ناو وەزارەتەكەیان ئەوانی لەو دۆسیەیەدا بەهەڵەدا بردووە، بەڵام سەیرەكە لەوەدایە تا ئێستە بۆچوون و بڕیاری ئەو وەزارەتە بەجۆرێكە كە هیچ چاكسازیی یان پێداچوونەوەیەكی لەو دۆسیەیەدا نەكردووە.

بابەتی تیرۆری زانایان و پسپۆڕانی بواری ئەتۆم و فیزیای ئێران تا ئێستەش بابەتێكی گەرمە، بەهانەیەكی گەورەیە بۆ پاكتاوكردنی نەیارە سیاسیەكانی ناوخۆی ئێران، ئەوانەشی كە دەستگیر دەكرێن و دواتر سەریان لە پەتی سێدارەوە دەردەچێت یان ئازاد دەكرێن هەریەكەیان چیرۆكی خۆی هەیە. هەر چۆنێك بێت لە گێڕانەوەی ئەو چیرۆكانەدا دەگەینە ئەو باوەڕەی كە دەسەڵاتدارانی ئێرانی لە هیچ شتێك ناپرنگێنەوە ئەگەر بیانەوێت ئەنجامی بدەن.