ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:27 - 29/09/2019

جەهەپە بێ كورد بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێت!‌

پەیسەر

پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) ٢٨ی ئەیلول کۆنفرانسی 'ئاشتی سوریا'ی لە شاری ئیسته‌نبوڵ ئەنجامدا و بێجگە لە نوێنەری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان نوێنەری هەموو لایەنەکانی سوریا بانگهێشتکرابوون.

هەرچەندە بەرپرسانی جەهەپە ڕایانگەیاند، ئامانجی کۆنفرانسەکە کردنەوەی دەرگای چارەسەری قەیرانی سوریایە، بەڵام نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە نوێنەرایەتی 35%ی خاکی سوریا دەکات، لە کۆنفرانسەکەدا فەرامۆش کرابوو.

 

بەشداربووانی بیانی و ناوخۆی تورکیا لە کۆنفرانسەکەدا ڕایانگەیاند، هیچ دەستپێشخەریەک بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا به‌بێ بەشداری کورد و نوێنەرانی هەسەدە و یەپەگە سەرکەوتوو نابێت.

سوچی و ئه‌ستانه‌ چارەسەر نین
ستیڤن دە ویڵد نوێنەری ناوەندی کاروباری تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کرد و ڕایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا پارەیەکی زۆری بۆ سوریا سەرف کردووە. 97%ی ئەو پارەیەی بۆ سوریا تەرخان كراوه‌ هەمووی خەرج کراوه‌، بەو بودجەیە یارمەتی تورکیا و وڵاتانی دیکەی دراوسێیان داوە. بەڵام دانوستانه‌كانی ئه‌ستانە و سووچی نەبوونە چارەسەر. ئەو وڵاتانەی بەشداری لە سووچی و ئه‌ستانەدا دەکەن، پێویستە حکومەتی سوریا و پێکهاتەکانی تر لەبیرنەکەن.

سوریا بوو بە ئەزموون
ئیڤان ستاردوبتسیڤ پسپۆڕی پەیوەندیەکانی تورکیا و سوریا کە لە ڕووسیاوە بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کردبوو، پشتگیری لە سیاسەتەکانی ڕووسیا کرد و ڕایگەیاند، سوریا بۆ هەموو وڵاتانی جیهان بوو بە ئەزموون. ٨ ساڵە شەڕێکی گەورە لە سوریا بەڕێوەدەچێت. لەو شەڕەدا ڕووداوی زۆر دڵتەزێن ڕوویاندا و لایەنەکان باجی زۆریان دا.

لە ساڵی ٢٠١١ تا ساڵی ٢٠١٧ و تا ده‌گاته‌ کۆتاییهێنان به‌ داعش و چەسپاندنی ئاشتی، هیچ هەنگاوێک نەنرا. بەو هۆیەوە ڕووسیا بووه‌ لایەنێکی شەڕەکە، به‌ڵام لە ئێستادا پێویستی بە ئاشتیە. ڕووسیا ده‌یه‌وێت پرۆسەی ئه‌ستانه‌ فراوان بکات.

خەڵکی عێراق ئاگادارن کە تورکیا پشتگیری لە داعش کردووە
ئاکیل عەباس مامۆستای زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی کە بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشتکرابوو ڕایگەیاند، هیچ عێراقییەک پشتگیری لە ڕژێمی سوریا ناکات. وتی، "گەلانی عێراق باش دەزانن ژیان لەگەڵ ڕژێمی سوریا ژیانێکی چۆنە. پیویست ناكات هیچ کەسێک باس لە ڕژێمی بەعس بکات. زۆر گروپی جیاواز لە سوریا هەن، هەر یەکەو شەڕ بۆ لایەنێك دەکات. خەڵکی عێراق ئاگادارن کە تورکیا پشتگیری لە داعش کردووە.

پێویستە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشداری لە پڕۆسەی چارەسەریدا بکەن
پڕۆفیسور ئاستین هۆلمیس مامۆستای زانکۆی هارڤاردی ئەمریکا لە کۆنفرانسەکەدا پشتگیری تەواوی لە هێزە کوردیەکانی سوریا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کۆبوونەوە و دانیشتنە نێودەوڵەتیه‌كانی تایبه‌ت به‌ چارەسەری کیشەی سوریا به‌شداربن. وتی، "35%ی خاکی سوریا لەدەستی شەرڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە. چەندین ساڵە داعش بووەتە بەڵای سەری گەلانی ناوچەکە. تا ئێستاش شانه‌ی نووستووی داعش هەن.

تا ئێستاش لە سوریا وعێراق هێرشەکانی بەردەوامە. هەزاران ئەندامی داعش لای هه‌سه‌ده‌ دیلن. من خۆم سەردانی باکووری سوریام کرد و بەچاوی خۆم بینیم كه‌ هەسەدە بە تەنها هێزی کورد نییە. لە ناو هەسەدەدا ئەندامی هەموو نەتەوەکان هەن. هه‌سه‌ده‌ نوێنەرایەتی هەموو نەتەوەکان دەکات و نیوەی فەرماندەکانی ئەوروپین. پێویستە بەشداریان پێبکرێت و قەیرانی سوریا بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت.

تورکیا بە هۆی سیاسەتی هەڵەوە هەموو مانگێک ٢٠٠ ملیۆن لیرە خەرج دەکات
حیکمەت چەتین سەرۆکی پێشووتری په‌رلەمانی تورکیا و وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسەکەدا ڕه‌خنه‌ی له‌ ئاکەپه‌ گرت و ڕایگەیاند، ئاکەپە لە سیاسەتی سوریادا لە سەره‌تادا هەڵەی کرد، لە ئێستادا ٤ ملیۆن پەنابەری سوری لە تورکیا دەژین و هەموو مانگێک تورکیا ٢٠٠ ملیۆن لیرە دەداتە پەنابەران.