ڕاپۆرتی کوردستانی

05:33 - 06/10/2019

ڕێککەوتنی ئەدەنە لە دژی کورد زیندوودەکرێتەوە‌

پەیسەر

دەوڵەتی تورکیا لە ٥-٦-٧ی ئابدا ڕێککەوتنی 'ئاسایشی سنوور'ی لەگەڵ ئەمریکا ئیمزاکرد و لەسەرەتادا بە ئەرێنی نزیکبووەوە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دوای سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ لە ٢٧ی ئابدا ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوە و جارێکیتر دەستی كرده‌وه‌ بە هەڕەشەکانی به‌ ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ڕۆژئاوای کوردستان.

دوای ئەوەی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، تورکیا و سوریا بە پێی "ڕێککەوتنی ئەدەنە" دەست بە چارەسەرکردنی کێشەی سوریا دەکەن، دەرکەوت لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکان دەیانەوێت "ڕێککەوتنی ئەدەنەی ساڵی ١٩٩٨" زیندووبکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا لەبارەی قسەکانی لاڤرۆڤه‌وه‌ ڕایگەیاند، ڕووسیا تورکیا هاندەدات هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. ڕێککەوتنی ئەدەنە بە مەبەستی داگیرکردنە و هیچ سوودێکی بۆ رژێمی سوریا نابێت.

غەریب حه‌سۆ هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک (TEV-DEM) ڕایگەیاند، ئاشکرایە ئەردۆغان بڕیاری شەڕی داوە و ئەوانیش خۆیان دەپارێزن. وتی، "بڕیاری شەڕ بڕیارێکی هاوبەشی تورکیا، سوریا، ڕووسیا و ئێرانە".

حه‌سۆ ڕایگەیاند، ڕژێمی سوریا هاوبه‌شی هەڕەشە و هێرشەکانە لەکاتێکدا ئەردۆغان هەڕەشە دەکات، ڕژێمیش هێرش دەکاتە سەر هه‌سه‌ده‌. ئەمەش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بەیەکەوە پلانیان داڕشتووە. هەردوولا هەوڵدەدەن بەیەکەوە پلانەکە جێبەجێ بکەن. لە پشت ئەوانیشەوە ئێران و ڕووسیا هەن، پلانەکە بە هاوبەشی ئەنجامدەدرێت.

ڕێککەوتنێکی کاتی کراوە
ئاژانسی فورات نیوز لەبارەی ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان هەندێک زانیاری بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "دەوڵەتی تورکیا کە تا ئێستا لە ڕێی نێوەندگیریەکانەوە لەگەڵ ڕژێمی سوریا پەیوەندی هەبووه‌، دوای کۆبوونەوەی ئەنقەرە ڕاستەوخۆ چەندین کۆبوونەوەیان كردووه‌. لە هومەیمین، تاران و مۆسکۆ چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئەنجامدراون. هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) بەشداری لە دانیشتنەکاندا کردووە. لە میدیاکانیشدا ڕاگەیەنرا مستەفا شەنتۆپ سەرۆکی ه‌رلەمانی تورکیا لە بەغدا لەگەڵ نوێنه‌رانی ڕژێمی سوریا کۆبووه‌تەوە.

ئاژانسەکە باس لەوەدەکات، لە دانیشتنی نێوان میت و هه‌واڵگری سوریادا کە بە نێوەندگیری ڕووسیا و ئێران ئەنجامدراون، تورکیا بەڵێنیداوە مه‌به‌ست له‌ ئۆپەراسیۆنه‌كه‌ی پارچەکردنی خاکی سوریا نابێت، به‌ڵكو بۆ هەڵوەشاندنی پێگەی کورده‌.

ڕووسیا و ئێران هەوڵدەدەن لە ڕێی ڕیککەوتنەکەوه‌ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە هەرێمەکە دووربخه‌نه‌وه‌ و بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە پلانەکە دەکەن.

دوای ئۆپەراسیۆنەکانی ڕژێمی تورکیا، دیرەزۆر، تەبقا و حەسەکە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا و دواتر تورکیا لە ناوچەکانی دیکەی باکووری سوریا دەکشێتەوە و لە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر لە سەر سنوور جێگیر دەبێت. دەوترێت پلانەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی فوراتە، هەروەها لە جەرابلوس، عەزاز، باب، عەفرین و ئیدلبیش پلانەکە جێبەجێدەکرێت.

هەوڵی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەدەنە دەدەن
بە پێی زانیاریەکانی ئاژانسی فورات، دوای ئەوەی رێککەوتنە کاتیەكه‌ جێبەجێکرا و پلانەکە بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان سەریگرت، هێزەکانی تورکیا وردە وردە لە ناوچەکە دەکشێنەوە و ڕادەستی ڕژێمی سوریای ده‌كه‌نه‌وه‌، دواتر سوپای تورکیا لە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر لە سەر سنوور جێگیردەبێت و قۆناغی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەدەنەی ساڵی ١٩٩٨ دەستپێدەکات.

سه‌رۆكی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین له‌ 23ی كانوونی دووه‌می 201دا له‌ چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی سیاسی وڵاتان له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كۆبوونه‌وه‌ و له‌وێ له‌ پێشنیازه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕێككه‌وتننامه‌ی (ئه‌ده‌نه‌) كه‌ ساڵی 1998 له‌ نێوان سوریا و توركیا واژۆكراوه‌.

به‌ پێی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ ئه‌و سنوورانه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌لایه‌ن هه‌ردوو وڵاته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن. لەسەرەتادا ئەردۆغان ڕێککەوتنەکەی قبوڵ نەکرد، بەڵام دوای کۆبوونەوە سێ  قۆڵیەکەی ئەنقەرە، وادەردەکەوێت دووبارە ڕێککەتنەکەی ئەدەنەی قبوڵ کردبێت.

ڕێککەوتنی ئەدەنەی ١٩٩٨ چییە؟
ڕێککەوتنی ئەدەنە لە ساڵی ١٩٩٨دا بە هەموو ناوەڕۆکەکەیەوە دژی پەکەکە و ئۆجه‌لان بوو، لە ئەنجامدا عەبدوڵا ئۆجه‌لان رێبەری پەکەکە سوریای جێهێشت. ئه‌و هه‌نگاوه‌ بووە سەرەتای گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی ئۆجه‌لان.

ده‌قی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌:
1.له‌م ساته‌وه‌خته‌ به‌دواوه‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان-ی سه‌رۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان ‌ له‌سوریا نامێنێته‌وه‌، هاوكات ڕێگه‌شی نه‌درێت بگه‌ڕێته‌وه ‌بۆ سووریا.
2.ڕێگه‌ به‌ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ نه‌درێت له‌ده‌ره‌وه‌ بێنه‌ ناو خاكی سوریا.
3.له‌م ساته‌وه‌ باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ له‌نێو سوریا نامێنن، هاوكات ڕێگه‌ش نادرێت چالاكییان هه‌بێت.
4.به‌گوێره‌ی لیستێك كه‌ توركیا ده‌یداته‌ سوریا، ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ ده‌ستگیرده‌كرێن ‌و ڕاده‌ستی دادگای توركیا ده‌كرێنه‌وه‌.

چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی
1.دامه‌زراندنی هێڵێكی گه‌رم له‌نێوان هێزه‌ئه‌منییه‌كانی سوریا ‌و توركیا، بۆ ئاگاداربوون له‌كاره‌كانی یه‌كتر.
2.له‌پاڵ دیپلۆماتكارانی هه‌ردوو وڵات له‌دیمه‌شق ‌و ئه‌نقه‌ره‌، ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكاری ئه‌منیش ڕه‌وانه‌ی هه‌ردوو پایته‌خته‌كه‌ ده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ی به‌دواداچوونی ورد بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌ده‌نه‌ بكرێت.
3.ده‌بێت لوبنان-یش به‌شێك بێت له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌‌ و ڕێگه‌ به‌ بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ دۆڵی بیقاع له‌و وڵاته‌ نه‌دات، كه‌ بووه‌ته‌ پێگه‌ی مه‌شقپێكردنی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌.
به‌ڵام وڵاتانی عه‌ره‌بی‌ به‌ تایبه‌تی میسر و سعودیه‌ و ئیمارات ڕه‌تیانكرده‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند، نایانه‌وێت ڕۆڵی توركیا له‌ سوریا و ناوچه‌كه‌ زیاتر بێت، هه‌ریه‌ك له‌ ئێران و ئیسرائیلیش ڕه‌تیانكرده‌وه‌ توركیا له‌ سوریا ڕۆڵی سه‌ردار و سه‌روه‌ر بگێڕێت.