ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:20 - 07/09/2019

لێدوانەکەی ئەردۆغان خراپ لەسەر تورکیا دەکەوێت‌

پەیسەر

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی چوارشەممە لە پێشانگای ئابووریی ئەنادۆڵی ناوەڕاستدا ڕایگەیاند، هەندێک وڵات خاوەنی کڵاوەی ئەتۆمین، بەڵام دەڵێن نابێت هیچ وڵاتێكی دیکە ببێتە خاوەنی کڵاوەی ئەتۆمی و گوتی،  تورکیاش مافی خۆیه‌تی کڵاوەی ئەتۆمیی هەبێت".

بە پێی بۆچوونی پسپۆڕانی وزە، لێدوانەکەی ئەردۆغان خراپ لەسەر تورکیا دەکەوێت و دەرئەنجامەکەی باش نابێت.

دکتۆر عەلی ئەحمەد سەرۆکی زانکۆی سیاسەتی وزە و پرۆگرامی ئاسایشی ئەمریکا لە بەیروت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی دۆیچه‌ڤێلای ئەڵمانی ڕایگەیاند، قسەکانی ئەردۆغان لەسەر هەندێک وڵاتی جیهان کە خاوەنی کڵاوەی ئەتۆمین ڕاستە. بەڵام رێگەدان بە وڵاتێکی تر کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی کارێکی ڕاست نییە.

دکتور عەلی ئەحمەد دەڵێت، قسەکانی ئەردۆغان لەسەر چەکی ئەتۆمی بە واتای ئەوە نایەن تورکیا دەست بە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دەکات، بەڵکو پەیامێکی سیاسییە. لە هەمانکاتیشکدا پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی شیکارییەکی ورد بۆ پەیامەکەی ئەردۆغان بکات.

ڕاشیگەیاند، پەیامەکەی ئەردۆغان نیشانەی ئەوەیە، وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدەن. ئەمە لەکاتێکدایە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی لەناوبردنی چەکی ئەتۆمی بدرێت و گوتی، "ده‌شێت قسەکانی ئەردۆغان پەیوەندی بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێرانیشەوە هەبێت، دەبێت ڕای گشتی خوێندنەوەی ڕاست بۆ قسەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا بکات".

 

چەین کاین پسپۆڕ لە ناوەندی ڵێکۆلینەوەی جەیمس مارتین بۆ لەناوبردنی چەکی ئەتۆمی دەڵێت، بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی پرۆسەیەکی قوڕسە و ناتوانرێت لەماوەیەکی کەمدا و بە ئاسانی چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنرێت.

کاین ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر تورکیا بە ڕاستی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، پێویستە ڕیسکی سەربازی و سیاسی لەبەرچاوبێت. بۆ نمونە دەبێت، بیرلەوەبکاتەوە ئەگەر ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ئاسایش و ئارامی ده‌مێنێت یان نا؟ لەبەرئەوەی تورکیا ئیمزای لەسەر ڕێککەوتننامه‌ی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە کە لە ساڵی ١٩٦٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادەکراوە و بەڵێنیداوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات.

وتیشی، لەلایەکی دیکەوە ئەگەر تورکیا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، وڵاتانی ناوچەکەش وەک هەڕەشەیەک لەسەر خۆیان دەیبینن و ئەنجامی خراپ بەدوای خۆیدا ده‌هێنێت.

 

مانگی ڕابردوو ئاژانسی "ئای ئێف پی" لە هەواڵێکدا باسی لەوەکردبوو، ژمارەیەک چەکی ئەتۆمیی ئەمریکا لە تورکیا هەن و ئه‌نجومه‌نی بەرگری و ئاسایشی ناتۆ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، تورکیا ژمارەیەک چەکی ئەتۆمی خۆی لە فڕۆکەخانەی ئینجیرلیکی تورکیا شاردووەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە په‌یمانگای نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ ئاشتی لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوە کردووە، وڵاتانی خاوەنی چەکی ئەتۆمی هەوڵی مۆدێرنیزەکردنی چەکی ئەتۆمی دەدەن. بە تایبەت یەکێک لە بەرنامە سەرەکیەکانی ئیدارەی ترەمپ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییە. لەبەرامبەریشدا ڕووسیا هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی چەکی پێشکەوتووی ئەتۆمی دەستپێکردووەتەوە.

لە جیهاندا نزیکەی ١٤ هەزار بۆمبی ئەتۆمی هەن
بە پێی ئامارەکانی په‌یمانگای نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ ئاشتی ژمارەی چەکە ئەتۆمیەکانی ئەمریکا و ڕووسیا نزیکەی 92%ی هەموو چەکە ئەتۆمیەکانی جیهانن. ئەمریکا خاوەنی شەش هەزار و ١٨٥ کڵاوەی ئەتۆمی و ڕووسیا خاوەنی شەش هەزار و ٥٠٠ کڵاوەی ئەتۆمییە. هەروەها بەریتانیا خاوەنی ٢٠٠ و فه‌ره‌نسا خاوەنی ٣٠٠ و چین خاوەنی ٢٩٠ و ئیسرائیل خاوەنی ٨٠ بۆ ٩٠ و هیندستان خاوەنی ١٤٠ و پاکستان خاوەنی ١٦٠ کڵاوەی ئەتۆمین. بە گشتی لە جیهاندا نزیکەی ١٤ هەزار کڵاوەی ئەتۆمی هەن.

کۆتایی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نزیکە
ئەمریکا و ڕووسیا بە دوو وڵاتی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەناسرێن.

لە ساڵی ١٩٨٧دا ڕێكکەوتنێک لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ ڕاگرتنی چەکی ئەتۆمی ئیمزاکرا و لە ساڵی ٢٠١٠دا دیسانەوە لە ژێر ناوی New Start ڕێكکەوتنێکی دیکە لەنێوانیاندتا بۆ کەمکردنەوەی چەکە ئەتۆمیەکان ئیمزاکرا كه‌ لە ساڵی ٢٠٢١دا وادەی ڕێککەوتنەکە کۆتایی دێت.

لەسەرەتادا ئەمریکا و دواتر ڕووسیاش ڕایانگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی وادەی ڕێککەوتنەکە جارێکی تر نوێی ناكه‌نه‌وه‌.