ڕاپۆرتی کوردستانی

11:47 - 10/10/2019

وردەكاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ و ئەردۆغان لەزاری ئەو بەرپرسێكی ئه‌مریكییه‌وه‌‌

پەیسەر

پەیوەندییەكی تەلەفۆنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ هاوتا توركییەكەی، چەند ڕۆژێكە سەرۆك و بەرپرسانی زۆرێك لەوڵاتانی جیهانی هێناوەتە دەنگ، گۆڤارێكی ئەمریكیش لەزاری یەكێك لەبەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكاوە كە خۆی گوێیی لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بووە، وردەكاریی داواكارییەكانی ترەمپ لەئەردۆغان ئاشكرا دەكات، هاوكات لێكەوتە مەترسیدارەكانی هێرشی توركیا بۆسەر كوردانی سوریا باسدەكات و دەڵێت "هیچ بەرپرسێكی سەربازی ئەمریكا نییە ئەو هێرشەی پێخۆشبێت".

یەكێك لەبەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا كە بەمەرجی بڵاو نەكردنەوەی ناوەكەی قسەی بۆ گۆڤاری نیوز ویك-ی ئەمریكی كردووە، لەدەستپێكی قسەكانیدا توركیا بەو یاریزانە وەسفدەكات كە یاریی منداڵانەی پڕ لەترس ئەنجامدەدات، پاشان باس لەوەدەكات، ترەمپ بەهیچ شێوەیەك گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی توركیا بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ توكیا هەڵنەكردووە، بەڵام هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر توركیاش نەكردوە ئەگەر بێتوو هێرشێكی لەوشێوەیە بكاتە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەوەش خاڵێكە كە هێشتا بۆ بەرپرسانی ئەمریكا ڕوون نییە.

ئەو دەشڵێت، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە وا لێكدەدرێتەوە دەستكەوتێكی بۆ ئەمریكا هەبێت، بەڵام ڕاستیەكەی ئەوەیە هیچ دەستكەوتێكی نابێت، هاوكات بڕیاری ترەمپ بۆ كشانەوە بەر لەهەموو شتێك دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا دەخاتە مەترسییەوە، چونكە بەبێ ڕاوێژكارێكی بەهێز لەو دەزگایە، ترەمپ ئەو بڕیارەیداوە.

بەرپرسەكەی ئاسایشی نیشتمانی توركیا باس لەوەشدەكات، ئەوان توشی سەرسوڕمان نەبوون كە توركیا هێرشەكەی ئەنجامدا، چونكە لایەنی توركی كاتی ئەنجامدانی هێرشەكەیان لەنێوان 24 بۆ 96 كاتژمێر لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان دیاریكردبوو.

زۆر لێدوانی جیاواز لەبارەی كشانەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لەسوریا باسدەكرێت، ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ژمارەكەی بە 100 بۆ 150 سەرباز خەمڵاندووە كە دەكشێنەوە، بەڵام بەرپرسەكەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا ئەوە ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت، ژمارەی ئەو سەربازانەی دەكشێنەوە لە 250 هەزار سەرباز زیاتر دەبن.

یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی بەوتەی بەرپرسە ئەمریكییەكە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەرۆكی وڵاتەكەی لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا باسكراوە، پرسی ئەو داعشانەیە كە لەلای هێزەكانی سوریای دیموكرات زیندانیكراون و ژمارەیان نزیكەی 15 هەزار چەكدارە و لەو ژمارەیەش 2000 هەزار داعشی بیانی تێدایە.

ترەمپ لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بە ئەردۆغانی گوتووە "من پەیوەندیم بەو چەكدارانەوە نییە، ئەوان لەڕووی ماددییەوە زۆر لەسەر سوپای ئەمریكا كەوتوون" لەبەرامبەریشدا ئەردۆغان بەڵێنی ئەوەی بە ترەمپ داوە كە توركیا دەستبەجێ سەرپەرشتی ئەو زیندانە دەكات كە داعشەكانی تێدا زیندانیكراون، بەڵام بەرپرسەكەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا بەڕاشكاوانە باس لەوەدەكات، متمانەیان بە توركیا نییە و دەزانن لەكاتی ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فورات، داعشە زیندانیكراوەكان هەڵدێن، ئەوەش دەبێتە یەكەم وێستگەی دەركەوتنەوەی داعش لەڕووی سەربازییەوە، چونكە لەنێو ئەو داعشانەدا شەڕكەری سەرسەختی بیانی بوونی هەیە و ئێستا دەستگیركراون.

بەبۆچوونی ئەو بەرپرسە ئەمریكییە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ و ئەردۆغان شێوەیەك لە دانوستانی وەرگرتووە، كە سەرەنجام ئەردۆغان ئەوەی پێبەخشراوە كە مەبەستیبووە، دەشڵێت "ئەوەی ترەمپ ئەنجامیدا بۆ چەندین دەیە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە".

لەنێوخۆی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ناكۆكییەكی زۆر لەسەر بڕیاری تاكلایەنەی كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا هەیە، بەڵام ناكۆكییەكان ڕیشەیەكی دێرینتری هەیە و كاتێك ساڵی ڕابردوو ترەمپ بڕیاری كشانەوەیدا لە سوریا، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریكا وەك نواندنی هەڵوێستێك بەرامبەر ئەو بڕیارە، دەستی لەپۆستەكەی كێشایەوە، وەك بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێن، هیچ جەنەڕاڵێكی ئەمریكا لەنێو وەزارەت نابینیت كە بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لەسوریای پێخۆشبێت.

بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لەوبارەیەوە دەڵێت، ناكرێت وڵاتەكەی كوردەكان بۆ بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیا جێبهێڵێت كە بە هێرشە ئاسمانییەكان وێرانیان بكات، هاوكات كشانەوەی ئەمریكا بە زیانی گەورە سەرەتا بۆ ئیسرائیل و پاشان بۆ ئوردن وەسفدەكات.

ئەو بەرپرسەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا بەنیوز ویك-ی وت "با ڕاشكاو بم لەگەڵتدا، بۆ ئەمریكا واباشترە پشتگیریی لەدەوڵەتێكی كوردیی لە عێراق، سوریا و توركیا بكات، چونكە ئەوە دەبێتە ئیسرائیلێكی دیكە بۆ ئەمریكا".

گۆڤاری فۆرین پۆڵسی ئەمریكی لەسەر هەمان ئاوازی قسەكانی بەرپرسەكەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا دەڵێت، كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا و دەستبەرداربوون لە كورد، پەیامێك بوو بۆ سەرجەم هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە جیهان و لەیەك دێڕدا پەیامەكە بریتییە لە "متمانە بە ئەمریكا مەكەن" گۆڤارەكە باس لەوەشدەكات، ملدانی ترەمپ بۆ ئەردۆغان، ڕاستگۆیی ئەمریكا لە جیهان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.