ڕاپۆرتی کوردستانی

03:35 - 23/09/2019

لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌ده‌ن‌

پەیسەر

هەرچەندە ساڵی ٢٠٢٣ وادەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنی پارلەمانییە لە تورکیا، بەڵام دەنگۆی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەناو میدیاکانی تورکیادا بڵاوبووەتەوە. ژمارەیەک لە نووسەرانی تورکیا باس لەوە دەکەن، ئۆپۆزسیۆن و ئەو پارتانەی لەم دواییانەدا دامەزراون، هەوڵ دەدەن دۆخێک بخوڵقێنن کە پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت.

 

عەبدولقادر سەلڤی نووسەری ناوداری تورکیا و لایەنگری حکومەتی ئاکپارتی یەکێکه‌ لەو کەسانەی پێی وایە ئاماژەکان بەرەو هەڵبژاردنێکی پێشوەختە هەنگاو دەنێن.

سەلڤی لە نووسینەکەیدا باس لەوەدەکات، لەم قۆناغەدا ئاکپارتی هێزی جارانی لەدەستداوە و ڕجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە، نازانێت لەم دۆخەدا بە چ جۆرێک و لە سەر چ بنەمایەک دەست به‌ بانگەشە و کار بکات. هەرچی ئۆپۆزسیۆنیشە کار لە سەر کاندیدکردنی سێ کەسایەتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات.

بە پێی بۆچوونی سەلڤی، هەرچەندە موحەرەم ئینجە کاندیدی پێشووی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) لە لایەن پارتەکەیەوە جارێکیتر وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار قسەی لەسەر کراوە، بەڵام عەبدوڵا گویل سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا و ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵیش ناویان لەناو پلانی ئۆپۆزسیۆندایه‌ بۆ ڕکابەرایەتی ئەردۆغان.

ئایا جەهەپە و پارتە نوێکەی باباجان کاندیدێکی هاوبەشیان دەبێت
ئەو نووسەرە دەڵێت، "لە ساڵی ٢٠٢٣دا عەبدوڵا گویل و ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ دوو کاندیدی سەرەکی دەبن دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و دەتوانن جێی پێ لەق بکەن".

هەروەها باس لەوەدەکات، دەزانرێت عەبدوڵا گویل کەسایەتیەکی سەرەکیە لە دروستکردنی پارتێک بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان، لەبەرئەوەش هەوڵ نادات ببێتە سەرۆکی پارتە نوێکە، بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکات

سەلڤی ئاماژە بەوەدەکات، باباجان و گویل پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ پارتی کۆماری گەل (جەهەپە)دا هەیە و کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە و عەبدوڵا گویل کۆبوونەتەوە و باسیان لەوە کردووە، كه‌ دەتوانن بەیەکەوە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید بکەن. واتە بە رێککەوتنێک کاندیدیکی هاوبەش دابنێن بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت. لەبەرئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆک کۆماردا کلچدارئۆغلۆ داوای لە گویل کردبوو وەک کاندیدی جەهەپە خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار هەڵبژێرێت.

ئەو نووسەرە باس لەوە دەکات، کەمال کلچدارئۆغلۆ  و عەبدوڵا گویل زوو زوو سەردانی یەکتر دەکەن و پەیوەندیان پتەوە. هەرچەندە باس لە کاندیدی هاوبەش کراوە، بەڵام نازانرێێت کلچدارئۆغلۆ بەڵێنی بە عەبدوڵا گویل داوە کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار بێت یان نە، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆک کۆماریدا کەسایەتیەکی بەهێزی وەک ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ لە گۆڕەپانی سیاسەتی جەهەپەدا نەبوو.

سەلڤی ئاماژەی بەوەدا، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵدا توانی بە جیاوازی ٨٠٠ هەزار دەنگ لە کاندیدی ئاکەپە بباته‌وه‌. بەو هۆیەشەوە، ئیمامئۆغلۆ ئه‌مری واقعی سیاسەتی تورکیایە. جەهەپە ئیمامئۆغلۆ لە هاوكێشەکان دەربکات، ناتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیادا سەربکەوێت. لە هەڵبژاردنی پێشوودا جەهەپە پێویستی بە عەبدوڵا گویل بوو، بەڵام له‌ ئێستادا کەسێکی وەک ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی هەیە و ئیشی بە عەبدوڵا گویل نەماوە. لەبەرئەوە پێشبینی دەکرێت، کەمال کلچدارئۆغلۆ هیچ بەڵێنێکی بە گویل نەدابێت.

کورد لە کوێی هاوکێشەکەدا دەبێت؟
دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە شارە گەورەکانی تورکیا پشگیری لە کاندیدانی (جەهەپە) کرد و ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنی (جەهەپە) دا گێڕا، پرسی ئەوە دروست بوو ئایا هەردوو پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەتوانن لە ژێر چەترێکدا کۆببنەوە و بەیەکەوە ڕکابەریی (ئاکەپە) بکەن یان نە؟

 

هەرچەندە سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی هەدەپە لەمدواییانەدا سەردانی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپەی کرد و داوای کرد هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆن و دیموکراتخوازەکان لە دەوری (هاوپەیمانی دیموکراسی) کە پڕۆژەی هەدەپەیە کۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا جەهەپە وه‌ڵامێکی فەرمی هەدەپەی نەداوەتەوە.


تا ئێستاش لەناو هەدەپەدا باس لە هیچ کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار ناکرێت و پرسیاری ئەوە دروست بووە، ئەگەر جەهەپە و پارتە نوێکەی باباجان کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار هەڵبژێرن، هەدەپە پشتگیریان لێدەکات یان نە؟