ڕاپۆرتی کوردستانی

02:44 - 16/09/2019

جێگا ماوە بۆ حزبێكی نوێ ؟‌

پەیسەر

" من ڕاگەیەنراوێکم دی لێی نووسرابوو: ئێمە کۆمەڵێک ڕووناکبیر، بڕیارمان دا حزبێکی نوێ دامەزرێنین. بەڵام تائێستا نەکراوە هیچ ڕەنگێکی بۆ بدۆزینەوە کە پێش ئێمە حزبێک نەیکردبێتە ئاڵا! داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین، ئەگەر کەسێ ڕەنگێکی تازەی پێ شک دێت پەیوەندیمان پێوە بکا" بەشێک لە قەسیدەی " زەوی سەخت و ئاسمان دوور"ی شاعیری کۆچکردووی رۆژهەڵاتی کوردستان مارف ئاغایی.

سلێمانی لە سەد ساڵی رابردوو جێگای لە دایکبوونی زۆربەی حزبەکانی کوردستان بووە، بەڵام هەمووشیان هەر لە سلێمانییەوە گڵۆڵەیان کەوتووەتە لێژی!

شاعیر مارف ئاغایی پانزە ساڵێک لەمەوبەر بە تانەوتەشەرەوە، رەخنە لە فرەحزبیی ناپێویست و شەڕی براکوژیی دەگرێت. چونکە پێیوابووە زۆربوونی ژمارەی حزبەکان ئاماژە نییە بۆ هەبوونی دیموکراسی و بۆچوونی جیاواز، بەڵکو زیاتر ئاماژەیە بۆ ناتەبایی و پێکەوەهەڵنەکردن لە پێناو بەرژەوەندی شەخسیی و بنەماڵەییدا.

ئێستا لە کوردستان بە تایبەت باشوور، رەنگێک و ئایدۆلۆژیایەک نەماوە تاقی نەکرابێتەوە لە قاڵبی حزبایەتیدا. بەڵام هێشتا هەن خەون بەوە دەبینن حزبی نوێ بێننە کایەوە. پرسیارە جدییەکە ئەمەیە ئایا هەرێمی کوردستان لەمە زیاتر جێی حزبی نوێ و رەنگی نوێی تێدا دەبێتەوە؟

دوو نموونەی زۆر نزیک و زیندوو، دەمودەس وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە کە ئەوانیش (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید و (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی) بە سەرۆکایەتی د. بەرهەم ساڵح.

ئەوان بەبێ ئەوەی زەمنیەی جوڵانەوەیەکی سیاسی نوێ و هاوپەیمانێکی هەمەڕەنگ هەبێ لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، لەناکاو قوتکرانەوە. ئاکامەکەی بەوە گەیشت هەریەکەیان بە سیناریۆیەک و بە رووداوێکی تەمومژاویی باڵۆنەکانیان بە ئاسمانەوە کونی تێکراو و خێرا کەوتنەوە سەر زەوی!

ئێستا زەمینە نەک لەبار نییە بۆ زیادبوونی حزبی نوێ، بەڵکو زەمینە لەبارە بۆ کەمبوونەوەیان یان رێکخستنیان لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا

حزب و کورسی
ئێستا لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی ٢٥ حزبی گەورە و بچووک، مۆڵەتی هەڵسوڕانیان هەیە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆیەوە پێیان دراوە. بەڵام تەنیا شەش حزب لەوانە لەناو پەرلەماندا خاوەنی کورسین.

هەبوونی ٢٥ حزب لە کاتێکدایە ئێستا لە سلێمانی جموجوڵێک هەیە بۆ دامەزراندنی حزبێکی نوێ. لەمسەر تائەوسەری حزبەکان خۆیان بە خاوەنی دروشمی چاکسازیی دەزانن، بێگومان ئەو حزبە نوێیەش چاوەڕێ دەکرێ دابمەزرێ هەمان کراسی چاکسازیخوازیی دەکاتە بەری!

بەڵام ئایا بەتایبەت سلێمانی جێی حزبێکی تری تێدا دەبێتەوە؟
لە سەد ساڵی رابردوودا، سلێمانی شوێنی لەدایکبوونی زۆربەی حزبەکانی باشووری کوردستانبووە هەر لە حزبی هیواوە تا پارتی دیموکراتی کوردستان، کاژیک، کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بەمەدواییانەش بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ.

بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە زۆربەی حزبەکانیش هەر لە سلێمانییەوە گڵۆڵەیان کەوتووەتە لێژی. پارتی کە سەردەمانێک حزبی یەکەمی هەموو کوردستان بوو و ناوەندە سەرەکییەکەشی سلێمانی بوو، بەڵام هەر لە سلێمانییەوە تەنگی پێ هەڵچنرا. یەکێتی نیشتمانیش هەر لە سلێمانییەوە هێزی گرت و لە دوای ٢٠٠٩ش هەر لە سلێمانییەوە پێگەی لاوازکرا. بزووتنەوەی گۆڕانیش هەر لە سلێمانییەوە لەدایکبوو و لە دوایین هەڵبژاردنیشدا هەر لە سلێمانییەوە پێگەی لاوازبوو.

سلێمانی کە شوێنی لەدایکبوونی حزبەکانە، بەو واتایە نییە باوەش بۆ هەر حزبێکی نوێ بکاتەوە، چ لە رابردوو و چ لەم ساڵانەی دواییشدا باوەشی بۆ زۆر حزبی نوێ نەکردووەتەوە، باوەشی بۆ هەر حزبێکیش نەکردبێتەوە ئەو حزبە نەیتوانیوە گەشە بکات و دوای ماوەیەک دامرکاوەتەوە.

لە مێژووی ئەم شارەدا باوەشی بۆ سێ حزب کردووەتەوە و شان و شکۆی پێ بەخشیوون. یەکەمجار باوەشی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە کە خاوەنی گوتارێکی نەتەوەیی بوو، ئەو کاتەش سلێمانی گڕکانێک لە کوردایەتی بوو. هەربۆیە لە پەنجاکان و شەشتەکاندا پێگەی پارتی لە بەرامبەر رکەبەرە بەهێزەکەی واتە حزبی شیوعی عێراق بەهێزتر کرد و پارتی بووە حزبی یەکەم و زۆرینەی هەموو کوردستان.

لە قۆناغی دووەمدا لە حەفتاکاندا سلێمانی باوەشی بۆ گوتارێکی چەپی نەتەوەیی کردەوە، کە ئەم گوتارە چەپە نەتەوەییەش سەرەتا خۆی لە کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا دەبینییەوە و دواتریش یەکێتی نیشتمانی کوردستان. بۆ ماوەی سێ دەیە سلێمانی لانکەی ئەم هێزە بوو.

نەوەی نوێ و هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح زیندووترین نموونەن کە حزبی نوێی بێ گوتار ناتوانێ لەسەرپێی خۆی بووەستێ

لە قۆناغی سێیەمیشدا سلێمانی باوەشی بۆ گوتارێکی ریفۆرمخوازانە کردەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە چوارچێوەی بزووتنەوەی گۆڕاندا دەرکەوت. کە واتە سلێمانی باوەش بۆ گوتاری نوێ دەکاتەوە، نەک بۆ حزبی نوێ.

لە دوای گۆڕانەوە، تائێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ سەرهەڵدانی گوتارێکی نوێ تا سلێمانی جارێکی دیکە باوەشی بۆ بکاتەوە. وەکچۆن لە رابردوودا لە چوارچێوەی گوتاری نەتەوەیی و چەپدا ئامادەنەبوو باوەش بۆ زۆر هێزی وەک کاژیک و پاسۆک و حزبی سۆسیالیست بکاتەوە، ئەوا لەم قۆناغەی دواییشدا ئامادەنەبوو باوەش بۆ نەوەی نوێ و حزبەکەی بەرهەم ساڵح بکاتەوە کە لەسەر هەمان گوتاری ریفۆرمخوازنەی بزووتنەوەی گۆڕان دەیانویست سەرنجی خەڵکی سلێمانی و هەرێمی کوردستان بۆ لای خۆیان رابکێشن.

 هەربۆیە ئێستاش کە زەمینە بۆ سەرهەڵدانی گوتارێکی نوێی سیاسی نییە، زەمینەی ئەوەش نییە کە کۆمەڵێک کەسایەتی حزبێکی نوێ دابمەزرێنن و بیانەوێت دەنگی سلێمانی بۆخۆیان مسۆگەر بکەن، بە تایبەتیش کە دوو حزبە سەرەکییەکەی ئێستای سلێمانی هەردووکیان بە شێوازی خۆیان لەسەر هەمان گوتاری ریفۆرم و چاکسازیی قسە دەکەن.

بە واتایەکی دیکە بۆ دامەزراندنی حزبی نوێ هەر ئەوە بەس نییە کە چەند کەسایەتییەکی ناسراو حزبێکی نوێ رابگەیەنن، لاسایی کردنەوەی ئەزمونی نەوشیروان مستەفا لە ٢٠٠٩ یان جەلال تاڵەبانی و کۆمەڵەی رەنجدەران لە حەفتاکاندا هەڵەیە. چونکە ئەوان بێجگە لەوەی کەسایەتی ناسراو و خاوەن مێژوو و کارێزما بوون،  خاوەنی گوتارێکی نوێشبوون کە لەگەڵ واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆیاندا گونجابوو و لەلایەن کۆمەڵگاوە وەک زەرورەتێکی سیاسی سەیر دەکران.

هەربۆیە لەوانەیە دروستتر ئەوەبێ ئەو کەسانەی ئێستا خەیاڵی دامەزراندنی حزبی نوێیان هەبێ، پێویستە سەیری ئەزمونی بەرهەم ساڵح و شاسوار عەبدولواحید بکەن، کە هەردووکیان کەسانی ناسراو و خاوەنی میدیابوون، کەچی سلێمانی ڕووی خۆشی پیشان نەدان، چونکە نە خاوەنی گوتارێکی تایبەت بە خۆیان بوون، نە هەڵقوڵاوی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگا بوون.

لە هەرێمی کوردستان ئێستا نزیکەی ٢٥ حزب هەن کە لە وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتیان پێدراوە!

لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا کە پێیانوایە لە سلێمانی دەرفەت بۆ دروستکردنی حزبێکی نوێ هەیە، بۆچوونێکی دیکە هەیە کە واقیعیترە، ئەویش ئەوەیە لە دۆخی ئێستای سلێمانی و هەرێمی کوردستاندا، ئەوەندەی دەرفەت بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی حزبەکان هەیە، ئەوەندە دەرفەت بۆ زیادبوونی ژمارەیان نییە. بەو واتایەی ئێستا دەرفەتی ئەوە هەیە ئەو حزبانەی کە گوتاریان لێک نزیکە لە چوارچێوەی حزبێکی نوێ یان بەرەیەکی نوێدا یەکبگرن، لەو حاڵەتەشدا ئەگەری ئەوە هەیە رایگشتی لە سلێمانی و لە هەرێمی کوردستان پێشوازیی لەو جۆرە یەکگرتنانە بکات. بەڵام ئەگەرێکی زۆر لاواز هەیە کە سلێمانی و کوردستان پێشوازیی لە گروپێک بکەن کە لەناو هەناوی یەکێتی یان بزووتنەوەی گۆڕان جیاببنەوە و هێزێکی نوێ دامەزرێنن، چونکە هەر حزبێکی نوێ کە دامەزرێت دەبێ وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بداتەوە لەوانە:

تۆ چ جیاوازییەکەت هەیە لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی و نەوەی نوێ ؟ گوتار و داخوازییەکانت چین کە ئەوانیتر داوای نەکەن؟ لەم قۆناغەدا نەک هەر وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە بۆ هەر هێزێکی نوێ زۆر قورسە، بەڵکو تەنانەت ئەوەش قورسە کە ڕەنگێکی نوێی سەرنجڕاکێشیش ببیننەوە کە لانیکەم بە ڕەنگ خۆیان لە هێزەکانی دیکە جیا بکەنەوە، چونکە رەنگە جوان و سەرنجڕاکێشەکان ساڵانێکی زۆرە خاوەنیان هەیە.