ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:17 - 17/09/2019

لەساڵڕۆژی لەسێدارەدانی عومەر موختاردا و نهێنی سورانەوەی فڕۆكەكان‌

پەیسەر پرێس

هەموو گەل و نەتەوەیەك خەڵكی دیارو بەرچاوی تێدا هەڵدەكەوێت، ئەو كەسانە جیاواز لەوانی تر دەچنە پێشەوەوبە هەمان شێوەش جیاواز لەوان دەژین و جیاوازیش سەردەنێنەوەو دەمرن، نە ژیانی زاناو سەركردەو عارفەكان وەك ژیانی ئاسایی خەڵكەو نە مردنەكانیشیان لە مردنی ئاسایی دەچێت، ئەوان هەڵگری هەندێك خەسڵەت و سیفاتن كە پێدەچێت لەوانی دیكەدا نەبێت، یان ڕاستتر پەرەیان پێنەدابێت. یەكێك لەو كەسایەتیانە كە لەسەردەمی هێرشی ئیستیعماری رۆژئاواوە بۆ سەر رۆژهەڵات دەركەوت و تائێستەش ناوی هەیە (عومەر موختار)ە، عومەر موختار سومبولی بەرگری گەلی لیبیابوو بەرامبەر بە داگیركاریی ئیستیعماری رۆژئاوا. 

عومەر موختار ناوی تەواوی عومەری کوڕی موختاری کوڕی عومەری مونەفیی ھیلالی-یە ناسراوە بە عمر المختار و نازناوی شێخی شەھیدەکان و شێخی موجاھیدین و شێری بیابانی لێنراوە ، لە ٢٠ی ئابی ساڵی ١٨58 لەدایکبووە و باوکی لەسەر بنەمای ئایینی پیرۆزی ئیسلامی پەروەردەی کردووە، بەڵام باوکی زوو کۆچی دوایی کردووە و پاشان لە لایەن مامیەوە سەرپەرشتی كراوەو نێردراوەتە خوێندن و  لە پەیمانگای جەغنبۆبی درێژەی بە خوێندن داوە و زیرەکیەکەی بۆتە جێگای سەرنجڕاکێشانی مامۆستاکانی.


عمر مختار ماوەی ٨ ساڵ لە پەیمانگای جەغبۆبی ماوەتەوە و شارەزاییەکی باشی لە فیقهـ و حەدیس و تەفسیری قورئانی پیرۆز پەیداکردووە و زۆربەی مامۆستاکانیشی ستایشیان کردووە و بە دڵسۆز و عاقڵ و زیرەک ناویانبردووە و ناوی بەوە بڵاوبووەتەوە کە مرۆڤێکی ڕاستگۆ و بەجەرگ و بە سەبرە و تاکو شارەزاییەکی تەواوی لە بواری ئایین پەیداکردووە. ئەو هەرچەندە بەكەسایەتیەكی ئاینی بەناوبانگە، بەڵام بەرگریكردنی لە خاكی لیبیا و بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ئیتاڵیەكان هیچی لە ئایندارییەكەی كەمتر نەبوو.


لە ساڵی ١٨٩٧ محمد المھدی السنوسی (دووەم سەرکردەکانی سنوسیەكانی لیبیا)یە عمر المختاری کرد بە دەم سپی شارۆچکەی زاویە و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک شارۆچکەکەی بردووە بەڕێوە و نازناوی (سیدی عمر)یان لێناوە، کە ئەم نازناوە تەنھا بۆ کەسایەتییە ناودارەکانی سنۆسیە بەکارھاتووە. 

لە ساڵی ١٩٠٠ کە ھێزەکانی فەڕەنسا وڵاتی چادیان داگیرکرد عمر مختار یەکێکبووە لەو کەسانەی ھەڵیانبژاردووە بۆ سەرکردایەتیکردنی چەند کەتیبەیەک و لە دژی فەڕەنسیەکان ، لە ساڵی ١٩٠٢ محمد المھدی السنوسی کۆچی دوایی کردووە و لەسەر داوای سەرکردەکانی سنوسیەکان دووبارە عمر المختار کراوە بە دەم سپی شارۆچکەی زاویە و بۆ ماوەی ٨ ساڵ لەم پۆستەدا ماوەتەوە و لەم ماوەیەشدا چەندجارێک دژی ھێزەکانی ئیاڵیا چەنگاوە.

كاتێك بڕیاری ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئیتاڵیەكان دەدات، بەهۆی ناوبانگەكەیەوە زیاتر لە 1000 چەكداری لیبی لەدەوری كۆدەبنەوەو ئەویش دڵسۆزانە سەرپەرشتیان دەكات، شێوزای شەڕكردنی موختار(پارتی زانی)بووەو خۆی بەدوور گرتووە لەشەڕی جەبهەیی و بەرەیی، چون زانیویەتی بەو شێویە دەرەقەتی سوپای داگیركاری ئیتاڵیی نایەت. ئەو چەكدارانەشی كە لەبەردەستی دا بوون كردبوونی بەچەند دەستەو تاقمێكەوەو كاتێكیش دەگەڕانەوە شوێنی خۆیان ڕێنمایی تایبەتیان لە ڕێگەی ئەنجومەنی ڕاویژكاریی تایبەتەوە وەردەگرت و جێبەجێیان دەكرد.

خەباتی عومەر موختار بۆ ماوەی 20 ساڵ درێژەی كێشا، لەو ماوەیەدا چەند جارێك دەوڵەتی ئیتاڵی ناچاربووە بە دانوستان و گفتوگۆ، هەرچەندە عومەر موختار باوەڕی بە بەڵێنەكانی داگیركەران نەبوو، بەڵام بۆ ئەوەی فرسەتێك بە سەربازەكانی بدات تا پشوویەك بدەن و خۆیان ساز بدەنەوە ڕازی دەبوو بە گفت و گۆو  دواجاریش هەر خودی ئیتاڵیەكان گوێیان بە ڕێكەوتنەكان نەدەداو هەڵیان دەوەشاندەوە كۆتا دانوستتنیش لە 29/4/1929 دا بوو، بەسەرۆكایەتی (بادولیو) فەرماندەی سەربازیی ئیتاڵیەكان لە لیبیا.

رۆژی 11 سێبتەمبەری 1931 عومەر موختار دوای ئەوەی لە مەیدانی جەنگی ڕووبەڕوودا ئەسپەكەی پێكراو گلا، دەستگیركرا، رۆژی 15 سێبتەمبەر بەشێوازێكی ڕۆتینی دادگایی كراو چەندین تاوانیان لەسەر جێكردەوەو بڕیاری لە سێدارە دانیان بۆدەركرد، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی ٧٣ ساڵان بووە و نەخۆش بووە لە رۆژی  16 سێبتەمبەر لە بەرچاوی خەڵكی وڵاتەكەی و لە ڕێوڕەسمێكی ئەمنیدا لە سێدارە درا. 


لەكاتی لەسێدارەدانەكەیدا فڕۆكە دەنگ گەورەكانی ئیتاڵیا بەسەر ناوچەكەو شوێنی لە سێدارەدانەكەدا دەسوڕانەەو دەنگیان بەرزدەكردەوە، بەپێی وتەی شارەزایان هاتنی ئەوفڕۆكانەو سوڕانەوەیان بەسەر ناوچەكەدا چەند هۆكارێكی هەبوو، لەوانەش:

1- دروستكردنی ترس و بیم لەناو خەڵكی لیبیادا.

2- چاودێری كردنی ناوچەكە نەوەكو لەكاتی سەرقاڵبوونیان هێرشی لەناكاویان بكرێتە سەر و لەدەستیان دەری بهێنن.

3- گرنگترین هۆكاریش ئەوەبوو كاتێك عومەر موختار دەبرێتە سەر پەتی سێدارە، نەوەكو قسەیەك یان پەیامێك بنێرێت، تا ئەو كەسانەی لەوێ كۆكرابوونەوە گوێیان لێی نەبێت.


لە وتە و هەڵوێستەکانی عومەر موختار:
ئێمە هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین و تەسلیم نابین، یان سەردەکەوین یان دەمرین، پێشتان وا نەبێت دوای مردنیشمان بوەستین، بەڵکو دوای ئەوەش نەوەی داهاتوومان دەجەنگن، دوای ئەوەش نەوەی داهاتووتر و داهاتووتر دەجەنگن.

هەڵوێست عومەر موختار وتی: ئێمە زیندانیەکانی دوژمن ناکوژن!

جەنگاوەرێک وتی: بەڵام ئەوان زیندانیەکانی ئێمە دەکوژن!

عومەر موختار وتی: ئەوان مامۆستای ئێمە نین!