ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:21 - 22/09/2019

داعش لە باکووری سوریا خۆی نوێدەکاتەوە‌

پەیسەر

لەم ڕۆژانەی دواییدا ژمارەیەک گروپی سەر بە داعش لە باکووری سوریا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکران کە بە پێی هه‌لومەرجی ئەم قۆناغە هەوڵی خۆ نوێکردنەوە دەدەن.

لە سەرەتادا تیرۆرستانی داعش کاروانی سەربازیان ئامادە دەکرد و دواتر بە هێزێکی زۆرەوە پەلاماری ناوچەکانیان دەدا. هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ و ١٥ی ئەیلولی هەمان ساڵ بۆ سەر کۆبانی، خه‌سڵه‌تی شەڕی داعش بوو. هێرشەکانیان لە هێرشی سوپای وڵاتان دەچوو و تیایاندا چەکی قورسی وەک تانک و مووشەک و هاوەنیان بەکاردەهێنا.

ستراتیژی شەڕی سوپایان گۆڕی بۆ شەڕی کۆڵانەکان
دوای ڕزگارکردنی شاری منبج لە مانگی ئابی ٢٠١٦ لەلایەن ئەنجوومەنی سەربازی منبج و ڕاگەیاندنی هەنگاوی ڕزگارکردنی شاری ڕەقە لە ساڵی ٢٠١٧ داعش وردە وردە پاشەکشێی کرد و ژمارەیەکی زۆری لێکوژرا و ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی چەک بووەوە و ستراتیژی شەڕەکەیان گۆڕی.

لە شەڕی ڕەقادا داعش دەستی بە شێوازی شەڕی بەرگری و هێرش کرد. لە شەڕی بە کۆمەڵ و چەکی قورسەوە بۆ شەڕی گروپی بچوک و تەقینەوەی خۆکوژی. هەوڵی پاراستنی بارەگەکانیان نەدەدا، لە کاتی هێرشی قورسدا دەکشانەوە و دواتر بە تەقینەوەی خۆکوژی و هێرشی کتوپڕ جارێکی تر هەوڵی بەدەستهێنانه‌وه‌ی بارەگەکانیان دەدا.

داعش هاوڵاتیانی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنا
تیرۆرستانی داعش دوای ئەوەی لە شەڕی منبج و رەقا و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیردا لەلایەن شەرڤانانی سوریای دیموکرات گورزی گەورەیان بەرکەوت، هاوڵاتیانیان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنا. ئەمەش بووە هۆی ڕاوەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکە لە هەندێک ناوچە و دوای ئازادکردنی هاوڵاتیە مەدەنیەکان ئۆپەراسیۆنەکان دەستیان پێکردەوە.

لە ٢٣ی ئازاری ئەمساڵەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆتاییهاتنی چەکدارانی داعشیان بە تەواوی لەناو خاکی سوریادا ڕاگەیاند، بەڵام تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردەوە كه‌ هێشتا مەترسی سەرهەڵدانی داعش ماوە. بەو هۆیەشەوە هەسەدە دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی تر کرد  بەرامبەر شانە نووستوەکانی داعش و تا ئێستا بە هاوکاری هێزی ناوخۆی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا سەدان تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکردووە کە دەستیان لە چه‌ندین تەقینەوە و کوشتنی هاوڵاتیاندا هەیە.

داعش دەستی بە تەقینەوە و کردەوەی خۆکوژی کرد
دوای ئەوەی داعش هیچ ناوچە و گوندێکی بەدەستەوە نەما، لە منبج، ڕەقا، قامشلۆ، تربەسپی و حەسەکە زنجیرەیه‌ك تەقینەوەی لە ڕێی ماتۆرسکیل و ئۆتۆمبیلەوە ئەنجامدا. لە شاری ڕەقا لە ٩ی نیساندا دوو تەقینەوە ڕوویاندا و ٩ هاوڵاتی بوونە قوربانی . لە ١٩ی ئایاردا لە رەقا ٣ تەقینەوەی یه‌ك لەدوای یەک ڕوویاندا. هەروەها لە شاری حەسەکە ٣ مۆتۆرسکیل لە ڕۆژێکدا تەقێندرانەوە و ژمارەیەک هاوڵاتی بوونە قوربانی. ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو داعش ستراتیژەکەی بە تەواوی گۆڕیوە و دەیەوێت لە ڕێی تەقینەوەوە دۆخی باکووری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان تێکبدات.

داعش هەوڵی خۆنوێکردنەوە دەدات
هێزەکانی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا لەم ڕۆژانەی دواییدا گروپێکی داعشیان لە دێرەزۆر، ڕەقا و تەبقا دەستگیرکرد کە لە ٥ کەس پێکدێت، گروپه‌كه‌ دوای ڕزگارکردنی شارۆچکەی باغۆز پێکهێنراوە و ئەرکیان ئەنجامدانی تەقینەوە و کوشتنی کەسایەتیەکانە.

 

کەسێک بە ناوی زەکەریا ریاز ئەلدرێعی کە خەڵکی ته‌بلیسی پارێزگای حمسە سەرۆکایەتی گروپەکەی دەکرد. زەکەریا لە ساڵی ٢٠١٥ بەشداری لە ڕیزەکانی داعشدا کردووە و لەگەڵ کەسێک بە ناوی ئەبو عومەر کە بەرپرسی شانەکانی داعشه‌ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاردەکات.

دوای ئەوەی زەکەریا و تیمە ٤ کەسیەکەی لەلایەن هێزەکانی ڕۆژئاواوە دەستگیرکران باسیان لەوە کردووە كه‌ لەلایەن ئەبو عومەرەوە چەک و دەمانچەی بێدەنگ و تەقەمەنیان وەرگرتووە و لە ڕەقا و تەبقا دەستیان بە تەقینه‌وه‌ و کردەوەی تیرۆریستی کردووە.

بە پێی دانپێدانانەکانی ئەندامانی گروپەکە کە لە میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوبووەتەوە. داعش ئەندامەکانی بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ پەروەردە دەکات. لە سەرەتادا بۆمبێکی دەنگی دەتەقێنن و دواتر کە هێزەکانی ئاسایش و خەڵکی مەدەنی لە شوێنی ڕووداوەکە کۆبوونەوە، بۆمبه‌كان دەتەقێننه‌وه‌. ئامانجیان کوشتنی زۆرترین کەسە، لەگەڵ ئەوەشدا بە دەمانچەی بێدەنگ هەوڵی کوشتنی کەسایەتیەکانیان داوە.

 

دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش لە باکووری سوریا لێکۆڵینەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتراستدەکاتەوە کە ڕایگەیاندبوو، داعش لە سوریا کۆتایی نەهاتووە و دەڵێت، "داعش خۆی بە پێی هه‌لومەرجی ئێستای سوریا و عێراق نوێدەکاتەوە".

هەروەها بە پێی دوایین راپۆرتی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە سوریا و عێراق هیشتا ١٨ هەزار ئەندامی داعش هەن و خاوەنی ٤٠٠ ملیۆن دۆلارن و ئەو پارەیە بۆ کردەوەی تیرۆریستی بەکاردەهێنن.