ڕاپۆرتی کوردستانی

06:31 - 07/10/2019

ئەمریكا چۆن و بۆچی پشتی لە كوردانی رۆژئاوا كرد؟‌

پەیسەر پرێس

تا 24 كاتژمێر پێش ئێستا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی هەر جۆرە هێرشێكی توركیا بوو بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فورات و هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەڵام سەرەنجام كۆشكی سپی ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانكراوەكەی توركیای لەڕۆژهەڵاتی فورات ئاشكراكرد، بۆ زۆركەس ڕەنگە بڕیارەكەی ئەمریكا بە كتوپڕ ببیندرێت، بەڵام بە گەڕانەوەی كات بۆ چەند هەفتەیەك پێش ئێستا ئەوە دەردەكەوێت ئەمریكا و توركیا لە دانوستانێكی تەواو ئابووریدا بوون، كە یەكەمیان دەست لەڕۆژهەڵاتی فورات هەڵبگرێت و دووەمیان كە توركیایە دەستبەرداری كارپێكردنی سیستمی بەرگریی موشەكی ئێ-400 ببێت.

پێشتر ڕۆژنامەكانی ئەمریكا باسیان لەوەكرد، باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە توركیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە سەرقاڵی نێوەندگیرییە بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا لە ڕێككەوتن لەسەر چوارچێوەیەك نزیكبوونەتەوە كە هێڵە گشتییەكانی ڕێككەوتنەكە بەمشێوەیەیە:

توركیا كارپێكردنی سیستمی بەرگریی موشەكی ئێس-400 كە تازە لەڕووسیای كڕیوە دوادەخات، بۆئەوەش مۆسكۆ ناتوانێت ناڕەزایی دەرببڕێت، چونكە سەرەنجام توركیا پابەندی ڕێككەوتنەكە بوەو سیستمە بەرگرییەكەی كڕیوە، هەربۆیە ئەنقەرە خۆی سەرپشكە لەوادەی خستنەكاری ئێس-400.

توركیا و ئەمریكا لەسەر كردنەوەی ناوچەیەكی بازرگانیی ئازاد ڕێككەوتوون، كە ساڵانە زیاتر لە 80 ملیار دۆلار داهاتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان دەبێت.

توركیا دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەرنامەی ڕاهێنانی فڕۆكەوانە توركەكان بە فڕۆكەی ئێف-35 هاوكات ئەمریكا پابەند دەبێت بە فرۆشتنی ئەو فڕۆكە پێشكەوتووە بە توركیا.

لیندسی گراهام، یەكێك لە دیارترین ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا نیازی وڵاتەكەی لە ڕێككەوتنێكی لەوشێوەیەی توركیا ناشارێتەوە، ئەو تەنانەت دەڵێت، "دەبێت هەرچۆنێك بێت توركیا بۆخۆمان ڕابكێشین" واتا بەبۆچوونی ئەو كۆنگرێسمانەی ئەمریكا بێت، واشتنن بەسەر لاشەی هاوپەیمانەكانیشیدا تێپەڕدەبێت.

ئەوەی ئێستا بۆ هەسەدە بوەتە كێشە، وێرانكردنی زۆرێك لە پێگە سەربازیی و تونێلەكانی بوو لەسەر داوای ئەمریكا، بەڵام ئێستا ئەمریكا دەستبەرداری هەسەدە دەبێت و ئەو هێزە كوردییەش لەبەردەم هەڕەشەی هێرشی توركیان لەكاتێكدا زۆرێك لەخەندەق و پێگە سەربازییە گرنگەكانیان لەپێناو دروستكردنی ناوچەی ئارام لەناوبرد.

بڕیارەكەی ترەمپ بۆ دەستبەرداربوون لەهەسەدە و ڕێگەدان بە هێرشی توركیا بۆسەر سوریا، كاردانەوەی لەنێوخۆی ئەمریكا دروستكردووە، لەوبارەیەوە ڕۆبن گالیگۆ، دیموكراتی ویلایەتی ئەریزۆنا و مارێنزی پێشوو لە سوپای ئەمریكا لەشەڕی عێراق لەساڵی 2003 ڕاستەوخۆ دوای بڕیاری ئەمریكا بۆ دەستبەرداربوون لە ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ هێرشی توركیا ڕایگەیاند، ئەوە گەورەترین جوڵەیە كە سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە، هاوكات وادەكات كوردەكان جارێكی دیكە متمانە بە ئەمریكا نەكەنەوە بەڵكو وادەكات بەدوای هاوپەیمانێتییەكی نوێدا بگەڕێن بۆ پاراستنی خۆیان.

هاوكات ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز-ی ئەمریكا لەژمارەی ئەمڕۆیدا باسی لەوەكردوە، هێزە كوردییەكانی هاوپەیمانی ئەمریكا لەشەڕی داعش، بە باوەڕپێكراوترین هاوپەیمانی ئەمریكا بوون لەسوریا، ئەو ڕۆژنامەیە پێیوایە گۆڕانكارییەكی گەورە لەسیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە كورد ڕوویداوە.

ئێستا لە وەزارەتەكانی بەرگریی و دەرەوەی ئەمریكا ژمارەیەك بەرپرس هەن دژی بڕیاری دەستبەرداربونی سوریان بۆ توركیا و داوا دەكەن، ئەمریكا بەهێزێكی بچوكیش بێت لەسوریا بمێنێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی بەرپرسێكی ئیدارەی ئەمریكا كە قسەی بۆ نیویۆرك تایمز كردوە.

هەفتەی ڕابردوو مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا و جەنەڕاڵ مارك میلی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا بەرپرسانی ئەنقەرەیان ئاگاداركردەوە لە لێدوانە توندەكانیان دژی هەسەدە، بەڵام بڕیارەكەی ڕۆژی یەكشەممەی ترەمپ لەبارەی ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە بۆ ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئەمریكاش مایەی شۆك بووە.
 
كۆتایی ساڵی 2018 جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریكا و برێت مەكگۆرك، نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆشەڕی دژ بەداعش لەدوای بڕیارە لەناكاوەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لەسوریا، ئەوانیش دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەشی سەرۆك كرد، بۆیە چاوەڕێدەكرێت ئەمجارەش بڕیارە كتوپڕەكەی ترەمپ بۆ دەستبەرداربوون لەسوریا بۆ توركیا، زنجیرەیەك كاردانەوەی نێوخۆیی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دروستبكات، چونكە ئەردۆغان لەنوێترین لێدوانێدا باسی لەوەكرد، "دارودەستەكەی ترەمپ دژی دروستكردنی ناوچەی ئارامن لەسوریا".

یەكێك لەوبەرپرسانەی ئەمریكا بەمەرجی بڵاونەكردنەوەی ناوەكەی لەڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئەوەی ئاشكراكردووە، ئەمریكا نزیكەی 100 بۆ 150 سەربازی خۆی لەسوریا دەكشێنێتەوە نەك هەموو هێزەكانی، ئەوەش بەر لەهێرشی توركیا بۆسەر سوریا ئەنجامدەدات.

پەكەكە هێزی ڕەوانەی ڕۆژئاوا كردووە
لەكاردانەوەی بڕیاری هێرشی توركیا بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فورات و بەمەبەستی پاڵپشتیكردن لە هەسەدە، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هێزی سەربازیی لە زیاتر لە 80 ئۆتۆمبێلی سەربازیی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كردووە، ئەوەش بەوتەی سەرچاوە نێوخۆییەكانی سوریا كە قسەیان بۆ ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی العرب كردووە.
ژمارەی ئەو چەكدارە توندڕەوانەی پاڵپشتی هێرشەكانی توركیا بۆسەر سوریا دەكەن و خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناساندووە 80 هەزار سەرباز دەبێت، كە توركیا مەبەستیەتی شەڕی وشكانی بەو چەكدارە توندڕەوە سوریانە بكات و خۆشی لە ئاسمانەوە پاڵپشتییان بكات.

هەر هێرشێكی ئەو چەكدارە توندڕەوە سوریانە بۆسەر پێگەی هێزە كوردییەكانی سوریا، هێندەی دیكە تەمەنی شەڕی نێوخۆیی سوریا درێژدەكاتەوە، چونكە دوای ئەوەی ئەو هێزە توندڕەوانە ناوچە كوردییەكان داگیردەكان، حكومەتەكەی بەشار ئەسەد ناچاردەبێت لەداهاتوودا بیر لەدەرپەڕاندنی ئەو هێزانە بكاتەوە كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناساندووە، بەوەش ناوچە كوردییەكان هیچی نامێنێت بۆئەوەی وەك ئیدلب و زۆرێك لەشارە وێرانەكانی سوریای لێبێت.

"ئەنقەرە ملیۆنێك ئاوارە لەماڵەكانمان جێگیردەكات"
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لەبارەی هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات دەڵێت، "ئێمە نەرمی زۆرمان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی سنورەكانمان پێشكەشی توركی كرد، بەڵام ئەنقەرە سورە لەسەر جەنگ و ڕشتنی خوێنی هاووڵاتیانی مەدەنی".

هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات دەشڵێت، ئەنقەرە ئامادەیە بۆئەوەی ملیۆنێك ئاوارە لەنێو ماڵەكانی ئێمەدا نیشتەجێبكات.

میتی توركی بە هاوكاریی ڕاگەیاندنەكانی قەتەر هێرشدەكاتە سەر كورد
میدیای قەتەر بەڕووماڵە توند و بەرفراوانەكانی لەكاتی قەیرانی وڵاتانی ناوچەكە ناسراوە، بەتایبەت كەناڵی جەزیرە، هەروەك پێگەی ئەحوال-ی ئۆپۆزسیۆنی توركیا باسیكردووە، ئاشكرایكردووە، دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) بەهاوكاریی ڕاگەیاندنەكانی قەتەر هێرشدەكاتە سەر هەسەدە، بۆئەوەی میدیای قەتەری بەشێوەك كە خواستی توركیای لەسەر بێت ڕووماڵی ئەو جەنگ بكات.

هاوكات ئامانجی توركیا لە بەكارهێنانی میدیای قەتەری بۆ هێرشەكەی لەپێناو بەشەڕدانی عەرەبی سوننەیە لەگەڵ كورد، چونكە بەو هەنگاوە نزیكتر دەبێتەوە لە لەشكركێشی بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فورات، هاوكات بەو ئاژاوەیە مەبەستیەتی درز بخاتە نێو ڕیزەكانی هەسەدەوە كە لە شەڕڤانانی كورد و هێزە عەرەبیە سوننییەكان پێكهاتوون.

ئەوەی ئێستا بەدەست هەسەدەوە چەكێكی كاریگەرە، نزیكەی 10 هەزار بەندكراوی داعشە لە بەندیخانەكانی ئەو هێزەدا، چونكە هیچ وڵاتێكی ئەوروپا ئامادەنییە هاووڵاتییە داعشەكانی كە لەژێر دەستی هەسەدە زیندانین وەربگرێتەوە، ئەو شوێنەی چەكدارەكانی داعشیش لێی زیندانین بە زیندانی "هۆل" ناسراوە و ئێستا بەسەرچاوەی درێژەدان بە بیری توندڕەویی داعش ناسراوە، بۆیە چاودێران وایدەبینن هەسەدە بە جوڵەیەكی زیرەكانە دەتوانێت ئەو چەكە كاریگەرەی دەستی بەرامبەر بە جیهان بەكاربهێنێت، بەبێ ئەوەی ڕێگە بەئازادكردنی داعشەكان بدات، بەڵكو تەنیا وەك فشار بەكاریان بهێنێت، بەڵام فشارێكی تەواو زیرەكانە.