05:55 - 10/09/2019
قه‌ڵاى كه‌ركوك له كورد ده‌دزرێت
شاڵاوى وێرانكارى به‌عس، قه‌ڵاى كه‌ركوك-یشى له‌گه‌ڵ خۆیدا راماڵى و به‌شێكى زۆرى شوێنه‌واره‌كانى دزرا، ئه‌وبه‌شه‌ى قه‌ڵاكه كه‌مایه‌وه ئێستا وێرانه‌یه، چه‌ندین شوێنه‌وارى گرنگى دیكه‌ى له‌به‌رده‌م مه‌ترسى له‌ناوچووندان. مێژووى قه‌ڵاكه به‌هه‌زاران ساڵ ده‌خه‌مه‌ڵێندرێت و له شوێنه‌واره هه‌ره به‌نرخه‌كانى جیهانه. گۆڕینى نه‌خش و نیگاره‌كانى قه‌ڵاكه‌و زاڵكردنى شارستانییه‌تى تورك له شوێنه‌واره‌كه‌دا مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌تره.
قه‌ڵای كه‌ركوك، له‌چه‌ند قۆناغێكی مێژوویی‌دا به‌هۆی هێرش و په‌لاماری سه‌ربازی رووبه‌رووی وێرانكردن و كاولكاری بووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و هێرشانه هیچی به ئه‌ندازه‌ی بڕیاره‌كه‌ی سه‌دام زیانی له قه‌ڵا نه‌دا، بڕیارێك شوێنه‌وارێكی مێژوویی هه‌زاران ساڵه‌ی رووخاند.
هێرشی نادرشای ئه‌فشار بۆسه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوك
به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، قه‌ڵای كه‌ركوك چه‌ندجارێك رووبه‌ڕووی هێرش و په‌لاماری سه‌ربازیی بووه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی رووخان و زیانگه‌یاندن به خان‌و و ته‌لار و كۆشكه‌كانی ناو قه‌ڵا، به‌ڵام هه‌رزوو له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه شوێنه رووخاوه‌كان چاك كراوه‌ته‌وه.
نادرشای ئه‌فشار، یه‌كێك بوو له گه‌وره‌ترین پاشاكانی ئێران، له‌ساڵی (١٧٤٢) سوپاکەی له ئه‌سفه‌هانی ئێران-ه‌وه به‌ره‌و زه‌وییه‌كانی كورد هات، كه ژماره‌یان ١٠٠هه‌زار شه‌ڕكه‌ر و سه‌ربازبوون، نادرشا به‌شێك له‌هێزه‌كانی نارد بۆ داگیركردنی شاری كه‌ركوك، به‌ڵام ئه‌و هێزانه تووشی به‌رهه‌ڵستییه‌كی گه‌وره‌بوون له‌لایه‌ن كورده‌وه، هێزه‌كه‌ی نادرشای ئێران نه‌یانتوانی شاره‌كه بگرن، بۆیه زیاتر چوارده‌وری قه‌ڵاكه‌یان گرت و توانییان هه‌ندێک كون بكه‌نه شوراكه‌یه‌وه به‌تۆپ و مه‌نجه‌نیق، هه‌رئه‌وه‌ش وایكرد خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌توانێ به‌رهه‌ڵستی زیاتر بكه‌ن و خۆیان دابه‌ده‌سته‌وه، قه‌ڵاكه‌ش رووبه‌ڕووی وێرانكاری بووه‌وه.
عوسمانییه‌كان ئاسه‌واره‌كانی قه‌ڵای كه‌ركوك-یان دزیوه
ده‌رباره‌ی سڕینه‌وه‌ی مێژووی كورد له شاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه مێژوونووسان دەڵێن:"ئاسه‌وارێكی زۆری قه‌ڵای كه‌ركوك له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه دزراوە. كه تائێستا له مۆزه‌خانه‌ی تۆپقاپی له ئه‌سته‌نبوڵه، كه یه‌كه‌م شت دایانناوه له‌و مۆزه‌خانه‌یه قورئانێكه له نووسینی خۆشنووسی كورد محه‌مه‌د قه‌ره‌حه‌ساری كه له‌سه‌رده‌می سوڵتان سه‌لیم قانونی نووسیویه‌تیه‌وه".
بۆچی سه‌دام قه‌ڵای كه‌ركوك-ی رووخاند؟
له‌رۆژی (١٦-٣-١٩٩٠)دا سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاته‌ی عێراق (صه‌دام حوسێن) هاته سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوك، ئه‌و ڕۆژه ڕۆژی ساڵیادی بۆردومانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه بوو كه هه‌زاران كه‌سی له‌خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه شه‌هیدكرد، له ته‌له‌فزیۆنی عێراق-ه‌وه لێدوانی صه‌دام په‌خشكرا، كه فه‌رمانی دا به رووخاندنی خانووه‌كانی قه‌ڵای كه‌ركوك و پێدانی قه‌ره‌بوو به‌خاوه‌نه‌كانیان.
پاش سه‌ردانی صه‌دام بۆ قه‌ڵا، پارێزگاری ئەوکاتی كه‌ركوك له (١٧/٣/١٩٩١) لیژنه‌یه‌كی پێكهێنا بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی سه‌رۆك كۆمار (سه‌دام) و روخاندنی خانووه‌كانی قه‌ڵا.
چوونى صه‌دام بۆ قه‌ڵاكه‌و بڕیارى رووخاندنى له ساڵیادى كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌دا، بێ مه‌به‌ست نه‌بووه.
به‌عس له‌به‌ر دوو هۆ قه‌ڵای رووخاند
١-دانیشتووانی هه‌ر سێ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی قه‌ڵا كه (٧٥٦) خانوو بوو كورد و توركمان بوون، یه‌ك ماڵه عه‌ره‌بیش له قه‌ڵا بوونی نه‌بوو، وێرانكردنی قه‌ڵا به‌شێك بوو له پلانی به‌عس بۆ گۆڕینی پێناسی نه‌ته‌وایه‌تی كوردی كه‌ركوك و به عه‌ره‌بكردنی، حكومه‌تی به‌عس زۆربه‌ی ئه‌و ماڵانه‌ی له‌نێو قه‌ڵا ده‌ژیان ناچاریكردن قه‌ڵا چۆڵ بكه‌ن، تا ڕێگای له به‌رده‌م ئاسان بێ بۆ روخاندن و وێرانكردنی.
٢- قه‌ڵای كه‌ركوك یه‌كێك بوو له شاره هه‌ر كۆنه‌كانی كوردستان، كه مێژووییه‌كی پێنج هه‌زار ساڵه‌ی هه‌یه. وه‌ك شارێك مابوو شانبه‌شانی شاری دووه‌م له چه‌شنی خۆی كه قه‌ڵای هه‌ولێره. ژیانیش له‌مشاره كۆنه‌ی كوردستاندا به‌رده‌وامبووه تا كاتی وێرانكردنی.
مێژووییه‌كی پێنج هه‌زار ساڵه‌ی هه‌یه
هه‌روه‌ها شاری سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوك ته‌مسیلی پایته‌ختی كۆنترین ده‌وڵه‌تی كورد له مێژوودا ده‌كرد كه ده‌وڵه‌تی گۆتی بووه. ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی عیراقیشی خستبووه ژێر ده‌ستی به له‌نێو بردنی ده‌وڵه‌تی ئه‌كه‌دی سامی. بێگومان ئه‌م راستیه مێژووییانه له لایه‌ن صه‌دام تاڵ بووه، چونكه صه‌دام له هه‌موو سه‌رۆكێكی عه‌ره‌بی كاتی خۆی به شێوه‌یه‌كی دوورتر و قوڵتر ته‌ماشای مێژووی عه‌ره‌بی به ره‌گه‌ز سامی ده‌كرد.
پرۆژه‌ی صه‌دام (سه‌ر له نوێ نوسینه‌وه‌ی مێژوو) بوو، هه‌وڵدانه‌كه‌ی بۆ پێشخستنی ده‌وری سامی له گه‌وره‌یی شارستانێتی كۆنی عێراق-دا بۆسه‌ر ده‌وری سۆمه‌ر و ئه‌و میلله‌ته‌ی پێش سۆمه‌ریش كه یه‌كه‌مین جار ناوه‌ڕاست و باشوری عێراقی ئاوه‌دانكرد و شارستانیه‌تی تێدا دامه‌زراند كه ئه‌و میلله‌تانه‌ش له‌كوردستانه‌وه چوون بۆ عێراق.
ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی صه‌دام ئه‌گه‌رچی شێواندنی مێژووش بوو، به‌ڵام زۆر هه‌وڵی ده‌دا فه‌رزی بكات به‌سه‌ر مێژوونووس و شوێنه‌وارناسانی عێراق، تا له‌سه‌ر هه‌ندێكیان سه‌پاندی. وه‌ك دكتۆر ئه‌حمه‌د سوسه پیاوێكی پیر و نه‌خۆش و به‌ئه‌سڵ جوله‌كه بو وه‌ك له‌كتێبه‌كه‌یدا (حزاره وادی الرافدین) ئاشكرایه، ئه‌وانه‌شی خۆڕاگربوون و نه‌چوونه ژێر باری له‌سه‌ر وه‌زیفه لابران. صه‌دام به ته‌ماشاكردنی دوور و شۆڤێنی یه‌وه ته‌ماشای كه‌ركوكی كردووه و ویستویه‌تی شاری قه‌ڵا كه شانازییه‌كی مێژووی گه‌وره‌ی كورده له‌نێو ببات.
خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی خۆیان راگواسته‌وه و له‌ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌ریانكردن
بڕیاری وێرانكردنی قه‌ڵا به‌ته‌واوی، له‌سه‌ردانی صه‌دام بۆ كه‌ركوك په‌یدابوو كه له‌رۆژی ٦-٤-١٩٩٨سه‌ردانی كه‌ركوك-ی كرد. له‌گه‌ڵ پارێزگاری ئه‌وكاته (ئه‌یاد راوی) كۆبووه‌وه، كه گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌غدا رۆژی دواتر نوسراوی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری بۆده‌رچوو بۆ وێرانكردنی قه‌ڵا، حكومه‌ت (٧٠٠) ملیۆن دیناری ته‌رخانكرد بۆ رووخاندنی قه‌ڵاكه به‌ته‌واوی. چونكه له‌جاری یه‌كه‌مدا ته‌نیا ده‌وری (١٠٠) خانوویان روخاندبوو.
حكومه‌ت سێ لیژنه‌ی دروست كردبوو بۆ وێرانكردنی قه‌ڵا، لیژنه‌یه‌ك سه‌رۆكه‌كه‌ی كورد بوو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێكی، به‌ڵام له‌لای ئیستخباراتی عه‌سكه‌ری شكایه‌ت له‌و لیژنه‌یه كرا كه رووخاندنی قه‌ڵا دواده‌خات و باشی ناڕوخێنێ، له‌به‌ر ئه‌مه بانگ‌كران و سزادران. دوای ئه‌وه لیژنه‌یه‌ك هه‌مووی عه‌ره‌ب بوو له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌شتی رووخاندنی ده‌كرد.
ئه‌وه‌ی مایه‌وه ته‌نها (٥٥) خانوو بوو. له‌كۆی (٧٥٦) خانوو
حكومه‌تی عێراق بڕیاری رووخاندنی ته‌واوی خانوه‌كانی سه‌رقه‌ڵای دا، خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی خۆیان راگواسته‌وه و له‌ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌ریانكردن، ئه‌وه‌شی تا ئه‌وكاته مابوونه‌وه و ماڵه‌كانیان چۆڵ نه‌كردبوو ئه‌و به‌یانییه به‌ده‌نگی شۆفڵه‌كان به‌خه‌بەرهاتن، كه چنگی له‌خانوه‌كانیان گیركردبوو بۆ رووخاندنی.
كرێكاران ده‌ستیان كرده روخاندنی خانوه‌كان، حكومه‌تی به‌عس ناوی پڕۆژه‌كه‌ی ناو نابوو بوژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵا نه‌ی ده‌ووت بۆ وێرانكردنیه‌تی. له ١٠ی مانگی حوزه‌یران دا ده‌ستكرا به وێرانكردنی قه‌ڵا و هه‌موو خانوه‌كانی قه‌ڵایان به شۆفڵ ته‌ختكرد. ئه‌وه‌ی مایه‌وه ته‌نها (٥٥) خانوو بوو. له‌كۆی (٧٥٦) خانوو.
یۆنسكۆ له‌سه‌ر روخاندنی قه‌ڵا هه‌ڵوێستی چی بوو؟
له‌وكاته‌ی صه‌دام فه‌رمانی دا به رووخاندنی قه‌ڵای كه‌ركوك، چاوه‌كان له‌سه‌ر ڕێكخراوی یۆنسكۆ بوو، تا فشار بخاته سه‌ر حكومه‌تی عێراق تا ده‌ست هه‌ڵبگرێت له تێكدان وروخاندنی ئه‌و شوێنه‌واره مێژووییه، به‌ڵام یونسكۆ بێده‌نگبوو له‌ئاست ئه‌وكاره‌ی صه‌دام. بۆیه شوێنه‌وارناس و مێژووناسان ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه له یۆنسكۆ ده‌گرن هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بوو له‌به‌رامبه‌ر رووخاندنی قه‌ڵا، كه‌چی له‌م چه‌ندساڵه‌ی ڕابردوو قه‌ڵای كه‌ركوك-ی خسته لیستی كۆنترین شاره‌كانی جیهانه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه قه‌ڵا له‌ئێستا به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی صه‌دام بۆ ڕوخاندنی و فه‌رامۆشكردنی له‌ڕووی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی، ته‌نها چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌لاوه و روخاوی له‌سه‌ر پێماوه.
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی یا شێواندنی قه‌ڵای كه‌ركوك؟
سمكۆ به‌هرۆز، مێژوونوسێكی كوردی كه‌ركوك، نوسه‌ری كتێبێكی چه‌ند به‌رگی (ئینسكلۆپیدیای كه‌ركوك)ه ده‌ڵێت:"به‌داخه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری كه‌ركوك نه‌یتوانیوه به‌شێوه‌یه‌كی زانستییانه كار له هه‌ڵكۆڵین و پاراستنی شوێنه‌واره‌كانی قه‌ڵای كه‌ركوك بكات". ئه‌و مێژوونوسه گوتیشی:"به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار كه‌سانی پسپۆری تێدانیه و توانایه‌كی ئه‌وتۆی نییه بۆ پاراستنی شوێنه‌واره‌كانی كه‌ركوك".
ئه‌و مێژوونوسه ڕه‌خنه‌ی توند ده‌گرێت له‌شێوازی كاركردنی ئێستای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری كه‌ركوك بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی:"له‌ده‌ورووبه‌ری مناره‌ی دانیاڵ پێغه‌مبه‌ر، دره‌ختی قه‌ڵه‌م تۆزیان چاندووه، ئه‌و جۆره دره‌خته‌ش پێویستی به ئاوێكی زۆر هه‌یه‌و له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێته هۆی بێهێزكردنی خاك و خۆڵی ده‌ورووبه‌ری مناره‌كه و دارووخانی مناره‌كه".
قه‌ڵای كه‌ركوك كه چه‌ندین كتێبی ده‌ستنووسی گرنگی تیا‌بوو دوای پرۆسه‌ی ئازادی دزرا
له‌دوای "پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه" شوێنه‌وارێكی زۆر له ناوچه‌كانی عێراق-دا ڕووبه‌رووی تاڵانكردن و شێواندن بوونه‌وه، به‌شێكی زۆری به قاچاغ برانه وڵاتانی ده‌ره‌وه، كه‌ركوكیش به‌ده‌رنه‌بوو له‌م تاڵانكردنه، به‌تایبه‌ت قه‌ڵای كه‌ركوك كه چه‌ندین كتێبی ده‌ستنووسی گرنگی تیا‌بوو دوای پرۆسه‌ی ئازادی دزرا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌شێكی زۆر ئه‌و خانووانه‌ی ماوه شێوێندراوه، ناوی خه‌ڵكی و ژماره مۆبایلی له‌سه‌ر نوسراوه، هه‌ندێك له‌شوێنه‌واره‌كان به‌ئه‌نقه‌ست تێكدراوه. بۆیه ئه‌و شوێنه‌واره مێژووییه هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونی له‌سه‌ره.
هه‌وڵ ده‌درێت سیمای قه‌ڵا بگۆڕن بۆ ته‌لارسازی توركی عوسمانی
به‌هرۆز هۆشداری ده‌دا له هه‌وڵی سیاسه‌تی به‌تورككردن(ته‌تریك) ئه‌و مێژوونوسه ده‌ڵێت:"خانوو هه‌بووه له‌پێش پرۆسه‌ی ئازادی هه‌بووه و حكومه‌تی به‌عس وازی له‌رووخاندنی هێناوه، به‌ڵام له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی ئه‌و خانووانه رووخاوه، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كه له‌وه هێشتا ده‌ستێك هه‌یه كارده‌كات بۆ سڕینه‌وه و له‌ناوبردنی شوێنه‌واری كورد له‌قه‌ڵای كه‌ركوك".
ئه‌گه‌ر جاران هه‌وڵی به‌عه‌ره‌بكردن ده‌درا، ئێستا سیاسه‌ته‌كه گۆڕاوه بۆ به‌تورككردن
به‌گوته‌ى ئه‌و مێژوونووسه، نه‌خشونیگاری قه‌ڵاو، ناوی نه‌خشه‌سازه‌كانیان گۆڕیوه. "ده‌یانه‌وێت باڵاده‌ستی هونه‌ری توركی عوسمانی زاڵ بكه‌ن، ده‌ستێك كارده‌كات زۆر نه‌خشكار هه‌یه نه‌خشكاره‌كه‌ی كورده یان جوله‌كه‌یه ناوه‌كه‌یان سڕیوه‌ته‌وه، گۆڕیویانه‌و ناوی توركمانیان له‌سه‌ر نوسیوه. نه‌خشه‌كانیان گۆڕیوه وه‌كو نه‌خشی ده‌وڵه‌تی عوسمانییان لێكردووه، ڕه‌نگه‌كانیان گۆڕیوه. كه‌نیسه‌یه‌كی مه‌سیحی له‌سه‌ر قه‌ڵا هه‌بوو تا پرۆسه‌ی ئازادیش به‌شێكی گه‌وره‌ی مابوو، ئێسته هیچی نه‌ماوه رووخاوه، ئه‌وه‌ش به ئه‌نقه‌ست كراوه".
ده‌شڵێت:"به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار زۆرینه‌یان له‌نه‌ته‌وه‌ی توركمانن و به‌شێكی زۆریان شاره‌زاییان له‌بواری شوێنه‌وار نییه و پسپۆرییان له‌بواری دیكه هه‌یه، ئه‌گه‌ر جاران هه‌وڵی به‌عه‌ره‌بكردن ده‌درا، ئێستا سیاسه‌ته‌كه گۆڕاوه بۆ به‌تورك كردن ته‌تریك".
قه‌ڵای كه‌ركوك ئاماژه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی فره شارستانییه‌كان له كه‌ركوك
به‌هۆی بارودۆخی كه‌ركوك و كێشه سیاسییه‌كه‌ی، له‌دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه تا ئه‌مڕۆ، قه‌ڵا په‌راوێز خراوه، جێگیرنه‌بوونی ئه‌من و ئاسایش و نه‌بوونی سه‌قامگیرى سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی وایكردووه، یۆنسكۆ هه‌وڵی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای كه‌ركوك نه‌دات هاوشێوه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر. له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ده‌سه‌ڵاتی كوردیش له‌كه‌ركوك قه‌ڵا هه‌ر به فه‌رامۆشكراوی مایه‌وه، ته‌نها ساڵانه ئاگری جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ڵا وێرانه ده‌كرایه‌وه.
قه‌ڵای كه‌ركوك ئاماژه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی فره شارستانییه‌كان له كه‌ركوك، به‌وپێیه‌ی شوێنه‌واره‌كانی كوردی، مه‌سیحی، ئیسلامی، جووله‌كه، سلجوقی، توركی و توركمانی له‌خۆ ده‌گرێت. چونكه جگه له خانووه‌كانی ئه‌و قه‌ڵایه مزگه‌وت و ته‌كیه‌و مه‌دره‌سه‌ی ئیسلامی و كه‌نیسه‌ی مه‌سیحییه‌كان و مه‌زاری دانیاڵ پێغه‌مبه‌ری جووه‌كانی تیایه.
كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌واره له شاری كه‌ركوك، ده‌رفه‌تی كار بۆ دانیشتووانی شاره‌كه ده‌رخسێنێت، هه‌روه‌ها هاتنی گه‌شتیاران بۆ شاره‌كه زیاتر ده‌كات. ئه‌و قه‌ڵایه هاوشێوه‌ی مه‌یدانی رۆمانی له رۆمایه، ده‌كرێت ببێته سیمبولێك بۆ ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیان له شاری كه‌ركوك.
سه‌رچاوه:
1- وێرانكردنی قه‌ڵای كه‌ركوك و هه‌وڵدانم بۆ رزگاركردنی: عه‌بدولره‌قیب یوسف
2- چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ مێژوونوس "سمكۆ به‌هرۆز