ڕاپۆرتی کوردستانی

01:08 - 15/12/2018

دەروێشێکی پەراوێزخراو کە باجی ٣١ی ئابی-دا‌

پەیسەر

دەمەوبەیانێکی بەهاری ساڵی ١٩٧٠ گەنجێک دەچێتە بەردەرگای دوو بەرپرسی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە بەغدا تا ببێتە ئەندامی ئەو یەکێتییە و دەست بە چالاکی خوێندکاریی بکات، شەش ساڵ دوای ئەم رووداوە ئەو گەنجە دەبێتە سەرکردەیەکی دیار و بەرچاوی پارتی دیموکراتی کوردستان نەک هەر ئەوە بەڵکو دەبێتە فریادڕەسێکی بنەماڵەی بارزانی کە بەهۆی شکستی شۆڕشی ئەیلولەوە لەوپەڕی تاراندا پەراوێزخرابوون.. ئەو گەنجە دواتر ناوی بە جەوهەر نامیق سالم ناسرا.

جەوهەر نامیق سالم ساڵی ١٩٤٦ لە گوندی بەرلووت لە باکووری شاری کەلار لە دایکبووە، دەرچووی کۆلیژی کارگێڕیی و ئابووریی لە زانکۆی موستەنسرییەبوو لە بەغدا. 
گەنجیی جەوهەر نامیق هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول لەناو کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا، بۆیە دەسپێکی کاری سیاسی ئەمیش وەکو هەزاران گەنجی تری پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت.

جەوهەر نامیق لە قۆناغی سێیەمی کۆلیژ دەبێ کاتێک لەڕێی یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە تێکەڵی پارتی دەبێت، ئەو کاتە بەهۆی رێککەوتننامەی ١١ی ئازار جوڵانەوە و خەباتی پارتی و یەکێتی قوتابیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە فشاری ناخرێتە سەر و کارکردن و چالاکییەکانیان ئازادانە هەڵدەسوڕێنن.

گەنجێک لە مەکتەبی سیاسی دا
تا ساڵی ١٩٧٥ جەوهەر نامیق بەزوویی قۆناغەکانی حزبییبوون دەبڕێت و دەگاتە ئیدارەی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک،لەو ماوەیەدا جەوهەر نامیق دەبێتە جێی سەرنج و متمانەی بنەماڵەی بارزانی و لە ئیدارەی مەکتەبی سیاسییەوە دەگوازرێتەوە بۆ لقی سێی پارتی و دەبێتە کارگێڕی لق کە ئەمە پلەیەکی بەرزی حزبیی بووە لەو کاتەدا.
بە قسەی ئەوانەی جەوهەر نامیق سالم دەناسن، لە کاری سیاسی و هەڵسوڕاندنی کاری حزبیدا، کەسێکی چالاک و ورد و بە سەلیقە بووە. زۆرتر پشتی بە توانای شەخسیی خۆی دەبەست لەگەڵ ئەمەشدا رێزێکی بێ سنووری لە مەلا مستەفا بارزانی و دواتر کوڕەکانی (مەسعود و ئیدریس) دەگرت. بۆ خۆی لە چەندین شوێندا بە روون و راشکاوانە گوتوویەتی: "من دەروێشی بارزانی و پارتیم"

 

کۆڵەکەی ژێر سەقفی کەوتوو

دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و بڵاوەپێکردنی دەیان هەزار پێشمەرگە و کادری سیاسی. بنەماڵەی بارزانی کە سەرکردایەتی ئەو شۆڕش و شکستەیان دەکرد، وەکو میوانێکی دەستبەسەرکراو لە کەرەجی نزیک تاران دەژیان.

لەگەڵ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە( ی.ن.ک) لە ساڵی ١٩٧٦، بنەماڵەی بارزانی لەژێرەوە کەوتنە سازدانەوە و راسپاردنی چەند سەرکردە و کادرێکی پارتی بۆ دەسپێکردنەوەی خەباتی سیاسی  و چەکداریی.

بۆ ئەمەش سەرکردایەتیەکی کاتیی کە دواتر بە ناوی "قیادە مووەقەتە" ناوی دەرکرد، پێکهێنرا و نێردرانەوە باشووری کوردستان. جەوهەر نامیق سالم یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی قیادە مووەتەقە بوو. سەبارەت بە رۆڵی خۆی لەو سەرکردایەتییە کاتییەدا جەوهەر نامیق نووسیویەتی:

" لە سەرەتای نیسانی 1975  پاش چەند دانیشتن و لێكدانەوەی رەوشەکە، دەستەبژێرێك لە سەركردایەتی و كادیرە پێشكەوتووەكانی بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر وەك کرۆکی (سەركردایەتی كاتیی) ئەركی رێكخستنەوە و ئامادە كاری بۆ قۆناغی نوێیان خستە ئەستۆی خۆیان، ئەو دەستەیە بریتی بوون لە كاك‌ ئیدریس بارزانی و كاك مسعود و بەڕێزان حەمە رەزا و عارف تەیفوور و كەریم سنجاری و ئازاد بەرواری و جەوهەر نامیق سالم. یەكەم د‌انیشتنی فەرمی ئەم دەستەیە لەسەر كانییەكی دەرەوەی شاری نەغەدە ئەنجامدرا. دەستەكە بەردەوامبوون لە كارەكانی و خۆیان ئامادە دەكرد بۆ گەڕانەوە بۆ كوردستان بە زووترین كات"

قیادەمووەقەتە باشووری کوردستان دابەش دەکات بەسەر دوو میحوەردا بۆ کار و هەڵسوڕان، ئەوانیش میحوەری بادینان و میحوەری سۆران. جەوهەر نامیق بە هاوکاری کەریم سنجاری دەکرێ بە فەرماندەی میحوەری بادینان کە رۆح و کرۆکی خەباتی قیادە مووەقەتەیە و تا ساڵانێکی زۆر هەموو قورسایی جوڵانەوە سیاسی و سەربازییەکانی هەر لە بادینان دەبێت.
یەکەم بەیانی ئامادەکاریی بۆ دەسپێکردنەوەی خەباتی پ.د.ک لەڕێی قیادە مووەقەتەوە، جەوهەر نامیق سالم دەینووسێ بەناوی "کوردستان گۆڕەپانی راستەقینەی خەباتە" و بە بەیانی دەسپێک پەسەند دەکرێت.
لە نووسینێکدا جەوهەر نامیق سالم سەبارەت بە رۆڵی خۆی و سامی عەبدولڕەحمان روونتر دەڵێت: "سەبارەت بە دەسپێك و گەڕانەوەمان بۆ كوردستان و نووسین وناوەرۆكی (بەیانی یەكەمی سەركردایەتی پارتی) ئەودەم شەهید سامی لە كەرەج بوو، بێ ئاگا بوو لەم كۆبوونەوەیە‌ هەروەها لە بەیان و بڕیاری گەڕانەوەمان بۆ كوردستان. بە دووری نازانم دواتر جەنابی كاك مسعود ئاگاداری كردبووەوە."
هەروەها نووسیویەتی: شۆڕشی 26ی گوڵانی 1976 لە هەرێمی یەكەوە راگەیەنرا، بەیانی راگەیاندنەش بەندە نووسیوویەتی. لەگەڵ كەریم سنجاری ئەودەم تەنیا دوو ئەندامی (مەیدانی سەركردایەتیی) بووین لە كوردستان. دوای ئەوەی کەریم ساڵی ١٩٧٧ چوو بۆ دەرەوەی وڵات خۆم بە تەنیا سەرکردایەتیی ئەو هێزەم دەکرد.

کارەساتی هەکاری
ئەو کاتەی قیادەمووەقەتە قورسایی سەربازیی خۆی دەخاتە سەر میحوەری بادینان، لەو ناوچەیە کارەساتێکی مرۆیی گەورە بۆ کورد و شۆڕشەکانی روو دەدات کە دواتر بە "کارەساتی هەکاری" ناوی دەرکرد.

پوختەی کارەساتی هەکاری ئەمەیە کە هێزێکی نزیک بە ٨٠٠ پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ بەسەرکردایەتی ی.ن.ک بەڕێ دەکەون تا بگەنە سوریا بۆ ئەوەی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لەلایەن سوریا و لیبیاوە پێیاندراوە، بگوازنەوە بۆ ناو باشووری کوردستان. لەم کاتەدا ئەو هێزە دەکەونە نێوان بەرداشی سوپای ئێران و تورکیا و عێراق لەلایەک و پێشمەرگەکانی قیادەمووەقەتە لەلایەکی ترەوە.

لە ئاکامدا لەو هێزە زۆرەی یەکێتی، ژمارەیەکی زۆریان دەکوژرێن یان بە دیلی دەکەونە دەستی پێشمەرگەکانی قیادە مووەقەتە. دواتر بەشێک لەو دیلانە لەلایەن قیادەمووەقەتەوە دەکوژرێن کە سەرکردەی ناسراو و بەرچاوی وەکو عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید لەناو دیلە کوژراوەکاندا دەبن. ئەم رووداوە برینێک دەکاتە جەستەی بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری کوردەوە کە تائێستاش ئاسەوارە خراپەکانی هەر ماوە.
لەو کاتەدا جەوهەر نامیق یەکێکە لەسەرکردە و هەڵسووڕاوەکانی بڕیاربەدەستەکانی قیادەمووەقەتە. تائێستا بەڵگەیەکی سەلمێنەر نییە کە نیشانی بدات جەوهەر نامیق رۆڵی هەبووبێت لە کوشتنی ئەو دیلانە یان هەوڵ بدات کە نەکوژرێن ئەوەی هەیە تۆمەتبارکردنی هەموو سەرکردەکانی قیادەمووەقەتەیە بە گشتیی. ئەم رووداوەش وەکو سەدان رووداوی تری شەڕی کورد-کورد، لەناو گەنجینەی دەسپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ و قیادەمووەقەتەدا وەکو یادگارییەکی رەش هەڵگیراوە.

جەوهەر نامیق لە شار دا
ناوی جەوهەر نامیق بە تایبەت لەو کاتەدا درەوشایەوە و زیاتر کەوتە سەرزاران کە وەکو یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەست نیشانکرا. جەوهەر نامیق بوو بە یەکەم سەرۆکی یەکەم پەرلەمان لە مێژووی سیاسی کورددا ئەمەش رۆڵێکی گەورەی خستە ئەستۆی ئەو پیاوە کە هەمیشە وای نیشانداوە رۆڵەیەکی بە ئەمەکی ناسیۆنالیزمی کوردییە.
پەرلەمانی کوردستان ئەرکی زۆری لەسەرشان بوو، هەر لەسەرپێخستنی دامەزراوەیەکی کوردی تا دەگات بە داڕشتنی یاسا و هەموواری یاساکانی پیشوو تا بە دەردی ئیدارەیەکی کوردی بخوات. بەڵام هەرزوو ئەم دامەزراوەیە بوو گۆڕەپانی ململانێی سیاسی تا بە چەکداریی دەگات.

مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٥ چەکدارەکانی ی.ن.ک کوردستان هەڵیانکوتایە سەر بینای پەرلەمان و بە زەبری هێز داگیریان کرد، ئەمە یەکەم لەکەی کوردبوو کە بە دەستی خۆی دای لەناوچاوانی پەرلەمانەکەیەوە.

جەوهەر نامیق و چەندین ئەندامی تری پەرلەمان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەو کارە و هەڵایسانەوەی شەڕی ناوخۆ، بۆ ماوەی ١٠٣ رۆژ لەناو بینای پەرلەماندا مانگرتن و پەناگیرییان راگەیاند. بەڵام ئەمە نەبووە هۆی رێگەگرتن لە کارەساتی شەڕی ناوخۆ.

پەرلەمانێک کە سەرەتاکەی بە سیستمی پەنجا بە پەنجا دەسیپێکردبێت و هێزە سەرەکییەکانی ناوی هێشتا خوێناوی شەڕی شاخ بە کراسەکانیانەوە مابێت، دەبێن چۆن درێژە بەکاری خۆی بدات؟

پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی گەواهی ئەوە بۆ جەوهەر نامیق سالم دەدەن کە سەرۆکێکی شایستە بە پەرلەمان بووە لەو قۆناغە ناسکەدا. هەرچەندە تێبینی و رەخنەی زۆر لە ئارادابووە سەبارەت بە سەرۆکایەتییەکەی. بەڵام دەگوترێت کەسێکی بوێر و سەر ڕاست بووە لە كارەکانیدا.

جەوهەر نامیق و ٣١ی ئاب
کاتێ سوپای عێراق لەسەر داوای مەسعود بارزانی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ بەشداریانکرد لە گرتنەوەی شاری هەولێر و دەرپەراندنی ی.ن.ک لەو شارە، جەوهەر نامیق تاقە سەرکردەی پارتی بوو کە دژ بە هەڵسوکەوت و داگیرکردنی بینای پەرلەمان لەلایەن گاردی کۆماری عێراقەوە بەیاننامەی دەرکرد.

یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، چوار رۆژ دوای دوای ٣١ی ئاب بەسترا لە مزگەوتی گەورەی شەقڵاوە، جەوهەر نامیق گوتی:" تا گاردی کۆماری نەچنە دەرەوە ئامادە نیم بچمەوە ناو ئەو بینایە." فراکسیۆنی پارتی بە ئاشکرا ناڕەزایی خۆی سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە نیشاندا و فرانسۆ هەریری سەرۆکی فراکسیۆنەکە گوتی:" دەبوو ئەم کۆبوونەوەیە لە ناو بینای پەرلەماندابوایە."

جەوهەر نامیق سەبارەت بەو بەیاننامەیە دەڵێت:" من چۆن دەتوانم داگیرکارییەک سەرکۆنە نەکەم کە سوپای داگیرکەری عێراق بێتە ناو بینای پەرلەمان و سوکایەتی بەو دامەزراوە شەرعیەی کوردستان بکات؟ جا با قازانجی بۆ حزبەکەشم هەبێت. من هەڵوێستم وەرگرت دەشمزانی لە داهاتوودا باجەکەی دەدەم بەڵام گوێ بەو باجە نادەم!"

دەروێشێکی پەراوێزخراو
تۆڵەی ئیدانەکردنی داگیرکردنی بینای پەرلەمان لە ٣١ی ئاب لە جەوهەر نامیق، کەوتە دوای روخاندنی رژێمی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣ ئەو کاتە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بە تەواوی جەوهەر نامیقی پشتگوێخست.

ناکۆکییەکانی بارزانی و جەوهەر نامیق کاتێ تەقییەوە کە پارتی دەیوست رێکخستنەکانی بباتەوە بۆ بەغدای دوای سەدام، بڕیاربوو جەوهەر نامیق سەرکردایەتی ئەو گەڕانەوەیە بکات. بەڵام مەسعود بارزانی جەوهەری لادا و لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک لە مانگی ئایاری ٢٠٠٣دا بە توڕەییەوە بە جەوهەر نامیق دەڵێت:" بۆچی ئەوەندە ئەنانی و خۆپەرستی!"

ئەو قسەیەی بارزانی وا دەکات جەوهەر نامیق بایکۆتی دانیشتنەکانی مەكتەبی سیاسی پارتی بکات و هەرگیز لەگەڵ مەسعود بارزانی دا نەبنەوە بە دەروێش و شێخەکەی جاران. سەبارەت بەو قسەیەی بارزانی، جەوهەر نامیق لای دۆستێکی دەڵێت:" کاک مەسعود رێزی هەیە لای من و بە سەرکردەیەکی کاریگەری دەزانم، بەڵام منیش کوڕی باوکی خۆمم و خاوەن عززەتی نەفسی بەرزم."

ئەم درزە درێژەی کێشا تا رۆژی ٢٢ی ئازاری ٢٠١١ جەوهەر نامیق بۆ هەمیشە چاوی لێکنا و لە گوندەکەی خۆی لە باکووری شاری کەلار بە خاک بسپێردرێت بێ ئەوەی هیچکام لە کوڕ و نەوەکانی بارزانی لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەیدا بەشداری بکەن.