ڕاپۆرتی کوردستانی

04:15 - 12/09/2019

حكومه‌تى نوێ ده‌رگا به‌رووی میدیادا داده‌خات؟‌

پەیسەر پرێس

دوومانگ و چه‌ندرۆژێك، به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا تێنه‌په‌ڕیوه‌، نیگه‌رانییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ میدیاو میدیاكاران وه‌ك پێشوون، چه‌ند وه‌زاره‌تێك رێوشوێنه‌كانى زانیاری پێدانیان به‌ میدیا توندتركردووه‌، پێنج وه‌زاره‌ت به‌ فه‌رمى لێدوان و زانیارى پێدانیان له‌ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكیان به‌ستووه‌ته‌وه‌ به‌ ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌ته‌وه‌، ده‌رگایان به‌ڕووى میدیادا داخستووه‌.

کارنامەی حکومەت باسی میدیای نەکردووە

به‌رنامه‌ى كارى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دوو هه‌زار و ١٢٢ وشه‌یه‌، ئه‌و كارنامه‌یه‌، وشه‌ى میدیا و میدیاكار و راگه‌یاندنى تێدانییه‌، روئیاى حكومه‌ت روون نییه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ میدیا، ته‌نها له‌ بڕگه‌ى ماف و ئازادییه‌كان له‌ خاڵێكدا هاتووه‌(پێداگری لە سەر چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و ئازادیی و یەکسانی و دەستخستنی زانیاری بەپێی یاسا بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەکەینەوە) له‌مه‌شدا دیسان ناوى رۆژنامه‌نوسان نه‌هێندراوه‌.

یه‌كه‌م ده‌رگا له‌ وه‌زاره‌تى پلاندانه‌وه‌ داخرا
رۆژی ٤-٩-٢٠١٩ دارا ره‌شید وه‌زیری پلاندانان فه‌رمانێكی وزاری به‌ژماره‌ ٢٥٣١ ده‌ركرد، تێیدا پێدانی زانیاری به‌ رۆژنامه‌نوسان و به‌شداریكردن له‌به‌رنامه‌ی میدیایی و لێدوانی له‌فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی به‌بێ ره‌زامه‌ندی وه‌زیر قه‌ده‌غه‌كرد، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ژماره‌یه‌ك وه‌زیری تری كابینه‌ی نۆیه‌میش كۆبوونه‌وه‌یان به‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌ته‌كانیان كردووه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ لێدوانیان لێ قه‌ده‌غه‌كردوون، كه‌ تێكڕا پێنج وه‌زاره‌تن.

كابینه‌ى نوێ به‌ سه‌ره‌تایه‌كى باش ده‌ستیپێنه‌كرد

ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان، پێچه‌وانه‌وه‌ى خواست و چاوه‌ڕوانى رۆژنامه‌نووسان بوو، چونكه‌ رۆژنامه‌نووسان چاوه‌ڕوانبوون كابینه‌ى نوێ، ده‌رگاكانیان به‌روودا بكاته‌وه‌و ئاسانتر به‌ زانیارى بگه‌ن، یاساى مافى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام كابینه‌ى نوێ به‌ سه‌ره‌تایه‌كى باش ده‌ستیپێنه‌كرد.

یاسایه‌كى هاوسه‌نگ له‌ ره‌فه‌دا
په‌رله‌مانی كوردستان له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا بۆ رێگری له‌شاردنه‌وه‌ی زانیاری و هاوكاری شه‌فافیه‌ت دوویاسای ده‌ركرد، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌كه‌م وڵاتی جیهاندا پرسی پێدانی زانیاری به‌یاسایی كراوه‌، به‌تایبه‌تی یاسای ده‌ستخستنی زانیاری. یاسای ژماره‌ ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ ی رۆژنامه‌گه‌ری كه‌ له‌ ١٤ مادده‌ پێكهاتووه‌ و بۆ ئه‌و قۆناغه‌ ده‌ستكه‌وتێكی باش بوو، هه‌روه‌ها یاسای ژماره‌ ١١ی ساڵی ٢٠١٣ كه‌ له‌ ٢٢مادده‌ پێكهاتووه‌ و ئه‌گه‌ر جێبه‌جێبكرایه‌ هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌بوو، به‌ئاڕاسته‌ی شه‌فافییه‌ت و رێگری له‌شاردنه‌وه‌ی زانیاری. یاساكى تاڕاده‌یه‌كى زۆر مافى رۆژنامه‌نوسانى له‌خۆگرتووه‌، به‌ڵام تائێستاكه‌ش وه‌ك پێویست كارى پێناكرێت، دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت به‌پێى یاساكه‌ نایه‌ن به‌ده‌م رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌.

رۆژنامه‌نوس ده‌توانێت له‌نزیكترین دادگای به‌رایی سكاڵای فه‌رمی تۆمار بكات

كابینه‌ى پێشووى حكومه‌ت، ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ربوو كه‌ یاسای ژماره‌ ١١ی ساڵی ٢٠١٣ جێبه‌جێناكات، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌به‌ده‌ستهێنانی زانیاری بۆ هاوڵاتیان و رۆژنامه‌نووسان، به‌پێی ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی له‌بڕگه‌كانی یاساكه‌دا، هاتووه‌ ئه‌گه‌ر پێنه‌دانی زانیاری له‌چوارچێوه‌ی ماده‌ی ١٥ی ئه‌و یاسایه‌دابێت، رۆژنامه‌نوس ده‌توانێت له‌نزیكترین دادگای به‌رایی سكاڵای فه‌رمی تۆمار بكات.

كاروان ئه‌نوه‌ر سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان-ی كوردستان، به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، به‌پێی یاساكه‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌ران بۆیان نییه‌ لێدوان بده‌ن یان زانیاری ئاشكرا بكه‌ن، به‌ڵكو  ده‌بێت هه‌موو وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یه‌ك هۆبه‌ی زانیاری هه‌بێت و هۆبه‌ی زانیاری وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانیش به‌پێی یاساكه‌، ده‌بێت له‌ماوه‌ی ٤٨ كاتژمێردا وه‌ڵامی رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ بده‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه‌ رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ سكاڵا تۆمار بكات و فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ش له‌ساڵێكه‌وه‌ بۆ سێ ساڵ به‌ندده‌كرێت.

"رۆژنامه‌نوسان كه‌مته‌رخه‌من"

كاروان ئه‌نوه‌ر ده‌ڵێت، رۆژنامه‌نوسانیش خۆیان كه‌مته‌رخه‌من، به‌پێی یاسای ده‌ستخستنی زانیاری، بۆیان هه‌یه‌ سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ تۆمار بكه‌ن، كه‌ زانیارییان پێناده‌ن، به‌ڵام چه‌ند حاڵه‌تێكی كه‌م هه‌یه‌ رۆژنامه‌نوس سكاڵای تۆماركردبێت،"ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نوس جاری یه‌كه‌م سكاڵای تۆمارنه‌كرد، ئه‌وه‌ وا له‌به‌رپرسه‌كه‌ ده‌كات جاری دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌میش زانیاری نه‌دات به‌رۆژنامه‌نوسان، ره‌نگه‌ هه‌ندێك وه‌زاره‌تیش خۆیان له‌جێبه‌جێكردنی یاسای پێدانی زانیاری بدزنه‌وه‌، به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌می له‌جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ هه‌یه‌".

قه‌ده‌غه‌كردنی لێدوان له‌لایه‌ن هه‌ر وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ به‌كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت

سه‌باره‌ت به‌ بۆچوونى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسان، سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌ى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ میدیاو پێدانى زانیارى به‌ رۆژنامه‌نوسان، كاروان ئه‌نوه‌ر گوتى، هێشتا زووه‌و ناتوانن بڵێن حكومه‌تێكی پۆلیسیی بۆ رۆژنامه‌نوسان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌یه‌.

پێویسته‌ ده‌رگا به‌ڕووی رۆژنامه‌نوساندا بكرێته‌وه‌

مه‌م بورهان قانع ئه‌ندامی لیژنه‌ی رۆشنبیری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ ده‌رگا به‌ڕووی رۆژنامه‌نوسه‌كان واڵابكرێت و وه‌زاره‌ته‌كان گوته‌بێژیان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ یان رۆژانه‌ ئه‌و پرسه‌ گرنگانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هاونیشتیمانیان و رۆژنامه‌نوسانه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ڵامیان بدرێته‌وه‌، بۆیه‌ قه‌ده‌غه‌كردنی لێدوان له‌لایه‌ن هه‌ر وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ بۆ به‌رپرسه‌كانی دواجار زیان به‌كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و له‌خزمه‌ت پایه‌كانی دیموكراسیه‌تدا نابێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری رۆژنامه‌نوسان، به‌شێكه‌ له‌به‌رپرسیارێتی پیشه‌یی و كارگێری به‌رپرسه‌كانی ده‌وڵه‌ت،"له‌لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مانی كوردستان، پێداگری له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌رچوون به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌كاری میدیای و فه‌رهه‌نگی و كلتوریه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و یاسایانه‌ وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن".

حكومه‌ت وه‌ڵامی په‌یسه‌ری نه‌دایه‌وه‌
بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی حكومه‌ت، سه‌باره‌ت به‌شێوازى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ میدیا، ده‌رباره‌ی داخستنی ده‌رگای چه‌ند وه‌زاره‌تێك به‌رووى رۆژنامه‌نووساندا، په‌یسه‌رپرێس له‌چه‌ند كاتێكی جیاواز، په‌یوه‌ندی كرد به‌جوتیار عادل گوته‌بێژی حكومه‌ت، پرسیاره‌كانیشى بۆ ره‌وانەكرد، به‌ڵام وه‌ڵامى نه‌دایه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر كابینه‌ى نوێ شێوازێكى نوێ بۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ میدیا دروستنه‌كات، وه‌ك پردى په‌یوه‌ندى نێوان خۆى و خه‌ڵك، میدیاكاران ته‌نها ئه‌ركه‌كانیان قورس ده‌بێت، به‌ڵام حكومه‌ت خۆى زیانمه‌ندى یه‌كه‌م ده‌بێت و خه‌ڵك وه‌ك حكومه‌تێكى داخراو وێناى ده‌كه‌ن و رایه‌ڵه‌َكانى په‌یوه‌ندیشى له‌گه‌ڵ خه‌ڵك داده‌خرێن.