ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:33 - 21/09/2019

ئەگەری کودەتایەکی تر خەوی لە ئەردۆغان زڕاندووە‌

پەیسەر

لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا لە خوێندنگای جۆن هۆپکینس سایس ژمارەیەک پسپۆڕی پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەمریکا و شارەزایانی بواری تورکیا، لە پانێلێکدا دۆخی ئێستای تورکیایان تاوتوێكرد و ڕایانگەیاند، لە ئێستادا پەیوەندیەکانی ئەو دوو وڵاتە لە خراپترین ئاستیدایە.

دوو هەنگاو دەتوانن پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەمریکا ئاساییبکەنەوە
ئێریک ئێدیکمەن کە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ باڵیۆزی ئەمریکا بووه‌ لە تورکیا و لە کۆشکی سپیدا بەرپرسیارێتی هەبووە، تا ئێستاش ئیدارەی ئەمریکا پشت بە بۆچوونەکانی دەبەستێت. ئێریك لە پانێلەکەدا وتی، "به‌هۆی کڕینی سیستمی ئێس٤٠٠ تورکیا ڕووبەڕووی گەمارۆ ئابووریەکانی ئەمریکا دەبێتەوە و تا دێت پەیوەندیەکانی ئەو دوو وڵاتە خراپتر ده‌بێت".

بە پێی بۆچوونی ئێدیکمەن بۆ ئەوەی تورکیا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکادا ئاسایی بکاتەوە پێویستە دوو کار بکات، "هەنگاوی یەکەم ئەوەیە، پێویستە تورکیا ئاستی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا لە ٢٠ ملیار دۆلارەوە بۆ ١٠٠ ملیار دۆلار بەرزبکاتەوە. سەردانی ویلبه‌ر ڕۆس وەزیری دارایی ئەمریکای بۆ تورکیا لە هەفتەی ڕابردوودا وەک دەستپێکردنی ئەو هەنگاوە لەقەڵەمدا. بەڵام پێناچێت تورکیا بتوانێت لەو ئاستەدا پەرە بە پەیوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ ئەمریکادا بدات".


"هەنگاوی دووەم ئەوەیە، ئەگەر تورکیا بتوانێت لەلایەکی دیکەوە سیستمی بەرگری دژە موشەکی پاتریۆتی ئەمریکی بکڕێت، دەتوانێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریكادا ئاسایی بکاتەوە".

ئێریک ئێدیکمەن باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی کودەتایەکی دیکەی سەربازی کرد و ڕایگەیاند، هەموو کەسێک سوپای تورکیا باش دەناسێت، ئەگەری کودەتایەکی تر دژی حکومەتی ئاکەپە له‌ ئارادایه‌. دەڵێت، "ئەتەکیه‌ت و کەسایەتی وەک ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ و هەندێک پرسی دیکە خەویان لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە زڕاندووه‌.

بە تایبەتی ئەگەری ئەنجامدانی کودەتایەكی تر خەوی لە چاوەکانی ئەردۆغان حەرام کردووە.

ئەردۆغان لە سوپا دەترسێت
ئالان ماکۆڤیسکی پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە ناوەندی ئەمریکا بۆ پێشکەوتن کە هەوڵ بۆ بەرەوپێشەوەبردنی لیبرالیزم دەدات، لە پانێلەکەدا پشتگیری لە بۆچوونەکانی ئێریک ئێدیکمەن کرد و وتی، "ڕۆژ بە ڕۆژ ئەردۆغان لە پاشەکشێدایە و ئابووری تورکیاش لە ئاستێکی خراپدایە.  له‌به‌رئه‌وه‌ هەر هەڵبژاردنێک بکرێت، ئەردۆغان و پارتەکەی دەنگ لەدەستدەدەن و بەو هۆیەوە ناتوانێت وەک ساڵانی ڕابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات. پێناچێت تا ساڵی ٢٠٢٣ هیچ هەڵبژاردنێکی تر ئەنجامبدرێت".

ماکۆڤیسکی ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا نازانرێت هەڵوێستی سوپای تورکیا چۆنە و کێ تیایدا بەهێزە. لە ساڵی ٢٠١٦دا کە سوپای تورکیا وەک قەڵای سەرەکی کەمالیزم دەبینرا، کودەتایەک لەناویدا دروست بوو و زۆربەشیان لایەنگری فەتحوڵا گیولەن بوون، بەو شێوەیە هەرچەندە دەگوترێت ئاکەپە و ئەردۆغان سوپایان کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام هەڵوێستی سوپا نازانرێت و ئەردۆغانیش لەوە دەترسێت.

گەمارۆکان وادەکەن تورکیا زیاتر لە ڕووسیا نزیکببێتەوە
گونول تۆڵ بەڕێوەبەری کاروباری تورکیا لە په‌یمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پانێلەکەدا قسەیکرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا سزای ئابووری بەسەر تورکیادا لابسەپێنێت، تورکیا زیاتر لە ڕووسیا نزیکدەبێتەوە.

گونول تۆڵ دەڵێت، "تێکچوونی پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەمریکا بەهۆی کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠وە لە هەردوو قەیرانی ساڵی ١٩٧٠ کە بەهۆی گەمارۆی فرۆشتنی چەک بەسەر تورکیادا دروست بوو و ساڵی ٢٠٠٣ کە لە شاری سلێمانی هەرێمی کوردستان توورەکەیان کردە سەر ئەندامانی میتی تورکیا قورسترە.

پارتە چەپەکان و سوپای تورکیاش ناتوانن لە ئاساییکردنه‌وه‌ی پەیوەندیەکانی ئه‌و دوو وڵاته‌دا ڕۆڵ بگێڕن.

شێوەی کارکردنی ئەردۆغان و پوتین لەیەک دەچێت
سینان جیدی بەڕێوەبەری کاروباری تورکیا لە زانکۆی جۆرج تاونی ئەمریکا لە پانێلەکدا وتی، " لە ئێستادا ئەردۆغان بە تەنها و بێ ئەوەی راوێژ بە کەسێکی تر بکات بڕیار دەدات. بەو هۆیەوە هەرچەندە که‌لتووری تورکیا و ڕووسیا لەیەکتری جیاواز بن، بەڵام شێوەی کارکردنی ئەردۆغان و پوتین لەیەک دەچێت" .

هەروەها ڕاشیگەیاند، هەرچەندە هەندێکجار شاندی بازرگانی و سیاسی تورکیا سەردانی ئەمریکا دەکەن و هەوڵی چارەسەركردنی ناکۆکیەکان دەدەن، بەڵام هیچ ناوەندێکی ستراتیژی لە تورکیادا نەماوە کە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی دوو وڵاتەکەدا یارمەتیدەر بن.