ڕاپۆرتی کوردستانی

08:11 - 07/10/2019

بڕیارەکەى وه‌زاره‌تى ناوخۆ یاری بە نرخی تەکسی دەکات‌

پەیسەر پرێس

بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى كارى ته‌كسى بۆ كارمه‌ندانى هێزه‌كانى ناوخۆ، ئاسایش، پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى دیكه‌، گۆڕانكارى له‌ نرخى ته‌كسیدا ده‌كات، تاوێ به‌رزى ده‌كاته‌وه‌و تاوێ داى ده‌به‌زێنێت. بڕیارەکە سەرەتا هەندێکی ناچار بە زیان و هەرزانفرۆشی تاکسییەکان کرد، بەڵام جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە دیسانەوە نرخی فڕاندەوە. 

ئەو بڕیارە لەگەڵ خۆی نرخی ئۆتۆمبێلی تەکسی داڕماند

نوسراوی ژماره‌ ١ى ساڵى ٢٠١٩ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە دەستپێکی ئەمساڵ دەرچوو، هەڵای زۆری نایەوە، رێنمایی نوێی تێدابوو بۆ کاری تەکسی و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمى قه‌ده‌غه‌ى لێخورینی ته‌كسى كرد، بۆ سه‌رجه‌م كارمه‌ندانى هێزه‌كانى ناوخۆ، پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش.

ئەو بڕیارە لەگەڵ خۆی نرخی ئۆتۆمبێلی تەکسی داڕماند، بەجۆرێک کڕیار قەرەی پێشانگاکانی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی تەکسی نەدەکەوت، خاوه‌ن پێشانگاو فرۆشیارانى ئۆتۆمبێلى ته‌كسی هاواریان لێهەستاو هاتنە سەر شەقام، بەڵام نیگه‌رانییەکانی ئەوان زۆری نەخایەند، درێژکردنەوەی ماوەی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەو دواتریش دیارینەکردنی کاتی جێبەجێکردن، نرخی تەکسی بەشێوەیەکی کوتوپڕ هەڵکشاند، وەک جاران و گرانتریش.

هه‌ندێك له‌وانه‌ى كه‌ فه‌رمانبه‌رى حكومیین ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕێ بوون كه‌ نرخه‌كان دووباره‌ به‌رزبێته‌وه‌

فه‌لاح ئه‌مین یه‌كێك له‌فرۆشیارانى ئۆتۆمبێل، له‌پێشانگاى ئۆتۆمبێل له‌سلێمانى بۆ په‌یسه‌ر باسیلەوەکرد، له‌كاتى دابه‌زینی نرخه‌كاندا ئۆتۆمبێل به‌نرخى زۆركه‌م فرۆشراوه‌، "ئۆتۆمبێلێكى ته‌كسى له‌جۆرى سه‌نى هه‌بووه‌، كه‌ نرخى راسته‌قینه‌ى خۆى ١٢٠ گه‌ڵا بووە (١٢٠٠٠ دۆلار)، فرۆشرا به‌ ٩٠ گه‌ڵا، (٩٠٠٠ دۆلار)".

فه‌لاح گوتی، هه‌ندێك له‌وانه‌ى كه‌ فه‌رمانبه‌رى حكومیین، یان به‌تایبه‌ت پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ بوون، ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕێ بوون كه‌ نرخه‌كان دووباره‌ به‌رزبێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ بینییان دواى چه‌ندمانگێك نرخه‌كان به‌رده‌وام داده‌به‌زن، له‌به‌رئه‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان فرۆشت و به‌مه‌ش زیانێكى زۆریان كرد. به‌ڵام زۆرن ئه‌وانه‌ى متمانه‌یان به‌كاتى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ نه‌بوو، ته‌كسییه‌كانیان نه‌فرۆشتووه‌و هێشتا كاریان پێده‌كه‌ن و زیانیان نەکرد.

درێژكردنه‌وه‌ى كاتى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ نرخی بەرزکردەوە

به‌گوته‌ى شاره‌زایانى بواره‌كه‌، كڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێلیش وه‌ك هه‌ر بوارێكى ترى بازرگانى، بڕیاره‌ سیاسیى و ئیدارییه‌كان و ته‌نانه‌ت كه‌شوهه‌واى سیاسی-ش كاریگه‌رییان له‌سه‌رى هه‌یه‌.

دواكات بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنى شۆفێریكردنى ته‌كسى له‌ فه‌رمانبه‌ران، سه‌ره‌تا ١-٦-٢٠١٩ بوو، به‌ڵام دواتر دواخراو درێژكرایه‌وه‌ بۆ رۆژى ١-٩-٢٠١٩، به‌ڵام جارێكى دیكه‌ له‌و به‌رواره‌دا كاتى جێبه‌جێكردنه‌كه‌یان درێژكرده‌وه‌، به‌گوته‌ى گوتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایەتی گشتیى هاتوچۆى سلێمانی، تائێستا دیارنییه‌، دواكات بۆ جێبه‌جێكردنى بریاره‌كه‌ چ كاتێكه‌. كاروان سدیق گوتی:"چاوه‌رێى رێنمایی وه‌زاره‌تى ناوخۆین، بۆئه‌وه‌ى بزانین جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ تا كه‌ى درێژكراوه‌ته‌وه‌، هه‌ركات دیاریكرا، ئه‌وا له‌پاش بڕیاره‌كه‌وه‌ ئێمه‌ش ده‌ستبه‌كارده‌بین و رێنماییه‌كان جێبه‌جێده‌كه‌ین".

درێژكردنه‌وه‌ى كاتى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌، جارێكى تر گۆڕانكاریى هێناوه‌ به‌سه‌ر نرخى ئۆتۆمبێلى جۆرى ته‌كسییدا، چونكه‌ خواست زیادیكردووه‌و فەرمانبەرانیش ئۆتۆمبێلەکان نافرۆشن.

سامان محەمەد، هاووڵاتییه‌كى شارى سلێمانییه‌و به‌نیازى كڕینی ته‌كسى له‌م مانگه‌دا چه‌ند جارێك، روویكردووه‌ته‌ پێشانگاكانى كڕین و فرۆشتنى ته‌كسى، به‌ڵام نرخه‌كان زۆر به‌رزبوون، به‌وهۆیه‌وه‌ ئۆتۆمبێلى خوازراوى خۆیى ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌، بۆیە کڕینی ئۆتۆمبێلی تەکسی دواخستووە.

سامان قسەی بۆ پەیسەر کرد و گوتی:"هه‌موو ئۆتۆمبێلێك نه‌ك دابه‌زینی نرخه‌كه‌ى نه‌ماوه‌و به‌رزبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو نرخى ئێستاى ٥٠٠ بۆ هەزار دۆلار زیاتره‌ به‌ به‌راورد به‌نرخى جاران، بۆیه‌ من بڕیارم داوه‌ جارێ ته‌كسی ناكڕم تا دۆخه‌كه‌ به‌لایه‌كدا ده‌كه‌وێت، چونكه‌ فرۆشیاره‌ شاره‌زاكان ده‌ڵێن، جارێكى تر نرخ هاڕه‌ ده‌كاته‌ خواره‌وه‌".

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ده‌یانه‌وێت كارى شۆفێریكردن له‌هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن به‌ پیشه‌

به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى ته‌كسی ته‌نانه‌ت هانى ئه‌و كه‌سانه‌ى داوه‌، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ بڕیاره‌كه‌شه‌وه‌ نییه‌، ئه‌م هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌و ئۆتۆمبێله‌كانیان به‌نرخێكى شیاو ساغ بكه‌نه‌وه‌، زانست عومه‌ر، كه‌ شۆفێرى ئۆتۆمبێلێكى ته‌كسیى جۆرى سه‌نییه‌ له‌مۆدیلى ٢٠٠٢، باسى له‌وه‌ ده‌كرد، ده‌یه‌وێت به‌بێ زیان ئۆتۆمبێله‌كه‌ى بفرۆشێت چونكه‌ ئێستا به‌ به‌راورد به‌مانگێك له‌مه‌وبه‌ر نرخى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى زیاتر له‌ هەزارو ٢٠٠ دۆلار زیاتره‌، واته‌ ئه‌گه‌ر مانگى هه‌شت به‌رزترین نرخ درابێته‌ زانست، بۆ ته‌كسییه‌كه‌ى پێنج هەزارو ٥٠٠ دۆلار بووبێت، ئێستا نزیكه‌ى حەوت هەزار دۆلارى ده‌ده‌نێ.

پاش ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌ت، له‌ماوه‌ى مانگى شوباتى ئه‌مساڵدا به‌رپرسانى باڵا له‌وه‌زاره‌تى ناوخۆو هاتوچۆى هه‌رێم، پاش چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌یان ئاشكراكرد، كه‌ده‌یانه‌وێت كارى شۆفێریكردن له‌هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن به‌ پیشه‌، به‌مه‌ش پێویسته‌ ئه‌وكه‌سه‌ى ئه‌م كاره‌ ده‌كات تایبه‌تمه‌ندیى تێدا وه‌ربگرێت.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌پێى رێنماییه‌كان، پێویسته‌ شۆفێرى ته‌كسى به‌تاوانێك یان كه‌تنێكى ئابڕووبه‌ر سزانه‌درابێت و پشتیگریى ئاسایشى سنووره‌كه‌ى به‌ده‌ستبهێنێت، هاوكات كارى ته‌كسى له‌هه‌رێمى كوردستان به‌كۆمپانیاو نوسینگه‌كانى گواستنه‌وه‌ ده‌سپێردرێت.

وه‌زاره‌تى ناوخۆ دەڵێت، ئه‌و شۆفێرانه‌ى ته‌كسى كه‌ له‌مه‌ودوا ئاره‌زووى كارى خۆیان ناكه‌ن، ده‌توانن تابلۆكانیان بكه‌نه‌ تایبه‌ت و له‌رسوماته‌كانى تۆماركردن، ژینگه‌و رێگاوبان ده‌به‌خشرێن. هه‌روه‌ها ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ ته‌كسییانه‌ى تابلۆكانیان ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌، مافى ئه‌وه‌یان نییه‌ كارى ته‌كسییان پێبكرێت له‌هه‌رێمى كوردستان.

كاروان سدیق، گوته‌بێژى هاتوچۆى سلێمانى دڵنیاییدا، هێشتا دواكات دانه‌نراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م رێنماییانه‌،"له‌ئێستادا هیچ رێوشێوێنێک ناگرینه‌ به‌ر، تاوه‌كو رێنمایى نوێ له‌وه‌زاره‌ته‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌، هه‌ركه‌س خاوه‌نى مۆڵه‌تى شۆفێریى گشتیى بێت، ئازادانه‌ ده‌توانێت ئۆتۆمبێلى جۆرى ته‌كسى لێبخورێت".

 ئامانجێکى دیکەی ئه‌م بڕیاره‌، كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى ئۆتۆمبێله‌ 

به‌پێى زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، دوو هۆكارى سه‌ره‌كى له‌ پشت دیارینه‌كردنى رێكه‌وتێكى گونجاوه‌وه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى شۆفێریكردنى ته‌كسى له‌ فه‌رمانبه‌ران به‌گشتى و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌تایبه‌ت، ئه‌وانیش پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم و دیاریكردنى وه‌زیرێكى نوێیه‌ بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ، ستافى نوێى وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌یانه‌وێت، شەنوکەوی بڕیاره‌كه‌و لێكه‌وته‌كانى بكه‌ن، ئه‌وكاته‌ بیخه‌نه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆ کوبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە چۆنێتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە کرد، بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیاری نوێ دەردەچن و رێگەچارەیەک دەدۆزنەوە.

ته‌واونه‌بوونى سیستمى بایۆمه‌ترى و به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتنى ته‌واوى ناوى فه‌رمانبه‌رانى وه‌زاره‌ته‌ جیاوازه‌كان، لەمپەرێکی دیکەیە، وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌یه‌وێت هه‌موو ناوه‌كانى له‌به‌رده‌ست بێت، بۆئه‌وه‌ى ئه‌نجامدانى رێكاره‌ یاساییه‌كانى له‌به‌رده‌مدا ئاسانبن.

لە هه‌رێمی کوردستان نزیكه‌ى هه‌ر سێ هاوڵاتییه‌ك ئۆتۆمبێلێکیان به‌رده‌كه‌وێت

به‌رپرسانى هاتوچۆ دەڵێن ئامانجێکى دیکەی ئه‌م بڕیاره‌، كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى ئۆتۆمبێله‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانى هه‌رێم، له‌به‌رئه‌وه‌ى رێژه‌ى ئۆتۆمبێل به‌رده‌وام له‌زیادبووندایه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى هاورده‌ى رۆژانه‌ى ئۆتۆمبێل له‌سنوره‌كانه‌وه‌ بۆناو هه‌رێمى كوردستان.

به‌پێى ئاماره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى هاتوچۆى هه‌رێمی کوردستان، تا ئێستا نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن و ٦٠٠ هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌جۆره‌كانى تایبه‌ت و كرێ و بارهه‌ڵگر، له‌ هەرێمی کوردستان تۆماركراون، كه‌ ئه‌مه‌ به‌پێى ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ژماره‌یه‌كی زۆره‌و نزیكه‌ى هه‌ر سێ هاوڵاتییه‌ك ئۆتۆمبێلێکیان به‌رده‌كه‌وێت.

رزگار عه‌لى، به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى هه‌رێم پێشتر ئاشكرایكردبوو مانگانه‌ نزیكه‌ى ١٠هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌فه‌رمانگه‌كانى هاتوچۆ تۆمارده‌كرێن. راشیگه‌یاندووه‌"ڕێژه‌ى به‌رزى هاورده‌ى ئۆتۆمبێل بۆناو هه‌رێم به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ رێگاوباندا یه‌ك ناگرێته‌وه‌".