ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:36 - 12/09/2019

تونێلی دیکتاتۆرییەت بە چیاکانی کوردستاندا دەکشێ بەرەو ئیستەنبوڵ؟‌

پەیسەر پرێس

 
بەهۆی هەڵوێستی لاوازی CHP لە دژی دوورخستنەوەی سەرۆكی سێ شارەوانی گەورەی باكووری كوردستان، رەخنەكان لەدژی ئەم پارتە توندتر و گشتگیرتر دەبن. نووسەر و پەرلەمانتارێكی پێشووش دەڵێت:" پارتی گەورەی ئۆپۆزسیۆن ناچارە بێدەنگی بشكێنێ و خۆی بە خاوەنی سەرۆکە لادراوەکانی شارەوانیە كوردییەكان بکات".

 ئایا ئۆپۆزسیۆن بەهێز دەکات یان بێدەنگ!

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە توركیادا، لە شەوی 18/19 ئەم مانگەدا بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە سولەیمان سۆیلو سەرۆكایەتی هەرسێ شارەوانی گەورەی كوردی ئامەد، ماردین، وان لە پۆستەكانیان دوور خرانەوە. ئەنجومەنی شارەوانییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و قەیوم لە جێگای ئەواندا دادەنێ.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا، هۆكاری دوورخستنەوەی شارەوانییەکان و دانانی قەیوم بە پشتگیری دارایی و لۆجستیكی ئەم شارەوانیانەی بەستەوە بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان –PKKــەوە. بەڵام بە گوێرەی بەڵگەنامەیەك كە چەند رۆژێك دوای دانانەوەی قەیوم بڵاوكرایەوە، بڕیاری دانانی قەیوم لە 1 نیسانی رابردوو، واتا رۆژێك دوای سەركەوتنی پارتی دیموكراتی گەلان HDP لە هەڵبژاردنەكاندا ئەم بڕیارە دراوە. 

ئەردۆغانیزم لە بری ئەتاتورک

بڕیاری دانانەوەی قەیوم، خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت و بۆ دوو جۆر پۆڵین دەكرێن: 
گرووپی یەكەم: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا بە كردەوە دەخوازێ رژێمێكی نوێ دابمەزرێنێ. بە دوورخستنەوەی ئەو سەرۆك شارەوانیانەی كە بە هەڵبژاردن هاتوونەتە سەركار، رێساكانی هەڵبژاردن لە پارچەیەكی وڵاتەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە. بە گوێرەی ئەم خوێندنەوەیە ئەردۆغان تەنیا بە دانانەوەی قەیوم لەسەر ئەم سێ شارەوانیە ناوەستێ و بۆ بەهێزكردنی پێگەی رژێمێكی دیكتاتۆری هەنگاوی دیكەش دەگرێتەبەر. بۆیە دەبێت ئۆپۆزسیۆن شێوازی توندتر بگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەكانی ئەردۆغان.

 ئەردۆغان بێجگە لە درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بە ئاشكرا هەوڵی دامەزراندنی رژێمێكی نوێ دەدات

گرووپی دووەم: دانانەوەی قەیوم ئاماژەیە بە كۆتایهاتنی رژێمی ئەردۆغان. ئیتر ئەردۆغان بە شێوازی یاسایی توركیا بەڕێوەنابات، هەوڵ دەدات بە رێگای نائاسایی درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتی خۆی بدات. ئەمە بۆچوونی پارتی گەلی كۆمارە CHP كە پارتی گەورەی ئۆپۆزسیۆنە، بۆ ئەمەش كاردانەوەی ئەم پارتە لەبەرامبەر دانانەوەی قەیوم بە لاواز لە قەڵەم دەدرێت و بەهۆیەوە جەهەپە رووبەڕوی رەخنەی توند دەبێتەوە. 

گۆكهان باجك، نووسەر و ئەكادیمی توركی بۆ پەیسەر  ئەوە رەتناكەتەوە، كە سیماكانی رژێمێكی نوێ لە توركیا بەدەركەوتوون. لەمبارەیەوە دەڵێت:" لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە چەندین دامەرزاوە و كارمەند دەبینین كە پابەندن بە ئەردۆغاننیزمەوە. ئیتر رۆڵی ئاتاتورك نامێنێ و ئەردۆغاننیزم جێگای دەگرێتەوە". 

بۆیە باجك بڕیاری دانانەوەی قەیوم وەكو CHP دەڵێت:" هەوڵی ئەردۆغانە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی سیاسی خۆی" بە هەڵە لە قەڵەم دەدات و دەڵێت:" CHP خۆی هەڵدەخەڵەتێنێ، ئەردۆغان بێجگە لە درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بە ئاشكرا هەوڵی دامەزراندنی رژێمێكی نوێ دەدات، تیایدا حساب بۆ ئیرادەی دەنگدەر ناكات".

لەدوای 23 حوەزیرانی رابردوو كە پارتی داد و گەشەپێدان AKP شارەوانی گەورەی ئیستانبۆڵی لەدەستدا، پێشبینی دەكرا كە دەسەڵات لە پشت دەرگا داخراوەكاندا خەریكی ئامادەكردنی شتێكە لە بەرامبەر ئەو شارەوانیانەی لەدەستی داوە. زۆربەی شارەزایان پێیانوابوو دەسەڵاتی بە ئاسانی دەستبەرداری شارەوانییە گەورەكانی وەكو ئامەد، وان، ماردین ئیستانبۆڵ، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا نابێ. بەڵام ئەوەی پێشبینی دەكرا دانانی قەیوم نەبوو، بەڵكو ئاستەنگی دروستكردن بوو لەبەردەم شارەوانییەکاندا بۆ ئەوەی كارەكانیان رانەپەڕێنن. بۆیە دانانەوەی قەیوم بە شێوەیە قەبەیە چاوەڕواننەكراو بوو. 

ئەگەر CHP بەم شێوەیە هەڵسوكەوت بكات جارێكی دیكە دەرفەت بۆ دەسەڵات دەڕەخسێت

نەسرین ناس، پەرلەمانتار و سەرۆكی پێشووی پارتی نیشتمانی دایك ANAP پێیوایە، دەسەڵات دوای لەدەستدانی شارەوانییەکان چەندین بەرژەوەندی دیكەشی لەدەستداوە. لە وەڵامی پرسیارەكانی پەیسەردا دەڵێت:" نەیتوانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژهەڵاتی فوڕات ئەنجام بدات، لە ئیدلب روسیا گوێی پێنادات و هاوكاری سوپای سوریا دەكات، لە باكووری سوریادا تا دەچێ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پێگەی خۆی بەهێز دەكات. سەلڤی كلیچدارئۆغڵو هاوسەری سەرۆكی جەهەپە، لەگەڵ دیلەك ئیمامئۆغڵو هاوسەری سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئیستانبۆڵ لە چێشتخانەیەكی دیاری ئیستانبۆڵ لەگەڵ باشاك دەمیرتاش و ئایگول دەمیرتاش هاوسەر و خوشكی سەڵاحەدین دەمیرتاش كۆدەبنەوە و بە وێنەكانیان رۆژەڤ لە توركیادا دروست دەكەن. لەهەموویان گرنگتر 40 ژووری پارێزەرانی توركیا بەشداری لە مەڕاسیمی ساڵی نوێ دادی توركیا ناكەن كە لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار سازكرا". 

ئەوەی HDP بیكات سنووردارە
پڕۆسەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی توركیا لە 31 ئادار و 23 حوزەیراندا، بێجگە لەوەی بووە وێستگەی بنكەوتنی AKP لە یەكەم هەڵبژاردندا دوای 17 ساڵ، لەهەمان كاتدا بووە زەمینەی دروستكردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن و كاری هاوبەشی نێوان لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات. زەمینە بۆ CHP رەخسا، تا بەدیدێكی ستراتیژیانە سیاسەت بكات و خۆی لە ئەو دێوەزمانەدا رزگار بكات كە چەندین ساڵە وەكو تابویەك ئەم پارتەی بەدیل گرتووە. 

نەسرین ناس، رەخنە لە هەڵوێستی لاوازی CHP دەگرێت لەمەڕ دانانەوەی قەیوم لەسەر شارەوانییەکانی HDP دا و دەڵێت:" ئەوەی HDP بەتەنیا بیكات زۆر سنووردارە. پارتی گەورەی ئۆپۆزسیۆن ناچارە بێدەنگی بشكێنێ و لە شارەوانییەکانی، ئامەد، ماردین و وان خاوەن دەركەوێت". 

دەربارەی هۆكاری لاوازی هەڵوێستی CHP چیە؟ ناس دەڵێت:" دیارە CHP چاوەڕێ دەكات تا ئەو كاتەی AKP بەخۆی خۆی لەناو دەبات. پێموایە ئەم لێكدانەوەیە هەڵەیە. ئەگەر CHP بەم شێوەیە هەڵسوكەوت بكات جارێكی دیكە دەرفەتی دیاریكردنی رۆژەڤ بۆ دەسەڵات دەڕەخسێت و دەسەڵات برینەكانی ساڕێژ دەكاتەوە". 

ئاکپارتی سەرەتا دەخوازێت لە نێوان HDP و CHP كێشمەكێش دروست بكات

ئەم ژنە سیاسەتمەدارە ئەكادیمیە، لەدرێژەی قسەكانیدا پێیوایە دەسەڵات بە دانانەوەی قەیوم بەبیرخۆی دێنێتەوە كە هێشتا دەسەڵاتدارە:" بێگومان هێزی دەستی ئەردۆغان بێ سنوورە. بۆ ئەمەش توانای شكاندن و گوشار خستنە سەر سیاسەتی كورد و ئۆپۆزسیۆنی هەیە. بێجگە لە AKP و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست MHP كەس پشتگیری لە قەیوم ناكات، بەڵام كێشەكە لەوە دایە كۆمەڵگا رێكنەخراوە بۆ ئەوەی كاردانەوەكان كاریگەریان هەبێت". 

نووسەری ناوداری تورك حەسەن جەمال، لەدوا گوتاری خۆیدا لە T24 پێیوایە ئامانج لە دانانەوەی قەیوم پارچەكردنی رێككەوتنی دیموكراتی كە دوای پڕۆسەكانی 31 ئادار و 23 حوزەیران دروست بووە و دەنووسێت:" سەرەتا دەخوازێت لە نێوان HDP و CHP كێشمەكێش دروست بكات. CHP بكاتە ئامانجی كورد، CHP لە İYİ PARTİ دووربخاتەوە، پارتی سەعادەت لە بلۆكی ئۆپۆزسیۆن دووربخاتەوە و پردی دیالۆگی نێوانیان بتەقێنێتەوە". 

پەرلەمانتارانی HDP هۆشیار بوون و دركیان بەم تەڵەیە كرد

نەسرین ناس داوا لە  CHPدەکات:" لە پەرلەماندا كۆبوونەوە لەگەڵ HDP ساز بكات، سەردانی ئەو سەرۆك شارەوانییانە بكات كە لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە، جەخت لە یەكسانی دەنگدەری ئامەد و ئیستانبۆڵ بكاتەوە. پێویستە لە رۆژی ئاشتی جیهانیدا پەرلەمانتارانی CHP سەردانی ئامەد و ماردین بكەن. هێشتا پەرلەمان زەمینەی هەماهەنگی و شەریكایەتی ئۆپۆزسیۆنە".

لە كۆتایی قسەكانیدا سەرۆكی پێشووی ANAP داوای لە ئۆپۆزسیۆن دەكات رێگا نەدات قەیرانی قەیوم ببێتە رێگایەك بۆ شاردنەوەی قەیرانەكانی دیكە:" دەبێت ئۆپۆزسیۆن لە سیاسەتی سوریاوە بگرە تا بارودۆخی ئابووری بكاتە رۆژەڤ كۆمەڵگا بە پێشنیارەكانی چارەسەری ئاشنا بكات". 

دەستلەكاركێشانەوی HDP چارەسەر نییە!
دوای بڕیاری دانانەوەی قەیوم، بەتایبەتی لە باكووری كوردستاندا داوا لە HDP دەكرێت دەستلەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵ پێشكەشی پەرلەمان بكەن و بگەڕێنەوە ناوچەكە یان لەبەردەم دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەست بە پڕۆسەی مانگرتن بكەن.

بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوودا خۆپیشاندەران بە توندترین شێوە بەرەنگاری پۆلیس دەبنەوە

رۆژنامەنووسی كورد مەحمود بۆزئارسلان، ئەم داواكارییە بە نابەتیانە لە قەڵەم دەدات و بۆ پەیسەر دەڵێت:" هەرچەندە HDP ناتوانێ لە پەرلەمان شتێك بە شتێك بكات، بەڵام سیفەتی پەرلەمانتاری رەوایەتی دەداتە HDP، بەتایبەتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەو سیفەتە دەتوانن لە دەرگای چەندین دامەزراوە بچنە ژوورەوە. هەروەها لەناو توركیاشدا ئەم سیفەتە چەند قازانجێكی هەیە، لەكاتی دەستێوەردانی پۆلیس لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكاندا پەرلەمانتار دەتوانێ لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتی مەدەنی بوەستێت و هاووڵاتی لە پۆلیس بپارێزێت". 

دەربارەی ئاستی كاردانەوەكان لەدژی بڕیاری دانانەوەی قەیوم بۆزئارسلان بەم شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدات:" بڕیاری دەوڵەت لەمەڕ دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییە كوردییەكان رووبەڕوی كاردانەوەی بەهێز دەبێتەوە. چەند رۆژە خۆپیشاندەران شەقام چۆڵ ناكەن. بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوودا خۆپیشاندەران بە توندترین شێوە بەرەنگاری پۆلیس دەبنەوە". 

پێویستە ئۆپۆزسیۆن بێتە سەر شەقام
ئەحمەد شق پەرلەمانتاری HDP و نوێنەری ئیستانبۆڵ، پێیوایە هەموو ئۆپۆزسیۆن قەرزاری دیموكراسیە، ناچارە قەرزی دیموكراسی بداتەوە. لە قسەكانیدا لەناو پەرلەمانی توركیا شق رەخنەی توندی ئاراستەی CHP كرد و داوای لێكرد، بڕژێتە سەر شەقام. ئەم پەرلەمانتارە لەمبارەیەوە دەڵێت:" پێویستە ئەو رێككەوتنە بڕژێتە سەر شەقام كە توانی لە 31 ئادار و 23 حوزەیران فاشیزم لە زەوی بدات. بەهۆی دەنگی ستراتیژی هیچ پارتێك قەرزاری پارتێكی دیكە نییە، بەڵام هەموومان قەرزاری دیموكراسین و ناچارین قەرزەكان بدەینەوە". 

شق لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژە بەو نەریتە دەكات كە دەسەڵاتەكان لە سایەیەوە هێڕش دەكەنە سەر كورد:" هەر كاتێك دەسەڵاتی سیاسی لاواز دەبێ هێرش دەكاتە سەر كورد. بۆ ئەمەش كارتی نەتەوەپەرستی دەجوڵێنێت. واتای قەیوم دیارە، كودەتایە. ئەو میدیا درۆزنەی، ئەو دادگا دوور لە دادپەروەریەی كردەوەكانی دەسەڵاتی مافیا بە یاسا و مافپەروەری لە قەڵەم دەدات مونافیقە. ئەگەر بەهۆی پشتگیری كردن لە تیرۆر پەنا بۆ قەیوم دەبەن ناونیشانەكە AKP و كۆشكی سەركۆمارە". 

دەبێ چەپڵە بۆ HDP لێبدرێت
لە هەڵبژاردنی 7 حوزەیرانی 2015 دا، AKP گورزێكی بەركەوت و نەیتوانی ئەو رێژەیە بەدەست بێنێ كە بتوانێ حكوومەت دروست بكات. بۆ ئەوەی رێژەی دەنگەكانی كوورسیەكانی لە دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە 1 تشرینی دووەمی هەمان ساڵ بەرز بكاتەوە، كارتی وروژاندنی بزوتنەوەی كوردی بەكارهێنا، لە ئەنجامدا شەڕی خەندەق لە باكووری كوردستان دەستی پێكرد و چەندین شار و شارۆچكە خاپوور كران و بزوتنەوەی كورد لە رووی سیاسی و سەربازیەوە گورزی گەورەی بەركەوت. بۆیە گومان دەكرێت یەكێك لە ئامانجەكانی AKP دووبارە كردنەوەی هەمان سیناریۆی 2015 بێت. نووسەر و گۆشەنووسی تورك ئایدن ئەنگین هەمان بۆچوونی هەیە و بۆ پەیسەر پرێس دەڵێت:" حكوومەت ویستی بە بڕیاری دانانەوەی قەیوم HDP بوروژێنێت، تاوەكو پەنا بۆ توندوتیژی ببات بەشێوەیەكی دیكە شەڕی خەندەق دووبارە بێتەوە. بەڵام پەرلەمانتارانی HDP هۆشیار بوون و دركیان بەم تەڵەیە كرد و دەبێت چەپڵەیان بۆ لێبدرێت". 

لە درێژەی قسەكانیدا ئایدن ئەنگین پێیوایە:" بەهۆی هەڵوێستی لاوازی بەڕێوەبەرایەتی CHP لە بارودۆخێك دایە كە كەسی خۆزگەی پێناخوازێت. لە رۆژانی داهاتوودا لەناو بەڕێوەبەرایەتی CHP دا گوێبیستی كاردانەوەی توند دەبین. بەڕێوەبەرایەتی HDP باش دەكات كاتێك لاوازی هەڵوێستی CHP ناكاتە رۆژەڤی سەرەكی خۆی، دەرفەت دەدات لەناو خودی ئەم پارتە فشارەكان زیاتر بن".