ڕاپۆرتی کوردستانی

05:34 - 16/09/2019

ئەردۆغان و دەوڵەتی قووڵ هەوڵی داخستنی هەدەپە دەدەن‌

پەیسەر

دوای ئەوەی هەرسێ گەورەشارەوانی مێردین، ئامەد و وان دەستیان بەسەرداگیرا و قەیوم لەجێگەیان دانران، بە پشتگیری حکومەت گروپێک لەو خانەوادانەی کە منداڵەکانیان لە ڕیزەکانی پەکەکەدان، لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپە له‌ ئامەد کۆبوونەوەتەوە و داوای گەڕانەوەی منداڵەکانیان دەکەن.

حکومەتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) هەلەکەی قۆستەوە و لەبارەی هەدەپەوە لێپرسینەوە دەستیپێکردووە، ئێستا باس لە هەوڵی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان لەلایەن ئاکەپەوە دەکرێت.

 

بەشی تورکی ماڵپەری (WDR)ی ئەڵمانی لەبارەی ئەم پرسەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ناوداری تورکیا (بورهان ئەکنجی) کردووە.

بورهان ئەکنجی دەڵێت، "دەوڵەتی قووڵی تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گشتی ئاکەپە و سەرۆک کۆماری تورکیا بەیەکەوە سیستمی دەوڵەتێکی نوێیان دامەزراندووە. دەوڵەتە نوێکە بێ ئەوەی گوێ بە هیچ حزب و ڕەگەز و ناسنامەیەک بدات، هەوڵی لەناوبردنی هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەدات. لە ئێستاشدا هەموو هەوڵێکیا داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) یە."

ئەکنجی ده‌ڵێت، لەوەتەی ئاکەپە دەوڵەتی خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، ڕێ و ڕێبازێکی نوێ بەکاردەهێنێت. بە هەموو شێوەیەک مافی گەل لەبیرکراوە. خاوەنەکانی نوێی دەوڵەت بە تەواوی سیستمێکی سته‌مكارانه‌ پەیڕەودەکەن.

 

لەوانەشە هەر لەسەرەتاوە خاوەنی ئەو هزر و بیرە بووبێتن و لە رێی بانگەشەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا، دژایەتیکردنی گەندەڵی، بەرەوپێشبردنی ئابووری وڵات و چارەسەری پرسی کورد، کۆمەڵگه‌یان هەڵخەڵەتاندبێت. هیوایان خستە دڵی هەمووانەوە و بەو شێوەیە هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن سەرکەوتن.

 

لەم قۆناغەدا ئاشکرا دەبینرێت كه‌ ئەردۆغان و ئاکەپە خاوەنی ئەو پڕۆژانە نین. ئەوان موحافزکار، دەوڵەتپەرستن، وەک ڕژێمی نەوەده‌كانی سەدەی رابردوون کە هێزە چەپ و ڕاستڕەوه‌كان و کورد و تورک و عەلەوی و چەرکەز و ئەرمەنەکانیان وەک دوژمنی خۆیان دەبینی. له‌ توركیا وەک هەموو سەردەمێک، سیاسەت و دادگا و هێز بۆ دژایەتیکردنی گەلی کورد بەکاردەهێنرێن. لە نەوەدەکاندا (دەوڵەتی قووڵ) هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ئاکەپە – ئەردۆغان نوێنەرایەتی دەوڵەتی قووڵ دەکەن و وەک (حەسیب کاپلان) پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دەڵێت، 'ئاکەپە – ئەردۆغان دەوڵەتی قووڵی کراوەن".

 

لە ئێستادا دەوڵەتی قووڵ هەیە، بەڵام لەژێر پەردەدا ناجووڵێتەوە. بە ئاشکرا دژی هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کاردەکەن و بە دروستکردنی قەیران دەیانەوێت ڕکابەرەکانیان لەناوببەن.

بێگومان ئەو کردەوانە هەمان کردوەی دەوڵەتی پێشوون، بەڵام سەریان نەگرت. بارەگای دەوڵەتی قووڵ سەرۆکایەتی ئەرکانی تورکیا بوو. ژەنەڕاڵە گەورەکان و مانشێتی ڕۆژنامەکانیش لە خزمەتی دەوڵەتی قووڵدابوون. بەشی کورد و دۆستە چەپەکانیان، گرتن، دادگاییکردن و سزای زیندانی هەتا هەتایی بوو. پارتە فەرمیەکانی وەک (هەپ، ئوزدەپ، دەپ) داخران.

 

بارەگای سەرەکی دەوڵەتی قووڵی کراوەش کۆشکەکەی ئەردۆغانە. ئەندامانی پێشووی دەوڵەتی قووڵ لە دەوری تاكە کەسێک لە کۆشکێکی هەزار ژووریدا کۆبوونەتەوە. وەسیەتی سەربازی بۆ سڤیلەکان بەجێماوە. دیموکراسی، ماف و دادگا و دادپه‌روه‌ری و ویژدان کە لەئێستادا پێویستیەکی گرنگی کۆمەڵگه‌یە، لە بەردەرگای کۆشکەکە نابینرێت. میدیا لەدەست ئەواندایە و بە کەیفی خۆیان ئاڕاستەی دەکەن.

ئیرادەی گەلی کورد نادیده‌ ده‌گرن و کودەتا بە سەر هەڵبژاردندا دەکەن. نوێنەرانی خەڵک کە هەڵبژێردراون، لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە. باس لە هۆکاری کردەوەکانیشیان ناکەن. شارەوانی کوردان ڕادەستی قه‌یومه‌كان دەکەن.

ئەوانەی لە کورد نزیکدەبنەوە، لە یەکەم دەرفەتدا سزا دەدرێن. نمونەیەکی ئەوەش پەیوەندی جانان کەفتانجیئۆغلۆ سەرۆکی رێکخستنی جەهەپە بوو لە ئیستانبوڵ، سزایان دا. دەوڵەتی قووڵی کراوە دەیەوێت بەو سزایانە جەهەپە و هەدەپە لەناوبەرێت. بە لێپرسینەوە و سزادان دەیانەوێت جەهەپە بترسێنن و لەسەر ڕۆڵی سەردەمانی ڕابردووی بێدەنگ بێت.

لە لایەکەوە بە خەیاڵی لەناوبردنی سیاسەتی کورد ‌کار بۆ داخستنی هەدەپە دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک خانەوادەیان بەرەو باڵەخانەی هەدەپە ئاڕاستەکردووە کە منداڵەکانیان چوونەتە ڕیزەکانی پەکەکەوه‌. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چالاکی لایەنگرانی هەدەپە بەرامبەر قەیومەکان. باشە بەڵگەی تەواویان لەبەردەستە کە هەدەپە منداڵەکانیانی بۆ شاخ ناردبێت؟ هیچ بەڵگەیەک نییە، بەڵام پێویست بە بەڵگە ناکات.

 

کاتێک دەمیرتاش و سیاسەتمەدارانی دیکەیان دەستگیرکرد، هیچ بەڵگەیەکیان پێنەبوو، بەڵام بەڵگە دادەتاشن. بۆ نمونە کاتێک دەستیان بەسەر شارەوانی وان، میردین و ئامەد دا گرت، وتیان، 'پارە بۆ قەندیل دەنێرن'. ئەم بەڵگە نایاساییانە دەهێننەوە. ئاشکرایە دەیانەوێت هەدەپە دابخەن.

فەرمانیان بە دادگاکان کردووه‌. ڕاستە بە ناوی داخستنی هەدەپە لێپرسینەوەیان دەستپێنەکردووە، بەڵام هەوڵی تاوانبارکردنی دەدەن. دادگا کە دەمێکە بووەتە داردەستی دەسەڵات، هەوڵی ڕێگەچارەیەک بۆ داخستنی هەدەپە دەدات. نمونەی ئەوە زۆرە، کاتێک بە سیاسەت و کردەوەکانیان هیچ ئەنجامێک بەدەستناهێنن، پارتەکان دادەخەن.

حەسیب کاپلان پەرلەمانتاری پێشوو و پارێزەر کە بەشداری لە پارتەکانی (هەپ، ئوزدەپ و دەپ) کردووە، شایەدی ئەو دۆخانەیە. حەسیب کاپلان کە ئەو کاتە پەرلەمانتاری پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (دەتەپە) بوو، بە هۆی داخستنی پارتەکەیانەوە سەردانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای کرد.

لە ساڵی ١٩٩٠دا لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتەوە بە هەزاران هاوڵاتی بێسەروشوێنکران، زیاتر لە چوار هەزار گوندیان وێران کرد. بۆئەوەی تاوانی شەڕ بشارنەوە، دەستیان بە داخستنی پارتە کوردیەکان کرد.

لە کۆتایی قسەکانیدا بورهان ئەکنجی دەڵێت، هەدەپە و جەهەپە ئەگەر بەیەکەوە بجووڵێنەوە دەتوانن لەدژی هێرشەکان بووه‌ستنەوە.