ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:13 - 19/09/2019

عەبدولمەهدی دەتوانێت حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵ بکات؟‌

یاسین تەها

لەگەڵ دەستپێكی مانگی تەمموزدا سەرۆك وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە فەرمانێكی "دیوانی" بە ژمارە ٢٧٣ی دەركرد بە مەبەستی دووبارە رێكخستنەوەی پەیكەری حەشدی شەعبی، ئەم فەرمانە كە لە فەزای یاسای حەشددا دەسوڕێتەوە پێ لەسەر چەند شتێك دادەگرێت كە گرنگترینیان دەمجكردنی هێزەكانی حەشدە لەناو پەیكەری دەزگا ئەمنییەكانی ملكەچ بۆ فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان كە سەرۆك وەزیرانە، لەگەڵ لێكردنەوەی ناوی فەوج و لیواكانی سەردەمی داعش و گۆڕینیان بۆ فەوج و لیوا و فیرقە و ژمارە لێدانیان بەجۆرێك فەرماندەكانیان لەبری مێزەر و نازناوی دینی و مەزهەبی پلەی سەربازیی وەرگرن.

 
 لەمانەش گرنگتر فەرمانەكە جەخت لە دابڕینی پەیوەندیی ئەو هێزانە دەكاتەوە بە رێكخستن و هێزە سیاسییەكان. ئەم فەرمانە مشتومرێكی گەورەی دروستكرد لە ناوەندە جیاجیاكانی عێراق لەبارەی توانای عەبدولمەهدی بۆ جێبەجێكردنی بەهۆی ئاڵۆزی دۆخی حەشدی شەعبییەوە بەتایبەت پاش جیابوونەوەی بە ئاشکرای بەرەی ئێران لە ناو حەشد... بۆ تێگەشتن لەو ئاڵۆزیانەی لەبەردەم حەشدی شەعبیدان هەندێک وردەكاریی پێویستن: 

جیهادی سیستانی 
پاش ئەوەی لە 10 حوزەیرانی 2014 لەشكری داعش كۆنترۆڵی شارەكانی موسڵ و تكریتیان كرد، كەڵكەڵەی کۆنتڕۆڵکردنی بەغداش كەوتە مێشكیان، ئەگەر ئەم خەونەشیان بۆ جێبەجێ بكرایە، یەكەم ئەزموونی حوكمڕانیی شیعە لەعێراق دەكەوتە بەر مەترسی لەناوچوون، بەڵام ئایەتوڵڵا سیستانی لەرێگەی فەتوا بەناوبانگەكەیەوە "الجهاد الكفائی"، قەرەبووی بەزین و هەڵهاتنی سوپای عێراقی بەچەكداری خۆبەخشی شیعە كردەوە و مەرامی داعشی بۆ گەشتن بە بەغدای پووچەڵ كردەوە، فەتواكەی سیستانی بەڕوونی باسی لەوە كردبوو خەڵك ببنە خۆبەخش و هاوكاری هێزە ئەمنییەكان، بەڵام لە تەرجەمەكردنیدا چەندین گروپی چەكداری كۆن و نوێ قوتكرانەوە لە شێوەی میلیشیا كە لە سایەی بارودۆخی شەڕدا لە كۆنتڕۆڵ دەرچوون و بوون بەئەمری واقیع لە گۆڕەپانی عێراق بە تایبەت پاش ئەوەی ژمارەیەكی بەرچاو قوربانییان لە شەڕی داعشدا بەخشی بۆ ئازادكردنەوەی سێیەكی خاكی عێراق، ئەمەش شەرعیەتییەكی سۆزداریی پێ بەخشین وەك نەریتی هێزە دینی و مەزهەبییەكانی شیعە كە بەشی زۆریان لەسەر سەرمایەی "شەهید" دەژین. 

 لەمێژووی نوێی شیعەشدا لەعێراق ئەمە دووەم هەزاران خۆبەخش بە فەتوای مەرجەعییەتی نەجەف كۆببنەوە

لەپاش فەتواكەی سیستانی ئەو میلیشیا چەكدارە شیعانەی كە ساڵانێك بوو نوری مالیكی بە شێوازی جۆراوجۆر یارمەتی دەكردن لەگەڵ چەكدارەكانی موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و كۆمەڵێك میلیشیایتری سەر بە ئێران، داتەپینی دۆخی ئەمنییان بەهەل قۆستەوە و لە سامەڕا و ناوچەكانی پشتێنەی دەوروبەری بەغدا سەنگەری خۆیان لێدا و بنكە و بارەگایان دامەزراند و خۆیان كردە ئەمری واقیع، بەمەش چەندین وردە سوپای عەقیدەیی خوێن گەرمی شیعی لە تەنیشت سوپای داڕماو و بەزیوی عێراقدا قوت بوونەوە كە ناوی "حەشدی شەعبی" یان لێنرا. هەر لەو ماوەیەشدا نوری مالیكی بە سیفەتی سەرۆك وەزیران بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئەوەی دەزگایەك بەناوی "حەشدی شەعبی" لە حكومەتی عێراقدا پێكبهێنرێت، ئەمەش جگە لە شەرعیەتی ئاینی شەرعیەتی یاسایی بەم هێزانە بەخشی.

لەمێژووی نوێی شیعەشدا لەعێراق ئەمە دووەم جارە لە  پاش فەتوای ئایەتوڵڵا شیرازی لە 1920 بۆ بەرەنگاربونەوەی ئینگلیز، هەزاران خۆبەخش بە فەتوای مەرجەعییەتی نەجەف كۆببنەوە بۆ پاراستن و داكۆكی لە بەرژەوەندیی ئەم تایفەیە كە سەرباری ئەوەی زۆرینەی عێراق پێكدەهێنن و حوكمڕانی وڵاتن كەچی هەمیشە چێژ لە كڕوزانەوە و گریان و لەخۆدان و تەمسیلكردنی قوربانی دەبینن.

پارە لە عێراق و سۆز بۆ ئێران 
ئەركی پاڵپشتیی دارایی حەشد لە ئەستۆی حكومەتی بەغدایە كە 1.6 ملیار دۆلاری ساڵانەیە و بەردەوام بەرز دەبێتەوە، بەڵام بەشی زۆری كاروباری مەشق و راوێژ و ئاراستەكردن و یارمەتی سەربازیی ئەم هێزە بەدانپێدانانی وەزیری بەرگریی و لێدوانی سەركردەكانی حەشد، دەوڵەتی ئێرانە، خاڵی پەیوەندیی و كۆكەرەوەی نێوان سەرجەم ئەم گروپانەش قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە كە سەرپەرشتی تۆڕێك میلیشیای چەكدار دەكات لە عێراق و سوریا، ئەم گروپانەش لە ئەدەبیاتی هەندێک لە سوننەكاندا بە " ماعش" بەناوبانگن كە كورتكراوەی میلیشیا ئێرانییەكانی عێراق و شامن. ئەم هێزانە شەرعیەت لەجەنگكردن لە دژی داعش وەردەگرن، هەروەها دەیانەوێت نمونەیەكی شیعی رێكخراو و بە دیسپلینی چەشنی سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان پیشان بدەن وەك جێگرەوە و ئەلتەرناتیڤی سوپای نیشتمانی كە تۆمەتبارە بە نەبوونی عەقیدە و گەندەڵی و هەبوونی بندیواری زۆر و بەمدواییانەش تۆمەتی سیخوڕیی هەندێک لە فەرماندەكانیشی بۆ زیاد بووە بۆ ئەمەریكییەكان و لەسەر ئەوەش داوای دادگایی كردنیان دەكەن. هەرچەندە سەركردەكانی حەشد ئەم هێزە بەفریادڕەس دەزانن بەڵام هەمیشە راپۆرتەكانی رێكخراوە بیانییەكان و چالاكانی سوننە و تەنانەت هەندێک لە میدیا ئەمەریكی و رۆژئاواییەكان تۆمەتباریان دەكەن بە  خوێنڕشتنی خەڵكی سڤیل، راگواستن و تاڵانكردنی خەڵك، بە تایبەت پاش ئەوەی چەندین تاوان و سەرپێچی هاوشێوەی تاوانەكانی داعشیان لەسەر ساغ بوویەوە كە هەندێكیان سەربڕینی خەڵكی بێ گوناهی ناوچە سوننە نشینەكانن و لە پاش 16 ئۆكتۆبەری 2017 شەوە بوونە هێزێكی سەركوتكەر لەهەندێک ناوچەی جێ ناكۆكی كەركوك و دووز و دەشتی نەینەوا. 

حەشدی شەعبی لە ئەدەبیاتی هەندێک لە سوننەكاندا بە "ماعش"بەناوبانگن كە كورتكراوەی میلیشیا ئێرانییەكانی عێراق و شامن

حەشدی عێراقی
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە ژمارەی چەكدارانی تۆماركراوی حەشدی شەعبی بەفەرمی زیاترە لە 100 هەزار چەكدار و كەمتریشە لە 120 هەزار، بەڵام هەمیشە گومان لە دروستیی ژمارەكانی ئەم هێزە هەیە بەهۆی موچەی بەربەنیوەیی بەرپرسەكانیان ( ئەو موچەیەی بەرپرسەکان بە ناوی سەربازێکەوە وەریدەگرن لە کاتێکدا ئەو کەسە لە واقیعدا سەرباز نییە هەربۆیە نیوە بە نیوە موچەکە لەنێوان بەرپرسەکە و سەربازەکەدا دابەش دەکرێت) و زیادكردنی ژمارەیان بۆ ئازوقە و نەسریە ئەمە جگە لە تۆمارنەكردنی هەموویان، ئەم چەكدارانە بەسەر 40  تا  50 گروپی جۆراوجۆردا دابەش بوون، كە دەكرێت سەرجەمیان لە سێ خانەی سەرەكیدا كۆ بكرێنەوە:

ـ یەكەم، ئەو خۆبەخشانەی بەدەم فەتوای سیستانییەوە رۆیشتوون بۆ بەرگریی و جیهاد، یارمەتی دارایی لە پارەی مەرقەدەكان و مەرجەعیەت وەردەگرن، بەناوبانگترینیان بریتین لە: "لوا‌و علی الأكبر"، "سرایا العتبه‌ العباسیه‌"، "سرایا العتبه‌ العلویه‌"، "سرایا العتبه‌ الحسینیه‌".

ـ دووەم، هێزە شیعییە عێراقییە ناسراوەكان كە هەندێكیان دۆستی هەرە نزیكی ئێرانن وەك رێكخراوی بەدر.

ـ سێیەم، ئەو میلیشیا و گروپە چەكدارانەی راستەوخۆ سەر بە ئێرانن و نوێنەرایەتی ئەجێندای ئەم دەوڵەتە دەكەن لە عێراق و ناوچەكە وەك بزوتنەوەی نوجەبا و كەتیبەكانی حیزبوڵڵا.

 

هەمیشە پێگەی ئەم هێزانە بەكاردەهێنێت بۆ سەركوتكردن و گوشاركردن لە نەیارەكان

 سەرجەم گروپەكانی حەشدی شەعبی  لە كێبەركێی خۆسەپاندن و موزایەدەكردن و مومارەسەكردنی دەسەڵاتی سەربازیدان  لە عێراق و ناوچە تێكەڵ و گەرمەكانی نەینەوا و كەركوك و سەلاحەدین و دیالە كە دراوسێی هەرێمی كوردستانن. جارجاریش لەسەر دەسكەوتی دارایی و نفوزی سیاسی و جیاوازیی موچە و پیتاك دەكەونە حاڵەتی ناكۆكی و كێشمەكێشی توند و  لە میدیاكانەوە پەلاماری یەك دەدەن و پێشتریش هەڵیاندەكوتایە سەر بارەگای یەكتر، بەشێوەیەكی نیمچە بەردەوامیش شەڕی راگەیاندن و سارد لەنێوانیاندا هەیە و هەموویان پێكەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووشدا ناكۆك بوون و دژی كرانەوەی زیاتری عەبادی بوون بەڕووی ئەمەریكادا، لەمەشدا نوری مالیكی پاڵپشتیانە كە هیچ دەرفەتێك بەزایە نادات بۆ تەنگەتاوكردنی ركابەرەكەی، هەروەها هەمیشە پێگەی ئەم هێزانە بەكاردەهێنێت بۆ سەركوتكردن و گوشاركردن لە نەیارەكانی لەهەموو پێكهاتەكاندا.  

بەشێوەیەكی گشتی هێزە سەرەكییە عێراقییەكانی حەشدی شەعبی پێكدێن لە: 
ـ باڵە سەربازییەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و ڕەوتی حیكمە "وەك سرایا الجهاد والبنا‌و" و"سرایا عاشورا‌و" و"سرایا أنصار العقیده‌". 

ـ رێكخراوی بەدری هادی ئەلعامری كە ئەمانە چەكی قورس و شارەزایی سەربازیی زۆریان هەیە بەو پێیەی لەهەشتاكانەوە چالاكن.

ـ  عەسائیبی ئەهلی هەق بە سەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی ركابەری سەدر و دۆستی نزیكی ئێرانن.

ـ  "سرایا السلام" كە درێژكراوەی "سوپای مەهدی" سەر بە موقتەدا سەدرە، ئەمان بەوە جیا دەكرێنەوە كە زیاتر پشت بە سەدر و پاڵپشتی بازرگانانی شیعە دەبەستن، ناكۆكی زۆریشیان لەگەڵ عەسائیب هەیە بەو پێیەی لە 2008  لە رەوتی سەدر جیابوونەتەوە. ئەمانە تەنها بەناو لەسەر حەشد ئەژمارن و سەر بە هەیئەی حەشدی شەعبی نین لەڕووی رێكخستنەوە. 

 سەرجەم ئەم گروپانەش دۆستایەتیان لەگەڵ ئێران هەیە بەتایبەت رێكخراوی بەدرو عەسائیب كە بەشی زۆری سەركردەكانیان بۆ تەقلیدی مەزهەبی لەجیاتی سیستانی دەگەرێنەوە بۆ سەر فەتواكانی ئایەتوڵڵا خامنەیی و بڕوایان بە بنەمای "ولایه‌ الفقیە" هەیە كە لەناو پەیڕەوانی شیعەدا سنوور ناناسێت و بریتییە لەهێزو توانای ئاینی رێبەری شۆڕشی ئێران بۆ هەڵسوڕاندن و بڕیاردان لەكاروباری دونیایی جەماوەری شیعە وەكو بریكار و جێگری ئیمامی زەمان؛ محەمەدی مەهدی.

حەشدی ئێرانی: 
 هەندێكیتر لە میلیشیا شیعە چەكدارەكان راستەوخۆ فەرمان لە ئێران وەردەگرن و نوێنەرایەتی ئەجێندای ئەم دەوڵەتە دەكەن لە عێراق، كە دیارترینیان بریتییە لە: كەتائیبی ئیمام عەلی، ئەم گروپە لە دوای 10 حوزەیرانی 2014 بە شێوەیەكی خێرا و دراماتیكی وەكو باڵی سەربازی "بزوتنەوەی عێراقی ئیسلامی" بە توانایەكی زۆرەوە هەڵتۆقیوە، شوێنی سەرەكیی چالاكی ئەم گروپە ئامرلی و دووز و دیالەیە، هەندێك لەسەركردەكانی بەشانازییەوە گرتەی ڤیدیۆیی خۆیان بڵاوكردۆتوە لەكاتی سەربڕین و ئەنجڕئەنجڕكردنی جەستەی گیراوەكانیان و سوتاندنیان بەزیندویی، بەتایبەت ئەبو عزرائیل كە پێی دەوترێت رامبۆی شیعەكان. بەدوای ئەمیشدا كەتائیبی حیزبوڵڵا دێت كە لەژێر فەرمانی ئەبو جەعفەری موهەندیسی گەورە فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبیدان كە سودی لە ئەزمونی كاری ساڵانی هەشتاكانی لەناو حیزبی دەعوە و حیزبوڵڵای لوبنانیدا وەرگرتووە.

پاش ئەوەی ساڵی ٢٠١٣ كەتائیبی حیزبوڵڵا 40 كەسیان لە میانەی بەرگریی لەرژێمی ئەسەددا لێ كوژرا، گەڕانەوە بۆ جەنگی داعش و بەرگریی لە شیعەی عێراق، جیاوازیی ئەمانیش لە كەتائیبی ئیمام عەلی، ئەوەیە كەمتر بەلای كاری حزبی و سیاسیدا دەڕۆن و زیاتر لە كاری سەربازیدا قاڵ دەبنەوە و چالاكییەكانیان بەزمانی فارسیش بڵاو دەكەنەوە. 

 جگە لەم دوو هێزە سەرەكییەش چەندین گروپیتری ئێرانی لە چەشنی "سرایا الخراسانی" و "حركه‌ النجبا‌و" هەن كە لە هەموو گروپەكانیتری حەشد زیاتر پڕ چەكن و لە سوریاوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق. ئەم گروپە داردەستانەی ئێران كە راستەوخۆ فەرمان لەسوپای پاسداران وەردەگرن  ئامانجێكی دوور مەوداتریان لەجەنگی داعش هەیە، بە بەڵگەی ئەوەی جار بە جار هەڕەشە و بەیاننامە دژی هەنگاوەكانی عەرەبستانی سعودیە بڵاو دەكەنەوە و قسە لە كێشە ئیقلیمییەكانیش دەكەن. ئەمانە بەشێكن لە ئامرازەكانی هێزی ئێران لە ناوچەكەدا و هەر ئەركێكیان لەلایەنی وەلی فەقیهەوە پێ بسپێردرێت ئەوە جێبەجێ دەكەن، بەڵام ئەوە هەیە كە خۆیان خزاندۆتە ناو فەتوای جیهادی سیستانییەوە.

كێشەی عەبدولمەهدی

زۆربەی شارەزایانی ڕەوشی شیعی بەگومانن عەبدولمەهدی بتوانێت لەرێگەی فەرمانی (237) سەرجەم حەشدە شیعییەكان لە دەزگایەكی سەربازیدا كۆبكاتەوە، بەتایبەت لە دۆخی ئێستادا كە باڵەكانی ئێران بە ئاشكرا دژی سیاسەتی سەرۆك وەزیرانن بۆ هەڵبژاردنی نێوانگریی لەنێوان ئێران و ئەمەریكا و خۆیان بە بەشێك لەو شەڕە "پیرۆز" ە دەزانن كە پێچەوانەیە لەگەڵ بەرژەوەندی نیشتمانی عێراقی. لە یەكەم هەنگاوی پراكتیزەكردنی فەرمانەكەشیدا عەبدولمەهدی بڕیاریدا خاڵەكانی پشكنینی حەشدی شەبەكی لە دەشتی نەینەوا هەڵبگیرێت، بەڵام لەرێگەی گوشاركردن و خۆپیشاندان و داخستنی رێگای هەولێر _ موسڵ بڕیارەكەیان بە سەرۆك وەزیران ڕاگرت و ئەمەش بە نمونەیەك بۆ ئەو تەحەدایانە لێكدرایەوە كە چاوەڕێی سەرۆك وەزیران دەكەن كاتێك بیەوێت هەمان مامەڵە لەگەڵ ئەو باڵانەی حەشددا بكات كە زیاتر ئێرانین یان چەكدارتر و دڕترن و چەكی ئەم گروپانەش هەمیشە مایەی نیگەرانییە بۆ زۆر لایەنی عێراقی و دەرەكیی پەیوەندیدار بەعێراق چونكە لەژێر كۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا نییە.