ڕاپۆرتی کوردستانی

02:42 - 12/09/2019

سەرێک بە شەش باڵەوە دەبرێتە کۆنگرە‌

پەیسەر

بۆ زۆربەی چاودێران و شارەزانی هەرێمی کوردستان هەمیشە قسەکردن لەسەر یەکێتی قورسترە بووە لە حزبەکانی دیکە. ئەگەر یەکێتی جاران لە سەردەمی مام جەلالدا سەرێکی هەبوو و هەزار سەودا، ئێستا چەندین سەری پڕ لە سەوداشی بۆ زیاد بووە.


لە سەردەمی تاڵەبانی باوکدا هەندێک کەس دەیانوت، تەنیا مام جەلال دەتوانێ یەکێتی ئیدارە بدات، راستی ئەم قسەیە لە دوای نەخۆشکەوتن و دواتریش کۆچی دوایی تاڵەبانی و قوڵبوونەوەی ململانێ ناوخۆییەکانی ئەو حزبەوە زیاتر سەلمێنرا.

یەکێتی بەبێ بەرهەم ساڵح یان کۆسرەت رەسوڵ دەتوانێ بەردەوامبێ، بەڵام بێ ماڵی تاڵەبانی ئاسەواری نامێنێ

لە ماوەی رابردوودا یەکێتی پڕ لە ململانێ وەک گۆڕەپانێکی تۆپی پێ وابووە کە هەر جارەی تۆپەکە لای کەسێک بووە، هەر جارەشی لایەکیان گۆڵی لەوەی دیکەیان کردووە. وەکچۆن یاریزانەکانی تۆپی پێ دەتوانن بە ئاسانی و لە بەرامبەر گرێبەستێکی باشتردا یانەکانیان بگۆڕن، یاریکەرە سیاسییەکانیش وەرزانە و بە هەمان سادەیی لە بەرامبەر کۆمەڵێک دەستکەوت و ئیمتیازدا ئەم باڵ و ئەو باڵ دەکەن.

بێجگە لەمانەش وادێتە بەرچاو زۆربەی ئەوانەی ئێستا یەکێتی بەڕێوە دەبەن، ئەوەی لە دەوری یەک کۆی کردوونەتەوە تەنیا مێژوویەکی هاوبەشە، نەک بیرو باوەڕ و بەرژەوەندی هاوبەش. چونکە کەس و گروپە جیاوازەکان جاری وا هەیە ئەوەندەی لەگەڵ حزبەکانی دیکە و کەسانی دەرەوەی حزبەکەی خۆیان بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، ئەوەندە لەگەڵ کەسانی ناو حزبەکەی خۆیان بەرژەوەندی هاوبەشیان نییە. 

ئێستا کە یەکێتی بەرەو بەستنی چوارەمین کۆنگرەی دەچێ، لانیکەم تائێستا وادێتە بەرچاو کە گۆڕەپانی کۆنگرە، گۆڕەپانی بەریەککەوتنی شەش ئاراستە و شەش بەرژەوەندی جیاوازە.

 

ئاراستەی یەکەم: ئاراستەی ماڵی تاڵەبانیی کە بریتییە لە کوڕەکانی تاڵەبانی و ئەو کەسانەی لە سەرکردایەتی و لەناو رێکخستنەکاندا بەرژەوەندی خۆیان بە بەرژەوەندی کوڕانی تاڵەبانییەوە گرێداوە.

- ئاراستەی کۆسرەت رەسوڵ و هەندێک لە هەولێرییەکانی ناو سەرکردایەتی یەکێتی 

- ئاراستەی سێیەم، ئاراستەی مەلا بەختیار و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە لە دژی بەرهەم ساڵحن و لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵیش دانوویان پێکەوە ناکوڵێ.

- ئاراستەی بەرهەم ساڵح کە بە شێوەیەکی محافزکارانە لەنێوان ماڵی تاڵەبانی و کۆسرەت رەسوڵدا یاری دەکات

- ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی و هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند و سەرکردایەتی یەکێتی

- ئاراستەی کەرکوکییەکان و هەروەها ئەو کەسانەن کە خۆیان لەناو باڵەکانی دیکەدا ساخ نەکردووەتەوە و لە هەر ئانوساتێکدا بۆی هەیە بەلای باڵێکیاندا بشکێنەوە.

کێ لە کۆنگرە دەترسێ؟
مەلا بەختیار کە نزیکەی دە مانگە لە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی زوویر بووە و داوای بەستنی کۆنگرە دەکات، بەر لەماوەیەک پڕۆژەیەکی راگەیاند کە پڕۆژەکەی زیاتر باسی جیهانبینی یەکێتی و هەروەها دژایەتیکردنی بەرهەم ساڵح بوو. بەڵام بە راشکاوی دەڵێت: دەبێ کۆنگرە بەبێ پشکپشکێنە و تەوافوقی پێشوەختەی باڵەکانبێ.

چارەنووسی بەرهەم ساڵح وایە کە ناتوانێ بە تەنیا لە هیچ یارییەکدا براوەبێ

بۆ ئەم مەبەستەش مەلا بەختیار ماوەی دوو مانگێکە هەوڵەکانی خۆی خستووەتەگەڕ، رۆژانە لەگەڵ کادر و ئەندامانی یەکێتی کۆبوونەوە دەکات، بە تایبەتیش لەگەڵ یەکێتییە پەراوێزخراو و ناڕازییەکان. پێدەچێ مەلا بەختیار ئێستا تا رادەیەک لە پێگەی خۆی دڵنیابێ کە قورساییەکی دەبێ لە کۆنگرەدا بۆ ئەوەی مامەڵە بکات.

تائێستا تەنیا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە راشکاوی پشتگیری پڕۆژەکەی دەکات، وادێتە بەرچاو ئەوەی مەلا بەختیار و شانازی لە دەوری یەکتر کۆکردووەتەوە، دژایەتیکردنی بەرهەم ساڵحە. 

 

بافڵ تاڵەبانیش کە لە بابەتە حزبییەکاندا زیاتر بە ناوی ماڵی تاڵەبانییەوە قسە دەکات، ئەویش بە هەمان شێوەی مەلا بەختیار دژی هەر جۆرە تەوافوقێکی پێشوەختەیە. قوباد تاڵەبانی زیاتر بە کاری حکومییەوە سەرقاڵە و خۆی لە کێشە حزبییەکان وەرنادات، بەڵام کاتێک بافڵی برای قسە لەسەر یەکێتی دەکات لە راستیدا قسەی قوبادیشە. چونکە سەرباری ئەوەی دوو کەسایەتی زۆر جیاوازیان هەیە، بەڵام پەیوەندییەکی برایەتی پتەویان هەیە و هاوبەرژەوەندیشن. کەواتە ماڵی تاڵەبانیش لە کۆنگرە ناترسن و پێیانوایە پێگەی خۆیان لە کۆنگرەدا مسۆگەرە.

ئەوەی مەلا بەختیار و شانازی لە دەوری یەکتر کۆکردووەتەوە، دژایەتیکردنی بەرهەم ساڵحە

هەر سەبارەت بە ماڵی تاڵەبانی، ئێستا بەراورد بە باڵەکانی دیکە پێگەی جەماوەریان لە هەموویان زیاترە، لە دوایین هەڵبژاردندا قوباد تاڵەبانی نزیکەی ٢٠٠ هەزار دەنگی هێنا، ئەوە لە کاتێکدایە کاندیدەکانی باڵی کۆسرەت رەسوڵ دەنگێکی ئەوتۆیان نەبووە لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا.

بە واتایەکی دیکە  یەکێتی بەبێ بەرهەم ساڵح یان کۆسرەت رەسوڵ دەتوانێ بەردەوامبێ، بەڵام یەکێتی بەبێ ماڵی تاڵەبانی هیچ ئاسەوارێکی نامێنێ و پلەکەی دادەبەزێت بۆ کۆتایی ریزبەندی حزبە گەورەکان. هەربۆیە ماڵی تاڵەبانی لە خۆڕانییە کە لە پێگەی خۆیان دڵنیان و تەوافقی پێشوەختە رەت دەکەنەوە.

 

بێجگە لە دوو ئاراستەکەی ماڵی تاڵەبانی و مەلا بەختیار، ئاراستەکانی دیکە هیچی لە پێگەی خۆیان لە کۆنگرە دڵنیانین. نزیکترین ئاراستە بە ماڵی تاڵەبانی کە لاهور شێخ جەنگییە، زۆر لە پێگەی خۆی دڵنیا نییە، هەندێک لە کەسە نزیکەکانی دەستیان کردووە بە نووسینی هەندێک بابەت کە باس لەوە دەکەن "پێویست ناکات پەلە بکرێت لە کۆنگرە ئەگەر بزانین ئەنجامێکی باشی نابێ" هەندێک زانیاریش هەیە کە لاهوری شێخ جەنگی داوای لە ماڵی تاڵەبانی کردووە لە کۆنگرەدا وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرێت، جیا لەوە واز لە کاری حزبیی دەهێنێ و خەریکی کاری میدیایی دەبێ. بەمشێوەیە هەڕەشەی کردووە کە دەیەوێت ئەزمونی نەوشیروان مستەفا دووبارە بکاتەوە، بەڵام وادیارە ماڵی تاڵەبانی بەڵێنیان پێ نەداوە.

ئاراستەی کۆسرەت رەسوڵ بە توندی پێداگری لەسەر تەوافوقی پێشوەختە دەکات، هەرچەندە کۆسرەت رەسوڵ کەسێکی بە ئەزموونە لە حزبایەتی و شەڕی باڵەکاندا. بەڵام خاڵی لاوازی کۆسرەت رەسوڵ لەناو جەماوەری یەکێتیدایە، پێشتر دەوترا یەکێتی لە هەولێر واتە کۆسرەت رەسوڵ، بەڵام تا دێت لە هەولێر و لەناو جەماوەری یەکێتی لە هەولێر پێگەی لاواز دەبێ. چەند هەڵبژاردنی رابردوو و دابەزینی دەنگی کاندیدەکانی سەر بە کۆسرەت رەسوڵ لە هەولێر ئاماژەن بۆ ئەوەی پێگەی چیتر ئەو پێگە جەماوەرییەی نییە تا پشتی پێ ببەسترێ.

کۆسرەت رەسوڵ وادیارە لە کۆنگرەیەکی بێ تەوافوق دەترسێ 

هەربۆیە کۆسرەت رەسوڵ وادیارە لە کۆنگرەیەکی بێ تەوافوق دەترسێ و لە ئێستاوە لایەنگرەکانی نیگەرانن لەوەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە کۆنفرانسەکان هەڵبژاردنێکی بێگەرد و بێ دەستێوەردان نابێ.

سەرباری هەمووی ئەمانەش ناکرێت کۆسرەت رەسوڵ و باڵەکەی بە ئاسانی پەراوێز بخرێن. بەڵام ترسی سەرەکی کۆسرەت رەسوڵ لە کۆنگرەی بێ تەوافوق ئەوەیە کە ماڵی تاڵەبانی پەڕوباڵی بکەن و کۆسرەت رەسوڵێکی لاواز لەسەرەوەی خۆیان دابنێن.

چارەنووسی بەرهەم ساڵح 
سەبارەت بە بەرهەم ساڵح و ئاراستەکەشی، هەرچەندە لە پرسی یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی حکومەتدا بەرهەم ساڵح براوە بوو، بەڵام ئەم براوەبوونە بۆ پێگە بەهێزەکەی ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئەو یارییە دەگەڕێتەوە کە لەنێوان هەر دوو باڵی کۆسرەت رەسوڵ و ماڵی تاڵەبانیدا دەیکات، هەر دوو باڵەکە ئامادەبوون بۆ لاوازکردنی ئەویتر ئیمتیازی زیاتر بدەن بە بەرهەم ساڵح.

پێدەچێ بەرهەم ساڵح لە کۆنگرەشدا هەمان یاری دووبارە بکاتەوە. بە ناوبژیوانی دوو باڵە سەرەکییەکەدا یارییەکە بباتەوە، بەڵام لە کۆنگرەیەکی بێ تەوافوق توانای مانۆڕی بەرهەم ساڵح لاواز دەکات. بێجگە لەوەش بەرهەم ساڵح لە کۆنگرەدا لەگەڵ دوو نەیار بەڕەوڕووە کە بەهیچ شێوەیەک سازشی لەگەڵ ناکەن، ئەو دوو نەیارەش مەلا بەختیار و شاناز ئیبراهیم ئەحمەدن کە بە هەردووکیانەوە ژمارەیەکی بەهێزن لە کۆنگرەدا و لەگەڵ ماڵی تاڵەبانیش کۆکن.

چارەنووسی بەرهەم ساڵح وایە کە ناتوانێ بە تەنیا لە هیچ یارییەکدا براوەبێ. هەرچی پۆستی حزبیی و حکومی تائێستا وەریگرتووە، بە پشتگیری ماڵی تاڵەبانی بووە. پێشتر مام جەلال پشتی دەگرت و ئێستاش کوڕەکانی.

بەپێی پێشبینییەکان باڵی تاڵەبانی زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە کە زۆرینەی کورسییەکانی کۆنگرە مسۆگەر بکەن

هەربۆیە بەرهەم ساڵح توانای ریسک و سەرکێشیی نییە، ئەگەر بێتو لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ بسازێت ئەوا دەکەوێتە بەر رقی ماڵی تاڵەبانی. زانیاری ئەوەش هەیە کە کۆسرەت رەسوڵ پێشنیازی بۆکردووە بۆ کۆنگرە جارێکی دیکە هاوپەیمانییەکی لە چەشنی ناوەندی بڕیاری پێشوو لە دژی ماڵی تاڵەبانی زیندوو بکەنەوە. بەڵام نەیتوانیوە وەڵامێکی ڕوونی بداتەوە. گەورەترین هەڵەیەک بەرهەم ساڵح لە کۆنگرەدا بیکات دوورکەوتنەوەیە لە ماڵی تاڵەبانی، لەوکاتە ماڵی ماڵی تاڵەبانی بە یارمەتی کەسانی وەک مەلا بەختیار دەتوانن پەڕوباڵی لێ بکەنەوە.

 

هەرچی ئاراستەی سەربەخۆکانە، ئەوانیش نیگەرانن لەوەی کۆنگرە بێ تەوافوقی پێشوەختە بەڕێوەبچێ. سەربەخۆکان بنکەی جەماوەریان نییە، هەربۆیە تەنیا شانسیان ئەوەیە لە تەوافوقێکی پێشوەختە پشکی خۆیان لە کۆنگرە مسۆگەر بکەن. بەڵام ئەگەر بێتو وەک ماڵی تاڵەبانی پێداگری دەکەن کۆنگرە بێ تەوافوقی پێشوەختە بەڕێوەبچێ، ئەو کاتە ئەوان سەیری هاوکێشەی هێز دەکەن لەناو کۆنگرەدا. کام باڵیان پێگەیان لە کۆنگرەدا بە‌هێزتربێ ئەوا ئەگەری بەهێز هەیە خۆیان بەسەر ئەو لایەنەدا ساخ بکەنەوە.

کۆنگرەی چوارەم تەنیا کۆنگرەی ئینتقالی و راگوزەرە نەک کۆنگرەی بووژانەوە

بەپێی پێشبینییەکان باڵی تاڵەبانی زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە کە زۆرینەی کورسییەکانی کۆنگرە مسۆگەر بکەن، هەربۆیە لەو حاڵەتەدا لەوانەیە زۆربەی سەربەخۆکان چارەنووسی خۆیان بە ماڵی تاڵەبانییەوە گرێ بدەن.

بەپێی ئەم شیکارییە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، کۆنگرەیەکی چارەنووسسازە بۆ باڵەکانی ناو یەکێتی. بەڵام نابێتە کۆنگرەی بوژانەوەی یەکێتی وەک بانگەشەی بۆ دەکەن. لەوانەیە یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە ئەوەبێ خەڵکێکی ناڕازی کە لە پشکی خۆیان لە کۆنگرە ناڕازین لە دوای کۆنگرە کێشە بۆ یەکێتی دروست بکەن، جا بە جیابوونەوەبێ یان هەر شێوازێکی دیکە.

 

کۆنگرەی چوارەم تەنیا شەڕی باڵەکان دەبێ و زیاتر کۆنگرەیەکی ئینتقالی دەبێ. هەر باڵێک لەم کۆنگرەیەدا براوەبێ ئەوا دەتوانێ لە کۆنگرەی پێنجەمدا هەیکەلی یەکێتی بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت دابڕێژێتەوە. کەواتە کۆنگرەی چوارەم تەنیا کۆنگرەی ئینتقالی و راگوزەرە نەک کۆنگرەی بووژانەوە.