ڕاپۆرتی کوردستانی

08:04 - 08/10/2019

یادى ئیمام حسێن، عه‌بدولمه‌هدى له‌غه‌رقبوون دەپارێزێت؟‌

پەیسەر پرێس

خۆپیشاندانه‌كان تادێت، گه‌رمتر و فراوانتر و خوێناویتر ده‌بوون، حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش لاوازتر، به‌ڵام پێده‌چێت یادێك، هه‌لى ژیان به‌ كابینه‌ى حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تییه‌كان بداته‌وه‌ و له‌پریشكى توڕەیى خه‌ڵك بیان پارێزێت، حكومه‌ت چاوى له‌وه‌یه‌ یادى ئیمام حسێن، له‌نێو شه‌پۆلى توڕه‌یى خه‌ڵك بیپه‌ڕێنێته‌وه‌.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئه‌مڕۆ به‌چه‌ند بڕیارێك، هه‌نگاوى به‌ره‌و ئاسایبوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌و ته‌نككردنى خۆپیشاندانه‌كان هه‌ڵهێنا، به‌ڵام پێده‌چێت یادى ئیمام حسێن ئاو به‌ ئاگره‌كه‌دا بكات و به‌فریاى عه‌بدولمه‌هدى بكه‌وێت. خۆپیشاندانه‌كانى شاره‌كانى عێراق ئه‌مڕۆ كزبوون، به‌ره‌به‌یانى خۆپیشاندان له‌به‌غدا هه‌بوون، باس له‌ هه‌ڵپه‌ساردنى خۆپیشاندانه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆى نزیك بوونه‌وه‌ى له‌ یادى چله‌ى ئیمام حسێن، نه‌ك بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان كه‌ وه‌ڵامى هه‌موو داواكانى خۆپیشاندان ناداته‌وه‌، ئه‌وان رۆیشتنى هه‌موو سیسته‌مه‌كه‌یان ده‌ویست.

بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان
په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌دواى ده‌ستپێكردنى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ كرد، به‌ ئاماده‌بوونى 212 ئه‌ندام، چه‌ند بڕیارێكى په‌یوه‌یست به‌ داواكارییه‌كانى خۆپیشانده‌رانى په‌سه‌ندكرد، له‌وانه‌ش:
*ئه‌وانه‌ى له‌ خۆپیشاندانه‌كان كوژراون به‌ شه‌هید هه‌ژمار ده‌كرێن و قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌.
*ئازادكردنى ده‌ستگیركراوه‌كان هه‌رچى زووه‌.
*ته‌رخانكردنى پێشینه‌یه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ى له‌كار دابڕاون و بێكارن.
*دامه‌زراندنى سندوقێك بۆ گه‌شه‌پێدان و خستنه‌ سه‌ركارى ده‌رچووان و بێكاران.
ئه‌م سندوقه‌ له‌ مووچه‌ی پله‌باڵاكان پاڵپشتى ده‌كرێت، كه‌ به‌ یاسا دیاریده‌كرێت.
*ئه‌و خێزانانه‌ى سه‌رچاوه‌ى داهاتیان نییه‌ و له‌ژێر هێڵى هه‌ژارییه‌وه‌ن مووچه‌ى مانگانه‌یان بۆ ته‌رخانده‌كرێت.
*ئه‌وانه‌ى گرێبه‌سته‌كانیان كۆتاییهاتووه‌ له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى، ناوخۆ، ده‌زگاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، هێزه‌كانى دیكه‌ى وه‌ك حه‌شدى شه‌عبى و عه‌شائیرى، ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان.
*گەڕانەوەی فەرمانبەرانی دەستەی پیشەسازی سەربازیی، بۆسەر کارەکانیان كه‌ یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری نایانگرێتەوە.
*راگرتنی ده‌ستبه‌جێى پرۆسەی لابردنی زێدەڕۆییەکان.
*ته‌رخانكردنى چوار ترلیۆن دینار بۆ گه‌شه‌پێدانى پارێزگاكان.
* درووستكردنى 100هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون بۆ خه‌ڵكى و گێڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان.
*لێخۆشبوونی جووتیاران لە کرێی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.
*دانانی بەرنامەیەک بۆ دامەزراندن و جێگرکردنی ئەوانەی گرێبەستن لە فەرمانگەکان.
* دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان.
* پێدانی بڕەپارەیەک بە ئەوانەی کەسوکاریان بێسەرشوێن بوون لە شەڕی داعش-دا.
*پێدانی قەرز بە پرۆژە پیشەسازییەکان بۆ خستنەگەڕی کارگە لەکارکەوتووەکان. 
*پێداچوونەوە بە مووچەی خانەشینی.

بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان ئه‌گه‌رچى ئاوێكى كرد به‌ ئاگره‌كه‌داو وه‌ڵامێكى رێژه‌یى داواكارى خۆپیشانده‌ران ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام هێشتاش دۆخه‌كه‌ ئاسایى نییه‌، هه‌ر ئه‌مڕۆ جارێكى دیكه‌ هێڵى ئینته‌رنێت له‌ پارێزگاكانى عێراق جگه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان نه‌مان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌یه‌تییه‌كان داخران. هه‌ر ئه‌مڕۆ میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ژماره‌ى كوژاروانى خۆپیشاندانه‌كان 110كوژراوى تێپه‌ڕاندووه‌.

هه‌لێكى زێڕین
پێده‌چێت یادى چله‌ى ئیمام حسێن كه‌ بڕیاره‌ 20ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌لێكى زێڕین بێت، بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدى تا له‌ژێر فشارو بارگرانى خۆپیشانده‌ران رزگارى ببێت، ئه‌و كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ له‌لێوارى رماندایه‌ یادى ئیمام حسێن بووه‌ ده‌ستگیرێكى به‌هێز بۆى، هه‌ر ئه‌مڕۆ نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بڵاویكردەوه‌، له‌گه‌ڵ رێكخه‌رانى خۆپیشانده‌ران له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكان رێككه‌وتوون به‌ هه‌ڵپه‌ساردنى خۆپیشاندانه‌كان.

به‌گوته‌ى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ وه‌ك رێزێكه‌ له‌ یادى چله‌ى ئیمام حسێن، كه‌ 20ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆیه‌ش رێكخه‌رانى خۆپیشانده‌ران ره‌زامه‌ندبوون له‌سه‌ر هه‌ڵپه‌ساردنى خۆپیشاندانه‌كان وه‌ك رێزگرتنێك بۆ ئه‌و یاده‌ تا بێ كێشه‌و به‌ ئارامى بكرێته‌وه‌. دواى به‌دواى ئه‌و هه‌واڵه‌ش میدیاى فه‌رمى عێراق كردنه‌وه‌ى چه‌ند رێگه‌یه‌كى سه‌ره‌كى به‌غداى راگه‌یاند.

یادی ئیمام حسێن
ساڵانه‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كان له‌ كه‌ربه‌لا یادى شه‌هیدبوونى ئیمام حسێن ده‌كه‌نه‌وه‌و ملیۆنان كه‌س له‌و یاده‌دا به‌شدار ده‌بن ساڵى رابردوو به‌شدارانى مه‌راسیمه‌كه‌ نزیك به‌ 15 ملیۆن كه‌س بوون، بۆئه‌مساڵیش پێشبینى ژماره‌ى بێشوومارى سه‌ردانیكه‌ران ده‌كرێت. حكومه‌تى عێراق بۆئه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ خۆى و ده‌زانێت له‌یه‌ك كاتدا ناتوانێت به‌ده‌ستێك به‌ر به‌خۆپیشانده‌ران بگرێت و به‌ده‌ستێكیش رێوشوێنى ته‌واو بۆ میوانداریكردنى 15ملیۆن كه‌س بگرێته‌ به‌ر، هه‌رئه‌وه‌ش وایكرد خۆپیشانده‌ران له‌گه‌ڵ حكومه‌ت نه‌رم بن بۆ رێككه‌وتن.

چاره‌نووسى خۆپیشاندانه‌كان
خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌مجاره‌ خۆرسكترو رادیكاڵانه‌تر بوون، هه‌ربۆیه‌ش به‌ ئاسانى جڵه‌ونه‌ده‌كران حكومه‌ت به‌هێز و كوشتنن و برینداركردن نه‌یتوانى دۆخه‌كه‌ بخاته‌وه‌ نێوده‌ستى خۆى، پێده‌چێت هه‌ڵپه‌ساردنى خۆپیشاندانه‌كان له‌ قۆناغى یه‌كه‌م و دواتر كۆتاییپێهێنانى هێزێكى زۆرتر بداته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى و له‌ نقوومبوون رزگارى بكات، چونكه‌ له‌گه‌ڵ كپبوونه‌وه‌ى خۆپیشاندانێك وابه‌زوویى سه‌رهه‌ڵناداته‌وە ئه‌گه‌ر لایه‌نێك، یاخود ده‌ستێك كار بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ى نه‌كات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یاده‌كه‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ش كارى پێنه‌كرێت و خۆپیشاندانه‌كان كپ نه‌بنه‌وه‌ پێناچێت كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى به‌سه‌ر شه‌پۆلى ناره‌زاییه‌كانه‌وه‌ سه‌وڵى پێ لێبدرێت.

كورده‌وارى ده‌ڵێت برینێك نه‌تكوژێت به‌هێزترت ده‌كات، خۆپیشاندانه‌كان ئه‌گه‌ر عه‌بدولمه‌هدى نه‌خه‌ن ره‌نگه‌ هێزى پێبده‌ن، به‌ڵام هێشتاش ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ى قورسترو چاوه‌ڕوانى زۆرى خۆپیشانده‌ران و جێبه‌جێكردنى ئه‌و به‌ڵێنه‌ زۆرانه‌ى به‌ خۆپیشانده‌رانى دا، ئه‌گه‌رنا جارى دووه‌م خۆپیشانده‌ران پێناچێت جگه‌ له‌ رۆیشتنى كابینه‌كه‌ى به‌ به‌ڵێنى دیكه‌ دابكه‌ون.