ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:02 - 08/09/2019

تورکیا دەرگاکانی ئەوروپای بەڕووی پەنابەراندا کردووەتەوە‌

پەیسەر

تورکیا ڕووبەڕووی مەترسی شەپۆلێکی گەورەی پەنابەرانی پارێزگای ئیدلب و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی سوریا بووەتەوە. ئەمەش مەترسیەکی گەورە لەسەر ڕێککەوتنی تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا لەسەر پرسی پەنابەران دروست دەکات.

 چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پێویستە پەنابەران و ئەو خەڵکانەی کە لە ترسی ڕژێمی سوریا هەڵدێن، لە ناوچەی ئارامدا نیشتەجێبکرێن، ئەگەر پشتگیریەکان بۆ پەنابەرانی سوریا لە تورکیا ڕابگیرێت، توركیا دەرگاکانی ئەوروپا بەڕووی پەنابەراندا دەکاتەوە.

دوای قسەکانی ئەردۆغان، پۆلیسی یۆنان ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ٤٢٤ پەنابەر خۆیان گەیاندووەتە وڵاتەکەیان.

بە پێی ئامارەکانی پۆلیسی یۆنان، ٢٤ هەزار پەنابەر لە دورگەکانی ئەو وڵاتەدا دەژین. رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردوودا هەشت هەزار و ١٠٣ کەس لە دەریای ئیجەوە خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا.

وڵاتانی ئەوروپا بەجدی له‌ پرسی ئیدلب و پرسی پەنابەران ده‌ڕوانن، کۆتایی مانگی ڕابردوو ئەڵمانیا و بەلجیکا پرۆژەیەکیان بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی ئیدلب پێشکه‌ش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.

ڕەوانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، نزیکەی نیو ملیۆن هاوڵاتی پارێزگای ئیدلب ڕوویان لە سنوورەکانی تورکیا کردووە و حکومەتی تورکیا ڕێوشوێنی توندی لە سەر سنوورەکانی گرتووەتە بەر.

مارتین فیاتز یاریدەدەری وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا لەبارەی پرسی پەنابەرانەوە ڕایگەیاند، بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن. ئامانجی له‌ ڕێککەوتنی تورکیا و ئەوروپا ئەوەیە پەنابەران لە تورکیا بمێننەوە و ئەوروپاش یارمەتیان بدات. دەبێت هەردوولا به‌ رێککەوتنەکەوه‌ پابه‌ندبن.

 

په‌رلەمانی ئەوروپا ئاشکرایکرد، بە پێی ڕێککەوتنەکە پێویستە ئەوروپا ٦ ملیار یۆرۆ بداته‌ تورکیا و تا ئێستاش دوو ملیار و ٣٥٠ ملیۆن یۆرۆی پێدراوه‌.

په‌یمانگای ئابووریی ئەڵمانی لەبارەی پرسی پەنابەرانەوە دەڵێت، پەنابەرە سوریەکان لە ئەوروپا لە دۆخێکی باشدان، بەڵام ئەوانەی لە تورکیا ماونەتەوە رووبەڕووی دۆخێکی خراپی مادی بووەنەتەوە و منداڵەکانیان لە ڕووی خوێندن و پەروەردەوە گرنگیان پێنادرێت.

لەهەمانکاتدا تورکیا ڕووبەڕووی مەترسی شەپۆلێکی گەورەی پەنابەرە سوریەکان بووتەوە و ئەمەش کاریگەری لە سەر سیاسەت و ئابووریی و پەروەردەی تورکیا دادەنێت و پێویستە بە هەموو شێوەیەک پابه‌ند بێت به‌ ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا. هەرچەندە شەپۆلی نوێی پەنابەران کاریگەری نەرێنی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دادەنێت، بەڵام زیاتر تورکیا تووشی کێشە دەبێت. تورکیا ناچاره‌ له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی بكات.

لەلایەکی ترەوە وادەردەکەوێت، وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ بدەن بێ تورکیا میکانیزمێک بۆ رێگریکردن لە شەپۆلی پەنابەران بگرنه‌به‌ر.

ڕۆژنامەی تانیئای یۆنانی ٨ی ئەیلول لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، ئەڵمانیا و فەرەنسا و یۆنان پلان و بەرنامەیەکی نوێ بۆ ڕێگرتن له‌ شەپۆلی پەنابەران دادەنێن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لەمانگی ڕابردوودا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و کایریاکۆس ماتسۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان کۆبوونەوەتەوە و لەسەر توندوتۆڵکردنی یاساکانی پەنابەری رێککەوتوون.

بەپێی رێککەوتنەکە، ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ‌هێزی پاراستنی سنووری یۆناندا کار بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکان دەکات.

لەو سێ وڵاتەدا شەرت و مەرجی وەرگرتنی پەنابەران قورسدەکرێت و ئەو کەسانەی یاساکانی پەنابەران نایانگرێتەوە دیپۆرت دەکرێنەوە. هەروەها بودجەیەکی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە تەرخاندەکرێت.

 

لەلایەکی دیکەوە بە هۆی زیادبوونی رێژەی پەنابەران لە ئەوروپا پشتگیریەکی زیاتر لە پارتە ڕاستڕەوەکان دەکرێت و ڕێژەی دیپۆرتکردنه‌وه‌ی پەنابەران لەزیادبووندایە.

بە پێی ئامارێکی رێکخراوی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا و لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەریان کردووە کە زۆربەیان خەڵکی سوریا، ئەفغانستان، عێراق و وڵاتانی باکووری ئەفریقان.