ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:39 - 15/09/2019

ئەردۆغان، پەنای بردەوە بۆ پووتین و ڕۆحانی‌

پەیسەر

لە پرسی سوریادا ئەنقەرە لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکادا گیریخواردووە. تورکیا لە ئیدلب لەژێر فشاری ڕووسیادایە و لە ڕۆژئاوای فوراتیش ئەمریکا.

پرسی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندیەکانی تورکیا و ڕووسیا و ئێران لە ئیدلب.

تورکیا لە رابردوودا بە هۆی رێککەوتنی سوچیەوە کە لەگەڵ ڕووسیا و ئێران لەبارەی ئاگربەستی ئیدلب بەستی و کڕینی سیستمی بەرگری دژە مووشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕووسیەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بووەوە و پەیوەندیەکانیان تێکچوون و لە دوای ڕێکكەوتنی ناوچەی ئارام لەگەڵ ئەمریکا، ڕووسیا و ڕژێمی سوریا لە ئیدلب جێی پێ لێژدەکەن.

 

لەبارەی پرسی ئیدلبەوە، سبەینێ ١٦ی ئەیلول ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا و حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆدەبنەوە.

هێرشە ئاسمانییه‌كانی ڕووسیا و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران و سوپای سوریا دژی گروپە جیهادیەکانی نزیک لە تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی تەنگەتاو کردووە و هەوڵی چارەسەریەک  و ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران و ڕووسیا دەدات.

شەپۆلێکی پەنابەران کە نزیکەی نیو ملیۆن کەس دەبن، بەرەو سنورەکانی تورکیا بەڕێوەن، هەرچەندە ڕووسیا و ئێران و تورکیاش نیگەرانی خۆیان بەرامبەر ئەو دۆخە نیشانداوە، بەڵام هیچیان وەک تورکیا نیگەران نین.

لەلایەک خاڵە چاودێریەکانی تورکیا لە ئیدلب لەژێر هەڕەشەدان، ڕۆژ بە ڕۆژ گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە پاشەکشێدان و خاک لەدەستدەدەن. بە کۆنترۆڵکردنی ئیدلب لە لایەن ڕژێمی سوریاوە، چەکدارە توندرەوەکانی نزیک لە ئەنقەرە و خانەوادەکانیان پێویستە لەو شارە بچنە دەرەوە. تورکیاش بە تەنیا کانتۆنی عەفرین و هەرێمی شەهبای بەدەستەوە دەمێنێت لایەنگرەکانی تێدا نیشتەجێ بکات.

 

حکومەتی تورکیا بە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵی دەدا ژمارەیەک لەو چەکدار و ئاوارە سوریانەی کە لە توركیا دەژین بگەڕێنێتەوە و له‌ شارەکانی سەر سنووری باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێیان بکات.

دوای دانوستانەکانی دروستکردنی ناوچەی ئارام بەرپرسانی تورکیا بە ئاشکرا ئه‌وه‌یان ڕاگەیاند. بەڵام بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان پلانێکی لەو جۆرەیان بەهەموو شێوەیەک ڕەتکردەوە و پێناچێت جێگەی گروپە چەکدارەکان و خانەوادەکانیان لە ناوچەی ئارام بێتەوە. بەو هۆیەوە تورکیا هەوڵ دەدات بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران و ڕووسیا رێ لە كۆچی خەڵکی ئیدلب بگرێت بۆ ناو خاکەکەی.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پێویستە پەنابەران و ئەو خەڵکانەی کە لە ترسی ڕژێمی سوریا هەڵدێن، لە ناوچەی ئارامدا نیشتەجێبکرێن، ئەگەر پشتگیریەکان بۆ پەنابەرانی سوریا لە تورکیا ڕابگیرێت، توركیا دەرگاکانی ئەوروپا بەڕووی پەنابەراندا دەکاتەوە.

بەڵام وادەردەکەوێت، وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ بدەن بێ تورکیا میکانیزمێک بۆ رێگریکردن لە شەپۆلی پەنابەران بگرنه‌به‌ر. ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ‌هێزی پاراستنی سنووری یۆناندا کار بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکان دەکات، لەو پرۆسەیەدا ڕاوێژ بە تورکیا نەکراوە.

لە ئێستادا پرسی پەنابەران خەمی گەورەی تورکیایه،‌ لەبەرئەوه‌ ناچارە بە جۆرێک لەگەڵ ڕووسیا و ئێران رێكبکەوێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیه‌، ڕووسیا و ئەمریکا  بەرامبەر چ ده‌ستكه‌وتێك بەوە ڕازی دەبن ڕێگە لە پێشرەویەکانی رژێمی سوریا بگرن. لەلایەکی دیکەوه‌ تورکیا نە دەتوانێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا تێکبدات و نە دەرچەیەکی بۆ ماوەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە پەنابەران بنێرێته‌ ئەوروپا.