ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:33 - 07/09/2019

بەرزان تكریتی لە سەرۆكایەتی ئەمنی عامەوە بۆ بەردەم پەتی سێدارە‌

بەرزان تكریتی زڕبرای سەدام حسین و لە هەمان كاتیشدا ئاوەڵزاوای یەكتریش بوون ، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی-موخابەرات-ی رژێمی بەعسی لەناوچوو، لە 17/2/1951 لە تكریت لەدایك بووە، بە بەرزان ئیبراهیم تكریتی بەناوبانگ بووە، هاوسەگیریی لەگەڵ (ئەحلام خیرالله –ناسراو بە شجرة الدر) كردووەو پێكەوە بوونەتە خاوەنی شەش منداڵ (دوو كوڕو چوار كچ) هاوسەرەكەی لە ساڵی 1988 بە هۆی تووش بوونی بە نەخۆشی (شێرپەنجەی مەمك)لە نەخۆشحانەیەكی وڵاتی سویسرا گیانی لەدەست داوە. بەرزان دوو برای دیكەی هەبووە كەلەناو حكومەتی عێراقی و حیزبی بەعس دا ڕۆڵی گەورەیان هەبووە بەناوەكانی (سەبعاوی و وەتبان).


بەرزان دەركەوت:
كارو چالاكیەكانی بەرزان لە هاتنە پێشەوەی سەدام حسینەوە دەست پێدەكات، لە ساڵی 1976 دەبێتە جێگری دەزگای هەواڵگری رژێمی بەعس كە سەعدون شاكر تا ئەو كاتە سەرۆكایەتی دەكرد، كاتێك سەعدون لە ساڵی 1979 كرا بە وەزیری ناوخۆ، ڕێگە خۆش بوو بۆ ئەوەی بەرزان ببێتە سەرۆكی ئەو دەزگایەو تا ساڵی 1983 بەردەوام دەبێت، هۆكاری سەرەكی هاتنە پێشەوەی بەرزان بۆ ئەو ڕوداوەی گوندی  (دجێل) هاتە كایەوە كە تەقە لە سەدا حسین كراو لە هەوڵی كوشتن دەربازی بوو، ئەڵبەت دادگای باڵای تاوانەكان لە ساڵە 2006 دا  لە سەر كۆمەڵكوژی ئەو گوندە لە سێدارە درا. هەربۆیە متمانەی بە سەعدون شاكر كەم بوویەوەو بۆ پاراستنی خۆی و دەسەڵاتەكەی بەرزانی برای كردە بەرپرسی یەكەم و ئەویش بۆ مانەوەی خۆیان و حیزبەكەیان لە هیچ شتێك سڵی نەكردەوە. تەنانەن لە كاتی دادگایی كردنیشدا نەیشاردوەتەوە كە لەسەر فەرمانی سەدام حسین چووەتە ناوچەی دجیل و سەرپەرشتی هەموو كارەكانی كردووەو بۆ ماوەی سێ رۆژ لەوێ ماوەتەوە. ئەو دانی بەوەشدا ناوە چەند كەسێكی لە خەڵكی ئەو شارۆچكەیە بانگ كردووەو خۆی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كردوون. هەر بۆیە بۆ دادگا ڕوون بووەتەوە كە بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەو كۆمەڵكوژی و چۆڵكردن و سوتاندنەی دجێلەو بڕیاری لەدژ دەركراوە.


پیاوێكی مەترسیدار:
كاتێك سەدام حسین دێتە سەر حوكم و ئەحمەد حەسەن بەكر دەخاتە لاوە، بە پاڵپشتی بەرزانی برای بوو، چوون ئەو هەر لەو سەردەمانەوە بە (مەترسیدارترین پیاوی عێراق) ناوی دەركردبوو، لەبەر ئەوەی لەو كاتەوە بەڕێوەبردنی عێراق لە لایەن دەزگای هەواڵگری –موخابەرات- بەڕێوە دەچوو، هەركاێكی خەڵكی عێراق دەستی بۆ ببردایە سەری لە دەزگاكەی بەرزان تكریتی یەوە دەردەهێنا، بەپێی سەرچاوەكان یەكێك لەو هۆكارانەی كە بەرزان و دەزگاكەی كردبوویە مەترسیدارترینەكانی عێراق، ئەوەبوو كۆمەڵە كەسێكی لە خۆی و دەزگاكەی كۆكردبوویەوە و كاری پێدەكردن كە خاوەنی هیچ بەندوباوێك یان كەسایەتی و ناوبانگێكی باش نەبوون، زۆرینەیان لە ڕوانگەی كۆمەڵایتیەوە كەسانی خراپ و شكستخواردوو بوون، هەربۆیە كاری ئەوان تەنها دروستكردنی ترس بوو بەسەر سەری هەموو هاوڵاتیەكی ئەو وڵاتەوە، لە هەمان كاتدا پارەو ئیمكانیاتی ئابووی بەهێزیان خرابوویە بەردەست، تەنانەت كارەكانی بەرزان گەشتبوویە ئەوڕادەیەی كە لە سێدارەدان و ڕەمی كردنی سەران و ئەندامانی بەعسی بە كوڕەگەورەكەی خۆی (محمد) دەكرد كە هێشتا تەمەنی لە 20 ساڵاندا بوو!


خول و ڕاهێنان:
بۆ مەبەستی راهێنانی تیمەكانی تیرۆر و ترس و تۆقاندن بەرزان تكرێتی چەندین كەسی دەناردە وڵاتەكانیی (بولگاریا، ئەڵمانیای رۆژهەڵات و چیكسلۆفاكیا) بۆ ئەوەی لەوێوە فێرببن و بگەڕینەوە وڵاتی خۆیان و دەست بگرن بەسەر هەموو جومگەكانی وڵاتدا. یەكێك لەو كارانەی كە بەرزان و دارودەستەكەی ئەنجامیان دا، بریتی بوو لە لەناودانی جەستەیی و دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵكی دەوڵەمەندەكانی عێراقدا، هەروەها هێرشكردنە سەر كوردەكان لە باكووری عێراق و شێعەكانیش لە باشوور، لە هەمان كاتدا كردنەوەی زیندانی تایبەت بە موخابەرات و بڵاوەپێكردنی ئەندامەكانیان لە هەموو شارو شارۆچكەیەك، تەنانەت لەناو دەزگا حكومیەكان و سەربازگەكانیشدا نوێنەری ئەو دەزگا تۆقێنەرە هەبوو. لە كوردستان ئەو هەموو تاوانە ئەمنیانە ڕویاندا لەبەرامبەر خەڵكی كوردستان و دەزگا ئەمنیەكانی شارو شارۆچكەكان شایەتی ئەو دۆخەن، زیندانیانی سیاسیش ئەوڕاستییەیان پشتڕاستكردەوە كە دەزگا ئەمنیەكەی بەرزان چەندە ستەمكارو تۆقێنەرن، لە باشووری عێراقیش دەرهەق بە شێعەكانی ئەوەی لە دەست هات كردی و تەنانەت دەستی گەشتە تیرۆركردنی سەركردەیەكی دیاری ئاینی و مەزهەبی ناوداریی وەك محمد باقر سەدر.

ئوتێل و شۆفێری تاكسی:
بەرزان تكریتی زۆرینەی ئوتێلەكانی عێراقی كۆنترۆڵكردبوو، بە جۆرێك هیچ كەسێك نەیدەتوانی بۆ تەنها شەوێك لەناو ئوتێلێكدا بمێنێتەوەو ئەمنی ئەو شارە ئاگاداری نەبن و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ نەكەن بۆچی هاتووەو تا چەندە لەوێ دەمێنێتەوە، لەهەمان كاتدا زۆرینەی تەكسیەكانی ناو شارەكان كاری راستەوخۆو ناڕاستەوخۆیان بۆ ئەو دەزگایە دەكرد، ئەوەش لەبەر ئەوەی لەڕێگەی تەكسیەكانەوە كە بەردەوام دەگەڕێن و خەڵكی جۆراوجۆر دەبینن و چاودێری سەرجەم گەڕەك شەقامەكان دەبینن و دەتوانن لەو ڕێگەیەوە هەواڵی جۆراوجۆر كۆبكەنەوە.


قاسەی نهێنی سەدام:
زۆرینەی كارەكانی حكومەتی عێراقی بە پاڵپشتی بەرزان تكریتی لەڕێگەی ئەمنیەوە ئەنجام دەدرا، هەربۆیە عێراق ببوە وڵاتیكی ئەمنی و بەرزانیش ببوە كەسی یەكەمی ئەو بوارەوە سەدام حسین و حیزبی بەعسیش متمانەی تەواویان پێی هەبوو، بە جۆرێك زۆریك لە میدیاكانی جیهان بەرزانیان وەك قاسەی نهێنیەكانی ئەو ڕژیمە ناو دەهێنا. لەو سەردەمەی كە بەرزان وڵاتی عێراقی لە وڵاتی زانست و ئەدەب و پێشكەوتنەوە گۆڕی بە وڵاتی ئەمنی بە پێی ئاماری دەزگا میدیاییەكان نزیكەی یەك ملیۆن هاوڵاتی كوژراو و زیندانی كراون  ژمارەیەكی ئێجگار زۆری تریش ئاوارەی وڵاتان كراون. هەربۆیە دەزگای هەواڵگریی عێراق لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بە یەكێك لە دەزگا ئەمنیە بەهێزەكان دانراوە.

كێشەو ناكۆكی خێزانی:
ناكۆكیەكانی نێوان بەرزان لەگەڵ –حسین كامل- لەوەوە سەرچاوەی گرت كە ئەوان دەیانویست – رەغد-ی كچی سەدام حسین بخوازن بۆ برازایەكی خۆیان بەناوی –دهام الحسن- بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر خواستنی، ناكۆكیەكان بە سەركەوتنی ئیرادەی حسن كامل تەواو بوو، بەو هۆیەوە هەرسێكیان سزا دران، بەرزان لەكاری هەواڵگیریی دوور كەوتەوەو دەستی دایە كاری سەربەخۆو بەڕێوەبردنی كاروباری كۆمپانیا، بەڵام دواتر سەدام حسین هێنایەوەو كردی بە سەفیری پلە باڵا لە وەزارەت دەرەوەی عێراق و نوێنەر لە نەتەوە یەكگرتوەكان لە جنێف بۆ ماوەی یەك ساڵی تەواو لە 17/12/1988 تا 17/12/1989 ، لەپاش ئەوە  لە رۆژی گەڕاندیەوەو وەك ڕاوێژكاریی سیاسی خۆی بە پلەی (وەزیر) هێنایەوە عێراق تا مانگی 2/1993 ، دوای ئەوەش گوزارایەوە بۆ نێو دیوانی وەزارەتی دەروە، لەسەرو بەندی 1999 دا هەندێك لە سەرچاوە میدیایەكان ڕایانگەیاند كە بەرەو جنێف هەڵاتووەو بەتەمای گەڕانەوە نەبووە، بەڵام لە ئەنجامی چەند دانیشتن و ڕێكەوتن لەگەڵی لە ساڵی 2000 گەڕایەوە عێراق.


بەرزان لە جنێف:
بە پێی سەرچاوەكان ئەو ماوەیەی كە لەجنێف نیشتەجێ بووە خەریكی پەیداكردن و كڕینی چەك بووە بۆ عێراق، لەهەمان كاتیشدا كاری بۆ ئەوە كردووە كە ئەو پارانەی عێراق و بنەماڵەی سەدام حسین لە بانكە ئەوروپیەكان بلۆك كرابوون، كارێكیان بۆ بكات و بكەوێتەوە دەستیان. بەپێی ئەو هەواڵانە رۆشتنی بەرزان بە پلان بووەو ئەو كارانەی پێڕاسپێردراوە، نەك بەمەبەستی نیگەرانی ڕژێم بووبێت، ئەمە لە حاڵێكدا كە ژمارەیەك لە هێزی ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەو سەردەمە پێیان وابوو  بۆ دژایەتی كردنیی ڕژێمی سەدام حسین دەتوانن سوود لە بەرزان تكریتی برای وەربگرن. ئەمەش ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە ئاستی سیاسی و خوێندنەوەی ئەو ئۆپۆزسیۆنانەی ئەو سەردەمە لە چ ئاستێكدا بووە؟

نوینەری مافی مرۆڤ:
لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە بەرزان تكریتی بەرپرسی موخابەرات و ئەو هەموو نەهامەتیانەی لەسەردەستی دەزگاكەی ئەودا بەسەر عێراق دا هاتووە، وەك نوینەری مافی مرۆڤ لە لیژنە مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتوەكان بووەو لە كۆبوونەوە ساڵانەكانی ئەو لیژنەیەدا نوێنەرایەتی عێراقی كردووە، بە پێی یاساكانی ئەو ڕیكخراوەی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكان هەر هاوڵاتیەك دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و ئەوانیش بەدواداچوونی بۆ بكەن و مافەكانی وەربگرنەوە، كاتێك هاوڵاتیانی عێراقی سكاڵایان لە دژی دەزگا ئەمنیەكان و بەرزان تكرییتی تۆماردەكرد ئەو ڕەتی دەكردەوەو خاوەنەكەی بە درۆزن و ناڕاست تاوانباردەكرد، توانای باوەڕپێهێنانی بەرزان لە ئاستیكدا بوو كە ئەندامانی لیژنەكانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكانیشی قایل كردبوو، كە هیچ كارێكی نامرۆیی دەرهەق بە هاوڵاتیانی عێراقی ئەنجام نەدراوە،  هەربۆیە بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە ڕاپۆرتەكانی ئەو لیژنانەدا باس لە پێشێلكاریەكانی ڕژێمی بەعس و دەزگا سەركوتكارەكەی بەرزان تكریتی نەكراوە، تا دواجار لە ڕێگەی چەند دەزگایەكی پاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە ئەو هەڵەیە ڕاستكرایەوە، ئیتر ناوی عێراق و دەزگاكەی بەرزان تكریتی ناویان چووە ڕیزی ئەو دەزگایانەی پێشێلكاری لە دژی مرۆڤ و هاوڵاتیانی خۆیان ئەنجام دەدەن.


توانای قایلكردن:
سەرچاوەكان باس لە توانای وتاردان وباوەڕپێهێنانی بەرزان دەكەن، هەر ئەوەش بە هۆكاری ئەوە دەزانن كە لەسەرەتای دەستگیركردنەكەیەوە خەریك بوو ئەمەریكی و ئینگلیزەكان كار بۆ ئازادبوونی بكەن. هەروەها (دۆناڵد رامسفێڵد) لە ساڵی 1983 دا سەردانی بەغدادی كردووە كە نێردراوی تایبەتی رۆناڵد رێگنی سەرۆكی ئەمەریكا بووە لە ماوەی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، پێدەچێت تواناكانی بەرزان تكریتی بووبێتە هۆی ئەوەی دەزگاو میدیاكانی جیهان لەسەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی لە گەڵ ئێران بێدەنگییان هەڵبژاردبوو، هەموو تاوانەكانی ئەنفال وكیمییایی باران و پڕكردنەوەی هۆڕەكانی باشوور و چەندان تاوانی دیكە نەبوونە باس و خواس و بێدەنگییان لێكراو هەندێكجاریش دەخرانە ئەستۆی وڵاتی ئێران!


دەزگای جۆراوجۆر:
لەسەردەمی سەدام حسین دا جۆرەها دەزگای هەواڵگری هەبوون كە هەموویان كاری ئەمنی و كۆكردنەوەی هەواڵ و زانیاری بوو، پاشان ئەنجامدانی كاری توندوتیژی و تەسفیەكردنی جەستەیی، ئەو دەزگایانەش بریتی بوون لە :
1-دەزگای موخابەراتی ناوەند، سەر بە سەرۆكایەتی كۆمار.
2-بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازیی سەر بە سەرۆكایەتی كۆمار.
3-دەزگای ئاسایشی تایبەت –امن خاص- سەر بە سەرۆكایەتی كۆمار.
4-دەزگای ئاسایشی گشتی سەر بە دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار.
5-بەڕێوەبەرایەت ئاسایشی گشتی سەر بە سكرتێری سەرۆك كۆمار.
6-بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
7-دەزگای چاودێری توانا زانستیەكان لە دەرەوەی عێراق كە دەزگایەكی نهینی و تایبەت بووە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرۆكایەتی كۆمارەوە بووە.

هاواری نەبیستراو:
كاتێك بەرزان لە زیندان پشكینینی بۆ دەكرێت دەردەكەوێت فەقەراتی تووشی نەخۆشی سەرتان بووە، هەربۆیە بەو بیانوەوە هانا بۆ زۆرینەی ئەو كەسانەدەبات كە دەزانێت كارێكیان پێدەكرێت تا بیهێننە دەرەوە لە زیندان بەو پێیەی كە لە زیندان چارەسەری سەرەتانەكەی بۆ ناكرێت، بەڵام كەسیان وەڵامیان نەدایەوە، ئەو كەسانەی ئەو پەنای بۆبردوون سەرۆك بۆش، سەرۆك وەزیرانی بەریتانی، سەرۆك سەرجەم وڵاتە عەرەبیەكان، سەرۆك عەشیرەتە ناودارەكان، تەنانەت هاواری بۆ جەعفەری سەرۆك وەزیرانی ئو كاتەی عێراقیش بردووەو بۆی نوسیوە: بیكە بە خاتری باپیری هەردوكمان كە ئیمامی عەلییە، وەك حاڵەتێكی ئینسانی رزگارم كە، بەڵام هیچ یەكێك لەوانە بە هانایەوە نەچوون.

بەر لە سێدارە:
چیرۆكی زۆر لەبارەی لە سێدارەدنی بەرزان تكریتییەوە دەگێڕرێتەوە بەڵام دیارترینیان چیرۆكی ئەو ژن و پیاوەن كە بە تۆمەتی ئەندام بوون لە حیزبی شیوعی دەستگیردەكرێن و لە ئاسایشە گشتیەكەی بەرزان توند دەكرێن، ئەو دوو كەسە فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەردەچێت، ژنەكە دەڵێت من حامیلەم و سكم هەیە، دەخوازم بە نەشتەرگەری منداڵەكەم دەربهینن تا لەگەڵ مندا نەمرێت چوون ئەو هیچ تاوانێكی نیە، بەڵام بەرزان و دەزگاكەی ڕازی نابن، تا لە ڕۆژی لە سێدارەدانی ئەو ژنەدا منداڵەكەی لێدەكەوێتە خوارەوەو یەكێك لەو ژنانەی كە لەوێ بوون هەڵیدەگرێتەوەو هەرچۆنێك بووە دەیباتە دەرەوە، دوای ئەوەی گەورە دەبێت و گۆڕانكارییەكان بەسەردا دێن لەدوای 2003 دەچێتە وەزارەتی ناوخۆو دەبێتە پۆلیس، دەگوترێت لەبەشی جێبەجێكردنی لە سێدارەدان دانراوەو هەر ئەویش پەتی سێدارەی كردوەتە ملی بەرزان و لە سێدارەی داوە، ئەم بابەتەش لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان زۆر بەربڵاوە.

سێدارە:
بەرزان لە 16/4/2003 دەستگیر كرا، ئەو لەناو ڕیزبەندی 55 كەسەكەی عێراقدا كە لە لایەن ئەمەریكیەكانەوە بە تاوانباری سەرەكی عێراق دادەنران ژمارە (5) وەرگرتبوو، لە كێشەی كۆمەڵكوژیەكەی شارۆ   چكەی (دجێل)دا بەرزان تكریتیش بە یەكێك لە تاوانبارەكان دیاریكرابوو، كە تیایدا 148 كەس كۆمەڵكوژكرابوون، هەرچەندە لەو كاتانەدا (فازڵ بەراك) سەرپەرشتی دەكرد، بەڵام پەنجەی تاوان و سكاڵای خەڵكی ئەو شارۆچكەیە لەسەر بەرزان بوو، هەربۆیە لە بەرواری 2/5/2006 دادگا بڕیاری لە سێدارەدانی بە هەوڵواسین تا مردن بۆ دەركرد و لە رۆژی 15/2/2017 دا جێبەجێكرا. تەرمەكەی بە فڕۆكەیەكی ئەمەریكی گەڕێندرایەوە گۆڕستانی گوندی عۆجە، كە تیایدا لە دایك ببوو. بەرزان یاداشتەكانی خۆی لە ساڵی 2001 دا نوسیوەتەوە بەناوی – السنوات الحلوة و السنین الحلوة)، بەڵام تا ئێستە چاپ نەبووە، دەگوترێت دەست ئەمەریكیەكان كەوتووە، بەڵام چەند لاپەڕەیەكی لەناو میدیاكاندا بڵاوكراوەتەوەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی -فەیس بوك)یش ئەكاونتێك بۆ ئەو مەبەستە دانراوەو ئەو چەند لاپەڕەیەی تێدا بڵاوكراوەتەوە، كە لە بەشێكیدا گاڵتە بە عودەی كوڕی سەدام حسین دەكات و پێی دەڵێت –فەیلەسووف-.


بۆچی سەری لێبوویەوە:
بە پێی وتەی ئەو كەسانەی كە لە پرۆسەی لە سێدارەدانەكەدا  بوون باس لەوە دەكەن هەموو ڕێككارە یاسایی و ئسوڵیەكانیان گرتوەتەبەر، بەڵام لەو شوێنەدا نەبووە كە سەدام حسین ی تێدا لە سێدارە دراوە، بەڵكو لە شوێنێكی دیكەدا بووە كە كراوە بووەو لە ژووری داخراودا نەبووە، جەعفەری موسەوی لە كۆنگرەیەكی  رۆژنامەوانیدا گوتویەتی: هیچ كەس ڕێگەی پێنەدراوە بچێتە شوێنی لە سێدارەدانەكەی (بەرزان تكریتی و عەواد بەندەر) كە هەردوكیان پێكەوەو لەسەر دۆسیەی دجێل لە سێدارە دران، ئەو دەڵێت تەنها پزیشكێكی یاسایی و قازییەك و دوو نوێنەری وەزارەتی ناوخۆو نوێنەرێكی هێزە ئەمەریكیەكان ئامادەبوون.

بە پێی وتەی پزیشكی دادوەری دوای ئەوەی پشكنین بۆ جەستەكەی كراوە دەركەوتووە كە بە هۆی هەڵواسینەكەیەوە ملی شكاوەو دواتر سەری لە لاشەی جیابووەتەوە، بە پێی وتەی شارەزایان یەكەمجارە لە مێژووی لە سێدارەداندا مرۆڤ سەری لێببێتەوە، شارەزایان هۆكارەكەیان بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە كە بەرزان نەخۆشی سەرەتانی ئێسكی هەبووەو هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی سەری لێببێتەوە.

تەقەی خۆشی:
دوای ئەوەی وتەبێژی فەرمی عێراق ئەو هەواڵەی بڵاوكردەوە لە بەشێك لە شارەكانی عێراق تەقەی خۆشی بە ئاسماندا كرا، بەتایبەتی لە بەغدادو شەقامەكان پڕبوون لە ئۆتۆمبێل و بە هۆڕین لێدان خۆشی خۆیان دەردەبڕی كە یەكێك لە تاوانبارە ترسناكەكانی مێژووی عێراقیان لە كۆڵ بووەتەوە.