ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:49 - 02/10/2019

هەڵبژاردنێکی تر، ئەردۆغان و باخچەلی سەرناکەون‌

پەیسەر

دوای ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکاندا باس لە جیابوونەوەی هەندێک دامەزرێنەر و ئەندام و لایەنگری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) کرا، ژمارەیەک کۆمپانیای بەناوبانگی ڕاپرسی لە تورکیا ڕاپرسیان لەسەر پێگەی ئاکەپە – مەهەپە لە داهاتووی تورکیادا ئەنجامدا.

بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیەکان جیابوونەوەی عەلی باباجان و داودئۆغلۆ و دامەزراندنی دوو حزبی نوێ کاریگەریی زۆری لەسەر پێگەی ئاکەپە لە تەواوی تورکیا دروست کردووە و داهاتووی حزبەکەی خستووەتە مەترسیەوە.

 

هەروەها پارتی گەلی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بەهۆی جیابوونەوەی پارتی باش (ئیی پارتی) بە سەرۆکایەتی مەڕاڵ ئاکشەنەر ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە. بەو شێوەیە مەترسی لە سەر هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە – مەهەپە) دروست بووە.

کۆمپانیای ڕاوێژکاری پەروەردە و لێکۆڵینەوە، کۆمپانیای پیار، کۆمپانیای ئادا، کۆمپانیای ئۆپتیمار و کۆمپانیای سارۆس و کۆمپانیای تیم و کۆمپانیای میترۆپۆڵ، کە لە سەر ئاستی تورکیا باوەرپێکراون، هەر یەکە بە جیا لەبارەی پێگەی پارتە سیاسیەکانەوە ڕاپرسیەکیان ئەنجام داوە. لە ڕاپرسی چوار کۆمپانیادا دەردەکەوێت، دەنگەکانی هاوپەیمانی کۆمار بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە، بە تەنها دوو کۆمپانیای سەر بە ئاکەپە، ئەنجامی ڕاپرسیەکەیان لەسەروو ٥٠٪ لەقەڵەمداوە و بڵاویان کردووەتەوە.

کۆمپانیای ڕاوێژکاری پەروەردە و ڵێکۆلینەوە و کۆمپانیای ئۆپتیمار کە سەر بە ئاکەپەن ده‌ڵێن، هێشتا دەنگەکانی هاوپەیمانی کۆمار لەسەروو 50%یه‌، بەڵام بە پێی راپرسیەکەی کۆمپانیای سارۆس، دەنگەکانی هاوپەیمانی کۆمار بۆ ٤٣٪ دابەزیوە و کۆمپانیای ئاکامیش کە لە ڕاپرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا لە ساڵی ٢٠١٤ بەبێ هەڵە ڕاپرسیەکی ڕاستی بڵاوکردبووه‌وه‌، ده‌ڵێت، دەنگەکانی هاوپەیمانی کۆمار بۆ ٢٩.٩٪ کەمدەبێتەوە.


پێگەی ئەردۆغان ڕۆژ بە ڕۆژ بچووک دەبێتەوە
کۆمپانیای ئاداش ڕاپرسیەکی لەسەر ئەوە بڵاوکردەوە، ئەگەر لە ئێستادا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت کام پارت و سەرکردە چەند دەنگ بەدەستدەهێنن؟ دەرکەوتووە ئاکپارتی بە تەنها دەتوانێت ٣٧،٥٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و سەرۆکەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش تەنها ٣٩.١٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.

 

بەپێی ڕاپرسی کۆمپانیای تیمیش دەنگەکانی ئەردۆغان بۆ ٤١٪ کەمیکردووە. بەپێی ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ٥٣.١٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، زیاتر لە ١٠٪ی دەنگەکان لەدەست دەدات، بەو شێوەیە پێگەی ئەردۆغان ڕۆژ بە ڕۆژ بچووک دەبێتەوە.

لایەنگرانی پارتی گەلی نەتەوەپەرست (مەهەپە) دەنگ بە ئەردۆغان نادەنەوە
کۆمپانیای میترۆپۆڵ باس لە تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان مەهەپە و ئاکەپە دەکات و دەلێت، دەنگدەران و لایەنگرانی مەهەپە بڕوایان بە ئەردۆغان و ئاکەپە نەماوە.

بەپێی ڕاپرسی کۆمپانیاکە، نیوەی ئەو لایەنگرانەی مەهەپە کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگیان بە ئەردۆغان داوە، متمانەیان پێنەماوە، لە کاتێکدا کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤دا ٨٤،١٪ی لایەنگرانی مەهەپە دەنگیان بە ئەردۆغان دابوو، بەڵام ٣٦،٣٪ی لایەنگرانی مەهەپە ئامادەن دەنگ بە ئەردۆغان بدەنەوە.

 

بەو پێیەش هاوپەیمانی کۆمار کە لە نێوان ئاکەپە و مەهەپەدا دروستکراوە، ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی زیاتر دەبێت.

داودئۆغلۆ و باباجان دەتوانن نزیکەی ٧٪ی دەنگەکانی ئاکەپە کەمبکەنەوە
کۆمپانیای تیمیش ڕاپرسی لەبارەی دەنگدەرانی ئاکەپە لە نێوان ئەردۆغان، داودئۆغلۆ و باباجان دا ئەنجامداوە. لە سەر پرسیاری ئایا دەنگ بە پارتە نوێکەی داودئۆغلۆ دەدەیت؟ نزیکەی ٢٠٪ی لایەنگرانی ئاکەپە ڕایانگەیاندووە، 'بڕیارم نەداوە' و ٣،٢٪ ئامادەییان دەربڕیوە دەنگ بە داودئۆغلۆ بدەن. هەروەها ٣،٩٪ی لایەنگرانی مەهەپەش ئامادەییان دەربڕیوە دەنگ بە پارتەکەی داودئۆغلۆ بدەن.

لە بارەی پارتەکەی باباجانیشەوە، ٣،٢٪ی لایەنگرانی ئاکەپە ئامادەن دەنگ بە باباجان و عەبدوڵا گویل بدەن. بەو پێشەیەش داودئۆغلۆ و باباجان دەتوانن نزیکەی ٧٪ی دەنگەکانی ئاکەپە کەمبکەنەوە.

لایەنگرانی ئیی پارتی ڕوودەکەنە پارتەکانی تر، بەڵام لایەنگرانی هەدەپە وابەستەی حزبەکەیانن
کۆمپانیای تیم دەڵێت، لایەنگرانی ئیی پارتی ڕەخنەی زۆریان لە بەڕێوەبەرایەتی پارتەکەیان هەیە و بە پێی ڕاپرسیەکە ژمارەیەکی زۆری لایەنگری ئەو پارتە ڕایانگەیاندووە لە هەڵبژاردنێکی تردا دەنگ بە جەهەپە و مەهەپە دەدەن.

 

لە ڕاپرسیەکەدا لایەنگرانی هەدەپە لە هەموو لایەنگرانی پارتەکانی تر وابەستەی حزبەکەیانن. لایەنگرانی هەدەپە دەڵێن بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە پارتەکەیان دەکەن.

لەبارەی پشتگیری مادیشەوە، ٢٨،٣٪ی لایەنگرانی هەدەپە ئامادەن پشتگیری مادی لە پارتەکەیان بکەن. بەڵام ١٢،٤٪ی لایەنگرانی ئیی پارتی و ١٨،١٪ی لایەنگرانی مەهەپە ئامادەن پشتگیری مادی پێشکه‌ش بە پارتەکانیان بکەن.