ڕاپۆرتی کوردستانی

12:02 - 15/09/2019

یارییه‌ك بۆ چه‌سپاندنى قه‌یوم یاخود راگرێك پێش رمانى ده‌سه‌ڵات‌

پەیسەر

تادێت ژمارەی دایك و كەسوكاری گەریلاكان زیاتر دەبێت، كە لەبەردەم بارەگای هەدەپە داوای گەڕاندنەوەی رۆڵەكانیان دەكەنەوە. لەلای خۆیەوە هەدەپە داوا دەكات هەموو دایكان بچنە پەرلەمان و گفتوگۆ لەسەر داواكانیان بكرێت.

لە رۆژی ٥-ی ئەیلولی ٢٠١٩ لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە ئامەدی لە باكووری كوردستان، دایكی چەند گەریلایەكی پەكەكە كۆبوونەوە، داوایان لە كاربەدەستانی هەدەپە كرد، منداڵەكانیان بۆ بگەڕێننەوە كە رەوانەی شاخیان كردوون. 

كەسوكاری گەریلاكان، باڵی گەنجانی هەدەپە لە ئامەد تۆمەتبار دەكەن

ئەمە یەكەم جار نیە، دایك و باوكی ئەو گەنجانەی پەیوەندی بە گەریلاوە دەكەن، لەدژی هەدەپە خۆپیشاندان، گردبوونەوە و مانگرتن دەست پێدەكەن. لە ئایاری ساڵی ٢٠١٤، لەو كاتەی پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كورد لە ئارادابوو، دیسان كەسوكاری چەند گەریلایەك لەبەردەم شارەوانی گەورەی ئامەد كە لەدەستی هەدەپە دابوو، گردبوونەوە، داوایان لە كاربەدەستانی ئەم پارتە كرد رۆڵەكانیان بۆ بگەڕێننەوە، كە ئەوان رەوانەی شاخیان كردوون، بەڵام دوای چەندرۆژێك كەسوكاری گەریلاكان ئەم شوێنەیان بەجێهێشت و مەسەلەكە بەردێكی لەسەر دانرا.

كەسوكاری گەریلاكان، باڵی گەنجانی هەدەپە لە ئامەد تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە رۆڵەكانیان لە رێگای ئەوان پەیوەندییان بە گەریلاوە كردووە. بەڵام هەدەپە ئەم تۆمەتە رەتدەكاتەوە. موسا فارسئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە و نوێنەری شاری ئامەد بۆ (پەیسەر پرێس) ئەم تۆمەتە رەتدەكاتەوە و دەڵێت:"لەبەردەم هەموو بارەگاكانمان هەمەری پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان وەستاوە. دەوڵەت بە كامێرا سات بە سات چاودێریمان دەكات". 

دەسەڵات هەوڵیداوە سیاسەتی دروستكردنی قەیران و شەڕ بۆمانەوەی خۆی بەكاربهێنێت

توركیا لە ناوخۆ و لە دەرەوەدا چەند ساڵێكە بە بارودۆخێكی پڕ لە قەیران و كێشەدا تێپەڕدەبێت و دیاریشە كە دەسەڵات توانای چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی نییە. كاتێك دەسەڵات توانای چارەسەری كێشە و قەیرانەكانی نەبووە، هەوڵیداوە سیاسەتی دروستكردنی قەیران و شەڕ بۆمانەوەی خۆی بەكاربهێنێت. لەمبارەیەوە نووسەری كورد ئەردال ئەر لە گووتارێكی لە بلۆكی تایبەتی خۆی بەناونیشانی (هەدەپە، ئەو گەنجانەی چوونە شاخ و درۆیە گەورەكە) دەڵێت:" لەبنەمادا دروستكردنی قەیران و كابووس شێوازی خۆ لەسەر پێ هێشتنەوەی دەسەڵاتەكەی سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغانە. لێ ئەوەی دیارە و زیاتر دیار دەبێت، سیاسەتی شەڕ و قەیران بەشی مانەوەی دەسەڵات ناكات و ئەم كارتەش خەریكە دەسووتێت. ئیتر زۆربەی كۆمەڵگا باوەڕ بە دروشمی (نیشتیمان لە مەترسی دایە) (بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان چارەنوسسازە بۆ میللەت) ناكات كە لەدوای ٢٠١٤ ەوە، ئەردۆغان بەردەوام پەنای بۆ دەبات. ئەو دركی بەم راستیە كردووە، هەر بۆیە بە پەنجەی دەستی هەڕەشە لە راست و چەپ دەكات". 

ئەگەرچی ئاكەپە و ئەردۆغان، دەخوازن ئەمە وەكو یارییەكی نوێ وێنا بكەن، بەڵام خودی یارییەكە كۆنە. یارییەكە لە زۆر رووەوە لە پێناسەی زانای ئەڵمانی ئەلبێرت ئەنیشتاین بۆ كەسی گێل دەچێت كە دەڵێت:"چاوەڕێكردنی ئەنجامی نوێ لە دووبارەكردنەوەی یاریە كۆنەكان گێلییە". بەڵام پێدەچێت ئەردۆغان بە مەرامی دیكە ئەم یاریە "گێلانەیە" ئەنجام بدا. چونكە ئەردۆغان پێویستی بە شەڕێكە نەوەكو بۆئەوەی سەركەوتن بەدەست بێنێت بەڵكو بۆ ئەوەی لە رێگای ئەم شەڕە لەسەر پێ بمێنێتەوە. 

پێدەچێت رەوانەكردنی دایكی گەریلاكان بۆ بەردەم بارەگای هەدەپە بەشێكی دیكە پلانی شەڕی ئاكەپە بێت

حكوومەتی ئاكەپە لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤ لە رێگای راوێژكاری باڵای رای گشتی و سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا پلانێكی ٤٢ لاپەڕەییان لەژێر ناوی "پلانی ئۆپەراسیۆنی لەناوبردن" داڕشت. ئامانجی ئەم پلانە كۆتایی هێنان بوو بە پەكەكە و وەكو ئەوەی سریلانكا لەدژی پڵنگەكانی تامیل جێبەجێی كرد. بەرواری ئامادەكردنی ئەم پلانە هاوتەریب بوو لەگەڵ پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كورد كە لە ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ درێژەی كێشا. بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لە ویكلیكس بڵاوكرانەوە، پلانەكانە بەرفراوان بوو. تیایدا نەخشەی بێدەنگكردنی میدیا، هەدەپە و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كێشرابوو. 

لەدوای هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ كە تیایدا هەدەپە زیاتر لە سەدا١٣ و ٨٣كوورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، ئەردۆغان لەگەڵ ئەرگەنەكۆن رێككەوت و ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی ناوخۆ دەستی پێكرد. شارەكان خاپووركران، مرۆڤەكان بە زیندوویی لە ژێر زەمینەكاندا سووتێندران. گۆڕستان و شوێنە پیرۆزەكان بۆمباران كران. هاوسەرۆكانی هەدەپە، پەرلەمانتاران، سەرۆكی شارەوانییەكان پەلكێشی زیندان كران، لەگەڵ ئەوانەش زیاتر لە ١٠ هەزار كەس زیندانی كران. شاخ نەما بۆمباران نەكرێت، بەسەدان كەس گیانیان لەدەستدا. بەدەیان هەزار كەس ناچار بوو وڵاتەكەی بەجێبێڵێت. عەفرین داگیركرا، ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسمانیی دواتر زەمینی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد. بگرە لەدژی كورد بگرە پشتگیری رێكخراوێكی تیرۆریستی وەكو داعشیشی كرد. 

هەرچەندە پلانەكە زیانێكی زۆری بە كورد گەیاند، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. پەكەكە لەناو نەچوو، بزوتنەوەی كورد چۆكی دانەدا و هەدەپە خۆی بەدەستەوە نەدا. لێرەدا لێكترازان لەناو دەوڵەت روویدا. كاتێك ئەنجام بەم شێوەیە نەبوو كە چاوەڕێ دەكرا، شەڕی ناوخۆ لەناو رژێمدا بووە شتێكی دەستلێبەرنەدراو. ئەفسانەی ئەردۆغان تێكشكا و ئاكەپە لەناو خۆیدا پارچە بوو. لە سەردەمی كەنعان ئێڤرن، تورگوت ئۆزال، سولەیمان دەمیڕال، تانسۆ چیلەر، نەجمەدین ئەربەكان، بوڵەنت ئەجەوید، مەسعود یڵماز هەمان شت روویداوە. كێ هاتە سەر دەسەڵات بۆ لەناوبردنی سەرهەڵدانی كورد پلانێكی داڕشت، دەستبەكاربوو لە كۆتاییدا سەركەوتوو نەبوو، ناچار بوو بڕوات. ناكرێت هەمان چارەنووس بۆ ئەردۆغان دووبارە نەبێتەوە. 

داواكاری گشتی ئامەد دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە لەگەڵ بەرپرسانی هەدەپە لە ئامەد

بۆیە پێدەچێت (رەوانەكردنی دایكی گەریلاكان بۆ بەردەم بارەگای هەدەپە) بەشێكی دیكە پلانی شەڕی ئاكەپە بێت دژ بە كورد. ئاكەپە دەخوازێت لە رێگای ئەم هەڵمەتەدا رەهەندی یاسایی، سیاسی و دەروونی بۆ دانانەوەی قەیووم بەدەستبێنێت و مەشروعیەت بە قەیووم بدات. بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، پۆلیس خانەوادەی گەریلاكان بانگ دەكات و داوایان لێدەكات بچنە بەردەم بارەگای هەدەپە و داوای گەڕاندنەوەی رۆڵەكانیان بكەن. ئەم ئاژانسە لە هەواڵێكیدا لە رۆژی ٧ی ئەیلولی ٢٠١٩ دا نووسیوویەتی:" لە باتمان كەسوكاری گەریلایەك ڤیدیۆی كوڕەكەیان نیشانی پۆلیس داوە، كە چووەتە هەرێمی كوردستان و لەوێ روویكردووەتەوە ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلا. بەڵام پۆلیسی بەو خێزانەی گوتووە كە كوڕی ئەوان لەگەڵ ئەو كەسانەدا نییە كە رووی لە هەرێمی كوردستان كردبێت، داوای لێكردوون بچنە بەردەم بارەگای هەدەپە و بەشداری ناڕەزایەتییەكان بكەن". 

پەیوەست بەم مەسەلەیەوە لەسەر داوای كەسوكاری گەریلاكان، كە لەبەردەم بارەگای هەدەپە كۆبوونەتەوە، داواكاری گشتی ئامەد دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە لەگەڵ بەرپرسانی هەدەپە لە ئامەد. 

پارێزەر جەمیلە تورهانلی، ئەندامی ژووری پارێزەرانی ئامەد، لەمبارەیەوە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دەداتەوە و دەڵێت:"بەرلەوەی دەربارەی ناڕەزایی دایكان لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپە قسەبكەین، پێویستە سەیری شێوازی باسكردنی ئەم مەسەلەیە بكەین لە میدیای توركیادا. چونكە بە گوێرەی بانگەشەی ئەو خێزانانە هەدەپە منداڵی ئەوان رەوانەی شاخ دەكات. دوای ساڵانێكی درێژ كە ئەو دایكانە دەبنە رۆژەڤی میدیای توركیا سەرەنجڕاكێشە. دایكان كە چەندین ساڵە لەسەر شەقامەكان داوای ئاشتی دەكەن و رووبەڕووی ئەشكەنجەی پۆلیس دەبنەوە، هیچ كاتێك بەم خێراییە نەبوونەتە رۆژەڤی میدیا. بە پێچەوانەوە ئەو دایكانەی كە تەمەنیان لە نێوان ٥٠– ٧٠ ساڵیی دابووە لەكاتی هاواری ئاشتییان كردووە، لەبەردەم كامێراكان دەستیان كەلەپچە كراوە، پێچەكانیان فڕێدراوە، سووكاتیەتیان پێكراوە. ئەو دایكانەی منداڵەكانیان مانیان لە خواردن گرتبوو دەستدرێژیان كرا سەر و دەستبەسەركران". 

جەمیلە پێیوایە دروستكردنی ئەم رۆژەڤە بۆ پەردەخستنە سەر دانانەوەی قەیوومە. لەمبارەیەوە بەم شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدات:"زۆر بە راشكاوانە دیارە كە دەسەڵات نە رای گشتی ناوخۆ و نا رای گشتی دەرەوەی دەربارەی دانانەوەی قەیووم رازی نەكردووە. هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەو سەرۆك شارەوانییانە لە ئارادانییە كە لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە. ئەو سەرۆك شارەوانییانە هیچ پەیوەندییەكی نایاساییان نیە. ئەو دۆسیانەی كراونەتەوە هەموویان بەرلەوەی ئەو پۆستانە وەربگرن كراونەتەوە. هەموو دۆسییەكانیش پەیوەست بە رەخنەكردنی دەسەڵات لەلایەن ئەو كەسانە. بۆیە پێدەچێت بە رۆژەڤكردنی مەسەلەی دایكی گەریلاكان و هاتنیان بۆ بەردەم بارەگای هەدەپە دروستكراو بێت". 

پێویستە هەدەپە بوێر بێت ئەو مەسەلەیە بباتە پەرلەمان و لەوێ بیكاتە رۆژەڤ

محەمەد ڤوڕال، سەرۆكی ناوەندی توێژینەوەی دیجلە (DİTAM) بۆ (پەیسەر پرێس) بە دووری نازانێت دەوڵەت لەپشت گردبوونەوەی ئەم دایكانە وەستابێت كە هاتوونەتە بەردەم بارەگای هەدەپە. لەمبارەیەوە دەڵێت:"پێویستە هەدەپە بوێر بێت ئەو مەسەلەیە بباتە پەرلەمان و لەوێ بیكاتە رۆژەڤ، داوای چارەسەری بكات. لەوانەیە دەوڵەت بخوازێ بەم مەسەلەیە لە هەدەپە بدات. هەروەها ناكرێت پارتێكی یاسایی كردەوەی بەدەر لە یاسا بكات. بۆ ئەمە باشترین شت گواستنەوەی ئەم رۆژەڤەیە بۆ ناو پەرلەمان". 

پەرلەمانتاری هەدەپە ئیمام تاشچەر، پێیوایە مەرام لە مەسەلەی بە رۆژەڤكردنی دایكانی گەریلا ناشیرینكردنی هەدەپەیە لە رۆژئاوای توركیادا. تاشچەر لە قسەكانیدا بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت:"پێموانیە ئەمە هەڵمەتێك بێ بۆ قەدەغەكردنی هەدەپە. بەڵكو بۆ ناشیرینكردنی هەدەپەیە. پشتگیریكردنی هەدەپە لەدوای ٣١ی ئادار لە رۆژئاوای توركیا لە هەڵكشان دایە. دەخوازن هەدەپە بە كاری نایاسایی تۆمەتبار بكەن".