ڕاپۆرتی کوردستانی

05:46 - 30/09/2019

گرێ سپی، چەقی کێشەکانی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا‌

پەیسەر

دەوڵەتی تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ سەربازی زیاتر لە سنووری نێوان باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەکاتەوە. زۆرترین سەربازی تورکیا لە سنووری گرێ سپی کۆکراوەتەوە.

لە دانوستانەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکادا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام، تورکیا تەئکیدی لەسەر گرێ سپی كردووه‌ته‌وه‌ و دەیەوێت هیچ نەبێت لە گرێ سپی نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان.

 

گرێ سپی چ گرنگیەکی هەیە و بۆ چی تورکیا دەیەوێت لە ڕۆژئاوای کوردستانی داببڕێت؟

کانتۆنی گرێ سپی
کانتۆنی گرێ سپی یەکێکه‌ لە ٦ کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. نزیکەی ٢٥٠ هەزار دانیشتووانی هەیە و دانیشتوانه‌كه‌ی کورد و عەرەبن. لە سەردەمی حافز ئەسەد دا سەر بە پارێزگای رەقە بوو. بەڵام لە ئێستادا سەر بە هەرێمی کۆبانییە. گرێ سپی لەنێوان هەرێمی جزیر و کۆبانی دا بووە بە پردێکی گرنگ. لەسەر سنووری باکووری کوردستانە و بەرامبەر ناوچەی (کانیا غەزالان)ی شاری ڕوحای باکووری کوردستانە.

 

گرێ سپی یەکێک لەو ناوچانەبوو کە ڕژێمی سوریا لە چوارچێوەی پڕۆژەی کەمەرەی عەرەبیدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرد. لە ساڵانی شەستەکاندا دەست بە دروستکردنی پرۆژەی کەمەرەی عەرەبی کرا. بەڵام حافز ئەسەدی سەرۆکی ئەو کاتەی سوریا لە ساڵی ١٩٧٤دا پڕۆژەکەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەکە بە درێژایی ٣٥٠ کیلۆمەتر و قوڵایی ١٠ بۆ ١٥ کیلۆمەتر لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان دروستکرا.

هەزاران کورد ئاوارەکران و موڵک و زەوی و زاریان بە سەر عەشرەتە عەرەبەکانی ڕەقە و ناوچەکانی تردا دابەشکران و دەست بە تەعریبکردنی ناوچە کوردنشینەکان کرا. بە تەواوی دیموگرافیای هەندێک ناوچەیان گۆڕی و کانتۆنی گرێ سپیش یەکێک لەو ناوچانەیە کە ڕووبەڕووی سیاسەتی ته‌عریب بووەوە و بەو شێوەیە پەیوەندی نێوان کۆبانی و جزیریش پچڕا.

دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ کۆبانی و جزیر یەکیانگرتەوە
لە ١٤ی ئازاری ٢٠٠٤دا کە لە قامیشلۆ لەدژی ڕژێمی ئەسەد ڕاپەڕین کرا، گرێ سپیش بە خۆپیشاندان و چالاکی پشتگیری لە سەرهەڵدانی قامیشلۆ کرد. ئەسەد زۆر بە تووندی دژی خەڵکی گرێ سپی وەستا و چەکی بە سەر عەرەبەکانی ناوچەکەدا دابه‌شكرد و دژی کورد دەستیان کرد بە شەڕ، به‌ڵام لە ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرۆک هۆزە عەرەبەکان و کەسایەتیە کوردەکاندا کۆتایی بەشەڕەکە هێنرا.

 

لە ساڵی ٢٠١١دا لە شەڕی ناوخۆیی سوریادا گرێ سپی کەوتە دەستی سوپای ئازاد و ڕژێم پاشەکشێی کرد. دواتر گرووپی تەحریری شام کە سەر بە به‌ره‌ی ئەلنوسرە بوو ناوچەکەی کۆنتڕۆڵ کرد. لەو سەردەمەدا شەڕێکی گەورە لە نێوان کورد و ئەو گروپەدا ڕوویدا و دواتر لە سالی ٢٠١٤دا ئەلنوسرە به‌بێ شەڕ گرێ سپی ڕادەستی چەکدارانی داعش کرد.

دوای پڕۆسەی ئازادکردنی کۆبانێ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان ( یەپەژە) لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی شەهید ڕوبار قامیشلۆدا لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ گرێ سپیان ڕزگارکرد و دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ جارێکی تر کانتۆنی گرێ سپی کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی کەمەره‌ی عەرەبیدا لەیەک جیاکرابووەوە، لەیەکدرایه‌وه‌ و کەوتە ژێر کۆنتڕۆلی هێزە کوردیەکان.

شێوەی بەڕێوەبەرایەتیەکەی
دوای ڕزگارکردنی گرێ سپی لە دەستی داعش، بەڕێوەبەرایەتیەکی هاوبەش لە نێوان کورد و عەرەب دروستکرا. گرێ سپی بوو بە ناوەندی کانتۆنی گرێ سپی و عەین عیسا و سلوکیش بوون بە دوو ناوچەی سەر بە کانتۆنەکە. لە ڕووی ئیداریەوە ٦٠٠ گوند سەر بەو کانتۆنەن. دوو کەمپی پەنابەرانی لێیە و نزیکەی ٢٠ هەزار پەنابەری تێدا دەژی.

لە چوارچێوەی سیستمی هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەدەبرێت کە یەکێکیان کورد و یەکێکیان عەرەبە. ئەندامانی ئەنجومەنی شار بە پێی زۆرینە دادەنرێن کە ٦٢ کەسن. بە تەواوی سیستمی خۆبەڕێوەبەرایەتی تیدا پەیڕەو دەکرێت.

بۆچی تورکیا پێداگری لەسەر گرێ سپی دەکات؟
وەک دەزانرێت، تورکیا و گروپەکانی یەکەمجار لە شارۆچکەی جەرابلوسەوە لەنێوان کۆبانی و عەفریندا دەستیان بە پێشڕەوی کرد. لە ڕاستیدا داعش بێ شەڕ ئەو ناوچانەی ڕادەستی تورکیا کرد و تورکیا ژمارەیەک ناوچە و گوندی لە نێوان هەردوو کانتۆنەکەدا داگیرکرد. دواتر هێرشی کردە سەر عەفرین و داگیری کرد.

 

گرێ سپی لە نێوان کۆبانی و جزیر هەمان ڕۆڵی هەرێمی شەهبا لە نێوان کۆبانی و عەفرین دەبینێت. گرێ سپی پردی نێوان ئەو دوو کانتۆنەیە و حکومەتی تورکیا بە بیانووی نیشتەجێکردنی ئاوارە سووریەکانی تورکیا لەو ناوچانە هەوڵ دەدات هەردوو کانتۆنەکە لەیەک جیابکاتەوە.

بۆیە لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمریکادا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام هەوڵ دەدات ئەمریکا ڕازیبکات، کانتۆنی گرێ سپی بە تەواوی ببێتە بەشێک لە ناوچەی ئارام و بەو شێوەیە کۆبانی و جزیر لەیەکتری جیابکاتەوە.