ڕاپۆرتی کوردستانی

07:09 - 10/09/2019

ململانێكانی كۆنگرە پەیڕەوی ناوخۆیی حیزبەكەی تاڵەبانی پێشێلكرد‌

پەیسەر

كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە بڕیار وایە 7ی 12ی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ململانێكانی باڵەكانی یەكێتی توندتر كردووەتەوە، دوا بەدوای هەوڵەكانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئاشتكردنەوەی مەلا بەختیار لەگەڵ بەرهەم ساڵح، یەكێتییەكان شایەتی بیستنی هەواڵی بوونی پێنج ناوی نوێ بوون بۆ سەركردایەتی یەكێتی.

ئەم دوو هەنگاوەی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی سەرەتایەكی گەرموگوڕی لە ململانێكان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە چارەنوسسازەكەی یەكێتی دەرخست، ئاشتبوونەوەكەی مەلا بەختیار لێپسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی و بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لە 7/7/2019، لەلایەن كوڕە گەورەكەی تاڵەبانییەوە، لەقكردنی كورسییەكەی كۆسرەت رەسوڵی لێ خوێندرایەوە، كە ئەو هەنگاوە وا لێكدرایەوە، كۆنگرە لەبەرژەوەندی كۆسرەت رەسوڵ نابێت، بەڵام دیاریكردنی پێنج ئەندامی نوێ (بورهان سەعید سۆفی و عوسمان بانی مارانی و چەتۆ ساڵح و پۆڵا سیروان تاڵەبانی و مەحمود محەمەد رەشید) بۆ سەركردایەتی یەكێتی، یارییەكی دژە ئاڕاستەی جوڵەكەی بنەماڵەی تاڵەبانی بوو لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە.

ئەم دوو هەنگاوەی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی سەرەتایەكی گەرموگوڕی لە ململانێكان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە چارەنوسسازەكەی یەكێتی دەرخست

بڕیارەكەی كۆسرەت رەسوڵ لەسەر چ بنەمایەكە؟
لەبڕیارەكەدا هاتووە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لەبڕگەی پێنج لەمادەی 27 و مادەی 29 پێی دراوە، بەڵام بەپشت بەستن بەبڕگەی 5 مادەی 27 دەردەكەوێت كۆسرەت رەسوڵ دەسەڵاتی دانانی ئەندامی سەركردایەتی نیە، بەڵكو  بەپێی مادەكە سكرتێری گشتی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ئەو ئەندامانەی لەكۆنگرە دەرچوون لەلایەن سكرتێری گشتیەوە بەسەر مەڵبەند و مەكتەبەكاندا دابەش بكرێن، نەك خەڵكانی نوێ كە لەكۆنگرە دەرنەچوون بكرێنە ئەندامی سەركردایەتی.

لەمادەی 29 كە كۆسرەت رەسوڵ پشتی پێ بەستووە، هاتووە ( كۆنگرە ئەندامانی كۆمیتەی سەركردایەتی هەڵدەبژێرێت كە لە 50 ئەندام پێكدێن لەوانەش 45 ئەندامیان لەكۆنگرە راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن و 5 ئەندامیشیان لەسەرداوای سكرتێری گشتی لەلایەن كۆمیتەی سەركردایەتیەوە دیاری دەكرێن) بەڵام لەلایەك كۆسرەت رەسوڵ سكرتێری گشتی نیە و لەلایەكی تریشەوە ئەو مافە پێشتر دووجار بەكارهێندراوە. 

پێشتر كۆسرەت رەسوڵ، رۆژی 2/8/2016 بە یەكگرتنی حزبی ئایندە و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، قادر عەزیز كرایە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دووكەسی تریش لەحزبی ئایندە كرانە ئەندامی سەركردایەتی كە بریتی بوون لە(نەسروڵا سورچی و ئاسۆ عەلی)، لەلایەكی تریشەوە رۆژی 25/1/2017 بەبڕیاری كۆسرەت رەسوڵ ، رێواس فایەق كە لەكۆنگرەی سێیەمی یەكێتی 287 دەنگی بەدەستهێنابوو كرایە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی.

بڕیارەكەی كۆسرەت رەسوڵ، وەڵامدانەوەی باڵی ماڵی تاڵەبانی-یه‌

هەر بە بڕیاری جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و لە ساڵی 2014 كە عارف روشید كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو وازی لە حیزبەكەی هێنا، شێركۆ میروەیس لەشوێنی بوو بەئەندامی سەركردایەتی، ئەگەر پرسەكە پەیوەندی بە بوونی بۆشایی لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیەوە هەبێت، ئەوە تەنها سێ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دووركەوتوونەتەوە كە بریتی بوون لە وەسفیە بەنی وەیس(كۆچی دوایی كردووە) و ئازاد جوندیانی و نەجمەدین كەریم، بەڵام لەبەرامبەردا پێنج كەس كراون بەئەندامی سەركردایەتی ئەوە جگە لەوەی بەپێی پەیرەوی ناوخۆی یەكێتی خودی كۆسرەت رەسوڵ خۆی شەرعیەتی نەماوە، تاوەكو شەرعیەت بداتە ئەندامانی تری حزبەكەی و بیانكات بەئەندامی سەركردایەتی.

بۆیە بڕیارەكەی كۆسرەت رەسوڵ، جگە لەوەڵامدانەوەیەكی باڵی ماڵی تاڵەبانی بۆ راكێشانی بەرهەم ساڵح و ئاشتكردنەوەی لەگەڵ مەلا بەختیار، كە ئێستا باڵێكی بەهێزیان پێكهێناوە، هیچی تر نیە، بەڵام ئەوەی كە خوێندنەوەی لێدەكرێت، پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆیی یەكێتییە، لە پێناوی مانەوەی لە كێبڕكێكە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس دەستی كەوتووە، بڕیارەكەی كۆسرەت رەسوڵ بەزیادكردنی ئەو كەسانە بۆ ئەندامی سەركردایەتی كاردانەوەی ئاشت بوونەوەی بەرهەم ساڵح و مەلابەختیارە و بەپێی پەیرەوی ناوخۆی یەكێتیش تەنها كۆنگرە، دەتوانێت ئەندامانی سەركردایەتی هەڵبژێرێت و سكرتێری گشتیش مافی ئەوەی هەیە پێنج كەس بەرێتە سەركردایەتی.

 یەكێتییەكان بە هیوای كۆنگرەی كۆتایی هاتنی كێشەكانی حیزبەكەیانن

پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەی تاڵەبانی رێكارێكی بۆ ئەم ئاریشەیە دروستكردووە،(دانانی ئەو كەسانە بە رێگەی دەنگدان لە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی)، بەڵام بەهۆی خێرایی رەوتی ململانێكان و نەبوونی گرەنتی سەركەوتنی كەسە دڵخوازەكانی جێگری تاڵەبانی، هیچ دەنگدانێك بۆ بوون بە ئەندامی سەركردایەتی پێنج بەرپرسەكەی یەكێتی نەكراوە. ئەو بڕیارەش لەكاتێكدابوو كە نزیكەی 3 مانگی ماوە بۆ كۆنگرە و لەكۆنگرەشدا هەموو بەرپرسان دەبنەوە بەئەندامی كۆنگرە و هیچ بەرپرسیاریەتیەك نامێنێت.

كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تەنها وەزرێكی ماوە، یارییەكانیش بۆ بردنەوەی كورسی سكرتێری گشتی، بەرەو گەرموگوڕی دەڕوات، یەكێتییەكان بە هیوای كۆنگرەی كۆتایی هاتنی كێشەكانی حیزبەكەیانن، سێ‌ مانگی تر ئەوە روندەبێتەوە،ئەم ململانێیە هەتوانی برینەكانی لێچاوەڕوان دەكرێت یاخود برینەكان قوڵتر بێ چارەسەر دەهێڵێتەوە.