ڕاپۆرتی کوردستانی

03:20 - 15/12/2018

تەقاندنی هەر فیشەکێک بەڕووی کورددا دەنگێکە بۆ ئەردۆغان‌

پەیسەر

ماوەی چەند رۆژێکە ئەردۆغان هەڕەشە دەکات کە لە ماوەیەکی نزیکدا هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت، ئارام و قەرارمان لێ هەڵگیراوە و چیتر کات بە فیڕۆ نادەین.

ئەم هەڕەشانەی جگە لە ڕووە فراوانخوازیی و هەژمونخوازانەکەی تورکیا و هەروەها جگە لە ڕووە سیاسەتە دژە کوردییەی ئەردۆغان و تورکیا، لە چوارچێوەیەکی دیکەشدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، ئەویش خۆئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی داهاتوو کە بڕیارە لە ٣١ی ئازاری ٢٠١٩دا بکرێت.

ئەردۆغان و پارتەکەی لە ساڵی ٢٠٠٢وە بە کورد و سوپا دەنگ کۆدەکەنەوە، بەڵام بە دوو قۆناغی جیاواز و بە دوو سیاسەتی جیاواز.

لە قۆناغی یەکەمدا دوای نزیکەی ٨٠ ساڵ دەستێوەردانی سوپا لە سیاسەت و بێزاربوونی زۆرینەی خەڵکی تورکیا لە کودەتا و دەستێوەردانەکانی سوپا، ئەردۆغان و ئاکەپە بە دروشمی دوورخستنەوەی سوپا لە سیاسەت دەنگێکی زۆریان کۆکردەوە.

هەر لەو قۆناغەدا بە بەڵێنی چارەسەرکردنی پرسی کوردیش لە چەند هەڵبژاردنی یەک لە دوای یەکدا توانیان رێژەیەکی بەرزی دەنگی کورد بەدەست بهێنن، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا کە لە ساڵی ٢٠١٥وە دەستی پێکردوە رێک بە پێچەوانەی قۆناغی یەکەمەوە ئەردۆغان پشتی لە دەنگی کورد کردوە و بە شەڕکردن لە دژی کورد، پشتی بە دەنگی ناسیۆنالیستە تورکەکان بەستووە.

نەورۆزی ٢٠١٣ پرۆسەی ئاشتی دەستی پێکرد، ئاکەپە هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو کۆتاییهێنان بە شەڕ پێگەی ئەو حیزبە بە تایبەتی لە باکوری کوردستان بەهێزتر بکات، بەڵام دوای دوو ساڵ و لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا ئاکەپە ئەنجامی پێچەوانەی دەست کەوت کاتێک هەدەپە وەک یەکەمین حیزب بە ناسنامەی کوردییەوە توانی بەربەستی لەسەدا ١٠ تێپەڕێنێت، ئەم سەرکەوتنەی هەدەپە بە واتای شکستێکی گەورەبوو بۆ ئاکەپە و نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت.

لە رۆژێک دوای هەڵبژاردنەەوە تەپڵی شەڕ لێدرا، تەنیا ١٣ رۆژ دوای سەرکەوتنەکەی هەدەپە لە شارۆچکەی پێرسۆس تەقینەوەیەکی گەورە لەناو گەنجانی هەدەپەدا روویدا، ئەمەش بارگرژییەکی گەورەی لێکەوتەوە، مانگێک دواتر دوو پۆلیسی تورک کوژران، سەرچاوەکانی نزیک لە پەکەکە ئەیانوت ئەو دوو پۆلیسە کوژراوە دەستیان هەبووە لە تەقینەوەکەی پێرسوسدا، سێ رۆژ دوای کوژرانی دوو پۆلیسەکە ئەردۆغان پرۆسەی ئاشتی هەڵوەشاندەوە و شەڕ لە دژی پەکەکە دەستی پێکردەوە، شەڕێک کە بووە هۆی وێرانبوونی شارەکانی شرناخ و جزیرە و ناوچەی سوری ئامەد و ئاوارەبوونی زیاتر لە نیو ملیۆن کورد، ئەم شەڕە نێعمەتێک بوو بۆ ئەردۆغان و حیزبەکەی و پێگەی لەناو ناسیۆنالیستەکاندا بەهێزترکرد، هەربۆیە لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ١ی نۆڤەمبەردا ئاکەپە توانی ٣١٧ کورسی بەدەست بهێنێت و حکومەت دروست بکات.

٢٠ی جەنیوەری ٢٠١٨ ئەردۆغان شەڕێکی دیکەی لە دژی کورد دەستپێکرد و سوپای تورکیا هێرشی بەربڵاوی ئاسمانی و زەمینی کردە سەر کانتۆنی عەفرین، ئەردۆغان ڕەنگێکی ئایینی دایە شەڕەکە و لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکە لە ٩٠ هەزار مزگەوتەوە سوڕەی فەتح خوێنرا و دۆعاکرا بۆ سەرکەوتنی سوپای تورکیا، شەڕەکە ئەوەندەی دیکە پێگەی ئەردۆغانی لەناو دەنگدەرە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکاندا بەهێزتر کرد، هەربۆیە ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەولەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا بکرێت، ئەردۆغانیش کاندیدی هاوبەشی ئاکەپە و مەهەپە بوو.

لە ئێستاشدا کە تورکیا لە بەردەم هەڵبژاردنێکی دیکەدایە، کە کەمتر لە چوار مانگی ماوە، وادیارە ئەردۆغان و ئاکەپە پێویستیان بە شەڕێکی دیکە هەیە لە دژی کورد بۆ ئەوەی ئەمجارەشیان بە دەنگی ناسیۆنالیستە تورکەکان هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ببەنەوە.